نیشتیمانى خۆم دەفرۆشم بۆ كڕینى هەناسەیەك

image

فەرهاد خدر-چۆمان 2008-09-16

 
 نیشتیمانى خۆم دەفرۆشم
 بۆ كڕینى هەناسەیەك
 فەرهاد خدر-چۆمان

 پێڵاوەكانم نیشتیمانمن
 پڕن لە بۆنگەنى بیست ساڵ تەمەن
 بیست ساڵ عارەقەكردن و
 پینەى بیست ساڵ
 شەوانە دەبنە سەرینم و
 دەمدەنە دەست خەونێكى وێڵ
 دەمبەنەوە سەرزەمینى دڕك و غوبار
 سەرزەمینى فیغانى ترازان لەدونیا
 لەم بازاڕى هەڕاجكردنى ژیانەدا
 كەس قومێك هەناسە بەم نیشتیمانە دڕاوانەم نادات
 لێرە... لەم نیشتیمانە شڕانەمدا
 هەموو شتێك بۆ فرۆشتنە
 عەشق تاڵانفرش دەكەم
 هەڕاجى توانەوەى خۆمە
 پڕن لە پارچەكانى خۆم
 درێغ كەس پێڵاوەكانم ناكڕىَ
 
 پێڵاوەكانم لەسەردەستمن و
 بەپێپەتى دوكانە و دوكان دەگەڕێم
 ئەو كۆڵانە جێدەهێڵم بۆ ئەو كۆڵان
 هاوار دەكەم
 نیشتیمانم بۆ فرۆشتنە.. كىَ بۆ بستێك عەرد عەوداڵە؟
 لەدەرگاى ماڵى كچێكى چاوخومارى قەرەج  دەدەم
 دەرگا بە رووم واڵا دەكات،
 ئێستێك دەدا
 عەیارانە دەڕوانێتە چاوەكانم
 بۆنى شەهوەتم لێدەكات
 بەر لە وتن جیلوەكانى پڕن لە ((بەڵىَ))
 من پێى دەڵێم
 «نیشتیمانى خۆم دەفرۆشم،
 تۆ سەیریان بكە
 كۆنبوون چۆن پڕیكردوون لە پەنجەرە
 تۆ بڕوانە پاژنەكانى
 هێندەى بەسەر عەردى كەسانیتر پیاسە بكەن
 چۆن خوراون.
 چەندە سادەن بەبێڕەنگى
 چۆن بریقەیان لەخۆیان بڕى
 تاكو نەكەونە چاوى بەد»
 
 لێرە... لەم نیشتیمانە شڕانەمدا
 هەموو شتێك بۆ فرۆشتنە
 بۆكڕینى هەناسەیەك،
 بۆ كڕینى پەنجەرەیەك رووەو خودا
 بۆ كڕینەوەى خۆم لە تەم.
 
 فەرهاد خدر-چۆمان
 f.chomany@yahoo.com
 
زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
تکایه‌ ئه‌و كـۆده بنووسه، ئه‌وه‌ی له‌ وێنه‌که‌دا‌یه:
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست