گۆرانییه‌ک بۆ براده‌ران...... ئه‌حمه‌دی مه‌لا
Jan25,2010
براده‌ران گریانم دێت،
نازانم ئه‌مه قۆناغی سه‌ره‌تای پیرییه،
یا نه‌عله‌تیکه و له شیعر ده‌کرێت!
هه‌موو رابردووه‌کان تێکه‌ڵ ده‌بن :
چڵه داره‌که‌ی گه‌ڕه‌کی ئاکاسیا
له نزیک شاره‌کۆنه‌که‌ی ژنێڤ و
رێگا باریکه‌کانی عه‌ره‌فا.
گریانم دێت
کاتێک ده‌زانم
ژیان هه‌نده‌ی گه‌شه له ناوه‌وه‌م
هه‌نده به شه‌وق نییه له ده‌ره‌وه.
ده‌زانم ئه‌وانه‌ی خۆشیان نه‌ویستین
تازه زه‌نگی ئاوابوون لێیدا
جارێکی دی
هه‌رگیزاو هه‌رگیز خۆشیان ناوێین.
ئه‌وانه‌ی که خۆشیانمان ویست و
له تووله‌رێگان ون بوون
هه‌رگێزاو هه‌رگیز
ئیتر ئاوڕمان لێناده‌نه‌وه.
ده‌زانم ده‌شته به‌ردینه‌کانی
رێی دیاربه‌کر و
حه‌وشه‌کانی عه‌لیبه‌یان
ته‌نها گۆرانی غه‌میان تیا
به جوانی دوترا.
ده‌زانم مه‌تاره‌که‌ی سانچۆ:
هاوڕێی و سێبه‌ره‌که‌ی دۆن کیشۆت و
مه‌تاره‌کانی زه‌رده‌ک پێک ده‌که‌ن
ئه‌وه‌ی سانچۆ لێوالێو
له شه‌رابی ترش
ئه‌وانه‌ی زه‌ردکیش پڕ ته‌پوتۆز.
کوچه‌کانی قۆرییه و
به‌رده‌کانی خڕی خاسه و
سێبه‌ره‌کانی قورتوبه
مناره‌که‌ی کۆشکلی و
ئاسیاوه‌کانی مانچا
هه‌موو تێکه‌ڵ به رۆندک و
غوباری عه‌ده‌م ده‌بن.
ده‌زانم
شیعر، هه‌ندێ رۆندک و
هه‌ندێ نه‌غمه و
هه‌ندێ یاده‌وری و
هه‌ندێ ته‌مه‌ن
به قووڵاییه‌کانی ده‌با،
ئه‌وه‌ش باش ده‌زانم
هه‌ر هه‌مووی ده‌که‌و‌نه‌وه
ده‌م ره‌شه‌با...



del.icio.us
Digg