Denegkan: چــــــــرا ...... قوبادی جه‌لیزاده‌ چــــــــرا ...... قوبادی جه‌لیزاده‌ ================================================================================ Qubadi Jalizada on 2010-01-16 چرایه‌ك له‌ ئاسماندا - 1 - سێ‌ شه‌ممه‌ .. پێنجی به‌یانی به‌فر دایده‌كرد. خودا له‌ ژووژێكی تاریكدا ، چرایه‌كی هه‌ڵكرد . ئه‌و ساته‌ ساتی ، هه‌ڵقوڵینی شیروو شه‌كر بوو . ئه‌و رۆژه‌ رۆژی ، دابارینی نوورو به‌فر بوو . - 2 - چرایه‌ك داگیرساوه‌ ... ئیدی زه‌وی ، نه‌ پێویستی به‌ تیشكی خۆره‌و نه‌ به‌ تریفه‌ی مانگ ! - 3 – مانگ داده‌به‌زێ‌ .. نووری رژاوی چرا كۆده‌كاته‌وه‌و به‌سه‌ر ئه‌ستێرانی دابه‌ش ده‌كات 1 - 4– تا مانگ له‌ جاران جوانتر بێت ، ئه‌مشه‌و سه‌ر به‌ سینگت ده‌كا تكایه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ دامه‌خه‌ ! -5 – تۆ چرایه‌كی ئه‌فسانه‌ییت .. كه‌ڕه‌كان ده‌تبیستن لاڵه‌كان ناوت ده‌به‌ن كوێره‌كان ده‌تبینن ! - 6 – باڵات بستێك له‌ ئاسمان نه‌وی تر بستێك له‌ ئاڵای نیشتمان ، بڵند تر ! - 7 – چرا ، چنارێكه‌ له‌ وه‌نه‌وشه‌ . - 8 – نه‌فام بووم ئه‌و رۆژانه‌ی ، چاوی ره‌شم خۆشویستووه‌ ! ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریم بوو . سه‌رده‌می كوێریی !! -9 – كه‌ رووت ده‌بیته‌وه‌ ، هه‌موو شتێك لینج هه‌وا ، لینج . رووناكی ، لینج . خه‌یاڵ ، لینج . - 10 – مووه‌ زه‌رده‌كانی بن باڵت ، چه‌پكێ‌ وورده‌ تیشكن . خۆر له‌بن كه‌وشت ده‌خه‌وێ‌ ! -11- هه‌نوكه‌ ده‌مم له‌سه‌ر ناوكته‌ .... نازانم له‌ قژته‌وه‌ دابه‌زیوم ، یا له‌ په‌نجه‌كانی پێته‌وه‌ ، هه‌ڵكشاوم . - 12- له‌ نێوان دوو رووباری شیردا ، لێوه‌كانم له‌ چیمه‌نێكی ته‌ڕوو پاراوا ، ده‌له‌وه‌ڕێن . -13- هه‌موو ئاوێنه‌كانت ده‌شكێنم . ئیدی له‌به‌رده‌م قه‌سیده‌كانمدا ، خۆت بگۆڕه‌ . خۆم و هه‌موو جله‌كانت ده‌سووتێنم گواره‌كانت ده‌توێنمه‌وه‌ .. ئیدی خۆله‌ مێشی من بپۆشه‌ . گلێنه‌كانم بكه‌ به‌ گواره‌ . -14- كه‌ دیوانه‌كه‌م له‌سه‌ر سینگم ده‌خه‌وێنی ، وێنه‌كه‌م ده‌بێ‌ به‌ منداڵێكی شیره‌ خۆره‌ . -15- له‌به‌رگی دیوانه‌كه‌م دێمه‌ ده‌ر دێم بۆ ژووری نوستنه‌كه‌ت . رووت رووت ، له‌ باوه‌شی مێرده‌كه‌تدا ، نوستووی . ده‌چم بۆ مدبه‌قه‌كه‌ ، یه‌ دوای تیژترین چه‌قۆدا ده‌گه‌ڕێم ! -16- له‌دیوانه‌كه‌م ده‌ترازێم ... ده‌چمه‌ ناو دۆلابه‌كه‌ . هه‌موو جله‌كانت بۆن ده‌كه‌م ئاوه‌ڵكراسێكی په‌مه‌یی و ستیانێكی ره‌ش ماچ ده‌كه‌م . به‌ لیباسێكی مۆر ، ورووژانم ده‌خنكێنم ! -17- له‌ نێوانی ده‌می من و ده‌ستی تۆدا ، ماچێك هه‌ڵوه‌ری . ماچ بوو به‌ چۆله‌كه‌یه‌كی دڵشكاو تا هه‌نووكه‌ش ، نه‌ له‌ جووكه‌ جووك كه‌وتوه‌ ، نه‌ له‌ هه‌ڵفڕین . -18- له‌ماڵه‌كه‌ی تۆدام .... بیرت نه‌چێ‌ : سبه‌ینان ، سێ‌ پیاڵه‌ چا نیوه‌ڕۆیان سێ‌ كه‌وچك شه‌وان سێ‌ جێگه‌ی نوستن ! -19- ده‌نگی ده‌رگایه‌ ... ژنه‌كانی گه‌ڕه‌كن ، سواڵی جوانیت لێ‌ ده‌كه‌ن . -20- بڕژێره‌ ژووره‌كه‌م ئه‌ی تۆفان ..... خۆم و مێزه‌كه‌م خۆم و كتێبه‌ یاساییه‌كان خۆم و كتێبه‌ پیرۆزه‌كان ن غه‌رق كه‌ . ئه‌مه‌ تۆفانی جوانییه‌ ، تۆفانی كچی نووح !! -21- كه‌ رۆشتی ، چاوم رژایه‌ به‌ر پێم ... ئێستا به‌و گۆچانه‌ رێده‌كه‌م ، كه‌ تیشكی چاوه‌ سه‌وزه‌كانت ، به‌خشی پێم . -22- ته‌ورداسی دووریت ، وه‌ك لكه‌ دارهه‌نارێكی شكاو ، سه‌رمی شۆڕ كردۆته‌وه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆم . -23- ئه‌وه‌ی تۆی خۆشبوێ‌ ، یا شێته‌ یا منداڵ ,,,! من هه‌ردوكیانم !! چرایه‌ك له‌ نێو حه‌مامدا -1- كه‌ رووت ده‌بیته‌وه‌ ، به‌لووعه‌ ئاوی دێته‌وه‌ ئاو ئاو ده‌ڕێژێ‌ . -2- ئاو جله‌كانی فڕێدا ... سه‌رتاپا ، رووتی تۆی پۆشی . -3- ئاو پێك پێك له‌ جوانیت ده‌خواته‌وه‌ . خه‌یاڵی رژاوه‌ته‌ به‌ر پێت ! -4- ئاو پڕ بووه‌ له‌ نووری جه‌سته‌ت . دووش بارانی كریستاڵه‌ . -5- به‌سه‌ر ئاوێنه‌ی شانته‌وه‌ ، دلۆپ دلۆپی ئاو ، مشتێك مرواری رژاون . -6- له‌ناو هه‌موو دڵۆپه‌ ئاوێكی سه‌ر سینگت ، په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌ك ! -7- به‌ چیمه‌نی داوێنته‌وه‌ ، رێژنه‌یه‌ك شه‌ونم . -8- تنۆكه‌ ئاوه‌ خزیوه‌كان ، له‌ كانیله‌یه‌كی خنجیله‌ی گه‌رمدا تێكه‌ڵاو ده‌بن ! -9- گۆی مه‌مكت ، مۆریله‌یه‌كی داگیرساوه‌ .. حه‌مام لێوڕێژه‌ له‌ ورووژان . هه‌ڵم خۆی نووساندوه‌ ، به‌ مینای په‌نجه‌ره‌وه‌ . -10- كه‌ له‌شی په‌مه‌ییت ، له‌ناو كه‌فی چڕدا ون ده‌بێت ، رۆندكه‌ ئاوه‌كانی بن میچ ، له‌داخا ، خۆ هه‌ڵده‌دێرن . -11- مه‌مكت ده‌نوك ده‌دا ، له‌ناو له‌پی كه‌ف له‌ قه‌فه‌سی ئاو له‌ لێوی هه‌ڵم ! -12- ئاو له‌ ناوكته‌وه‌ ، زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ ده‌رَژێته‌ سه‌ر ، ( قۆخ ) ێكی قه‌ڵشیوی كه‌ مێك تووكنه‌وه‌ . -13- به‌ له‌شی لووسته‌وه‌ ، ئاو ، خه‌یاڵ ، كه‌ف ، رووناكی ، ده‌خلیسكێن و له‌ت و په‌ت ده‌بن ! -14- له‌و دیو ده‌رگاوه‌ ، گوێم له‌ خوڕڕه‌ی رووتی شڵپه‌ شڵپی له‌زه‌ته‌ . -15- له‌ چاوه‌ڕوانیدا ، رۆبی حه‌مام خۆی به‌ قه‌ناره‌دا ، هه‌ڵواسیوه‌ . -16- كه‌ دێیته‌ ده‌رێ‌ هه‌ڵم په‌ڵه‌ هه‌ورێكی سپییه‌ و له‌ به‌ژنت ئاڵاوه‌ . ئاو فێی لێ هاتووه‌ . په‌شته‌ماڵ دڵی بووه‌ به‌ ئاو حه‌مام له‌ هۆش خۆی چووه‌ ! تێبینی : وه‌ختی خۆی (( ژنیك له‌ ناو حه‌مامدا )) بڵاو بۆته‌وه‌ به‌ڵام دواتر ئیشم تێیدا كردۆته‌وه‌ .