ئاوێنەكانی برینی (ڕەهەند) ...ڕابەر فاریق
2008-09-14
ئاوێنەكانی برینی (ڕەهەند)ڕابەر فاریق
بۆ (ڕەهەند) ى كوڕم، كە هێشتا لە سكى دایكییەتى، شنەیەك ڕوو لە ژیان: دۆزەخ.
1
ڕۆژێك دادێ:
ئەم وشەیە برینم ختووكە دەدا
لەژێر سێبەری داڵغەی خۆی ڕۆدەنیشێ
پیتەكانی دەبن بە (با)
پشتیان دەنێن بەم عەموودەی نیگەرانیی:
(ڕابەر).
2
بە كەشتیی كات و
شەمەندەفەری هەوا و
گالیسكەى وشە دێم بۆ ژیان
بە بەلەمی كاغەزی و
ئۆتۆمبێلی وێنەیی و
پاسكیلی خەیاڵیی دەڕۆم بۆ مردن:
-منیش دەڕۆم
بەرەو میانی هەردووكیان.
3
بە هەردوو دەست سڵاو لە كەسێك دەكەم
دەچمە بابل.. بە خەتى بزماریی نا
بە خەتی وشە،
نامەیەك بۆ كورد دەنووسم
بە فارسیی.
4
(لە زەویدا كوانێ مرۆڤ؟)
ئەمانە ئەو سێ وشانە بوون
لە دەفتەری خۆكوژێكدا دۆزیمنەوە:
بە سڕدراویی.
5
لەگەڵ هەموو نەیارانم
بە وشە ئاشت بوومەتەوە
نەك بە دەست گوشین و بە ماچ.
6
(دڵی خۆم دەدەمەوە:)
(بە قسەی خۆش)
(بە یار)
(بە خۆم).
- ئاه، ئەم (دڵ) ە بوو بە چى؟
7
زەوییش چووەتە سەفەر:
بە خۆی و وەچەكانییەوە.
8
تەنك بوومەتەوە: چوون كاغەزی بەر لێزمەى وشە
تاریك دادێم: چوون ژووری بىَ كتێب.
من لە وەچەى خۆڵم، نەك ئینسان.
لە وشەمدا پیاوێك دەحەسێتەوە، نەك بێزاریم.
تێكدەشكێم چوون شكست.
هێندە نیگەرانم، چ ئازارێك نامگرێتە خۆی.
ئێوارەیەك،
دەگەڕێمەوە نێو لیسەكەم، وشەیەك دەگمێنێ:
خۆكوشتن.
دێمە بەردەم هەوا، شەقامێك دەنووشتێتەوە.
دەچمە كۆڵانى سێبەر،
جۆگە لەبەردەم زمانمدا لەنگەر دەگرێ.
چ سیگارێكم لەكن نەماوە،
بە تلیاكى وشە خۆم لەبیر (بوون) دەبەمەوە.
بیردەكەمەوە:
بانیژە نایەتە خوارەوە و
پیاوێك دەڵێ: لە تەنیاییش تەنها نابم.
9
ئەگەر بە سوێدیش بنووسم
كەسێك شك دەبەم لەلای ڕاست:
بە لای چەپیش، بە كامى خۆی لێم تێبگا.
10
نامەیەكم بۆ بنووسە
بەو وشانەی نەگوتراون
بەو وشانەی نەچوونەتە نێو ڕستەوە
چوون تۆ نەهاتوویتە نێو من
نێو زیندانی وەهمێكەوە.
هەولێر- 2008



del.icio.us
Digg
كۆمێنتهكان (0 بۆچوون):
بۆچوونی خۆت بنووسه