شیعرییه‌تی خود و ره‌وانبێژیی هاودژیی له وێناندنی ئێستادا
هه‌ندرێن به‌شی سێیه‌م و کۆتایی
شیعری ئاریان له رۆژگارێکی بێ-ماڵییدا به دوای "شوێن"ێکه که دواجار نه "لێره" ده‌چێت و نه "له‌وێ"ش ده‌چێت. بۆیه ئه‌و به ره‌وانبێژیی، شێوازه هاودژییه‌که‌یه‌وه بۆ سۆراغکردن به‌ره‌و "شوێن"دا، بێ-شوێنی خوده‌که‌یمان نیشانده‌دات. چونکه " گه‌ڕه‌كێك هه‌یه، له‌به‌ر بێ ئه‌خلاقیه‌كانم نابێ/ پیایدا تێ په‌ڕم/ گه‌ڕه‌كێك هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌خلاق زۆرییه‌ی مندا نایه‌نه‌وه یه‌ك." له‌و دۆخه‌دا بێماڵییه‌دا به جۆرێک بانگی وشه‌کان ده‌کات تا زمان گوێی له خۆی بێت، بێ‌دار بێته‌وه له‌و به‌تاڵکردنه‌وه‌یه‌ی که گه‌مارۆی داوه:
" من به‌م ماڵی و
بێ خانوی و
بێ خۆمی و
بێ گه‌ڕه‌كی و
بێ بۆشایی و
بێ هه‌موو شتی یه‌وه
بگه‌ڕێم بۆ كوێ؟" (بڕوانه شیعری: بۆشایی)
به‌ڵێ، دوای ئه‌وه‌ی زمان له‌و "هه‌موو بێشتی"ه‌دا گیری خوار، ئه‌وکاته زمان بێجگه له فڕین به باڵی شیعره‌وه به‌ره‌و ماڵی خود، هیچ په‌ناگه‌یه‌کی تری نییه تێیدا جێ‌نشین بێت. دواجار که "عاده‌ت"ی به‌و ژیانه نه‌گرت ئیتر له شیعری "قاپێک ئاو"دا داوای: " جووتێك پێڵاوی ڕه‌قه‌م سفر" ده‌کا، " تا له‌م فڕینه زوو به‌ر "نه‌بێته‌وه. لێ به‌ر له‌وه‌ی بفڕێت شه‌قێک له‌و "عاده‌تگرتنه به بۆشایی" ه هه‌ڵده‌دا، تاکوو زمان باڵبگرێت:
"ده‌رگای حه‌وشه به له‌قه دا ئه‌خه‌م/ زۆر به جدی ئه‌ڕشێمه‌وه/ له سوچێكدا تێر تێر ئه‌گری/ دێمه ده‌ره‌وه/ كیفی پاره‌كه‌م ده‌رئه‌كه‌م و/ به سایه‌ق ته‌كسییه‌كه ئه‌ڵێم بڕۆ/ بڕۆ /بڕۆ/ خێرا بڕۆ و لێره مه‌وه‌سته/ پێی ئه‌ڵیم بیخه‌ره سه‌ر/ گۆرانییه‌كی حیزانه/ و/ له جامی ته‌كسییه‌كه‌وه/ زۆر بێ عه‌قڵانه حه‌ز له كچێك ئه‌كه‌م/ كه جارێكی تر نایبینمه‌وه."
ئه‌و شاعیره، هه‌رنا له زماندا، ته‌نیا خوده‌که‌ی خۆی له‌و مڕکێش مڕکێشه‌ی نێوان چه‌پۆکی ئه‌و ئه‌خلاقه داخراوانه‌ی نه‌ریت و ئه‌و هه‌وه‌سه جماوه‌ی که له‌مدیو په‌رده‌ی ماڵه‌کانی جڤاکی کوردییدا خه‌ریکه بۆ مه‌یله ده‌مبه‌ستکراوه‌کانی رووتده‌بێته‌وه ئاشکرا ناکات، به‌ڵکوو ئه‌و ئێستایه‌ش نیشانده‌دات که نامانه‌وێت رووبه‌ڕووی ببینه‌وه، به‌مه‌ش هه‌م خودی خۆی رابگه‌یه‌نێت و هه‌میش گه‌وهه‌ری ئه‌و ئێستایه سێکسێنراوه بنیراو بکات که به په‌رده‌ی مۆراڵێکی داته‌پیو له مۆراڵ داپۆشراوه.
شیعر نووسین له کن ئه‌و شاعیره گێڕانه‌وه‌یه‌که له زمانی خودێکی هه‌راسان به ده‌ست هه‌ستی ته‌نیایی، تاکوو خۆی له‌و هات و هاواره‌ی شیعری رابردوو و ئه‌و بوونه ته‌کنیک سالاره‌دا رزگار بکات. بۆیه ئه‌و په‌ناو بۆ خه‌یاڵاندنێکی شیعریی رووت نابات، چونکه ئه‌و واقیعه ته‌کنیکییه خۆی ئه‌وها بزۆک و رارایه. هاوکاتیش ئه‌و مه‌یله سه‌رمه‌سته‌ی ئاریان بۆ خود داڕێژانه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه، تاکوو بتوانێت، بۆ چێژوه‌رگرتن له بێده‌نگی، خۆی حه‌شار بدات.
له‌و روانگه‌یه‌وه له خۆڕا نییه که ئه‌و له زۆربه‌ی شیعره‌کانیدا به زمانێکی هاودژ ده‌نووسێت، به‌مه‌ش تاکوو له نێوان ئه‌و مڕکێش مڕکێشه‌ی ئه‌و خوده بۆ نووسینه‌وه‌ی خۆیی و حه‌شاردانه‌وه که له راڕه‌وی شیعره‌کانیدا بێ ئۆقره ده‌یخوێنینه‌وه، تاکوو کۆنترۆل نه‌کرێت، ئازادانه به‌رده‌وام بێت له پرۆسه‌ی ئه‌و بوونه بێکۆتاییه‌دا:
" کە ئاودەستەکان پڕ بوون لە کامێرا
لە ناوەڕاستی ژووری میوانا گوو ئەکەم
.......
ئیهانەی کاتژمێرەکان ئەکەم
قاچ ئەخەمە ناو دەمی ڕۆژەکانی هەفتەوە
وەک چەقینی تیرێک
بە ناوەراستی بۆشایدا.
.......
کە هەر من مامەوە لەسەر زەوی
پێم بڵێ
پێم بڵێ بە فیشەکی چ دەمانچەیەک
خۆم کون کون بکەم؟
لە چ شوێنێکدا قوڵترین قەبر بۆ خۆم هەڵکەنم؟ (بڕوانه شیعری: قاپێک ئاو)
ئاریان له‌ناو ئه‌و دۆخه هاودژه‌ی خوددا هه‌وڵده‌دا به زمانێکی ساتیرئامێز رووبه‌ڕووی دۆخی ئێستا بێته‌وه. ئه‌و خوده‌ی ئاریان ده‌خوازێت دابڕاو له رابردوودا له ئێستادا ئاماده بێت. بۆیه شیعری ئه‌و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستادا هه‌ڵگری زمانی رۆژانه‌یه. لێ ئه‌و شیعرێکی دڵ‌بزوێن به‌و زمانه رۆژانه‌ییه‌وه ده‌نووسێت که له کاتی خوێندنه‌وه‌دا واملێده‌کا که به روانبێژیی، هاودژییه خۆ دووباره‌کردنه‌وه‌کانییه‌وه خۆشمان بوێت. هاوکاتیش ئه‌و به‌و روانبێژییه له هاودژییه، شیعرێکی مه‌یل ئیستێتکیکیی سیاسی ده‌نووسێت که راسته‌وخۆ ئه‌وها خۆی نانوێنێت. لێ ئه‌و حه‌ز ناکات وه‌ک ده‌مڕاستێکی جه‌ماوه‌ر و نه‌ته‌وه شیعر بنووسێت، به‌ڵکوو ده‌خوازێ وه‌ک خودێکی سه‌فه‌ر کردووی شیعریی، هه‌میشه بزۆک بنووسێت. ئه‌و به ده‌م ئه‌و سه‌فه‌ره‌وه حه‌ز ده‌کا له نۆرمه‌کانی زمان و نه‌ریته باوه‌کانی جڤاکدا ئازاد بێت. به کورتی ئه‌و شاعیره له سه‌رده‌مێکی داماڵراوه له ئه‌خلاو سه‌رنجکێشی ده‌یه‌وێت خوده سه‌رنجکێشه‌که‌ی ئاوه‌ڵا بکات:
" وەک شوتیەکی قاش کراو
نهێنیەکانم ئاشکرا ئەکەم
............
من وام
لە جەڕەسی هەموو ماڵەکان ئەدەم
دەست ئەیەم لە هەموو کچەکانەوە
تەکلیف لە هەموو پیاوەکان ئەکەم
یەکەم کەس ئەبم
کە دواهەمین کچ ئەکەم بە ژن
من
وااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااام
کە ئەخلاق خۆی ئەکات پیاما
سەرم ئەخەمە
سیفۆنی ئاودەستەکەمەوە..." (بڕوانه شیعری: سه‌گ)
به‌مجۆره ئه‌مڕۆ ماناکان کرده‌یان له ده‌ست داوه، چێژی ژیان بێچێژێکی گه‌ردوونی ده‌چێژرێت ئه‌خلاق بوو به کاڵا و که‌ی ویستمان لای بازرگانه‌کان به هه‌رزانفرۆش ده‌فرۆشرێت. لێره‌وه ئه‌و "ئه‌خلاق"ه‌ی وا ده‌کات شاعیر بڕشێته‌وه نه‌ک هه‌ر چیتر به‌های "ئه‌خلاق"ی نه‌ماوه، به‌ڵکوو له مه‌دیو په‌رده‌کانییه‌وه بێ-ئه‌خلاقترین مرۆڤ ده‌ژیت. بۆیه ئاریان له جڤاکێکی داماڵراو له ئه‌خلاقدا به تیشکۆیه‌ک له‌و ره‌وانبێژیی، شیعرییه‌ته هاودژه‌یه‌وه بێ- ئه‌خلاقی وه‌ک "ئه‌خلاق"ێکی باڵا وێنه ده‌کا:
" من
وام
دوام کەوە
دوام کەوە
کە لە بە ئەخلاقترین قەحبە خانەدا
گەڕامەوە" (هه‌مان شیعر)
شاعیر له ناو ئه‌و به نامۆبوونه‌دا مرۆڤ وا وێنه ده‌کا که خۆی بداته ده‌ست مه‌یلی بێهووده‌یی تاکوو له ته‌نیایی بۆشاییه په‌نخواردووه‌کانی ناخی هه‌ڵبێت. لێره‌وه داننان به‌و دۆخه‌ی سیخناخ به ته‌نیایی و نادڵنیایه، مانای بوونی ته‌رزه هێزێکی شیعرییه لای ئه‌و شاعیره، تاکوو مرۆڤ له نه‌مانی ئه‌و ئێتیکه ئێستێتکییه به ئاگا بهێنێته‌وه که پێشمه‌رجێکه له بوونیدا. به‌ڵێ، له‌مدیو وشه لێکچنراوه‌کانی ئه‌و شاعیره‌دا رۆشنایی خودێکی نامۆ به "شوێن" رووی ناوه‌کی کات رۆشنده‌کاته‌وه. ئه‌و شاعیره دوای رشانه‌وه‌ی ئه‌و "ئه‌خلاقه‌ی که خۆی ئه‌کات پیایا" ، له "مردنی مێشێک"دا به زمانێکی وێنه‌دار و هاوکاتیش هاورده‌یی گاڵته ئامێزه‌وه مه‌یلی جڤاک و گیانه‌وه‌ره‌کانی ئه‌و دۆخه بێباکه نوێیه به ته‌کنیک سێکسێنراوه نمایش ده‌کات:
" مێشەکان دوای نان سفرە ناسڕنەوە
مێشەکان ترسیان لەوە نیە
لە قوتابخانە دەرنەچن
مێشەکان لە عەشقا بە پلەن
مێشەکان هاوینان ئەچن بۆ سەیران
مێشێک
لە وڵاتێکی بێ پەڕۆدا عادە ئەبێت
مێشێک
لە چات‌دا خۆی ئەکات بە کچ و
شەوی 1000000000000000 کوڕ ڕەحەت ئەکات..."
ئه‌و شیعره که هاوتایه له‌گه‌ڵ مه‌یلی ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌مڕۆ، ته‌نیا گه‌ڵته‌ی به "ترس"ی به ده‌رنه‌چوون له قوتابخانه نییه، به‌ڵکوو له پێناو چێژدا ره‌گه‌زه نێرینه‌که‌ی ده‌کات به مێینه، که ئه‌و ئازادییه‌ی ره‌گه‌زگۆڕینه به شێکه له مه‌یل و ئازادییه‌کانی ئه‌م رۆژگاره، به ته‌نیا و ئازاد، بێترسی نه‌ریته باوه‌کانی جڤاکه، له یه‌ک کاتدا مه‌یلی خۆی له ره‌گه‌ز گۆڕیندا پیاده ده‌کات. دیاره ئه‌و وێناندنه‌ی ئاریان له دۆخی مرۆڤ و گیانه‌وه‌ره‌کانی ئه‌م دۆخه خه‌یاڵاندنێکی شیعریی نییه، به‌ڵکوو واقیعێکی راستییه که ته‌کنیک وه‌ک به‌شێک له‌و جیهانه ئاڵووده بوونه به هه‌وه‌سی سێکسییه سازاندوویه‌تی. لێره‌وه ئاریان به زمانێکی وێنه‌یی له خوده ئاوه‌ڵاکه‌یه‌وه، ئه‌و جیهانه ده‌مبه‌ستکراو، بۆ گوتن نه‌شیاوه له زمانی کوردییدا نیشانده‌دات.
لێره‌دا که ستاییشی زمانی ئه‌و شاعیره ده‌که‌م، مه‌به‌ستم زمان و رێنووسی ستانده‌رد نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم له‌و ره‌وانبێژیی، هونه‌ری هاودژییه‌ی ئاوێته‌کراوه‌ی نێوان وشه و هه‌ستی بیناییه له پرۆسه‌ی داڕێژانی خوده شیعرییه‌که‌یدا. وه‌کو تر، یه‌کێک له‌و خه‌وشانه‌ی زمانی ئاریان، که له کن من، ئاماژه‌یه‌کی روونی وابه‌سته‌بوونی ئه‌وه به‌و زمانه سه‌ر زاره‌کیی و ده‌ڤه‌رییه‌ی که به‌ر له‌و، وه‌ک ده‌ڵێن، شاعیری "گه‌وه‌ره" و هاوکوفه‌کانی به‌کاری ده‌هێنن. لێره‌وه ده‌کرێ بپرسین: ئاخۆ گاڵته‌جاڕیی نییه کاتێک شاعیر و نووسه‌ره ناسراو و "گه‌وره"ه‌کانی سلێمانیی و هه‌ولێر و که‌رکوک به خۆیان به زمان و رێنووسی گه‌ڕه‌ک و شار بنووسن و هاوکاتیش له ئاخێوه‌رانی ده‌ڤه‌ر و شاره‌کانی تریش بخوازن پشتگیریی له‌و "داخوازینامه"یه بکه‌ن، که ساڵی پار له لایه‌ن کامیار سابیر و نووسه‌ری ئه‌و دێرانه‌وه ره‌شنووسه‌که‌ی ئاماده کراو و پاشانیش 52-1 نووسه‌ر و شاعیر واژوویان کرد، ئاکامی ئه‌مه‌ش گفتوگۆیه‌کی بێ ئاکامی نایه‌وه؟ به‌ڵێ، ئێستا که زۆرینه‌ی نووسه‌ر و شاعیران به زمانی گه‌ڕه‌ک و ده‌ڤه‌ر و شاره‌که‌یه‌که‌وه ده‌نووسن، بۆیه لێره‌دا ئه‌و ئاماژه‌یه به رێنووسی ئاریان، ته‌نیا به یادهێنانه‌وه‌ی به‌های زمانه.
لێره‌دا کارێکی بێسوود نابێت، که ئاماژه‌یه‌کی خێرا به کیشه‌ی ئه‌و پاشه‌گه‌ردانییه‌ی رێنووسی کوردیی بکه‌ین. به‌ڵێ، هه‌ر له حه‌فتاکانه‌وه زمانناسه په‌رۆشخۆره‌کانی زمان له "کۆڕی زانیاری کورد"دا باسی زانستی‌یان له‌سه‌ر کیشه‌ی رێنووس و ستانده‌رد نووسییه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و کیشه‌ی "ئ" که نووسه‌رانی سلێمانی به‌کاری ده‌هێنن، مه‌سعود محه‌مه‌د له "گه‌شتێکی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زماندا" ده‌ڵێ: " له شێوه‌زاری سلێمان ده‌نگی (د) موشکیله‌یه‌کی (نێوده‌وڵه‌تانه). سه‌یره وشه‌ی (مه‌ند" ناو ناوه ده‌کرێته (مه‌نگ..) ته‌نانه‌ت له جیاتی (ئه‌مه‌ت به چه‌ند) ده‌کرێته (ئه‌مه و به چه‌ن) /.../ به‌شی هه‌ره زۆری کورد ده‌نگی (د) ده‌خاته به‌رایی چه‌ند جۆره فیعله‌وه وه‌ک: ده‌خۆم، ده‌مخوارد... له زاری سلێمانی و به‌شێکی عه‌شیره‌ته‌کاندا (دال)ه‌که ده‌که‌ن به هه‌مزه. که تووشی (ده‌بخۆ، ده مه‌ڕۆ) بوویت له زاری سلێمانیدا ئیشکاله‌کی زل په‌یدا ده‌بێ. که گه‌یشتیه (ده‌با بخورێت.. ده‌بایه نه‌چێته سینه‌ما..) کاره‌که سه‌ختتر ده‌بێت.. له‌م وشه‌ی ده‌بێت، که ده‌نگی (ت) به (چمیر) داده‌نێن حه‌قیقه‌تێکی زل سه‌رپۆش ده‌کرێت؛ چونکه فیعله‌که سێ ده‌قی هه‌یه: ده‌بێت، ده‌بێ، ده‌بیتن. شێخ ره‌زا ده‌ڵێ: "به یادی چاوی مه‌ستی خۆم ده‌با مه‌یخانه بێتن جێت.." نه (ت) به ته‌نێ و نه له‌گه‌ڵ (ن) به دوایه‌وه نابنه به‌رکار (مفعول به) وه‌ک که ده‌گوترێ: ده‌بینین، ده‌تانبینن، ده‌مانبینن، ده‌تبینن. له مانانه‌دا (م، تان، ی، یان، مان، ت) به‌رکارن.. /.../ ئه‌م ورده حیسابه‌ی سه‌ره‌تایی له مه‌یدان رێزماندا، که ده‌بوو گرفت ره‌وێنه‌وه بێت، له ئاکامی ده‌مارکێشی و به خۆ نازین و خه‌ڵک به که‌م زانین شه‌ڕه گه‌ڕه‌کێی به‌ر له (100) ساڵ به خه‌به‌ر ده‌هێنێته‌وه..." (3)
به‌مجۆره ده‌کرێ که‌سێک له قسه‌ی رۆژانه‌دا بڵێ: "ئه‌که‌م"، "ێم"، "یامێ"، "ئه‌یه‌م"، "راکه‌ین" و ... تاد، لێ ناکرێ له نووسیندا هه‌ڵه‌یه، به تایبه‌تیش شاعیر که گوایه بوونه‌وه‌رێکی زمانییه. بۆیه رێنووسه راستییه‌ی ئه‌م وشانه "ده‌که‌م"، "دێم"، "دامێ"، "ده‌ده‌م"، "رابکه‌ین"ه.
لێره‌دا من، وه‌ک باوه، نیازم نییه ماسولکه‌ی رێزمانزانی نیشانبده‌م، به‌ڵکوو به گرنگم زانی ئاماژه‌یه‌کی خێرا و هاوکات پێویستیش، به گرفتی ئه‌و رێنووسه له کن نووسه‌رانی سلێمانی که به‌ربه‌ستێکه له‌به‌رده‌م خه‌ونی به فه‌رمیکردنی زمانێکی ستانده‌ردی کوردیی.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئه‌و شاعیره‌مان، که لای ئه‌و ئاماده‌یی زمانی بینایی واده‌کات به زمانێکی بینین ئامێزی رووت شیعر بنووسێت. ئه‌و رووتییه له شیعری ئه‌ودا وا ده‌کات مه‌ودای نێوان بۆشایی وشه‌گه‌ل، ره‌نگ و فیگیوره‌کانی تابلۆکانی ئاوێزانی یه‌کتر بن و له شیعردا به‌رجه‌سته‌ببنه‌وه. به‌مجۆره له شیعری ئاریان دا دڵبزوێنیی و وێناندنی جیهان خودیی و گه‌وهه‌ری ئێستا له‌وه‌دایه، که هه‌میشه بێئۆقره له سه‌فه‌ردایه. بۆیه شیعری وی وه‌ک پانتاییه‌ک، خاکێک له بینایی به رێگای وشه‌گه‌ل و ده‌ربڕینه هاودژه‌کانه‌وه ئاسۆیه‌ک له وێنه‌ی خوده‌که‌ی نماییش ده‌کات. ئاماده‌یی ئه‌و زمانی بیناییه، جیهانه وێنه‌ییه له شیعری ئه‌ودا په‌یوه‌ندی به ئاماده‌بوونی شێوازی هێلکاریی له کن ئه‌ودا هه‌یه. زمان له کن ئاریان سنوورداره، چونکه شیعره‌کانی زیاتر ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یه که زمان دوای گفتوگۆیه ته‌کنیکی، چاتکردنه‌کانی نێوان دوو که‌سدا به‌جێیده‌هێڵێت. به‌مجۆره دوای ئه‌و ته‌قاندنه‌وه‌یه زمانه‌که‌ی له هه‌موو نۆرم و نه‌ریته باڵاده‌سته‌کاندا زرگار ده‌کات. بۆیه شیعره‌کانی ئاریان خۆشییه‌کی چێژداری خودیی ئاوێنه ده‌کاته‌وه که ئه‌زموونکراوه. له شیعری ئاریان دا په‌یوه‌ندی نێوان رسته شیعریی و وێناندنه‌کان، وه‌ک حه‌زی ره‌نگه‌کان، له جه‌سته‌ی یه‌کتردا ده‌توێنه‌وه. لێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان رسته و وێناندنه‌کان حه‌ز ناکه‌ن له دیمه‌نێکی لۆژیکیدا له‌نگه‌ر بگرن.
شاعیر ئه‌وها به ئاوێزانکردنی وشه و خه‌یاڵاندنێکی شێوه‌کارانه وه وێنه‌ی دۆخێکی ئه‌و خوده ناوه‌کییه‌ی ده‌کێشێته‌وه:
" وا من لەبەر چاوی قەیرەترین مشکدا
گەورەترین قاشە پەنیر
ئەزموون ئەکەم
لە ناو خۆشترین جێگادا
ئیهانەی پشتی و سەرین ئەکەم
سکێچی زەوی
لەسەر وەرەقەیەکی ئەی فۆر
جێ ئەکەمەوە..." (بڕوانه شیعری: سه‌گ).
ئه‌و شاعیره به شێوازێک زمان ئاراسته ده‌کا که بتوانێت ئه‌و هه‌ستی بینینه‌ی که له تابلۆکانیدا هه‌یه به گۆ بێت، تاکوو به‌و هه‌ستی بینینه‌وه چاوی خوده ناوه‌کییه‌که‌ی به بوونی خۆی به ئاگا بێت و به ئه‌زموون بکات، تاکوو وێنه‌ی خوده مه‌یلدار به داڕێژان "له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌کی ئه‌ی فۆر" به‌رجه‌سته‌بکاته‌وه. دواجار ئاریان ئه‌و شاعیره‌یه شیعرێکی خودخواز به وشه‌گه‌لی هزرورووژێن و ئاواز خێراوه به زمان ده‌به‌خشێت، تاکوو زمانیش له سه‌فه‌ره هه‌میشه‌ییه‌که‌یدا به چێژی خۆشی، به ده‌رکه‌وتنی رووخسارێکی گزینگپۆش له دره‌ختیی و ئێستایه‌کی له‌رزۆک شاگه‌شکه‌مان بکات.
لێ چۆن ئه‌و متمانه‌یه چییه که شیعری ئاریان وامالێده‌کات بڕوای پێبکه‌ین؟ به‌ڵێ، به‌رسڤێکی ساده بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌کرێ ئه‌وها بێت: چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و رامان و نیگایانه‌یه که به ده‌مڕکردنانه‌ی شیعره‌کانییه‌وه ره‌وانبێژیی خوده هاودژ و ئێستای مرۆڤێکی داهێزراو له‌ناو بێهووده‌یی، ته‌نیایی، بۆشایی و سێکسگرییمان بۆ ئاشکرا ده‌کات. شیعری ئاریان له تواناییدایه که تشته‌کانی ژیان، ئازاری وشه‌گه‌له په‌رته‌کانی زمان و هاودژییه دڵهه‌ژێنه‌کان ببینێت. ئه‌و ده‌توانێت زمانێکی "ناشیعریی" و "رۆژانه" بکات به زمانێکی شیعریی، روانبێژیی خوده‌که‌ی. به‌مه‌ش "راستیی"ه‌کی زمانیی به‌رهه‌مبهێنێت.
دوا وته له رامانگه‌لێکدا
له ده‌ستپێکی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌م به دۆزی ئه‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه کرد، که ئه‌مڕۆ، وه‌ک "ئۆپۆزیسۆنێک"ی شیعریی له گفتوگۆیه ئه‌ده‌بیی، گۆڤار و چاپخانه کوردییه باڵاده‌سته‌کاندا په‌راوێز خراوه. دیاره‌ئه‌و ده‌نگه شیعرییه‌ی که من ئاماژه‌ی پێده‌که‌م ئه‌وه‌نده‌ی خولیای زمانێکی نه‌ریت شکێن و خود جه‌ختکه‌رکردنه‌وه‌یه، هێنده خولیای زمانێکی باڵا و ماریفه‌داری شیعریی نییه.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌یه‌کی خێرام به‌و ره‌وشه رۆشنبیرییه کرد که له کوردستاندا باڵاده‌سته. له‌وێدا له پێناو کردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ک بۆ رای جیاوازدا به‌شێکی زۆری به‌ڕێوه‌به‌رانی گۆڤار و نووسه‌ره ده‌سه‌ڵاتداره‌کانم به ئاکار کوێخا- ئه‌رۆستۆکراتی تازه‌باو ناودێرکرد. چونکه ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره له سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌ی کوردستاندا دیارده‌یه‌که له‌و چینه مشخۆره‌ی که ئه‌و دۆخه سۆسیۆ –ئابوورییه حیزبییه نه‌ک، به واتای جۆن لۆک، "ئابوورییه نیشتمانی"یه‌ی ئه‌مڕۆ سازاندویه‌تی. له‌و دۆخه‌دا ئه‌و ته‌رزه نووسه‌ر و شاعیره و ئیدۆلانه له یه‌ک کاتدا هاوکوفی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌مڕاستی جیهانی نووسینشن.
به‌مجۆره، به رای من، ئه‌وه‌ی که واده‌کا هزرکردنێکی نوێ و ده‌نگێکی ئه‌ده‌بی خه‌مڵیوو له زمانی کوردییدا له دایک نه‌بێت، بوونی ده‌سته‌ڵاتێکی چه‌قبه‌ستوو و ره‌ها‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه که ئه‌و نووسه‌ره ئاکار ئه‌رۆستۆکراتییه بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاوێزانییه‌تی. دیاره لێره‌دا ئه‌و ئه‌م نووسینه بواری نییه له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته‌وه بپه‌یڤێت، لێ له داهاتوودا، ئه‌گه‌ر بێهووده‌یی له بێبه‌هابوونی نووسین بوارم بدات، راڤه‌یه‌ک له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره ئه‌ریستۆکراتییه تازه‌باوه ده‌نووسم که سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌و بێبه‌هابوونه‌ی نووسین و ئێتیکه مێشسالارییه‌ی کوردییه‌یه که ئێستا ژیانی رۆشنبیریی کوردیی ئاراسته‌ده‌کا.
به‌مجۆره به ده‌م سه‌فه‌ری ئه‌و خوێندنه‌وه هه‌وڵمدا رۆشناییه‌ک بخه‌مه سه‌ر رووخساری ئه‌و ره‌وانبێژیی، زمانه هاودژه‌ی که به ده‌مڕێکردنییه‌وه خوده خۆکرده‌که‌ی شاعیر داده‌ڕێژێت و هاوده‌میش وێنه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستامان بۆ نماییش ده‌کات. دیاره ئه‌ده‌ب به گشتیی و شیعریش به تایبه‌تی ئاسۆیه‌کمان بۆ ئاوه‌ڵاده‌کاته‌وه، تاکوو له‌و شوێنکاته‌ی ژیان که چێژی ژیانی تێدا نه‌ماوه ئازادییه‌کی روحیی و وزه‌یه‌کمان بۆ هزرکردنێکی نه‌هزرێنراومان پێ ببه‌خشێت. که‌واته شیعر هانمانده‌دا به‌و جیهانانه ئاشنا بین که تاقیمان نه‌کردۆته‌وه. بۆیه ئه‌وه شیعره که له‌گه‌ڵ تامی ئه‌و ته‌نیاییه‌ی که خوده‌که‌مانی ته‌نیوه‌ته‌وه ئاشتبینه‌وه.
هه‌روه‌ک هه‌وڵمدا ئه‌وه خه‌ختبکه‌ینه‌وه که ئه‌و خوده به‌و ره‌وانبێژییه‌وه، که مه‌یله‌و ئازایانه‌تر له زمانی به‌شێکی زۆر له شاعیرانی هاونه‌وه‌که‌ی خۆی، ئه‌وانه‌ی که له‌ناو خه‌یاڵی زڕه"ئه‌شق"، هه‌ڵاتنێکی مێتافیزیکیی و زمانی لاسایکردنه‌وه‌یه‌کی بێچێژی یه‌کتر یان به‌شێک له شاعیرانی به‌ر له خۆیانه‌وه خنکاون، ئه‌و خوده راسته‌قینه‌ی خۆی بنووسێته‌وه و به‌مه‌ش نهێنی کات، بچمی سه‌ده‌مه‌که‌ی خۆی بنووسێته‌وه و رابگه‌یه‌نێت. له روانگه‌یه‌وه، ده‌کرێ بێژم، شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کر، ده‌کۆشێ زمانی خودی سه‌رده‌مه‌که‌ی بێت، تاکوو به روانبێژیی، هاودژییه‌کانی ئه‌و زمانه له دۆخی فه‌رامۆشکردندا ئومێده‌وار بکات
له هه‌مبه‌ر ئه‌و وێناندنه جوانبێژییه‌ی که له‌و شاعیره مه‌یلداره به خۆبوونه‌مان کرد، هاوکاتیش، به حه‌زێک له‌و ئومێدبوونه به‌و مه‌یلاندنه‌ی خوده ئازاده‌ی ئاریاه‌وه، ده‌مه‌وێ ئه‌مه‌ش بڵێم، که له شیعره‌کانی ئاریان یشدا کاریگه‌ریی سوهراب-گه‌رایی، رێژه‌یه‌ک له زمانی سوهراب ئاماده‌یی هه‌یه، جا ئه‌و کاریگه‌رییه راسته‌وخۆ بێت یان به رێگای ئه‌و شاعیره "ناسراو"ه کوردییانه‌وه بێت که له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌نووسن. هاوکاتیش ئاریان حه‌ز ده‌کا ده‌نگ، ناسنامه به تشته چکۆڵه‌کان ببه‌خشێت، دواجاریش شیعری ئه‌و سۆزێکی زۆری هه‌یه بۆ بۆ چێژی میوه و به‌خشینی ماف و ئازادی ده‌ربڕین به گیانه‌وه‌ره به‌د وێنه‌کراوه‌کان، بۆ نموونه سه‌گه، مێش، مشک... تاد، بۆیه ئه‌و له رووی رێزمانییه‌وه حه‌ز ده‌کا له بیری "ئێمه" یان "ئه‌و" یانیش "تۆ"، ئه‌و گیانله‌به‌رانه به رانای من بدوێن. دیاره له شیعری کوردییدا پێش ئاریان ئه‌بوبه‌کر، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم، ته‌نیا رێبوار سیوه‌یلی وه‌ک ئه‌زموون له شیعر و نووسیندا ئه‌و ئیشکردنه‌ی له‌سه‌ر "تشته بچووکه‌کان" و به‌خشینه ره‌هه‌ند مرۆڤایه‌تییه به گیانه‌وه‌ران کردووه و میوه‌شی کردۆته بابه‌تی شیعریی. لێ تشتێکی نوێ نییه که بڵێم له ره‌چه‌ڵه‌کدا ئه‌و شێواز و ئیشکردنه شیعرییه به‌هره‌ی له سوهراب سپێهری وه‌رگرتووه. دیاره به‌هره وه‌رگرتن له ئه‌زموونی شاعیرانی جیهانیی و خۆماڵی به‌شێکه له به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ئه‌فراندن، لێ گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌هره وه‌رگرتنه به‌خشینی ره‌هه‌ندێکی نوێ بێت به‌و ئه‌زموونه نه‌ک گواستنه‌وه‌ی سێبه‌ره‌کانی.
دیاره به‌شێکی شاعیرانی نه‌وه‌ده‌کان و ئێستاش نه‌ک هه‌ر به‌هره‌یان له شێواز و ئاوازی شیعریی سوهراب وه‌رگرتووه، به‌ڵکوو به‌شێکیان کتومت کۆپله‌یه‌ک له شیعری سوهراب ده‌گوازنه‌وه ناو شیعره‌کانیانه‌وه. لێ راستییه‌که‌ی ئاریان به به‌هره‌یه‌کی خۆکرده‌وه سوودی له ریتمی زمان و یاریکردن به وشه‌وه وه‌رگرتووه که له ئه‌زموونی سوهراب سپێهرییدا باڵاده‌سته. بۆیه ئاریان ئه‌و شاعیره‌یه، که بوێرانه مه‌یلی خود داڕێژان و نیشاندانی دۆخی ئێستا ده‌نووسێته‌وه، ده‌خوازێت ئایینده‌یه‌کی خۆکردی شیعری مسۆگه‌ر بکات.
ئۆکتۆبه‌ر-نۆڤێمبه‌ری 2009
ستۆکهۆلم
ژێده‌ر و په‌راوێز:
(1)بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم بڕوانه: هه‌ندرێن" پۆستمۆدێرنیزم: خودێکی نائاماده یان ده‌قێکی بێ‌ماڵ"، کۆتایی 2007، ئه‌م وتاره له هه‌مان ساڵ له گۆڤاری "هه‌نار"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
(2) سه‌باره‌ت به زیاتر زانین له‌مه‌ڕ چه‌مکی "باڵاده‌ستی ته‌کنیک" و "Das man"، بڕوانه ئه‌و دوو نووسینه‌ی هه‌ندرێن: "ئه‌زموونی بێماڵیی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاریی" و "گه‌ڕان به دوای خودێکی ره‌سه‌ن مێگه‌لاندنی ئاپۆره‌دا"، که یه‌که‌میان له کۆتایی پارساڵدا له گۆڤاری "هه‌نار" و ئه‌ویتریش له کتێبی "خامه‌یه‌کی رۆشنبیریی له پشت گوێی زماندا" بڵاوکراونه‌ته‌وه. یان سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://handren07.kurdblogger.com/ . بۆ زانیاری زیاتریش له‌مه‌ڕ ئه‌و دوو چه‌مکه به زمانی سوێدیی، بڕوانه کتێبی:
- Heidegger. M, ”Teknikens väsen och andra uppsatser”, Övers. R. Matz (Lund: Doxa, 1981.
- D. Brinbaum och Sven Olov Wallenstein, ”Heideggers väg, Tales, 1999.
(3) " مه‌سعود محه‌مه‌د-ی زانا له گه‌شتێکی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زماندا"، که دیمانه‌یه‌که شوکور مسته‌فا ئاماده‌ی کردووه و له نه‌وه‌ده‌کاندا له یه‌کێک له ژماره‌کانی گۆڤاری "رامان"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. لێ مخابن من ته‌نیا کۆپیی ئه‌و دیمانه‌یه‌م بێ ژماره ساڵی ده‌رچوونه‌که‌یم هه‌ڵگرتووه.
(*) ئه‌م نووسینه له ژماره 47ه گۆڤاری هه‌نار، 2010 بڵاوکراوه‌ته‌وه



del.icio.us
Digg