من له ئێواره‌یه‌كدا ده‌مرم .... ئیدریس عه‌لی
ساڵی2000 نووسراوه
چاوم لێ‌بوو له‌وێوه
له پشت شووره‌ی خه‌یاڵی ژنێكه‌وه
مناڵێك بۆ به‌شه سه‌وزه‌كه‌ی شیعر ده‌گریا،
سه‌ربازێك لای دیوه ته‌ڕه‌كه‌ی گۆرانییه‌وه
مه‌تاره‌ی پڕ ده‌كرد له‌خوێن،
سواڵكه‌رێك له‌ژێر بارانبارینا
چه‌پكه گزنگی ده‌په‌ڕانده‌وه نێو برین،
باخه‌وانێك ده‌رگای باخی بۆیه ده‌كردوو
خه‌یاڵی هه‌ر له‌لای بێڕه‌نگی گوڵه‌كان بوو،
پۆلیسێك پشتی له دیوه تاریكه‌كه‌ی ژیان كردبوو
مانگی هه‌راسان‌و ئه‌ستێره‌ی شه‌واره ده كرد
جار جاره‌ش به‌بارنی ده‌گوت:
كێی زه‌لام؟
من لێره لای به‌شه فێنكه‌كه‌ی عه‌شقه‌وه
له‌به‌ر خۆمه‌وه ترسام
خۆزگه‌م خواست شه‌قامێك بمبات
به‌ده‌م شه‌پۆلی هه‌نگاوه‌كانه‌وه،
خۆزگه‌م خواست گوڵێكی توڕ دراوی قه‌راخ جۆگه‌له‌یه‌ك بمبات
به‌ده‌م رژانی ره‌نگه‌كانه‌وه،
بمات‌و دیوار به‌رده‌بارانم نه‌كات
په‌نجه‌ره چاوم لێنه‌كات‌و بڵێ : منیش ده‌فڕم،
باخچه ورته‌ی لێوه نه‌یه‌ت: له‌من رۆیشت،
خولیام بوو هه‌تاوێك به‌سه‌ر هه‌ڵمی رووباره‌كانه‌وه هه‌ڵمگرێت
هیچ ژنێك خه‌یاڵ نه‌كات دایكم بێت
په‌پوله‌یه‌ك بیرنه‌كاته‌وه هاوڕێم بێت،
كه‌چی من له ناكاو.. له ئێواره‌یه‌كدا ترسام
خودا.. خاڵی بوو له‌تۆ
وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هاتنی كه‌سێكم كردبێ
وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌فه‌رم بۆ نیشتمانی گوڵ كردبێ‌و
رۆحم له‌ژێر گه‌لا هه‌ڵوه‌ریوه‌كاندا به بارمته دانابێ،
وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵم به‌میوانێكی ناوه‌خته‌ی نیوه‌شه‌و ته‌نگ بووبێ
كاتێك ژووره‌كه‌م پڕ له دوكه‌ڵ‌و قوڵپی بێزاری ده‌كات
وه‌ك ئه‌وه‌ی خولیام بێت
ئێواره‌یه‌ك له‌سه‌ر پرده دارینه‌كه منداڵ ببمه‌وه،
ده‌چمه به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌و
ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی شیعرێكی تازه ده‌كه‌م
چرایه‌ك پێده‌كه‌م روونتر له تیشكه‌كانی به‌یانی،
وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌رمه شه‌پۆلی خه‌یاڵێك
لای دابێتمه نێو شینایی خه‌ونێكه‌وه
كراسه پرته‌قاڵیه‌كه‌ی ته‌نیایی ده‌پۆشم‌و
چنگ له‌به‌رپێی هاتنت گیر ده‌كه‌م،
ئای.. خوایه من عومرێكه له ئێواره‌دا چاوه‌ڕێم خاڵی له‌تۆ،
وه‌ك بڵێی له‌شه‌قه‌ی باڵی كۆترێكی ماندوو له‌فڕین
له‌خه‌وی قوڵی به‌یانیه‌كدا راچڵه‌كیبم
ده‌ست به‌چڵێك هه‌تاوی سارده‌وه ده‌گرم
پێمخۆشه به ئاسمانه دووره‌كاندا بمبات،
بمبات‌و له تاریكی ئازارێكدا
له قولایی برینێكدا ته‌واوبم،
كه‌چی من هه‌ر له‌ئێواره‌یه‌كدا
له‌به‌ر خۆمه‌وه ترسام،
له‌به‌رخۆمه‌وه هاتمه به‌رده‌رگا
سلاوی مراویه‌كم سه‌نده‌وه
بۆ حه‌وزێك ده‌گه‌ڕت غوسڵی ته‌نیایی تێدا ده‌ركا
له دڵی خۆمدا عه‌ره‌بانچیه‌كم راگرت
به ژنانی كۆلانی ده‌گوت:
وه‌رنه‌وه بۆمیوه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌و
بۆ یادگاری ترش‌و شیرین،
پیره‌ژنێكم دایه به‌ر رێژنه‌ی ته‌شه‌ر
به‌مناڵانی ده‌وت:
كوڕینه كێ مردنم له‌گه‌ڵدا به‌ش ده‌كات؟
ده‌ی كوڕینه كێ له‌گه‌ڵم دێت بۆ مردن؟
له ژێر لێوه‌وه كه‌ناسێكم ته‌ریق كرده‌وه
گمه‌ی رژاوی ژێر ویژادنی دره‌ختێكی خڕ ده‌كرده‌وه،
كچێكم به‌شیعر دواند
به بزه‌ی گه‌ڵا به‌رده‌رگای خه‌یاڵی ئاوڕشێن ده‌كرد،
من له‌وێ.. دڵم وه‌ختبوو دوو جار داچڵه‌كه‌ێ
له‌وێ.. وه‌ختبوو دووجار رۆحم داخزێ،
له‌به‌ر خۆمه‌وه سوێندم خوارد پێیبڵێم:
ده‌توانین پێكه‌وه له‌ژێر په‌تووی ئه‌م ( با) یه‌دا سه‌ر خه‌وێك بشكێنین؟
ئای خوایه.. تا سبه‌ی رووناك ده‌بێته‌وه
من‌و ئه‌و چه‌ند جار ده‌بێت به‌كۆڵانی ته‌ڕی یه‌كتردا راكه‌ین‌و بكه‌وین؟
وای خودا.. تا سبه‌ی سپی ده‌بێته‌وه
هه‌ردووكمان.. من ئه‌و
چه‌ند جار ده‌بێت به‌دره‌ختی رووتی یه‌كتردا هه‌ڵزنێین؟
وام وت‌و له‌به‌ر خۆمه‌وه ترسام
ئێواره‌یه‌ك بوو ترسام
كۆتره‌كان ناوه‌خت بوون بۆ فڕین
گوڵه‌كان دره‌نگ بوون بۆ سه‌ما
ئیتر من له‌به‌رده‌م یه‌كه‌مین زه‌نگی راچڵه‌كیندا
ته‌رمی بێنازی شه‌هیده نه‌ناسه‌كانم ژماردو
له‌به‌رده‌م یه‌كه‌مین زه‌نگی مناڵ بوونه‌وه‌مدا
په‌نجه‌ره تاریكه‌كانی مه‌كته‌بم رووناككرده‌وه‌و
له‌به‌رده‌م یه‌كه‌مین زه‌نگی مردنا
ئاوی بن دره‌خه‌ته‌كانی ئێواره‌مدان،
له‌و ئێواردا ترسام
باوكم له قوڵایی ئاوێنه‌كه‌دا چه‌قیبوو
پێی گوتم: من ده‌مرم‌و ئه‌م ترسه خۆشناكاته‌وه
من پێكه‌نیم‌و به گاڵته‌وه وتم:
ئاقیبه‌تی باخچه پیره‌كه‌ت خێر بێ باوكه..!
پێم وت: باوكه ته‌ماشا چه‌ند مناڵ بوومه‌ته‌وه
ئه‌ڵێی ئه‌و به‌یانییه‌م كه بۆنی چۆله‌كه‌م لێده‌هات
ئه‌ڵێی ئه‌و شه‌وه‌م كه ره‌نگی ئه‌ستێره‌كانم لێپژا
ئه‌ڵێی ئه‌و ئێواره‌یه‌ك كه به‌داخستنی ده‌رگایه‌ك داچڵه‌كیم
له شكانی ئاوێنه‌كه ترسام‌و تۆم تیاكوشت
ئه‌و ئێواره‌ی به‌كه‌وتنه خواره‌وه‌ی گوڵدانێك وه‌ردو خاش بووم،
چاو باوكه.. هه‌ر لایه‌كم به‌كه‌ڵبه‌ی رۆژگارێكه‌وه‌یه
هه‌ر په‌لێكم.. به‌لمۆزی وه‌رزێكه‌وه‌یه
ئیتر باوكه من له ئێواره‌یه‌كدا ده‌مرم
تۆ نازانیت هه‌تاو له‌كوێی نیشتمانه‌وه ئاوا ده‌بێ،
نازانی چۆڕاوگه‌ی خوێنم
ده‌ڕژێته ناو تاریكی چ برینێكه‌وه
نازانی جلكه ته‌ڕه‌كه‌نای شیعرم
به ته‌نافی چ خه‌یاڵێكه‌وه هه‌ڵخه‌یت
وای خوایه.. ئه‌و چ ئێواره‌یه‌ك بوو تێیدا مردم؟.
Edrisali1972@yahoo.com
تێبینی: ئه‌م شیعره ساڵی 2000 نووسراوه‌و له ژماره 47 ی گۆڤاری ئاینده‌دا بلاو كراوه‌ته‌وه



del.icio.us
Digg