حه‌فتا مه‌تر چوارگۆشه‌ ! ..... بەرزان هەستیار

image

Jan27,2010


       
  

بەیانیان لێرەوە سواری میترۆ ئەبم و
لە قەرەباڵغییدا شانم ئەسوێت ؛
ئەم حەفتا مەتر چوارگۆشە ئەفسووناوییە ،
سوپەرمارکێتەکانی ، سەد ئەوەندەی بازاڕە گەورەکانی جیهان ئەبن
مەلەوانگەی وای تێدایە تا دڵ حەز بکات فراوان ؛ .
مەیلی بینینی ئەسپە ژن و
کچانی تازە باڵقبووش وەک پشکۆ بمگەشێنێتەوە ....
بە شەقامە درێژەکانی ئەم حەفتا مەترچوارگۆشەیەدا  ئەسووڕێمەوە و
تیایاندا نائومێد نابم ،
برسیم بێت ، ئەو چێشتخانانەی لێرە هەن ....
ڕۆشنترین پایتەختانی جیهان خەونی پێوە ئەبینن ،
ژنەکەم مەیلی سەیر و سەفا بکات ،.....
بە فڕکەیەک ئەیگەیەنمە  سەوزترین و بەرینترین سەیرانگا ،
لەگەڵ " زەنوێر "ی کوڕما ،......
 بە کەیفی خۆمان  ئەچینە قەشەنگترین یاریگا
ئەم حەفتا مەتر چوارگۆشەیە ،
 سنووری بە هیچ شوێنێکەوە نییە و
لە هەموو کیشوەرەکانیشەوە نزیکە ،
دیسکۆی وا نایابی تیایە ،....
هەرزەکاران ناویشیان نەبیستووە و
بەڵام من لە ترسی ژنەکەم ناوێرم  بە پەرێزیاندا بچم ،
لەم حەفتا مەتر چوارگۆشەیەدا ، ....
کەی  غەریبیی " جەمال غەمبار " بکەم ،.....
ئاوڕدەمەوە لە لای شانی ڕاستمەوە....
سەرقاڵی ڕەشکردنەوەی چەند لاپەڕەیەکی تری مەنفایە ،
حەز بە سەردانی گۆڕی " عەلی نەجاڕ " ی باوکم و
" حاجی ئاسکۆڵ "ی دایکم و
" ئەنوەر و ئەکرەم "ی  " عەلی نەجاڕ " بکەم
چاو بکەمەوە ، وەک بازنەیەک لە "نور"ی خودایی ، تەوقیان کردووم !!
 ******
لەم حەفتا ملیۆن مەترەدا !....
شەوانە خۆم مەست ئەکەم و
هەر بە مەستییش ،.....
هەموو فەنتازیا زەرد و سوورەکانی منداڵییم....
بە شانی ماندووی خۆم گواستۆتەوە  ئەم مەملەکەتە تازەیە ،
هەرزەکاریییم ، وەک کەنارییەکی ڕەنگا و ڕەنگ بەم ناوەدا  فڕکەی دێت ؛ .
گشت هاوڕێکانم وەک مێروولە بە دوای خۆمدا پەلکێشی ئێرە  کردووە و
هەموو  باخچە و کتێبخانە گشتییەکانی دنیام  هێناوەتە لای خۆم ؛
سپێدان پێش خۆرکەوتن ، گوڵەکان ئاو ئەدەم و
بەردەرگا ئاوڕشێن ئەکەم ،
عەسرانیش ، بە فێنکیی ئەچمە سینەما ؛.
لەم حەفتا مەترەدا ....
ڕۆژی حەفتا جار  لووتم ئەیدات لە بەردی ئەلحەدی تەنیایی و
حەفتا جار وەڕسبوون پێستم کەوڵ ئەکات ،
حەفتا سەفەریش بە سواری کەشتیی کازیوە.....
لە دوای گەوهەر و مەرجانی عیشق ئەکەم  ؛
لەم حەفتا ملیۆن مەترەدا......
مەیلی خوێن ڕشتنیش بکەم ،
کەللەی خۆم هەڵئەگرم و
ئەچمە چۆڵەوانییەک ،
بەرامبەر خۆم ئەوەستم و
دەستڕێژێک نوکتە ئەنێم  بە مێژەڵاکی سەرمەوە
فوارەی سووری پێکەنینێک بە ئاسمانا  هەڵئەچێت و
هەموو شتەکان ڕەنگی خۆیان ئەگرنەوە ،...
لەم حەفتا مەترە سەیرەدا .....
هیچ شتێک بۆ تا.. هەتا ، ڕەنگی خۆی ون ناکات ،
هیچ شتێک ....!!!!

ئاب و ئەیلوولی 2009
 کۆلن/ ئەڵمانیا

bhastiar@yahoo.de          
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست
هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت
1.80