دڵی شاعیرێك له‌و جۆره شوێنانه‌یه كه جوانی لێوه هه‌ڵده‌قوڵێت
ئیدریس عه‌لی
هه‌نگ هه‌زاران گوڵ هه‌ڵده‌مژی
یه‌ك دڵۆپ هه‌نگوینی لێ درووست ده‌كا
شاعیر له‌هه‌زاران دیمه‌ن
وێنه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كا.
بۆچی شاعیر به‌و ئه‌ندازه‌یه له شته‌كانی ده‌وروبه‌ری ورد ده‌بێته‌وه‌و گرنگییان پێده‌دات؟ ئه‌و رۆچوونه سیحرییه به‌ناخی شته‌كاندا له‌پای چییه‌و چ هیزێكه وا ده‌كات شاعیر بۆ یه‌ك ساتیش له‌خۆیدا هه‌ست به ئاسووده‌بوون نه‌كات؟ له‌راستیدا ئایا ئیشی شاعیر ئه‌وه‌یه هێرشی زهنی‌و خه‌یاڵی بۆ خۆی‌و شته‌كان به‌رێت به‌بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئاكامێك ببێت؟ یاخود وردتر بڵێین شاعیر به چ ئه‌فسونێك ده‌توانێت هێڵه ئه‌ستووره‌كانی نێوان خه‌یاڵ‌و واقیع كاڵ بكاته‌وه، یان بیخاته ژێر پرسیار‌و گومانی فه‌نتازییانه‌ی ده‌سه‌لاتی ده‌قه‌وه؟.
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌و چه‌ندین تریشمان له سیاقی میتۆدێكی دیاریكراودا چنگ ناكه‌وێت، یاخود درووستتر بڵێین ئه‌و پرسیارانه‌ی بۆ هه‌ر شاعیرێك دێنه پێش، بۆخۆیان پرسیار گه‌ل‌و گومان گه‌لێكن كه شاعیر له‌ره‌وتی ده‌قدا به‌رهه‌می دێنێت‌و ئاراسته‌ی مرۆڤ‌و سرووشت‌و گه‌ردوونی ده‌كات، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی به‌وه‌لامێكی نیوه باروه‌ڕپێكراو بگه‌ین، پێویسته به‌ناو ناخی ره‌هه‌نده جیاجیاكانی خودی ده‌قدا رۆبچین‌و له‌پانتایی دنیا‌و موفره‌ده‌و ده‌سته‌واژه شیعریه‌كانی خودی تێكسته‌وه به‌شوێن حه‌قیقه‌تی وه‌ڵامه‌كاندا بگه‌ڕێین، دیاره ئه‌مه‌ش به پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه پێیده‌گه‌ین.
هه‌ڵبه‌ت به‌ركه‌وتنی هه‌رده‌قێكی شیعری بۆخۆی جۆری روانین‌و مه‌ودای جۆراوجۆر‌و ره‌هه‌ندی فره‌مان له‌به‌رده‌مدا والا ده‌كات، به‌لام بۆ ئه‌وه‌ی له‌جه‌وهه‌ری دنیای ئه‌و تێكسته‌دا بتوێینه‌وه‌و به‌ركه‌وتنێكی ئاوێته‌بوانه ئه‌نجام بده‌ین، پێویسته خۆمان له‌و چه‌مك‌و ره‌هه‌ندانه‌ی ژیان‌و حه‌قیه‌قه‌تی خۆمان خاڵی بكه‌ینه‌وه كه پێشتر بۆمان پێش هاتووه، چونكه له‌هه‌موو بارێكدا كه به‌ر تێكستێك ده‌كه‌وین بمانه‌وی‌و نه‌مانه‌وه‌ی ده‌كه‌وینه ژێر كاریگه‌ری ره‌هه‌نده‌كانی ناو دنیای ئه‌و تێكسته‌وه.
له‌كتێبه كۆنه‌كاندا: ئاوریشم له چینه‌وه ده‌به‌نه دوورترین مه‌مله‌كه‌ت/ به‌ه... له‌وه‌ی رۆح درووستی ده‌كا/ تیلماسكێكی به‌شی مه‌مله‌كه‌تێك ده‌كا.
له‌م به‌راییه كورته‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین بچینه ناو پڕۆسه‌ی ناساندنی كتێبێكی شیعری به‌ناوی ( دڵم له‌و جۆره شوێنانه‌یه)ی شاعیری به‌ئه‌زموون ( دڵشاد عه‌بدووڵڵا) كه له‌ماوه‌ی پێشوودا له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه هاته چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه، به‌شبه‌حاڵی خۆم ده‌مێك ساڵه ئاشنای جیهانبینی شیعری ئه‌م شاعیره هه‌م‌و له پێشتریشدا وردتر له‌سه‌ری قسه‌م كردووه، پیشموایه ده‌نگ‌و خه‌سڵه‌ت‌و سیمای شیعری ئه‌و له ناو گه‌ڕه‌لاوژه‌ی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌دا جیابۆته‌وه‌و له‌ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانیدا ئه‌و پڕۆژه جیاوازه‌ی به‌یانكردووه كه دوور (له‌گه‌له) بفڕێت‌و پانتایی‌و نهێنی دوورتر‌و جێی فه‌رامۆشكراو‌و ئارام بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌و په‌ره به‌ره‌وتی نوێخوازی خۆی بدات‌و له‌یه‌ك دۆخدا نه‌مێنێته‌وه.
فرمێسك ئه‌ستێره‌یه/ له‌تاریكیدا جوانتره ده‌ركه‌وتنی.
ئه‌م كتێبه نوێیه‌یی (دڵشاد) پێكهاتووه له‌كۆمه‌ڵێك تێكستی كورت، به‌ڵام به‌هه‌ناسه‌ی شیعری قوڵ‌و درێژ له‌مه‌ودای بینین‌و ره‌هه‌ندی فراوانی مانا‌و قه‌ره‌باڵه‌غ به چیرۆكی شاعیرانه، ئاشكرایه سیحری نووسین له‌رێگه‌ی كه‌مترین وشه‌و دێره‌وه پشت به تواناییه‌كی هونه‌ری فراوان‌و تێگه‌یشتنێكی قوڵی فكری‌و مه‌عریفی‌و شاره‌زایی له درووستكردنی وێنه ده‌به‌ستێت، هێدی هێدی (دڵشاد) خه‌ریكه ئه‌م ستایله له نووسینی شیعر ئه‌زموون ده‌كات‌و سایه‌ی به‌سه‌ردا ده‌كات.
ئه‌ڵبه‌ت پێشتر له چه‌ند كتێبێكی دیكه‌ی شیعریدا (دڵشاد عه‌بدوڵلا) ئه‌م شێوازه نووسینه‌ی ئه‌زموون كردبوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك نوێی هێنایه ناو ئه‌و شێوازه‌وه كه بریتی‌بوو له هه‌ڵوه‌سته كردن له‌سه‌ر ره‌گه‌زی (مرۆڤ‌و شوێن) كه ماوه‌ی ده‌ربڕینه‌كه‌ی به‌كه‌مترین وشه‌یه، دیاره چه‌مكی شوێن به‌یه‌كێك له‌بونیاده گرنگه‌كانی هه‌ر تێكستێك داده‌نرێت‌و شاعیر له‌و پانتاییه‌دا ئه‌گه‌ر وردبینی‌و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری زۆر بێت، بواری زێده‌تری بۆ ده‌ربڕین‌و گوزارشتكردن ده‌بێت، بێگومان (دڵشادی) شاعیر له‌و بواره‌دا مه‌وداو ره‌هه‌نده تایبه‌تمه‌ندییه‌كان فراوانتر كردووه‌و له نێوان ره‌هه‌نده واقیعی‌و خه‌یاڵییه‌كاندا په‌ناگه‌یه‌كی تری دۆزیوه‌ته‌وه بۆ داهێنان‌و دركاندنی نهێنی‌و شتی نوی، وه‌ك (مه‌جید مه‌حمود) له كتێبی (شیعر‌و فه‌لسه‌فه‌دا ئاماژه به په‌یوه‌ندی نێوان شیعر‌و واقیع ده‌دات‌و ده‌ڵێت: شیعر په‌یوه‌ندییه‌كی توند‌و تۆڵی هه‌یه به‌حه‌قیقه‌ت‌و كۆمه‌ڵه‌وه، دڵشادیش پێیوایه شیعر چالاكییه‌كی سوود به‌خش‌و مرۆڤانه‌یه‌و لاسایی سرووشت‌و مرۆڤ ده‌كاته‌وه بۆیه به‌گشتی‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو مرۆڤ‌و شوێن وه‌ك دوو ره‌گه‌ز كه كار له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌كه‌ن ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له‌شیعره‌كانیدا.ته‌نانه‌ت ئه‌رستۆش له هونه‌ری شیعر نووسیندا بایه‌خ به جۆری ئه‌و شیعرانه ده‌دات كه بابه‌تین‌و له كار‌و كرده‌وه‌ی مرۆڤ ده‌دوێن.
نیل دیشداشه‌یه‌كی له‌به‌ره‌و ده‌رگاوانی/ بینایه‌كی چه‌ند نهۆمه/ هه‌ژاره‌كانی دنیا له‌و بینایه‌دا ده‌ژین.
به‌كورتی شوێن له‌م تێكسته كورتانه‌دا به‌ره‌نجامی سه‌فه‌ر‌و دیتنی ئه‌وه بۆ سرووشت‌و مرۆڤ‌و شته‌كان، كاریگه‌ری شوێنه له‌سه‌ر بونیادی خه‌یاڵ‌و فكری خۆی، توخمێكه له‌و توخمه بنچینه‌ییانه‌ی كه له‌رێگه‌ی ته‌فاعولێكی كاتییه‌وه له‌گه‌ڵ شوێندا كردوویه‌تی‌و دوواتر له هۆش‌و خه‌یاڵیدا ماونه‌ته‌وه.
یه‌كێكی تر له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه شیعری دڵشاد كه‌وه‌ك هێڵێكی جیاكه‌ره‌وه كێشاویه‌تی، بریتییه له به‌ركه‌وتن‌و تێگه‌یشتنی ئه‌و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌یب‌و هونه‌رمه‌ندی جیهانیدا، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ وابه‌سته‌بوونی دڵشاد نیشانده‌دات به‌و كاریگه‌ری‌و سه‌رسامییه‌ی ناوبراو به به‌رهه‌می ئه‌و كه‌سایه‌تیانه هه‌یه‌تی، لێره‌شه‌وه به‌و راستییه ده‌گه‌ین، كه دڵشاد له‌و شاعیرانه‌یه به‌رده‌وام له‌گه‌شت‌و سه‌فه‌ری خوێندنه‌وه‌ی قوڵدایه‌و ئاگاداری ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مێژوویی‌و ئیستاتیكییه‌كانیانه كه دوواجار ئاكامی ئه‌م پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌و به ئاگاببونه‌وه‌یه ده‌بنه ره‌هه‌ندێكی قوڵ‌و ناسكی‌و به‌سیمای شیعره‌كانیه‌وه دیار ده‌كه‌ون.
ئه‌م كتێبه شیعرییه كۆمه‌ڵێك تێكستی بڕگه كورتی له‌خۆ گرتووه، دركاندنی زۆرترین شت‌و گێڕانه‌وه‌ی چڕترین چیرۆكی رۆژانه به‌و بڕگه‌و دێڕه كورتانه خوێنه‌ر تووشی سه‌رسامیه‌ك ده‌كه‌ن‌و دوواتر خوێنه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ درووست ده‌بێت: ئه‌و هه‌موو ره‌گه‌زو ره‌هه‌نده ئیستاتیكیانه چۆن له‌ناو ئه‌و بڕگه‌و دێره كورتانه‌دا جێی ده‌بێته‌وه؟ به‌تایبه‌ت دڵشاد له هه‌ناوی ئه‌و دێڕه كورتانه‌دا گه‌مه‌یه‌كی سه‌یری به وشه‌ش كردووه‌و له‌پێناو چێژ‌و مانا‌و تێگه‌یشتنی زیاتری خوێنه‌ردا، له رێگه‌ی پاش‌و پێشخستنی وشه‌كانه‌وه حاله‌تێكی وه‌ستان‌و سه‌رسامكه‌ری پێكهێناوه بۆ خوێنه‌ر، زمانی ئه‌م تێكسته كورتانه ئه‌گه‌رچی زیاتر نزیكن له‌زمانێكی لۆژیكانه‌وه،به‌لام به‌هۆی به‌شیعركردنی ئه‌و زمانه لۆژیكه‌وه كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زی تێكه‌لاو و به‌یه‌كدا چووی پێكهێناوه‌و زمانی ده‌ربڕینی پی ئارایشت كردووه،لێره‌وه شاعیر دیسان ئه‌و گومانه له‌سه‌ر زمانی شیعری دێنێته‌وه ئاراوه كه هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن كه زمانی شاعیر جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌دا كه رۆژانه خه‌ڵكی ئاسایی به‌كاری دێنن، به‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعر لای ئه‌م شاعیره ئه‌گه‌رچی له‌ره‌هه‌نده واقیعییه‌كانه‌وه نزیكه، به‌لام له‌شوێنێكی دیكه‌وه ملكه‌چی خۆی بۆ خه‌یاڵ دووپات ده‌كاته‌وه‌و لێره‌شدا چه‌ندین خوازه‌كاری له‌زماندا به‌رجه‌سته ده‌كات كه مه‌ودای ده‌ربڕین‌و مانا‌و ده‌لالات‌و ئاماژه زمانه‌وانییه‌كان ناچار ده‌كات زیاتر له‌یه‌ك مانا ببه‌خشن‌و وێنه‌ی جۆرا‌و جۆر به‌رهه‌م بهێنن.
سیاسه‌ت به‌خێوكردنی ماره/ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆتدا.
كه‌م نین ئه‌و تێكسته شیعرییانه‌ی كه زۆر به‌زوویی گرێكانی خۆی بۆ خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه‌و سنووره‌كانی نێوان خوێنه‌ر ته‌مه‌ڵ‌و زیره‌ك ده‌سڕێته‌وه، كه‌م نین دنیای بچوكی ئه‌و شیعرانه‌ی كه هه‌ر له‌یه‌كه‌م دێڕ‌و بڕگه‌وه ته‌سه‌وراتی خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت‌و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه خوێنه‌ر هه‌رچیی زووه ده‌ست به‌رداری خوێندنه‌وه‌ی ببێت، به‌لام ئه‌م شیعرانه‌ی (دڵشاد) كه پێموایه قۆناغێكی تازه‌ی له ئه‌زموونی خۆی بردۆته پێشه‌وه، گرێبه‌ستێكی جیاوازتریان له‌گه‌ل َخوێنه‌ردا هه‌یه، گرێبه‌ستی ئه‌وه‌ی كه خوێنه‌ر ناچار ده‌كات چه‌ندینجار به‌ر تێكیسته‌كه بكه‌وێت‌و هه‌ر جاره‌و به‌ر مانا‌و ره‌هه‌ندی زیاتر‌و جیاوازتر بكه‌وێت، لانیكه‌م ئه‌م حاڵه‌ته‌ی باسیده‌كه‌ین كه بووه‌ته سیمایه‌كی دیاری شیعره‌كانی دڵشاد، بنه‌مایه‌كی زۆر ساده‌و تێگه‌یشتنێكی وردن بۆ ناسینه‌وه‌ی هه‌ر تێكستێكی نه‌مرو جاوید.
له‌رۆمانێكی ( دیستۆفیسكی)دا، كه‌سایه‌تییه‌ك هه‌یه به‌هۆی درووستكردنی ژیانی هاوسه‌رییه‌وه به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌ست دێنێت، سرووشتی كه‌سێتی‌و باری نائارامی ده‌روونی وای لێده‌كات، له‌ناو بۆته‌ی به‌خته‌وه‌ری خۆیدا بیر له‌وانه بكاته‌وه كه به‌به‌خته‌وره‌ی نه‌گه‌شیشتوون یان ناگه‌ن، ئه‌م حاڵه‌تی بیركردنه‌وه‌یه كاره‌كته‌ره‌كه‌ی دیستۆفیسكی ره‌وانه‌ی خه‌سته‌خانه‌ی نه‌خۆشیه ده‌رونیه‌كان ده‌كات، دڵشاد له‌ره‌هه‌ندێكه‌وه نزیكه له‌و كه‌سایه‌تییه‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن ده‌وه‌ستێت‌و له سیاقی شیعره‌یه‌تدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ئاخر ئه‌و كاتێك ده‌چێته ناو كه‌شێكی شیعرییه‌وه، ره‌نگه ساتی گه‌یشتن بێت به‌به‌خته‌وه‌ری، ساتی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری‌و به‌سه‌رهاته‌كان‌و گه‌ڕنه‌وه بۆ لای خود، به‌لام شاعیر نابرێته نه‌خۆشخانه‌ی ده‌رونییه‌وه، به‌ڵكو كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نووسینی تر‌و كه‌شفكردنی شوێنی زیاتری هه‌یه، بۆیه ناچار له‌دووای گه‌یشتن به هه‌ر فۆڕمێك له‌فۆِمه به‌رجه‌سته‌كانی به‌خته‌وه‌ری له‌شیعردا، دیسان به شوێن به‌خته‌وه‌ریه‌كی تردا ده‌گه‌ڕێت‌و لێره‌به‌دووا دیسان شیعر به‌رهه‌م دێته‌وه، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر كه‌مێك به‌وردییه‌وه چاو له تێكسته‌كانی ئه‌م شاعیره بكات، هه‌ر زوو له‌وه تێده‌گات كه دڵشاد له‌و فه‌زایه‌دا هێشتا شتی تری ماوه بیڵێت.
زمان هه‌ناره/ شیعر شه‌ربه‌تیه‌تی.
(ره‌زا به‌راهه‌نی) له خولیای نووسیندا زۆر جوان قسه له‌سه‌ر دنیای سه‌ر كاغه‌ز‌و خه‌یاڵی نووسه‌ر ده‌كات، ئه‌و پێیوایه كه قه‌ڵه‌م چوویه سه‌ر كاغه‌ز ئیدی دنیاكه‌ی پێشووتر نامێنێت، دنیا به‌خوا‌و شه‌یتانه‌كانیه‌وه، به یاسا‌و دابوو نه‌ریته‌كانیه‌وه، مه‌به‌ست له‌م بۆچوونه‌ی به‌راهه‌نی هیچ نییه جگه له‌وه‌ی كه ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: دنیای سه‌ر كاغه‌ز خۆی خوا و شه‌یتانی خۆی هه‌یه، وه‌ك چۆن یاسا‌و دابوونه‌ریتی خۆشی هه‌یه.
ئه‌مه راستگۆترین ساته‌وه‌خته كه شاعیر ناخ‌و ده‌روون‌و خه‌یاڵی خۆی ده‌پشكنێت‌و ده‌یخاته سه‌ر كاغه‌ز، دیاره (دڵشاد عه‌بدووڵلا)ش ته‌واوێك سه‌ر به‌و جیهانه‌یه كه له‌سه‌ر كاغه‌ز له سیاقی شیعریه‌تدا به‌رهه‌م دێت.
ئه‌م نووسینه ته‌واو دان به‌خاكیه‌تی خۆیدا ده‌نێت‌و پێموایه جگه له ناساندنێكی دنیای ئه‌و تێكسته كورتانه‌ی ناو كتێبی (دڵم له‌و جۆره شوێنانه‌یه) هیچی تر نییه.
تێبینی: ئه‌و شیعره كورتانه چه‌ند نمونه‌یه‌كن له كتێبی ( دڵم له‌و جۆره شوێنانه‌یه).



del.icio.us
Digg