باڵندە سەمەرەكان ...... رێبین ئەحمەد خدر
2008-09-18
باڵندە سەمەرەكان ...... رێبین ئەحمەد خدر
چەند شیعرێكى كورت
بووكە بە بارانە
كاتىَ زانیم
تۆ بە باران دڵت تەنگ دەبىَ ،
لە هەموو ئەو بووكە بە بارانانە پەشیمان بوومەوە
كە بە منداڵى بەشداریم كردبوون.
پشیلە
وەك چۆن (گریكۆر سامسا) ى "كافكا"
دەبێتە قالۆنچە ،
حەزدەكەم
بەیانییەك كاتىَ لە خەو هەڵدەستم
بووبم بە پشیلە
لە نێو بۆ و بەرامەى چێشتەكەت
لە نێو موبەقەكەى
ماڵى ئێوەدا..
ئاوابوون
لە ئێوارەیەك دا
سەیرى پەڵە هەورەكان دەكەیت و
گۆرانى دەڵێى ،
تەرمى من دەبینى
باڵندەیەكى بچووك
دەنووكى لە نێو قژمداو
هەڵى گرتووم ،
شەمشەمە كوێرەیەك بە دوایدا
كتێبێكى هەڵگرتووە
باڵندەیەكى تر
قەفەسێكى پىَ یە
زۆر بڵند دەفڕىَ
لە نێو قەفەسەكەدا نامەیەكى تۆ.
نزیكتر لێرە
نزیكتر ، نزیكتر لێرە
دەنگى گریانىَ دىَ..
لە خۆمەوە وا هەستدەكەم دەنگى كچێك بىَ .
كە نزیك دەبمەوە دەزانم :
گریانى گوڵدانێكە
ئاخر دەترسىَ گوڵەكانى
بەرەو باخچە بڕۆنەوە .
ئاویلكە
ژنێكى جوان لە سەرە مەرگدا
تەشتێكى سێوى بە دەستەوە گرتووەو
هەڵدەلەرزىَ و دەگریىَ و دەڵىَ
ئەوە دەبەمەوە لاى خوا
بەسە با چیتر ئەوانەى دواى من
قەرزارى خوا نەبن…بەسە..
من ئەو قەرزەى
دایكم ( حەوا ) دەدەمەوە…!
. سێوێك
سێوێكى سوورى لا ڕزیو
لە ناو ناخى زبڵدانێكدا :
( زبڵدان بیرى لە هەموومان فراوانترەو
بەردەوامیش لە گۆڕاندایە).
دەستەبچكۆلەكان
تەپۆلكەیەك دەكەوێتە بەردەم قوتابخانەكە
وەك ئەوەى سەوزایى بەئاستەم
سەرى بەرزكردبێتەوە ،
ئێرە شوێنى ڕاوكردنى پەپوولە
باڵ گەورەكانە
سەردەمێكیش سەكۆى شانۆى "هاملێت" ،
دڵم بۆتە باگوردانى ترس گێڕان
دەڕوانمە جوڵەى پاسەكان
ئۆوه...بیرم چوو
ڕۆژێك هەر لێرەدا
لە سەر ئەم تەپۆلكەیە
"گۆدۆ"م بینى لە چاوەڕوانى هاتنى كەسێكدا
شێت بوو بوو .



del.icio.us
Digg
كۆمێنتهكان (0 بۆچوون):
بۆچوونی خۆت بنووسه