سیحری گێڕانه‌وه
له "عه‌شقی سه‌ر شۆسته"ی مسته‌فا مه‌ستووردا ئارام سدیق
ئه‌گه‌رچی له ئێستادا كتێبخانه‌ی كوردی پێویستییه‌كی زۆری به وه‌رگێڕانه له هه‌موو بواره‌كاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له نێو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه وه‌رگێڕێك هه‌ڵیده‌بژێرێت، ئه‌وه‌یه وه‌رگێڕ هه‌وڵبدات بابه‌تی به‌سوود و گرنگتر، یان بابه‌تی دانسقه هه‌ڵبژێرێت، نه‌ك به تێكستی ساده و لاوه‌كییه‌وه خۆی سه‌رقاڵ بكات، له پێناو ئه‌وه‌ی زوو تێكستێك وه‌ربگێڕێت. وه‌رگێڕان به‌ر له هه‌ر شت گه‌ڕان و وردبوونه‌وه‌یی له‌نێو تێكسته‌كاندا و ئه‌وسا هه‌ڵبژاردنی گرنگترینیانه. هه‌روه‌ها چه‌نده وه‌رگێڕانی شاكاره به ناوبانگه‌كانی دنیا پێویست و گرنگن بۆ كتێبخانه‌ی كوردی ئه‌وه‌نده ئه‌و نووسه‌ر و تێكستانه گرنگن كه له سوچێكی ئه‌م دنیایه‌دان و تا ئێستا هیچ به‌رهه‌مێكیان نه‌كراونه‌ته كوردی. واته گرنگه وه‌رگێڕ ئه‌و خاڵه به‌رده‌وام له‌به‌رچاو بگرێت كه هه‌وڵی ناساندنی نووسه‌رێكی نه‌ناسراو، یان په‌راوێز خراو بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌متر چاوی میدیایان له‌سه‌ره، چونكه ئه‌وه روونه زۆرجار میدیاكان نووسه‌رێكی داهێنه‌ر به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسی، یان هه‌ڵوێستێكی مرۆڤانه‌یه‌وه په‌راوێز ده‌خه‌ن. بۆیه گرنگی كاری وه‌رگێڕان له‌م ئاسته‌شدا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، كه بتوانێت تێكسی جوانی نووسه‌ری نه‌ناسراو بدۆزێته‌وه و ئاشنای بكات به‌و زمانه‌ی ده‌یه‌وێت بۆی وه‌ربگێڕێت.
یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی له‌م دواییانه‌دا بڵاو كرایه‌وه كتێبی "عه‌شقی سه‌ر شۆسته"ی چیرۆكنووسی فارس "مسته‌فا مه‌ستوور" بوو كه له وه‌رگێڕانی "جه‌بار سابیر"ه و له چاپكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه. ئه‌م كتێبه (12) چیرۆكی له‌خۆ گرتووه، ئه‌م نووسه‌ره‌ش به‌ر له چاپكردنی ئه‌م كتێبه (ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم) تاكه دێڕێكی نه‌كرابوو به كوردی و له‌و هه‌موو چیرۆكه‌ی فارسی كه كراوه‌ته كوردی تاكه چیرۆكێكی ئه‌م نووسه‌ره نادۆزینه‌وه، بۆیه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م چیرۆكنووسه له‌لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، به‌وه‌ی له ئاستی یه‌كه‌مدا نووسه‌رێكی نه‌ناسراو به خوێنه‌رانی كوردزمان ده‌ناسێنێت و له ئاستی دووه‌میشدا ئه‌زموونێكی تری چیرۆكی فارسی ده‌بینین، كه پێشتر زۆر به كه‌می له‌نێو چیرۆكی فارسی‌دا ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌ی له‌م شێوه‌یه‌مان بینیوه. بۆیه چیرۆكه‌كانی نێو ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه ده‌توانین بڵێین چیرۆكی نوێن و سیحری گێڕانه‌وه خوێنه‌ر په‌لكێشی نێو دنیای چیرۆكه‌كان ده‌كات.
مسته‌فا مه‌ستوور له دایكبووی شاری ئه‌هوازه و خاوه‌نی چه‌ند كۆمه‌ڵه چیرۆكێكه و ئه‌م كتێبه‌ی (وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد) ته‌نها كتێبه به زمانی كوردی. هه‌روه‌ها ئه‌م نووسه‌ره رۆمانێكی هه‌یه به‌ناوی "مانگی رووی خودا ماچ بكه" كه له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا حه‌وت جار له ئێران چاپكراوه‌ته‌وه. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م كۆچیرۆكه بوه‌ستین.
له‌نێو چیرۆكنووسانی فارس‌دا "مسته‌فا مه‌ستوور" له‌و چیرۆكنووسانه‌یه، كه تاڕاده‌یه‌ك له‌ڕووی ته‌كنیكی چیرۆكه‌وه به شێوه‌یه‌كی نوێ ده‌نوسێت‌و له‌ناونیشانه‌كانیشیدا هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی نادیاری‌و جوانكاری داوه. ئێمه لێره‌دا بوارمان نییه له‌مه‌ڕ ناونیشانی هه‌موو چیرۆكه‌كان بدوێین، به‌ڵام ته‌نها له‌سه‌ر ناونیشانی یه‌كێك له چیرۆكه‌كان قسه ده‌كه‌ین، كه ئه‌ویش چیرۆكی "ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه"یه.
مه‌ستوور له چیرۆكی "ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه"دا هه‌ست به بوونی هێمائامێزی‌و نادیاری ده‌كه‌ین به‌وه‌ی له رووكاردا ناونیشان له‌م چیرۆكه‌دا له لایه‌نێكی لاوه‌كی چیرۆكه‌وه وه‌رگیراوه، به‌ڵام كه له ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كه ورد ده‌بینه‌وه هه‌ست به قورسایی ناونیشانه‌كه ده‌كه‌ین‌و له‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه كێیه؟ لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ناونیشانی ئه‌م چیرۆكه روون بكه‌مه‌وه ناچارم كه‌مێك له چیرۆكه‌كه بگێڕمه‌وه. چیرۆكه‌كه باس له پیاوێك ده‌كات كه به‌هۆی رانه‌گه‌یشتنی به ژیانی خێزانییه‌وه، هاوسه‌ره‌كه‌ی (كه ناوی مه‌هتابه) ناچارانه لێی جیا ده‌بێته‌وه، هاوكات ئه‌م ژن‌و پیاوه منداڵێكیشیان هه‌یه به‌ناوی "بنیامین"، پاش جیابوونه‌وه‌كه ئاستی خوێندنی "بنیامین" له قوتابخانه دێته خواره‌وه‌و هاوكات رۆژێك پیاوه‌كه وانه به منداڵه‌كه‌ی ده‌ڵێته‌وه‌و چه‌ندین رسته‌ی جۆر به جۆری پێده‌ڵێت و "بنیامین"یش ده‌ینوسێت دوا رسته كه پێی ده‌ڵێت رسته‌ی "ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه"یه، له‌م رسته‌یه‌دا "بنیامین" خه‌و ده‌یباته‌وه‌و ته‌نها فریای نووسینی وشه‌ی "داس" ده‌كه‌وێ.
ئه‌گه‌ر ته‌نها رووكه‌شانه سه‌یری ئه‌م ناونیشانه بكه‌ین ده‌بینین، كه ناونیشانه‌كه له‌و رسته نه‌نوسراوه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه "بنیامین" نه‌یتوانی ته‌واوی بكات‌و خه‌و بردییه‌وه. به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌مه كرۆكی بابه‌ته‌كه نییه، به‌ڵكو كرۆكی بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه ئه‌و پیاوه‌یه، كه به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌كانی ژیانی خۆیه‌وه‌و نه‌په‌رژاندنی بۆ ژیانی ئاسایی‌و رێزنه‌گرتن له ژیانی هاوسه‌ریی به‌داسی بێئاگایی ژیانی به‌خته‌وه‌ری خێزانێكی درویه‌وه‌و له‌ناوی برد.
یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه وه‌ك خاڵێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش له چیرۆكه‌كانی ئه‌م چیرۆكنووسه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت بوونی زمانێكی ته‌نزه‌ئامێزه. ئه‌م زمانه ته‌نزه له زۆرێك له چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا به‌دی ده‌كرێت و جوانی و تایبه‌تمه‌ندی به ئه‌زموونی ئه‌م چیرۆكنووسه به‌خشیووه. هه‌روه‌ها زۆرجار له رێی ناوی پاڵه‌وانه‌كانه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ئه‌و ته‌نزه زیاتر بچه‌سپێنێت، كه ده‌توانین له كاراكته‌ری "ره‌سوڵه گورپه"دا ئه‌وه ببینینه‌وه، كه چیرۆكنووس له رێی ئه‌و ناوه‌وه وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری ئه‌و كاراكته‌ره‌مان بۆ ده‌كێشێت.
عه‌شق یه‌كێكی تره له ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی نێو زۆرێك له چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه و نووسه‌ر له‌رێی ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی نێو چیرۆكه‌كانه‌وه، كه هه‌م ته‌نزی تێدا به‌كاربردووه و هه‌م وه‌كو پاكی و بێگه‌ردی له‌نێو ئه‌و عه‌شقانه‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، كه زۆرجار ده‌گاته ئاستی خۆبه‌ختكردن له‌نێو عه‌شقدا. به‌گشتی ته‌واوی چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه له‌كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دوێن و هه‌ست به دووباره بوونه‌وه‌ی به‌شێك له كاراكته‌ره‌كان ده‌كرێت به‌تایبه‌ت كاراكته‌ری نێو چیرۆكه‌كانی "ئاره‌زوو، مه‌هتاب، ئه‌و پیاوه‌ی داسی پێیه"، كه تێیاندا هه‌ست به لێكچوونی پاڵه‌وان ده‌كرێت، واته ده‌كرێت بڵێین ره‌گێكی هونه‌ری "میتا رۆمان" له‌نێو ئه‌م چیرۆكانه‌دا خۆی حه‌شارداوه. هه‌روه‌ها ئه‌و زمانه‌شی كه چیرۆكنووس بۆ به‌شێكی زۆری ئه‌م چیرۆكانه به‌كاری بردووه زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیكه و ئه‌مه‌ش زیاتر له میتا رۆمانمان نزیك ده‌خاته‌وه.
ئه‌وه‌ی له دواجاردا پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بكرێت ئه‌وه‌یه كه وه‌رگێڕانه‌ی ئه‌م كۆچیرۆكه ده‌كرێت ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م كاره‌كانی تری ئه‌م نووسه‌ره و هاوكات ببێته خاڵێكیش بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێره‌كان چیتر هه‌ر به دوای ناو و ناوبانگی نووسه‌ر و تێكسته‌كان نه‌كه‌ون، به‌ڵكو به‌دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێن كه نووسه‌ر و تێكستی نوێ و ده‌نگی داهێنه‌ری شاراوه به خوێنه‌ری كورد بناسێنن وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێری مه‌ستووره كردوویه‌تی، چونكه سیحری گێڕانه‌وه له‌م چیرۆكانه‌ی مه‌ستووردا خوێنه‌ر بۆ نێو دنیای داهێنه‌رانه‌ی تێكسته‌كان په‌لكێش ده‌كات، كه تێكستگه‌لێكن پێشتر له شێوه‌یان زۆر كه‌م به كوردی بینراون.



del.icio.us
Digg