رامان له "گوناهه‌كانی دڵنیایی" به‌رزان هه‌ستیار
ئارام سدیق
یه‌كێك له‌و ئه‌زموونه شیعریانه‌ی چه‌ند ساڵێكه سه‌رنجی منی راكێشاوه ئه‌زموونی شیعری "به‌رزان هه‌ستیار"ه. ئه‌م شاعیره له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌تایبه‌تیش پاش یه‌كه‌م دیوانه شیعری كه به‌ناوی "نه‌وه‌یه‌ك پیره منداڵ" بڵاو بوویه‌وه تاڕاده‌یه‌ك بووه‌ته خاوه‌ن ده‌نگێكی تازه‌ی شیعری كوردی، ده‌نگێك، كه له خوێندنه‌وه‌ی بێزار نه‌بین و به‌رده‌وام وێنه‌ی شیعری نوێ و له رێگای نوێوه بمانباته‌وه ماڵی شیعر. له دیوانی "به‌ته‌نیش فه‌نابوونه‌وه"دا سه‌ره‌تای ئه‌و ئه‌زموونه به دیار كه‌وت، كه به‌رزان ده‌یویست له‌سه‌ر شێوازێكی تایبه‌ت به خۆی و هه‌ناسه‌ی شیعری خۆی جیابكاته‌وه‌و زیاتر بیباته‌وه ماڵی عه‌ده‌مییه‌ت، ئه‌و عه‌ده‌مییه‌ته ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی له قه‌سیده‌ی "ساڵێك له نیگه‌رانی"دا هه‌بوو و كۆی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ش له ژێر ته‌می هه‌مان عه‌ده‌میه‌تدا دێت و ده‌چێت. به‌ڵام ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ش خاڵی نییه له ژیان دۆستی. هاوكات له‌پاش ئه‌و ئه‌زموونانه به‌رزان له دوا ئه‌زموونیشیدا (مه‌به‌ست له دیوانی گوناهه‌كانی دڵنیایی)ه، دیسان هه‌ر له ماڵه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدایه و له‌نێو ئه‌و ماڵه‌شدا عه‌ده‌مییه‌ت بۆته هه‌وێنی زۆرێك له ده‌قه‌كانی نێو ئه‌م دیوانه‌ش.
گوناهه‌كانی دڵنیایی، دوا دیوانه شیعری "به‌رزان هه‌ستیار"ی شاعیره، كه له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه و وه‌ك شاعیر خۆی له پێشه‌كییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه "ئه‌م دیوانه كۆی ئه‌و شیعرانه‌ی له خۆگرتووه، كه له پاش ساڵی (2005)ه‌وه نوسراون". ئێمه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ناساندنێكی كورت بۆ ئه‌م دیوانه بكه‌ین، چونكه ئێمه پێشتر له‌سه‌ر چه‌ند شیعرێكی نێو ئه‌م كتێبه‌مان نووسیوه، كه له كاتی خۆی شاعیر شیعره‌كانی له رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بڵاوی كردونه‌ته‌وه و به‌تێر و ته‌سه‌لی رای خۆمان له‌مه‌ڕ چه‌ند لایه‌نێكی شیعری به‌رزان ده‌ربڕیوه و لێره‌دا دووباره‌یان ناكه‌مه‌وه.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌م دیوانه كۆی شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه نوێیه‌ی به‌رزان به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش ده‌بێت، به‌شێكی ئه‌و شیعرانه‌یه كه ده‌چنه خانه‌ی هه‌مان ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ی دیوانه‌ی "به‌ته‌نیش فه‌نابوونه‌وه" و به‌شێكیشی ئه‌و ئه‌زموونه‌یه، كه له‌پاش ئه‌و ده‌بینرێت و وه‌كو شیعره‌كانی "مردن لێره وایه قوربان، كه به‌رزان هه‌ستیاریش ده‌مرێت، گوناهه‌كانی دڵنیایی، گه‌ر له حه‌ق بێم و نه‌یه‌م، ئێواره‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن و چه‌ند ده‌قێكی تر". واته ده‌توانین بڵێین به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م شیعرانه هێشتا به‌ته‌واوه‌تی وه‌ك ئه‌زموونێكی كامڵی به‌رزان ده‌رناكه‌ون، به‌ڵام به‌شی دووه‌می شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه ته‌واو سیمای ئه‌زموونه‌كه‌ی به‌رزانی پێوه دیاره و له‌و ئه‌زموونه تایبه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه به‌رزان بۆ ئیشكردن له‌گه‌ڵ مه‌رگ و عه‌ده‌مییه‌تدا ته‌رخانی كردووه و به‌شێوه‌یه‌كی وشیار و سیستماتیك كاری له‌سه‌ر كردووه. واته به‌رزان به تێكه‌ڵكردنی ئه‌م دوو ئه‌زموونه (تاڕاده‌یه‌ك جیاوازه) زیانێكی له‌م دیوانه نوێیه‌ی داوه، كه زیانه‌كه له‌و خاڵه‌دایه، كه ئه‌زموونه‌كه‌ی لێڵ ده‌كات و ئه‌و تۆكمه‌ییه‌ی شاعیر له دیوانی "ساڵێك له نیگه‌رانی"دا پێیگه‌یشتووه كاڵ ده‌كاته‌وه و تاڕاده‌یه‌ك ته‌می ده‌كه‌وێته سه‌ر. ته‌مێك كه به‌رزان به تێكه‌ڵكردنی ئه‌م دوو جۆره ئیشكردنه، كه ده‌كرێت وه‌كو به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م دیوانه، كه شیعره‌كانی نزیك له دیوانی "به‌ته‌نیش فه‌نابوونه‌وه"یه وه‌كو قۆناغی په‌ڕینه‌وه‌ی شاعیر سه‌یر بكه‌ین بۆ ماڵی خۆناسین و خۆبوون. هاوكات به‌شی دووه‌یش جێگیربوونی ئه‌زموونه شیعرییه‌كه‌ی شاعیره.
پێشتر له یه‌كێك له نووسینه‌كانمدا له‌مه‌ڕ ئه‌م شاعیره و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌رگدۆسیتدا ئه‌وه‌م خستبووه ڕوو، كه بیركردنه‌وه‌ی به‌رزان له‌مه‌رگ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و تاراوگه‌نشینانه‌یه، كه ژیان هه‌م له ولاَت و هه‌م له‌تاراوگه‌ش غه‌دری لێكردوون و مانایه‌ك بۆ ژیان نه‌ماوه. له‌كۆی ئه‌م شیعرانه‌شدا شاعیر ده‌یه‌وێ به‌هه‌ڵبژاردنی مه‌رگ ته‌حه‌دای كۆی ژیان بكات و ژیان بگۆڕێ، چونكه به‌بوون ومانه‌وه‌ی له نێو ژیاندا ناتوانێ و نه‌یتوانیووه ژیان بكات و نه‌یتوانیووه هه‌موو رێگاكان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه تا نه‌چنه‌وه بانه و حه‌رامه‌كان حه‌ڵاڵ بكات و درۆكان راست بكاته‌وه و درۆزن ببێته راستگۆ و غه‌دره‌كان نه‌مێنێ، یان ڕاستر بڵێین ریفۆرم له‌كۆی سیستمی ژیانی سیاسی وكۆمه‌لاَیه‌تی و رۆشنبیری ئێمه‌دا بكات. هه‌روه‌ها هیچ شتێك نه‌مێنێ به‌ناوی پیرۆزی وپیرۆزگه‌راكان وشیار بكاته‌وه. كۆی ئه‌م دیوانه شیعره‌ش له‌و پێناوه‌دا كار ده‌كات تا تێڕوانینی نوێ لای خوێنه‌ر بخولقێنێت بۆ شته‌كان و ده‌وروبه‌ر.
دواجار ده‌توانین بڵێن به‌رزان له‌م دیوانه‌دا ته‌واو ئه‌و سیما شیعرییه‌ی جێگیر كرد كه له‌یه‌كه‌م دیوانه شیعرییه‌وه كاری بۆ ده‌كات (هه‌ر چه‌نده ئه‌و سه‌رنجه‌مان هه‌یه له‌سه‌ر تێكه‌ڵكردنی ئه‌و دوو ئه‌زموونه شیعرییه جیاوازه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو) و به‌رده‌وام له هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ند كردنیدا بووه و ئه‌و چه‌ند شیعره كه‌مه‌ش كه له‌پاش ئه‌و دیوانه‌وه بڵاوی كردونه‌ته‌وه‌و من بینیومه وه‌كو درێژكراوه‌یه‌كی ئه‌و ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ عه‌ده‌مییه‌تدا و كه پێموایه هێشتا به‌رزان له توانایدا كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه بكات به‌رێی تردا خوێنه‌ر بباته ماڵه نوێكانی شیعر و هه‌ر له ساده‌ییه‌وه گه‌شت به خوێنه‌ر بكات به‌ره‌و قوڵایی عه‌ده‌مییه‌ت و مه‌رگ و دواجار بۆ ژیانێكی نوێی بهێنێته‌وه.
* به‌رزان هه‌ستیار، "گوناهه‌كانی دڵنیایی"-شیعر. چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی (2009).



del.icio.us
Digg