شیعرییه‌تی خود و ره‌وانبێژیی هاودژیی له وێناندنی ئێستادا
سه‌باره‌ت به شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کر هه‌ندرێن به‌شی یه‌که‌م
ده‌ستپێک
له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا شیعرگه‌لێکی به‌شێک له‌و شاعیرانه‌م له سایتی"ده‌نگه‌کان"دا خوێنده‌وه که له زمانی کوردییدا به "شاعیره گه‌نج"ه‌کان ناودێر ده‌کرێن. یه‌کێکه له‌و ده‌نگه شیعرییه گه‌نجانه‌ش، ئاریان ئه‌بوبه‌کر بوو. به‌ڵێ، به‌ر له‌وه‌ی، وه‌ک باوه، که نووسه‌ران هۆکاری ئه‌م نووسینه له‌سه‌ر شیعری ئاریان بوه‌همێنن، گه‌ره‌که بێژم، که بۆ یه‌که‌م جار له کۆتایی به‌هاری ئه‌مساڵ، 2009دا له‌و کاته‌ی که نووسه‌ر و شاعیرانی کوردستان به بڵاوکردنه‌وه‌ی دیمه‌نی میوانداریی و وێنه به کۆمه‌ڵییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیسی شاعیردا مه‌ست و خومار بوون، له گۆڤاری "هه‌نار"دا، که له "ده‌نگه‌کان"دا ده‌یبینم، شیعرێکم به ناوی "سه‌گ" خوێنده‌وه که ئاریان ئه‌بوبه‌کر خاوه‌نه‌که‌ی بوو. پیش‌تر به‌و ناوه ئاشنای نه‌بووم. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره، که وه‌ک له گۆڤاره‌کاندا باوه، دوای شیعره‌کانی چه‌ند شاعیری "ناسراو" دانرا بوو، هه‌ستم کرد شیعرێکی مه‌یله‌و "ناباو" ده‌خوێنمه‌وه که چاوه‌ڕوان بووم ئه‌و نه‌وه پۆستمۆدێرنیست و بێماڵه له‌و سه‌رده‌مه بێ-شوێنه‌ی ئێستادا بینووسێت. چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و تێیدا ده‌ژیت، که له‌وێدا ته‌کنیک جیهانێکی خه‌یاڵێنراوی بۆ مرۆڤ بۆ سازاندووه، که بۆ هه‌ڵاتن له دۆخه ته‌نیاییه‌که‌یدا هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ک تاقیبکاته‌وه. ئه‌و جیهانه ته‌کنیکییه تاکه‌که‌س هانده‌دات به دوای مه‌یلی گێڕانه‌وه‌ی خود فرچک بگرێت. به واتایه‌کی تر، له‌و سه‌رده‌مه دیگیتال، دۆخه بزۆک و پچڕ پچڕه‌دا، که مرۆڤ له داستانی چکۆڵه و سنوورداریش کورتده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش له دواجاردا زمانێکی هاوکوف به‌رهه‌مده‌هێنێت، که شێوازه‌که‌ی پێکهاتووه له ته‌کنیکی زمانێکی ئاواز و ریتم خێرا و پچڕپچڕ و ئاخاوتنێکی زاره‌کیی. ئاریان له‌و شیعره‌دا به ته‌رزه شیعرێکی نزیک له موزیکی هیپ هۆپ، ریتم خێرا و خودییه‌وه به جۆرێک بۆشایی نێوان وشه‌گه‌له لێکدابڕاوه‌کان، ئه‌و به‌تاڵبوونه‌وه‌ی زمان له کاڵبوونه‌وه‌ی خاکه ناچاوه‌ڕوانکراوه‌کان ده‌له‌رێنێته‌وه، تاکوو وێنه‌ی بوون له‌و فه‌رامۆشکردنه‌دا بێ‌دار بێته‌وه.
به‌مجۆره دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره نامه‌یه‌کی مه‌یله‌و ستاییش ئامێزم - وابزانم یه‌که‌مجاریش بوو له ژیانمدا نامه‌ی وا بۆ شاعیرێکی نائاشنا بنێرم- بۆ ئاریان نارد، لێ پێشتر نامه‌یه‌کی ئه‌له‌کترۆنیم بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری "ده‌نگه‌کان"، گۆران عه‌بدوڵا ناردبوو که ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌کات ئه‌و شیعره‌ی ئاریان له "ده‌نگه‌کان"دا بڵاوبکاته‌وه، ئه‌ویش په‌رۆشخۆرانه‌تر له من شیعره‌که‌ی بڵاوکرده‌وه. هه‌ر ئه‌وکات حه‌زم کرد له‌سه‌ر ئه‌و شیعره بنووسم، لێ دۆخی دڕدۆنگی ژیان بواری بۆ نه‌ڕه‌خساندم، بۆیه هه‌ر ئه‌وکاتیش، تاکوو له داهاتوودا ئه‌و حه‌زی نووسینه بکه‌م به ئه‌رکێک له‌سه‌ر خۆم، له وتاری "گه‌ڕان به دوای رووناکبیری نه‌دۆڕاودا"، که له شوباتی 2009 له "کورستان راپۆرت" و"ده‌نگه‌کان"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، نووسیبووم: " له کن من، ئه‌وه‌نده‌ی کرده‌ی شیعری "سه‌گ"ی ئاریان ئه‌بوبه‌کر، که شاعیرێکی نوێیه و من پێشتر قه‌ت ناوم نه‌بیستووه، رووداوێکی رۆشنبیرییه له زمانی کوردییدا ، هێنده هاتنی ئه‌دۆنیس به رووداوێکی رۆشنبیریی نییه. چونکه ئه‌و شیعره روحێکی هه‌بووی نه‌بینراوی له زمانی کوردییدا راده‌گه‌یه‌نێت..."
پاشان ئاریانیش چه‌ند تابۆله‌یه‌کی خۆی بۆ ناردم. دواجار خوێندنه‌وه‌ی "مردنی مێشێک"، "مرۆڤ"، "حه‌وت جار خۆم بینی"، "قاپێک ئاو" له "ده‌نگه‌کان" دا بوون به سه‌رچاوه‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه. دیاره به ئاگا بوونم له‌وه‌ی که ئاریان وێڕای شیعر خوێندکاری هونه‌ریی و شێوه‌کاریشه، بواری بۆ خۆشکردم که هه‌ر ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی نه‌خوێنمه‌وه، به‌ڵکوو هاوکات به رێگای بیناییشه‌وه بیخوێنمه‌وه.
لێ کاتێک ئه‌وها له‌سه‌ر ئه‌و شاعیره ده‌په‌یڤم، نابێت خوێنه‌ر وا تێبگات که باسی ده‌قێکی سه‌مه‌ره ده‌که‌م. نا. له‌و سه‌رده‌مه‌ی که کولتووری بازاڕ، گشتیی و رۆژانه به هه‌ڕمێنن ، ئیتر ده‌قی سه‌مه‌ره، ده‌قی پیرۆز و ... تاد له گۆڕێ‌دا نه‌ماوه. چونکه شیعری ئه‌مڕۆ، وه‌ک به‌رهه‌مێک له‌و ناوکۆیی (کۆنتێکست)ه سۆسیۆ-ئابووریی –سیاسییه‌ی جڤاکی کوردیی و بگره جیهانییه‌ش ، به‌رته‌کێک، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌که له هه‌مبه‌ر مه‌یلی شیعری گه‌وهه‌رگریی مۆدێرن،- راستییه‌که‌ی گومانیشم هه‌یه که ئه‌ده‌بی کوردیی به سروستی به قۆناغی مۆدێرن و پۆسته‌که‌شی تێپه‌ڕێبێت-، هێنده‌ی خولیای تێکشکاندنی نۆرم و سیمبووله داڕێژراوه‌کانه، ئه‌وه‌نده خه‌می نووسینی شیعری بابه‌ت و ئێستێتیکی باڵا، ئامانجی ئیدیالیی نییه. شیعری ئه‌مڕۆ، به واتای ژان فرانسوا لیۆتار، له بری گێڕانه‌وه‌ی "داستانه مه‌زنه‌کان" سه‌رقاڵه به گێڕانه‌وه‌ی داستانه چکۆڵه‌کانی خود (سۆبێکت) و ئه‌زموونه تاقیکراوه‌کانی ژیان. به واتایه‌کی تر، ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم‌دا کولتووری باڵا و نزم له رۆژه‌ڤێ بوون، بۆ نموونه، شاعیرگه‌لی وه‌ک حاجی قادری کۆیێ، نالی و مه‌حوی گه‌وره و داهێنه‌رن، که‌چی له سه‌رده‌می پۆستمۆدێرنیزمدا ئاخاوتن له‌سه‌ر کولتووری فره‌یی و سنوورداری کولتووره‌کان له ئارادایه. (1)
که‌واته لێره‌دا، به ئێستێتیکییه‌ک له ئێتیک، ده‌خوازم ئه‌وه رابگه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر سایتی "ده‌نگه‌کان" نه‌بووایه،- ئه‌گه‌رچی من چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق له ئه‌نته‌رنێته‌وه وه‌رناگرم- ، که وه‌ک ماڵێکی ئاوه‌ڵا بۆ ده‌نگه جیاوازه‌کان، بێ بوونی بودجه یان پادداشتێک راسته‌وخۆ بێت یان به بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤارگه‌لێکه‌وه ئه‌و شیعرگه‌له‌مان پێشکه‌شده‌کات، ره‌نگه ئێمه‌ی خوێنه‌ر و نووسه‌ری په‌رته‌وازه له شوێن به باشی نه ئاگامان له دۆخی شیعریی شاعیره "پیر"ه‌کان و نه ده‌قی شاعیره "گه‌نج"ه‌کانیش ده‌بوو. بۆیه "ده‌نگه‌کان"، وێڕای ره‌خنه‌کانیشم له ورده‌کارییه‌کانی، به لای که‌مییه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی گۆڤاره "باو"ه‌کانی کوردستان، بێ به‌رتیل، خۆبه‌خشانه ئاشنای ئه‌و ده‌قانه‌مان ده‌کات. ئه‌و گۆڤارانه‌ی که بۆ ده‌قی باوی پێڕێک له شاعیر و نووسه‌ری "ناسراو" و ده‌سه‌ڵاتدار ته‌رخانکراون، که ده‌کرێ لێره‌دا ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن گۆڤارانه به گروپێک له کوێخا- ئه‌ریستۆکراتی تازه‌باو ناودێر بکه‌م. دیاره به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و گۆڤاره ئاکار ئه‌ریستۆکراته تازه‌باوانه جار و بار له خواره‌وه‌ی شیعر و نووسینه‌کانی خۆیان و هاوپێڕه‌کانیانه‌وه شیعری شاعیره "گه‌نج"ه‌کانیش بڵاو ده‌که‌نه‌وه، لێ زۆر جار ئه‌و شاعیره "گه‌نج"انه به رێگای واسیته یان پێشکه‌شکردنی شیعرێک یان نووسینی وتاری په‌سه‌نده‌رانه له‌سه‌ر نووسه‌ره باڵاده‌ست و بازاڕ به هه‌ڕمێنه‌کانه‌وه، ئه‌و گۆڤار و نووسه‌ره ده‌سه‌ڵاتدارانه ناچار ده‌که‌ن ده‌قه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه. بۆیه ئه‌و جۆره بڵاوکردنه‌وه‌یه بۆ په‌رۆشخۆریی ئه‌و ده‌نگه نوێیانه نییه، به‌ڵکوو چه‌شنه ده‌ستبه‌سه‌ر داهێنانێکی ئاکار ئه‌ریستۆکراتییانه‌یه.
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ئه‌رکی ئه‌م نووسینه راوه‌ستان نییه له‌سه‌ر هۆکردی له دایکبوونی ئه‌و نووسه‌ره ئاکار کوێخا تازه‌باوه، لێ هاوکاتیش، بۆ ئه‌وه‌ی راڤه‌کردنی ئه‌و بابه‌ته بکه‌م به ئه‌رکێک بۆ داهاتوو، بێ سوود نابێت که سه‌رنجێک له‌و کۆپله شیعره‌ی ئارێز سمکۆ حوسێن بده‌ین، که ده‌نگێکه له‌و نه‌وه نوێیه، له زمانێکی شیعرییدا ئاماژه بۆ ئه‌و دیارده‌یه ده‌کات، که له‌وێدا راسته‌وخۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌رمه‌ی نێوان ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره ئه‌ریستۆکراته تازه‌باوه به دیار ده‌خات. ئارێز له کۆپله‌یه‌کی"گومان لە پیاوە ڕووتەڵەکانی شار"دا ده‌نووسێت:
"تەنیا زات دەکەن شاعیرەکانی دەربارتان
بانگی سەر خوانتان بکەن
ئێمە وەک ئێوه نین و
هەروەک ئێوەش لە ئێمە ناچن".
به‌هه‌مه‌حاڵ، من که به ده‌م سه‌فه‌ری ئه‌م نووسینه‌وه به‌ره‌و جیهانی شیعری ئاریانه‌وه ئه‌و نووسه‌ره به کوێخا-ئه‌ریستۆکراتی تازه‌باو ناودێر ده‌که‌م که ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی وه‌ک جێگرتنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و چینه نه‌ریتییه‌ی کوردیی که به کوێخا یان ئه‌ریستۆکرات ناوده‌بردرێت سازاندوویه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستم ئاوه‌ڵاکردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه داخراوانه‌یه که روحی زمانه‌که‌مانی کڵۆڵکردووه، هێنده مه‌به‌ستم سه‌ر و کاری ژیانی که‌سه‌کان نییه.
که‌واته ئه‌و ده‌نگه هاوچه‌رخ – گه‌نجه هه‌قه له جیاتی خێر و بێری ئه‌و ده‌ست به‌سه‌ر هێنانه‌ی نووسه‌ره کوێخا تازه‌باوه، خه‌نی خۆش بوونه به بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قێکی له گۆڤار و پاشکۆکانی ئه‌وانه، بێ منه‌ت شیعره‌کانیان له ماڵپه‌ڕه‌کاندا بڵاو بکه‌نه‌وه. به‌مه‌ش ده‌توانن به رێگای بڵاوکراوه‌کانی ئه‌نته‌رنێته‌وه ئه‌و ده‌مڕاستیی، ده‌سه‌ڵاته رۆشنبیریی-سیاسییه له‌و توێژه نووسه‌ره ئاکار ئه‌رۆستۆکراتییه تازه‌باوه ده‌ربێنن.
لێره‌وه "ده‌نگه‌کان"، به ده‌ر له ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌وانیتر، وه‌ک سه‌کۆیه‌کی دیگیتالیی، دوور له‌و له‌و ئاکاره ئه‌رۆستۆکراتیی و به‌ر‌تیلخۆرییه، به‌شێکی زۆر له ده‌قی شاعیر و نووسه‌ره "پیر" و "گه‌نج"ه په‌رته‌وازه‌کان له شاشه‌که‌یه‌وه پێشکه‌ش خوێنه‌رانی ده‌کات. هه‌روه‌ک ئه‌وه"ده‌نگه‌کان" یش بوو زۆرێک ئه‌و گۆڤارانه بوجه‌دارانه‌ی وه‌ک "ئاینده" و "نێوشه‌فه‌ق" و بگره "هه‌نار"یشی، که هه‌رچه‌نده له هه‌موو گۆڤاره‌کانی تر زیاتر په‌رۆشخۆری ئه‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه‌یه که پاراوێزخراوه، له‌و کێشه‌ی دابه‌شکردن و خوێنه‌ره سنوورداره رزگار. که‌واته هه‌قه، وه‌ک ئاکارێکی چاکه، ئێمه‌ی خوێنه‌ر و شاعیره "گه‌نج" و" پیر"ه‌کانی ئه‌وێ و ئێره‌ش ستاییشێکی شیعرییانه له کرده‌ی خۆبه‌خشی"ده‌نگه‌کان" بکه‌ین.
کاتێک من ئه‌و ئاماژه‌یه به‌و ره‌وشه رۆشنبیرییه خه‌مهێنه‌ره ده‌که‌م، که ده‌بوو، به‌ر له من، نووسه‌ران و بڵاوکراوه رۆشنبیرییه‌کانی کوردستان قسه‌یان له‌سه‌ر بکردبا، ئومێده‌وارم ئه‌و ناوه‌نده رۆشنبیرییه له بری بوغزاندنی من، په‌نا بۆ ئه‌وه‌ڵاکردنی بیرکردنه‌وه و گفتوگۆی به‌رهه‌مدار له‌مه‌ڕ ئه‌و ره‌وشه رۆشنبیرییه ببات.
له‌وه‌ش بترازێین، ئه‌مڕۆ زۆرێک نه‌ک هه‌موو، له‌و شاعیر و نووسه‌ره "پیر"انانه‌ی( لێره‌دا به هۆی ده‌ستگرتن به ده‌سته‌واژه‌ی"گه‌نج" ، ده‌سته‌واژه پێچه‌وانه‌که‌ی،"پیر" ده‌نووسم)، که ئه‌مڕۆ به هۆی نزیکبوونیان له حیزبه ده‌سه‌ڵاتدار و مه‌یلی کۆنباو نه‌گۆڕی جڤاکی کوردییه‌وه به‌سه‌ر بواری رۆشنبریی کوردییدا باڵاده‌ستن، لۆمه‌ی ئه‌و شاعیره "گه‌نج"انه ده‌که‌ن که بۆ نموونه گوایه: "وه‌ک یه‌کتر ده‌نووسن، ئیزافه‌یه‌کی نوێیان نییه و ..." که‌واته، له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، ئه‌و "گه‌نج"انه خاوه‌ن زمانێکی شیعریی خۆکرد نین. یان ئه‌و نووسه‌ره "پیر"انه، وه‌ک مۆده، چه‌ند ناو له‌و نه‌وه "گه‌نج"ه به دوای یه‌کدا ریزده‌که‌ن، که گوایه شاعیری "باشن"، لێ ئه‌وانه بۆمان روون ناکه‌نه‌وه که زمانی جیاوازیی و نزیکی ئه‌و ناوانه له‌گه‌ڵ یه‌کتردا چین؟
به دیوێکی تر، به‌شێک له کێشه‌کانی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌مڕۆ به نه‌بوونی به‌های رێفرێنسی شیعریی، میراتی کو‌لتووریی شیعریی، یاده‌وه‌ریی زمان پێناسه بکه‌ین. چونکه له‌و دۆخه به‌جیهانیبوون-بێشوێنییه‌دا شیعری کوردیی له هه‌موو کات زیاتر به ده‌ردی دابڕانێکی بێڕه‌چه‌ڵه‌ک، ئه‌زموونی پیشووی خۆی رێده‌کا. به‌شێکی زۆری شیعری نه‌وه‌ده‌کان و ئێستاش دابڕانێکی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی نه‌ریتی شیعری زمانه‌که‌یان نین، به‌ڵکوو به کاریگه‌رییه‌کی هه‌ڵبزڕکاو و پچڕ پچڕی ئه‌زموونی ده‌ره‌کیی زمانه‌که‌یه‌وه به ئاراسته‌یه‌کی وێڵدا گاگۆلکێ ده‌کا، بۆیه بونیاتی زمانه‌که‌ی رفۆک، فشۆڵه.
به‌ڵێ، لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه، موختار ئاسا، ناوگه‌لێک له شاعیره گه‌نجه "جوان"نووسه‌کانی ئه‌مڕۆ به دوای یه‌کتره‌وه پۆلێن بکه‌م. راستییه‌که‌ی به‌شێک له شاعیرانی هاونه‌وه‌ی ئاریان، ئه‌وانه‌ی که شیعریان بۆ سۆزی بازاڕیی، یان بۆ رازاندنه‌وه‌ی مۆبایلی ئه‌و کوڕ و کیژانه‌ی که بۆشایی ژیان به عه‌شقه ته‌کنیکییه‌کانیان پڕده‌که‌نه‌وه، کورتکردۆته‌وه، دێری ژیکه‌له؛ وشه‌ی ناسک؛ رسته‌ی شیعریی هه‌وه‌سبزوێن، وێنه‌ی ئاشقانه‌ی رۆمانتیکیی ده‌نووسن و دواجاریش به به‌رگی سێکسیانه‌ی کۆشیعره‌کانیانه‌وه "عه‌شق"ه خه‌یاڵێنراو، مێتافیزیکییه‌کانیان وێنه ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک به‌شێکیش له‌و شاعیرانه ده‌کۆشن ئه‌و شیعره بنووسن که هی خۆیانه، به‌ره‌و گه‌ردوونی زمانێک سه‌فه‌ر بکه، تاکوو ئه‌زموونی خۆیان بنووسنه‌وه. له ته‌ک ئه‌مه‌شدا به‌شێک له شاعیری ژن هه‌ن، نه‌ک هه‌موویان، هه‌رچه‌ند به ناودێرکردنی شیعره‌کانیان به ژنانه یان مێینه هه‌ڵده‌چن، وه‌ک مۆده‌یه‌ک سه‌رقاڵن به‌وه‌ی چۆن بۆ سه‌رنجکێشانی شاعیر و ره‌خنه‌گره "ناسراو"ه باڵاده‌سته‌کاندا له شیعردا خۆیان رووتبکه‌نه‌وه، هه‌ندێکیشیان به کۆمه‌کی پیاوه شاعیره‌کان ئه‌و شیعره مه‌یل سێکساندنه ده‌نووسن که ئێستا بازاڕی به‌هه‌ڕمێنه!
به ده‌ر له‌وه‌ش، له‌م رۆژگاره‌دا به گشتی شیعر چیتر هه‌ر ته‌نیا مانای "جوان" و "ناسک" نییه، به‌ڵکوو به گۆهێنانی ئه‌و جیهانه ناوه‌کیی، حه‌شاردراوه‌یه که له گۆشه په‌رته‌وازه‌کانی خاکی زماندا به جوانیی و ناشیرنییه‌کانه‌وه ئاماده‌یه. بۆیه خولیای من ئه‌و ته‌رزه شیعرانه نییه، که جوان ده‌نوێنن، که‌چی خنکاون له گوتنی ئه‌زموونی ئه‌شقێکی ئه‌زموونکراو، لاسایکارێکی کڵۆڵی زمانی سوهراب و فروغ یان زۆرینه‌ی ئه‌و شاعیره کوردییه به ئیدلۆکراوانه‌ی که به که‌شخه‌یی له ژێر پێستی شیعری سۆهراب و فروغ دا هه‌ناسه ده‌کێشن، یان گوایه به گه‌ڕانه‌وه بۆ "منداڵیی" نازی داهێنانی منداڵییمان له‌سه‌ر ده‌فرۆشن، به‌ڵکوو سۆراغی من به دوای چه‌شنه شیعرێکه که به ره‌وانبێژییه‌کی خۆکرد سیمبووله داسه‌پاوه‌کانی ئه‌و دۆخه شیعریی و نه‌ریتی بیرکردنه‌وه باوه، ناشیرینییه‌کان له شێوازێکی جوان و هاودژییه‌کانی خود و ئه‌و سه‌رده‌مه نماییش بکات که به بیانۆیه سازێنراو و نه‌ریتییه‌کانه‌وه داپۆشراون. له‌و دۆخه پۆستمۆدێرنیزمه‌نه‌دا شیعر ئه‌رکی جوانییه‌کی خه‌یاڵێنراو نییه، به‌ڵکوو له ته‌ک ئه‌وه‌شدا تێکشکاندنی ئه‌و سیمبوول و کۆده ئاڵۆزانه‌شه که وه‌ک نۆرمێکی باڵاده‌ست ژیانیان بێچێژکردووه.
له‌و دیده‌وه له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌و ره‌وانبێژییه، هاودژییه‌ی ئاریان ده‌نووسم، چونکه له‌وه‌ده‌چێت خۆی بێت، چونکه حه‌ز ده‌که‌ین ئه‌و سه‌فه‌ره شیعرییه بکات که زمانی ئه‌مڕۆ لێی چاوه‌ڕوان ده‌کات. له‌و کاته‌ی که شاعیره ئاکار ئه‌رۆستۆکراته تازه‌باوه و شاعیرگه‌لێکی "گه‌نج"ه به مۆده‌ی شیعری "ئه‌شق"ێکی مێتافزیکیی و خولانه‌وه له وێنه‌ی رووتدا خه‌ریکن، که‌چی ئه‌و شاعیره کت‌وپڕ به زمانێکی شیعریی مه‌یلداری خۆکرده‌وه ئه‌و بێده‌نگییه ساخته‌یه له‌سه‌ر روحی ئه‌و ئێستایه به "عه‌یبه"، بێ-ئه‌خلاق amoralisk))ییه داپۆشراوه‌ی کوردیی ریسوا ده‌کا که بوونی ده‌عه‌جان کردووه. دواجاریش ئه‌و شاعیره به روحێکی سه‌هه‌نده‌وه شیعر ده‌نووسێت، تاکوو ئه‌و بۆشایی، ته‌نیایی و ده‌عه‌جانبوونه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه کاڵاگر و به پاره‌کراوه بێ به‌رهه‌ڵستکارییه‌دا بوون و زمانمانی ته‌نیوه‌ته‌وه به ئاگا بهێنێته‌وه. به‌مجۆره، به دیدی من، ئه‌و شاعیره تاکوو بتوانێت خوده‌که‌ی بۆ مه‌یله هاودژه‌کانی ئازاد بکات، ده‌بوو له پێشدا به روانبێژییه‌کی شیعریی بێباکانه‌وه روحی ئه‌و دۆخه جڤاکییه داپۆشراوه به ده‌مامکه ساخته‌کان ئاشکرا بکات. له ساده‌ترین حاڵ‌دا، ئاریان ده‌نووسێت تا بڵێت من نامه‌وێت له‌ناو ئه‌و داڕمانه بێده‌نگه و بۆشاییه‌ی بێشوێنییه‌دا بمرم. که‌واته ئه‌و زمانه شیعرییه سه‌رنجکێشم ده‌کات که بێباکانه ئه‌و سیمبوول و ده‌مامکه باوانه‌ی که خوێنی زمانی کوردی‌یان سست و که‌هێلکردووه تێکبشکێنێت، که ئه‌مه‌ش ئاسۆیه‌کی نوێ بۆ کۆخودێکی ئازاد نیشانده‌دات که له هه‌ناوی جڤاکی کوردییدا ده‌ڕسکێن. هاوکاتیش به‌های ئه‌و ده‌سه‌ڵاته شیعرییه له شاعیره نه‌ریتییه‌کانی کوردیی کاڵبکاته‌وه که چیتر ناتوانن به روانگه چه‌قیوه‌کانیانه‌وه په‌ی به‌و پرسیار و مه‌یله حه‌شاردراوانه ببه‌ن که له‌مدیو زمانی به"عه‌یبه"ده‌مبه‌ستکراوه کوردییه‌دا په‌نگیانخواردووه.
به‌هه‌مه حاڵ، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و چییه‌تییه‌ی شیعرییه‌تی روانبێژیی (رێتۆریک)ه، زمانه هاودژییه‌ی خود (سۆبێکت-subject) داڕێژان و نیشاندانه‌ی روحی ئێستای کوردییه له شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کردا بخوێنمه‌وه، گه‌ره‌که بێژم، ده‌بێت خوێنه‌ر له‌وه به ئاگا بێت که ئامانجی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵدانێکه - نه‌ک دوا هه‌وڵدان - بۆ سه‌رنجدان یان رۆشنایی خستنه سه‌ر ره‌هه‌ندی خود داڕێژان (The construction of subject) له ئه‌زموونی شیعری ئاریان دا که ئه‌مه‌ش مه‌یلی مرۆی هاوسه‌رده‌می کورد و جیهانیشه، هێنده هه‌وڵدان نییه، وه‌ک له کن نووسه‌ری ئه‌مڕۆ باوه، بۆ داڕشتنی ئاریان وه‌ک یه‌که‌م و دوا پاڵه‌وانی شیعری کوردیی.
که‌واته ئه‌م نووسینه‌ش دوای رامانێک له خواستی شیعردا، راڤه‌یه‌ک له‌و ره‌وانبێژیی، شیعرییه‌ته هاودژییه و ئاماده‌یی دۆخی ئێستا له ئه‌زموونی ئاریان دا نماییش ده‌کات که نابێت وه‌ک دوا ئێستگه‌ی سه‌فه‌ری خوێندنه‌وه ناسبکرێت.



del.icio.us
Digg