گوڵە ستێرە...... سەلام عومەر

image

2008-09-18


 گوڵە ستێرە...... سەلام عومەر

 لەم دوورییە چەنىَ گوڵە ستێرە هەن و
 بەنەرمى بۆم دێنو دەچن،
 بەدەر لەتۆ....
 لەتەڕى هەناسەكانى تۆ...
 پەپولەیەكم نەدیوە
 هێندەى نیگات....
 پڕلەئایدیاو ئەفسوناوى
 سەرنجێكو
 نازو خەندەیەكم نەدى!
 هێندەى باڵات
 بەفەنتازیاو تەلیسماوى !
 بۆیە لەدووریتا وێڵى
 یادەوەرییەكى وەریوم
 بەنێو هەناسەكانتا دێم
 لەنسێتا دەنیشمەوە...
 چونكە وەك كۆترێكى ون
 لەنیشتمانم تەریوم
 ئێستا لەگەڵ
 گوڵەستێرەو پەروانەكان
 نامۆین و
 هەرلەهاتو چۆداین,
 بەڵام لەیادتا وەك باران
 وەكو تەرزە
 بەسەرباڵاتا باریوم،
 *    *    *
 لەنامۆیدا دەمرم و
 تەنهاشتىَ جێم نەهێڵىَ
 گوڵەستێرەن،
 ئەوان هەمیشە بەتەنیشت
 سێبەرما لەهاتوچۆدان
 هەندىَ جار هەر لەتۆ دەچن ...
 زۆرجارانیش لەنیگات،
 لەبزر بوونى ئەوانا...
 یان ئاوێتەبوونى دەنگمان
 زۆرحەز دەكەم
 پەنجەكانم...
 بەپەنجەو پرچى تۆ بگات ،
 بەخۆم نییە
 حەزم لێیە...
 دڵم هەرهەموو ناسكى و
 بۆن و جوانییەكانت ببات،
 *    *    *
 بەونبوونى گوڵەستێرە
 ئەوانەى هەر لەتۆ دەچن
 دڵم دەڵىَ:
 بۆ تەنها جارێكیش بێت..
 بابەناو شەرمتا تێپەڕم
 بەناو خوێنتاو لەدڵتا بگیرسێمەوە...
 تالەنهێنییەكانى سووریت و....
 نمەى فرمێسكەكانت بگەم
 یان هیچ نەبىَ...
 لەنێو شەرما
 لەناوى ناوەوەى جوانیتا
 گوڵەستێرە بێن و بچن
 ئەوسا دەزانى نیگاو...
 شەرم و دووریت
 لەئاست عیشقم چەن ملكەچن؟
 
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
تکایه‌ ئه‌و كـۆده بنووسه، ئه‌وه‌ی له‌ وێنه‌که‌دا‌یه:
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست