دیداری گۆڤاری (ئاینده) له‌گه‌ڵ زاهیر رۆژ به‌یانی
دیداری: ئیدریس عه‌لی
زاهیر ڕۆژ به‌یانی:
كاتێك له ده‌قێك تێناگه‌م هه‌ستده‌كه‌م كه‌مو كوڕی له‌مندایه نه‌ك نووسه‌ری ده‌قه‌كه!
نووسه‌ر‌و ڕه‌خنه‌گر (زاهیر ڕۆژبه‌یانی) له پانتایی ئه‌ده‌بیی كوردیدا ناوێكی دیاره، به‌تایبه‌ت له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می به‌پێزه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به شێوه‌یه‌كی میتۆدیانه كار له‌سه‌ر چه‌مك‌و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕه‌خنه ده‌كات‌و له‌ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌وه ئاگاییه‌كی باشی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و تێكسته ئه‌ده‌بییانه‌ی لێره‌و له‌وێ بڵاوده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو‌و كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌پێزه، جگه له‌مه‌ش (ڕۆژ به‌یانی) چه‌ندین جار پۆستی سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌و گۆڤاری وه‌رگرتووه‌و له بواری كاری ڕۆژنامه‌وانیشدا شاره‌زایانه كاریكردووه.. ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵی كاری سیاسییش بووه، به‌ڵام خۆی گوته‌نی دڵنیابووه له‌وه‌ی ڕۆژێك له‌ڕۆژان به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ئه‌ده‌ب‌و ژیانی خۆی بۆ كاری ئه‌ده‌بیی‌و ڕۆشنبیری ته‌رخانده‌كات.
گۆڤاری ئاینده، سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێك پرسی گرنگی ئه‌ده‌بیی‌و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی‌و سه‌ره‌تای ده‌ستبردنی ناوبراو پشكۆی نووسین، ڕووبه‌ڕوو ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازكرد.
ئاینده: تۆ ئێستا ناوێكی دیاری دنیای ئه‌ده‌بیی كوردیت، به‌تایبه‌ت له بواری ڕه‌خنه‌دا، به‌ڵام خۆت ده‌زانیت هه‌موو كارێك سه‌ره‌تای هه‌یه‌و له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ده‌كرێت پێمانبڵێیت، سه‌ره‌تای ئاشنا بوونی تۆ به كتێب‌و خوێندنه‌وه چۆن ده‌ستیپێكرد؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: كاتێك چوومه قۆناغی ناوه‌ندی له‌شاری كه‌ركوك، ده‌ستم كرد به‌خوێندنه‌وه‌ی كتێب به‌زمانی عه‌ره‌بی‌و كوردی، هه‌رچه‌ند من له ژیانی قوتابخانه‌مدا به‌كوردی نه‌مخوێندبوو، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی كتێبه‌كانی ( محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری) یه‌وه، به‌باشی فێری زمانی كوردی بووم، هه‌ر له قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندی تووشی كۆمه‌ڵێك مامۆستای ئه‌دیب‌و ئه‌ده‌بدۆست بووم، كه به‌ڕاستی زۆر یارمه‌تییاندام‌و هاوكارییان كردم بۆ خوێندنه‌وه، وه‌ك خوا لێخۆشبووان ( له‌تیف حامید‌و ئه‌حمه‌د وه‌هبی) له‌گه‌ڵ (سه‌دره‌دین عارف)، كه خۆشبه‌ختانه تاكو ئێستاش له‌ژیاندا ماوه، هه‌روه‌ها مامۆستایه‌كی ترم هه‌بوو ناوی (عه‌بدین ره‌شید) بوو، ئه‌و خوێنه‌رێكی باشبوو، كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یشی هه‌بوو، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك كتێب‌و نووسینیشه، هه‌موو ئه‌م ناوانه كه باسمكردن، دۆستایه‌تی منیان ده‌كرد نه‌ك مامۆستایه‌تیی، له‌قوتابخانه‌كه‌مان كتێبخانه‌یه‌كی باشی لێ‌بوو، له‌شوێنێكی لاچه‌په‌كدا بوو، هێشتا ده‌ستی حكومه‌تی نه‌گه‌یشتبوویێ، كۆمه‌ڵێك كتێب‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی تێدا بوو، له‌بواره‌كانی مێژوو، فكر‌و ئه‌ده‌بدا، ڕۆژی واهه‌بوو من نه‌ده‌چوومه پۆله‌وه، ده‌چوومه كتێبخانه‌كه‌و كتێبم ده‌خوێنده‌وه، مامۆستاكانیش ده‌یانزانی له كتێبخانه‌كه‌م، غیابیان نه‌ده‌دام‌و ئازادیان كردبووم، لێره‌وه ورده ورده تێكه‌ڵی نێو ئه‌ده‌بییات بووم، بیرم دێت كه داڕشتنم ده‌نووسی، مامۆستاكه‌مان به‌هه‌موو پۆله‌كاندا ده‌یگێڕا‌و بۆ قوتابیه‌كانی ده‌خوێنده‌وه، ئه‌مه پله‌و پایه‌یه‌كی له‌ناو قوتابیه‌كانی چوارده‌ورم دروست كرد بۆ من‌و ڕێزێكی تایبه‌تیم لێده‌گیرا، پاشان له‌گه‌ڵ دوو براده‌ری دیكه‌مدا، رێكخراوێكی ڕۆشنبیریمان دامه‌زراند له‌كه‌ركوك، له‌و رێكخراوه‌دا دوو ئیشمان هه‌بوو، یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو كه به‌په‌له فه‌رهه‌نگێكی زمانه‌وانیی كوردی دروستبكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی براده‌ره‌كانمان فێری نووسین‌و خوێندنه‌وه‌ی كوردی ببن، ئه‌ركی دووه‌میشمان دروستكردنی كتێبخانه‌یه‌كی كوردی بوو، من ئه‌وكاته مانگی جارێك ده‌چوومه شاری سلێمانی هه‌ر جاره‌و كۆمه‌ڵێك كتێبی ئه‌ده‌بیی‌و مێژوویی‌و زمانه‌وانیی‌و گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی‌و دیوانه كلاسیكه‌كانم ده‌كڕی‌و له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌مبرده‌وه بۆ كه‌ركوك، من خۆم سكرتێری ڕێكخراوه‌كه بووم‌و كتێبخانه‌كه‌شمان هه‌ر له‌ماڵی ئێمه‌دا بوو، ئیتر به‌و هۆیه‌وه ماڵمان بوو به فێرگه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ فێربوونی زمانی كوردی‌و خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئه‌ده‌بیی.
ئاینده: به‌م پاشخانه باشه‌وه یه‌كه‌م هه‌وڵی نووسینت چۆن‌و چیی بوو؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: ساڵی 1972 یه‌كه‌م نووسینم له گۆڤاری ( خه‌باتی قوتابیان) بڵاوكرده‌وه كه بابه‌تێكی مێژوویی بوو له‌سه‌ر شاری كه‌ركوك، ئه‌و كاته كه یه‌كه‌م نووسینم بڵاوكرده‌وه، ته‌مه‌نم ته‌نها بیست‌و دوو ساڵ بوو، ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی پله‌و پایه‌یه‌كی تایبه‌تم له‌ناو قوتابیانی شاری كه‌ركوكدا بۆ دروستبوو، له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ی قوتابیاندا به‌بێ ئه‌وه‌ی حزبیش بم ده‌نگی زۆرینه‌ی قوتابیانم به‌ده‌ستهێناو بوومه سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی كوتابیانی قوردستان، ئه‌و كاته هه‌ستم به‌وه كردبوو كه شاره‌كه‌مان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌عریب‌و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدایه، بۆیه وتاری سیاسییم بڵاوده‌كرده‌وه، به‌ڵام له‌ناخی خۆمدا هه‌ستمده‌كرد كه ئه‌ده‌ب بواری منه نه‌ك سیاسه‌ت، بۆیه ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی ئه‌ده‌بیی‌و ڕۆمان‌و چیرۆك، پاش خوێندنه‌وه‌یه‌كی قووڵی ئه‌ده‌بیی له نهێنی نووسینی ڕۆمان گه‌یشتم، ئه‌وكاته بیرم دێت ڕۆمانێكم نووسی كه به جورئه‌ته‌وه باسی ژن‌و ئاین‌و سیاسه‌تم كردبوو، كاتێك كه ته‌واوم كرد و خوێندمه‌وه، هه‌ستمكرد بۆن‌و به‌رامه‌ی ڕۆمانی نییه‌و جارێ زووه بۆ نووسینی شتی گه‌وره، ئه‌و نووسینه‌م دڕاندو دواتر ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبی تیۆریی‌و ڕه‌خنه‌یی له‌بواری چیرۆك‌و ڕۆمانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌وه ببم چیرۆك‌و ڕۆمان بنووسم، به‌ڵام فێری ڕه‌خنه‌ی چیرۆك‌و ڕۆمان بووم فێری نووسینی چیرۆك‌و ڕۆمان نه‌بووم، ئیتر له‌وه به‌دوا نه‌چیرۆكم نووسی‌و نه‌هه‌وڵیی ڕۆمانیشمدا، به‌ڵام له‌ڕووی سه‌نعه‌تسازیی‌و ته‌كنیكه‌وه هه‌م كتێبخانه‌یه‌كی باشم كۆكردۆته‌وه هه‌م زه‌مینه‌یه‌كی باشیشم هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم قسه له‌سه‌ر ده‌ق بكه‌م، له‌و باره‌شه‌وه له‌ساڵی 1984 هه‌تاكو ساڵی 1997 كتێبێكم له‌سه‌ر چیرۆكی هونه‌ریی كوردی نووسیوه، هاوكات كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌شم له‌سه‌ر شیعر نووسیوه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كێشی شیعر‌و لاوك‌و حه‌یران كه كراون به‌كتێب به‌ناوی (شیعریه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی شیعر)، ئێستاش كتێبێكی تازه‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه به‌ناوی ( كار‌و باری ڕۆمان)، له‌و كتێبه‌دا باسی ڕۆمان ده‌كه‌م وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بیی ئینسانیی نه‌ك كوردی، سێ جۆر تێكستم تێدا باسكردووه، تێكستێك كه له‌باره‌ی كورده‌وه نووسراون، كۆمه‌ڵێك ده‌قیش كه نزیكن له‌كێشه‌ی كورده‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌قی كوردی كه نووسه‌ره‌كانیان كوردن.
ئاینده: به‌گوته‌ی خۆت له قۆنافی گه‌نجێتیدا به‌ر كتێب كه‌وتیت‌و چوویته ناو دنیای خوێندنه‌وه، بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی تۆ وه‌ك گه‌نجێك كتێب چ گرنگییه‌كی هه‌بوو، ئایا توانی ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ت بگۆڕێت، یاخود به‌به‌رنامه ده‌ستتكرد به‌خوێندنه‌وه؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: لێتناشارمه‌وه من به‌بێ به‌رنامه خوێندمه‌وه، له‌سه‌ره‌تادا جوگرافیا‌و مێژوو و ئاین‌و ئه‌ده‌بم به‌یه‌كه‌وه خوێنده‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد زه‌مینه‌یه‌كی ڕۆشنبیری به‌رفراوانم هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی یه‌كجۆر خوێندنه‌وه‌م بگرتایه‌ته‌به‌ر ڕه‌نگه ڕێگه‌كه زۆر كورتتر ببوایه‌ته‌وه، له قۆناغی دووه‌می خوێندنه‌وه‌مدا هه‌ستمكرد ئه‌مه‌ی من ده‌یكه‌م كارێكی هه‌ڵه‌یه‌و بیرمكرده‌وه خۆم ته‌رخانبكه‌م بۆ یه‌ك بابه‌ت‌و شاره‌زایی له‌و بابه‌ته‌دا په‌یدا بكه‌م سه‌ركه‌وتووتر ده‌بم، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بێبه‌رنامه‌ییه‌كه‌ش زۆر یارمه‌تیدام‌و زۆر شتی فێر كردم‌و ڕۆشنبیرییه‌كی فراوانم په‌یدا كرد، ئه‌ڵبه‌ت بۆ خوێنه‌ر یه‌ك شتیش زۆر گرنگه ئه‌ویش بوونی زاكیره‌یه، چونكه خوێنه‌ر به‌رده‌وام خه‌ریكی خوێندنه‌وه بێت‌و له زاكیره‌یدا نه‌مێنێته‌وه سوودێكی ئه‌وتۆی نابێت خوێندنه‌وه‌كه‌ی، من له‌و نێوه‌نده‌دا‌و به‌و ته‌مه‌نه‌وه به‌هۆی ئه‌و ڕۆشنبیرییه گشتی‌و فراوانه‌وه كه له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی جۆراو جۆره‌وه به‌ده‌ستم هێنابوو هه‌لی كاری سیاسی‌و كاری رێكخراوه‌ییشم بۆ هه‌ڵكه‌وت، كه تێیدا بوومه به‌رپرسی سیاسی هێزی كه‌ركوك بۆ ئه‌و كاته‌ی من‌و هه‌لومه‌رجه‌كه ئه‌و پۆسته زۆر گرنگ‌و كاریگه‌ر بوو ته‌نها به‌كه‌سانی ڕۆشنبیر‌و خوێنه‌رو زیره‌ك ده‌درا.
ئاینده: ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی تۆ باسیان ده‌كه‌یت چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌و خۆ ڕۆشنبیركردنه‌وه هه‌یه، ئایا تۆ ده‌ته‌وێت بڵێیت له‌ڕێگه‌ی مه‌عریفه‌ی ناو كتێبه‌وه گه‌شتیته ئه‌و ئاسته‌ی چه‌ندین پۆست‌و ئیمتیازات وه‌ربگریت؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: به‌ڵێ هه‌ر وایه، ئه‌مانه‌م بۆیه باسكرد بۆ ئه‌وه‌ی پێت بڵێم كتێب‌و خوێندنه‌وه چۆن ئاستی منیان برده سه‌ره‌وه، ئه‌و پۆست‌و ئیمتیازاتانه بۆ ئه‌وكاته‌ی من زۆر گه‌وره بوون، به‌ڵام تۆ سه‌یركه من له‌و كاتانه‌شدا كه پۆستی سیاسییم هه‌بوو هه‌ستم ده‌كرد بۆ ئه‌ده‌ب خولقاوم نه‌ك سیاسه‌ت، ته‌نانه‌ت له‌كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا هه‌میشه جانتایه‌كم به‌كۆڵه‌وه بوو ده‌گمه‌نترین كتێبه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م‌و قۆناغه‌ی تێدا بوو، من له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا چ له پێشمه‌رگایه‌تیدا چ له ڕێكخستنه‌كانی ناوشار‌و كاری ڕێكخراوه‌یی‌و ته‌نانه‌ت له زیندانیش‌دا، هه‌لی باشم ده‌دۆزییه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌و نه‌مده‌هێشت یه‌ك له‌حزه له كتێب داببڕێم، له‌كاتی گه‌شته‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیدا بۆ ناوچه‌كانی كوردستان‌و سنوره‌كانی ئێران‌و گونده‌كان، جگه له خوێندنه‌وه هه‌میشه سه‌رنجم له‌سه‌ر بابه‌ته فۆلكلۆری‌و كولتوورییه‌كانی كورد بوو، بۆیه به‌رده‌وام هه‌ستم كردووه جیهانی من جیهانی ناوكتێب‌و ئه‌ده‌به.
ئاینده: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌خوێنیته‌وه كه‌میش ده‌نووسیت ئه‌م حاڵه‌ته بۆ وایه، ئایا ده‌نووسیت، به‌ڵام بڵاویان ناكه‌یته‌وه؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: وه‌ك وتم فرسه‌تی خوێندنه‌وه‌م زۆر زۆره تا ئێستاش من هیچ ناكه‌م ته‌نها ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌م ده‌نووسم له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌م نووسینه‌شدا زۆر كه‌میان بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، هه‌میشه پێموایه ئه‌گه‌ر من له‌ده‌قێك تێنه‌گه‌م‌و قودره‌تم نه‌شكێته‌وه به‌سه‌ریدا، ئه‌وا كه‌موكوڕییه‌كه له‌مندایه نه‌ك له داهێنه‌ره‌كه یان ده‌قه‌كه، ئه‌م بۆ چوونه‌شم كاریگه‌ری ڕه‌خنه‌گرێكی فه‌ڕه‌نسییه له‌سه‌رم كه له‌پێشه‌كی ڕۆمانێكدا كه بۆ ڕۆماننووسێكی نووسیوه ده‌ڵێت: له ده‌قی ئه‌م ڕۆمانه تێناگه‌م، به‌ڵام نووسه‌ره‌كه‌ی تاوانبار ناكه‌م به‌و تێنه‌گه‌یشتنه‌ی خۆم به‌ڵكو گومان له‌خۆم ده‌كه‌م. من له‌سه‌ر بۆچوونی ئه‌و ڕه‌خنه‌گره به‌رده‌وام گومانم له‌توانای خۆم هه‌یه، ئه‌گه‌ر له ده‌قێك تێنه‌گه‌م هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ندینجاری تر بیخوێنمه‌وه، ئه‌گه‌ریش هه‌ر توانام به‌سه‌ریدا نه‌شكێته‌وه ئه‌وا به‌كه‌ره‌سته‌كانی ڕۆشنبیری خۆمدا ده‌چمه‌وه، چونكه هه‌موو ده‌قێك په‌یامێكی پێیه هه‌ر چۆنێك بێ ده‌بێت بگاته شوێنی خۆی.
ئاینده: سه‌ره‌تا تۆ به خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی كوردی ده‌ستت پێكرد، واته ڕۆشنبیری‌و مه‌عریفه‌ی تۆ له‌ناو كولتووری ئه‌ده‌بیی خۆماڵیدا بوو، ئه‌ی كاتێك ده‌ستت به كتێب‌و ده‌قه جیهانییه‌كان گه‌شت‌و به‌ر كولتوور‌و ڕۆشنبیری بیانی كه‌وتیت، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ده‌بیی كلاسیكی ڕووسی له بره‌ودا بوو، چ هه‌ستێكی به‌راوردكاریت له‌لا دروستبوو له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی كوردیدا؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌ت بۆ كورتبكه‌مه‌وه، ئه‌مه‌وێ ئه‌وه‌ت پێ‌بڵێم كه من هه‌ر زوو ئه‌ده‌بیی ڕووسی‌و ئینگلیزی‌و فه‌ڕه‌نسیم ناسی، به‌تایبه‌ت ئه‌و كتێبانه‌ی كه وه‌رده‌گێڕدران بۆ عه‌ره‌بی، زۆرجار ئه‌و كتێبانه‌م به‌ده‌ست نووسیوه‌ته‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی ئامێری كۆپیكردن، ئێستاش هه‌ندێك كتێبی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م له‌لا ماوه كه به ده‌ست نووسیومه‌ته‌وه سێ سه‌د تا چوار سه‌د لاپه‌ڕه ده‌بێت، ئه‌و هه‌ستی جیاوازییه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت له‌و كاته‌دا ئه‌وه بوو هه‌ستم ده‌كرد ڕۆشنبیری‌و ئه‌ده‌بیی كورد زۆر دواكه‌وتووه به هۆی سیاسه‌تی ڕژێمه سه‌ركوتكه‌ره‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وابیرم ده‌كرده‌وه كه ڕۆشنبیر‌و نووسه‌ری كورد پێویست ناكات ئه‌ده‌بیی ئه‌وروپی‌و جیهانی دووباره بكاته‌وه، به‌ڵكو پێموابوو پێویسته كورد له ترۆپكه‌وه ده‌ست پێبكاته‌وه، ئێمه له ئێستادا پێویست ناكات وه‌ك مه‌كسیم گۆركی‌و دیستۆفیسكی چیرۆك‌و ڕۆمان بنووسین.
من ئێستا زۆر به‌په‌رۆشی ئه‌ده‌ب‌و نووسینی گه‌نجانه‌وه‌م، ئێستا نه‌وه‌یه‌ك دروستبووه به حوكمی زانینی زمان‌و پێشكه‌وتن‌و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌قڵی سه‌رده‌م‌و ته‌كنه‌لۆجیاوه ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌نه سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه‌ی نوێ له دنیادا، من پێموایه ئه‌م نه‌وه تازه‌یه زۆر له‌نه‌وه‌ی ئێمه‌و پێشتری ئێمه‌ش باشتر گه‌شه بكه‌ن، من به‌حوكمی ئه‌وه‌ی زۆر ناوچه‌و شوێنی جیاجیا گه‌ڕاوم كۆمه‌ڵێك زمان شاره‌زا بووم‌و توانیومه به‌چه‌ندین شێوه‌زاری جیاوازی كوردی قسه بكه‌م‌و بخوێنمه‌وه، به‌تایبه‌ت سه‌رده‌مانێك كه دیوانه شیعرییه‌كانی نالی‌و مه‌حوی‌و مه‌وله‌وی‌و ئه‌وانی دیكه بڵاوبوونه‌وه، تێگه‌یشتن له شێوه زمانیان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك زه‌حمه‌ت بوو، تا ئه‌و كاته‌ی چاپه‌كانی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس‌و مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم بڵاو بوونه‌وه، به‌ڵام من به‌هۆی گه‌ڕانه‌كانم‌و شاره‌زابوونم له شێوه‌زاره‌كان توانیم ئه‌و موفره‌دات‌و وشانه‌یان تێبگه‌م، بێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی تۆ، من ئێستاش له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تییه‌وه هه‌ست به كه‌موكوڕیی ئه‌ده‌بیی كوردی ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر به ئه‌ده‌بییاتی زیندووی دنیا، ئه‌وه‌ش هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پێموایه تاكو ئێستاش ده‌زگا ڕۆشنبیرییه‌كانی ئێمه نه‌كه‌وتوونه‌ته سه‌رپێی خۆیان، پێموایه له‌به‌دواداچوونی كاروباره‌كانی زانكۆكانی كوردستاندا تێده‌گه‌ین ئێمه هێشتا له‌پاشكۆی ئه‌ده‌بیی جیهانیدا كار ده‌كه‌ین، ئێستاش ئه‌ده‌بیی كوردی له زانكۆكاندا له‌سه‌ر ئاستی شیعری كلاسیكی كار ده‌كه‌ن، تازه دانه به دانه چه‌ند ئه‌زمونێك په‌یدا بووه كه دكتۆرا‌و تێزی دكتۆرا‌و ماسته‌ر له‌سه‌ر شاعیرێك‌و چیرۆكنووسێكی زیندوو وه‌رده‌گیرێت، من ئه‌مه وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی باش تێیده‌ڕوانم، هه‌ر چه‌ند ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر كه‌مه، به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین‌و فراوانی بكه‌ین.
ئاینده: شیعر فراوانترین پانتایی له‌ڕۆشنبیری‌و كولتووری ئێمه‌ی داگیر كردووه، له‌كلاسیكه‌وه تاوه‌كو ئێستا شیعر باڵا ده‌ستترین ژانری ئه‌ده‌بیی‌و بزوێنه‌ری ڕۆشنبیریمان بووه، به‌م پێیه ده‌بوایه له ئێستادا شیعری تازه له ئاستێكی باڵادا بوایه، به‌ڵام هه‌ستناكه‌یت هێشتا نه‌خشه‌ی شیعریمیان پڕ له گرفت‌و ئیشكالیه‌ته؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: شیعری كلاسیكی كوردی دوو ده‌ربه‌ند‌و ته‌نگه‌به‌ری بڕیوه، یه‌كیان ئه‌وه‌یه ئه‌و كاته‌ی نالی‌و سالم‌و كوردی هاتن‌و دابڕانێكیان له‌شێوه‌زاری گۆران دروستكرد‌و ده‌ستیانكرد به‌نووسینی شیعر به‌زمانی سۆرانی، جا ئه‌گه‌ر شیعر‌و ده‌ق بریتی بێت له زمان و ئیشكردن بێت له‌سه‌ر زمان، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئاكامه‌ی كه زمانی نالی‌و مه‌حوی‌و مه‌وله‌وی به كه‌ڵكی زمانی شیعری شاعیرانی ئه‌م سه‌رده‌مه نایه‌ن، چونكه ئاخر ئه‌وانیش زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری زمان‌و شیعری توركی‌و فارسی‌دا بوون كه ئێستا به پێویستی نازانم به‌ڵگه‌ی واقیعییان بۆ بێنمه‌وه، ئه‌مه به‌رده‌وام بوو هه‌تا په‌یدا بوونی ( گۆران‌و شێخ نووری شێخ ساڵه‌ح) ئه‌و قۆناغه‌ش له‌وێدا مایه‌وه‌و كه‌رتی تێكه‌وت، بۆیه من پێموایه ئێستا شاعیری كورد سوود له‌و زمانه شیعریی‌و سووره‌تانه ببینێت، چونكه سووره‌تی ئه‌وان سووره‌تێكی فه‌لاحیین‌و باسی گوڵ‌و گیا‌و ئاو و چیا‌و ئاژه‌ڵانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كات، بۆیه شاعیرانی ئێستا ناتوانن سوود له‌و توراسه ببینن مه‌گه‌ر له گۆشه نیگایه‌كی زۆر به‌ر ته‌سكدا كه من پێموایه ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه.
ئاینده: دێمه سه‌ر بابه‌تی چیرۆك‌و ڕۆمانی كوردی، پێشتر وتمان كه شیعر له ڕابردووی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا ژانرێكی باڵا ده‌ستبووه، به‌ڵام چیرۆكی هونه‌ریی‌و ڕۆمان مێژوویه‌كی تازه‌تریان هه‌یه، تۆ پێتوایه چیرۆك‌و ڕۆمانی نه‌وه‌ی حه‌فتاكان‌و دواتر خه‌زنه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندیان بۆ نه‌وه‌ی نوێ جێهێشتبێت له چیرۆك‌و ڕۆماندا، یاخود به‌گشتی تێڕوانینی تۆ وه‌ك ڕه‌خنه‌كارێك چییه له‌سه‌ر چیرۆك‌و ڕۆمانی نه‌وه‌ی پێشوو؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: سه‌رباری هه‌ندێك قۆناغی دابڕان، به‌ڵام هێشتا مێژووی شیعری كوردی زۆر دێرینتره، به‌ڵام له‌ئه‌ده‌بیی كوردیدا چیرۆك‌و ڕۆمان مێژوویه‌كی كورتیان هه‌یه، دیاره من مه‌به‌ستم له چیرۆكی هونه‌رییه ئه‌گینا كوردیش وه‌ك هه‌ر میلله‌تێكی تر مێژووی چیرۆكی به‌رگوێ ئاگردانی كۆنه، من پێموایه هه‌تا ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانیش ئه‌گه‌ر چیرۆكی هونه‌ریی هه‌بووبێت، تاكو ته‌را بووه، هی ( سه‌دره‌دین عارف، كاكه مه‌م بۆتانی، ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) ئه‌مانه خاوه‌نی مێژوون له چیرۆكدا، به‌ڵام وه‌ك چیرۆكی هونه‌ریی به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای ڕێكه‌وتنی یانزه‌ی ئازار، كه بووه هۆی زۆربوونی چاپه‌مه‌نی كوردی، خه‌ڵكیش به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئه‌ده‌بیی عه‌ره‌بییه‌وه ته‌نها شاره‌زاییان له‌ڕووی تێكسته‌وه په‌یدا كرد، به‌ڵام له‌ڕووی تیۆرییه‌وه هیچ شاره‌زاییه‌كیان په‌یدا نه‌كرد، به‌گشتی چیرۆك‌و ڕۆمان دوو ژانری شارستانیترن له شیعر، چونكه شیعر په‌یوه‌ندی به ئیقاعه‌وه هه‌یه مێژووه‌كه‌ی كۆنتر ده‌گه‌ڕێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی وشه زۆر ڕوون نه‌بووه‌و خه‌زێنی قامووسی كوردیش زۆر نه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیقاعی هه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ما‌و كاركردندا پێویستبوون ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگیش بووبێت شیعر وتراوه، به‌ڵام چیرۆك پێویستی به پڕۆسه‌یه‌كی شارستانی‌و تێگه‌یشتن‌و فێربوون‌و خوێندنه‌وه‌و تێكه‌ڵبوونی شارستانیه‌ته‌كان هه‌بووه، ئێمه هه‌موویمان پێكه‌وه ئیستهلال كردووه، چیرۆك‌و ڕۆمان‌و ڕه‌خنه‌ی چیرۆك‌و ڕه‌خنه‌ی ڕۆمان، به‌نیسبه‌ت ڕۆمانه‌وه تازه له‌سه‌ره‌تاداین، له كتێبخانه‌كه‌ی مندا باوه‌ڕ ناكه‌م سه‌دو په‌نجا ڕۆمانی كوردی به‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌وه تێدا بێت، به‌وانه‌شه‌وه كه من باوه‌ڕ ناكه‌م ڕۆمانیش بن ته‌نها خاوه‌نه‌كانی پێی وایه ڕۆمانه، ئاخر سه‌دو په‌نجا ڕۆمان بۆ میلله‌تێكی زیاتر له سی ملیۆن كه‌سی زۆر زۆر كه‌مه.
ئاینده: ببووره پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه بوو ئایا به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وه‌ی پێشوو بوونه خه‌زنه‌یه‌كی مه‌عریفیی‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ نه‌وه‌ی تازه‌ی چیرۆك؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: من پێموانییه بووبێت به‌خه‌زنه‌یه‌كی باش، چونكه هه‌موو نه‌وه‌یه‌كی تازه له میلله‌ته زیندووه‌كاندا كه كوردیش یه‌كێكه له‌و میلله‌تانه دان به‌ڕابردووی نزیك‌و دووری خۆیدا نانێت، واته چیرۆكنووسێكی ئه‌مڕۆی كورد ناگه‌ڕێـته‌وه بۆ ( حسێن عارف‌و سه‌دره‌دین عارف‌و له‌تیف حامید) .
ئاینده: گرفت‌و هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان چییه، ئایا په‌یوه‌ندی به گرفتی خودی تێكسته‌كانی رابردووه‌وه هه‌یه یان بێباكیی‌و یاخیبوونی نه‌وه‌ی تازه؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: گرفته‌كه دوو هۆی هه‌یه، یه‌كێكیان سایكۆلۆجییه‌و خه‌ڵك نایه‌وێت له ژێر سێبه‌ری كه‌سێكی دیكه‌دا بژی‌و داهێنان بكات، چونكه شیعری كوردی ئه‌گه‌ر هه‌مووی وه‌كو ( گۆران) بێت كه‌س باسی نه‌وه‌ی تازه‌ی شیعر ناكات، ڕاسته‌و خۆ باسی خودی گۆران ده‌كات نه‌ك ئه‌وانه‌ی لاسایی گۆرانیان كردۆته‌وه، له‌چیرۆكیشدا هه‌ر وایه من پێموایه گه‌نجه‌كان پێیان سته‌مه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕابردوو، سوود له‌كه‌له‌پووری نه‌وه‌ی پێش خۆیان وه‌ربگرن، هۆكاری دووه‌میش په‌یوه‌ندی به پێشكه‌وتنی خێرا‌و له‌ڕاده به‌ده‌ری ته‌كنه‌لۆجیاوه هه‌یه، چونكه بوونی ته‌كنه‌لۆجیا وایكردووه نووسه‌ری كورد خێرا بگاته سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌نێویاندا هه‌بێت‌و ئه‌و ڕێگه‌یه‌یان نیشانبدات، زۆربوونی ڕێژه‌ی خوێنه‌واری زانكۆیش هۆكارێكی دیكه‌یه كه ده‌بێته هۆی فێربوونی زمانی دیكه بۆ خوێندكاران‌و نه‌وه‌ی تازه به‌تایبه‌تی ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بی‌و فارسی، كه سێ سه‌رچاوه‌ی گرنگی مه‌عریفین بۆ مرۆڤی كورد، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش كه له بواری فكری‌و مه‌عریفی‌و تیۆریدا ڕوویاندا دوو سه‌رچاوه‌ی ڕوونیان دیاره، یه‌كێكیان ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی نه‌ك ته‌قلیدیه‌كه‌ی به‌ڵكو هیی لوبنان‌و سوودان‌و باكووری ئه‌فریقا ده‌ست ئێمه‌و مانان ده‌كه‌وت، هه‌ندێكیشی له‌ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه به‌تایبه‌ت كه له وڵاتی ئێران زۆر زیندووه ئه‌مانه وه‌ك سه‌رچاوه زوو ده‌گه‌یشتنه كوردستان، من بۆ خۆم له شاری كه‌ركوك زوو ده‌ستم ده‌گه‌یشت به‌و كتێبانه‌ی له‌فه‌ڕه‌نسا ده‌رده‌چوون‌و ده‌كران به‌عه‌ره‌بی به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی ( فازیل سامر) كه له‌سه‌ر حیسابی خۆی ئه‌و كتێبانه‌ی كۆپی ده‌كردوو بۆی ده‌ناردم.
ئاینده: یه‌كێك له ڕه‌خنه‌كانی نه‌وه‌ی نوێی چیرۆك له‌وانه‌ی پێش خۆیان ئه‌وه‌یه كه نه‌یانتوانیوه ته‌كنیكێكی به‌رز وه‌ك میرات به‌جێبێلن بۆیان، زۆر جاریش نه‌وه‌ی پێشوو ڕه‌خنه له چیرۆكنووسی تازه ده‌گرن به‌وه‌ی ته‌كنیكیان شێواندووه، ئه‌گه‌ر بكرێت باسێكی ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی نێوان به‌ركه‌وتنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌م دوو نه‌وه‌یه‌مان بۆ بكه‌یت؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: جیاوازی‌و هۆكاره‌كه‌ی زۆر ڕوون‌و ئاشكرایه، ئه‌گه‌ر ڕاستت ده‌وێت ئێمه هه‌تا راپه‌ڕین‌و ساته‌وه‌ختی پێش ڕووخانی ڕژێمیش ئه‌ده‌بیی كوردی ئه‌ده‌بییكی مقاوه‌مه بووه.
ئاینده: چۆن وایه، دوای ڕاپه‌ڕین ئێمه بووینه خاوه‌نی ئه‌ده‌بییكی ته‌واو زاتی‌و ده‌ستبه‌رداری خه‌مه گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و ئایدۆلۆجیا بووین، دیاره تۆ ئاگات له‌و قۆناغه نییه؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: نا.. كه ده‌ڵێم ئه‌ده‌بیی به‌رگری مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌ده‌بیی بابه‌ت بوو بابه‌تی سیاسی كاڵ‌و كرچیش به‌رگریكردن له‌هه‌ندێك بابه‌ت كه چیرۆكنووسی ئێستا ناچار نییه ئه‌وه بكات، به‌رهه‌مه‌كانی (ڕه‌وف بێگه‌رد‌و ڕه‌وف حه‌سه‌ن‌و حسێن عارف‌و ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل‌و عه‌بدوڵڵا سه‌راج‌و جه‌لیل كاكه وه‌یس) هه‌موو ئه‌مانه قورسایی ده‌قیان خستۆته سه‌ر بابه‌ته‌كه، كه ئه‌مانه‌ش بۆ دژایه‌تی كردنی به‌عه‌ره‌ب كردن بووه له ڕاستیدا، به‌ڵام گه‌نجی ئێستا پێویستی به‌و بابه‌ته نه‌ماوه، چونكه ئه‌و بابه‌ته گۆڕاوه، بۆیه چیرۆكنووسه‌كانی نه‌وه‌ی پێشوو ئێستا وه‌ستاون، چونكه ئه‌و بابه‌ته‌ی جاران بازاڕی گه‌رمبوو ئێستا بازاڕی گه‌رم نییه، گه‌نج ئێستا وه‌ك تاك بیر ده‌كاته‌وه‌و بابه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام نووسه‌ری پێشتر وه‌ك بوونه‌وه‌رێك به‌رگری له كۆ ده‌كرد‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌فه‌ی كردبوون‌و وایلێكردبوون له‌سه‌ر بابه‌تی هاندان‌و دڕووشمگه‌رایی بنووسن، هه‌ر ئه‌وكاتانه‌ش به‌هۆی بوونی سانسۆره‌وه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان، وایكردبوو زۆربه‌ی چیرۆكی كوردی به مه‌نه‌لۆج قسه‌یان ده‌كرد، مه‌نه‌لۆج وایلێهات بوو به سیمای سه‌ره‌كی چیرۆكی كوردی له‌و قۆناغه‌دا، به‌ڵام ئێستا نه ئه‌و پاڵه‌وان‌و قاره‌مانه پێویسته به مه‌نه‌لۆج قسه بكات، نه ئه‌و نووسه‌ره‌ش ماوه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كۆمه‌ڵگه بكات، ئێستا نووسه‌ر وه‌ك مرۆڤێكی تاك خۆی له‌و گشت قورساییه ڕزگار بكات كه به‌رژه‌وه‌ندی باڵا خستویه‌تیه سه‌ری، من پێموایه له ئێستادا كاره‌كته‌ری چیرۆكی كوردی به ده‌نگی به‌رز به‌ناوی خۆیه‌وه‌و بۆ خودی خۆی قسه ده‌كات.
تۆ پێشتر پرسیارت له ته‌كنیك كرد، ئه‌و ته‌كنیكه‌ی نه‌وه‌ی پێشوو پێیان نووسی ته‌كنیكێك بوو بۆ خۆ دواندن‌و قسه كردن له ناوه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه من پێم ناخۆشه نه‌وه‌ی تازه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌كنیكی نه‌وه‌ی كۆن، ته‌نانه‌ت جارێكیان له‌گه‌ڵ كاك ( حسێن عرف) مناقه‌شه‌یه‌كمان بوو، ئه‌و پێیوابوو ده‌بێت چیرۆكنووسی نوێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ تێكسته كۆنه‌كان، من پێموت هیچ پێویست ناكات نه‌وه‌ی تازه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای ئێوه‌و پێموت تۆ كاتێك ده‌ستت كرد به چیرۆكنووسین، چیرۆكه‌كانی ( عه‌لائه‌دین سه‌جادی‌و محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مین)ت ده‌خوێنده‌وه؟ ئه‌گه‌ر خوێندوتنه‌وه ئیشت به ته‌كنیكی ئه‌وان ده‌كرد؟.
ئاینده: زۆر باشه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆ چوونی تۆ له‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وه‌ی نوێ ڕوونه، به‌ڵام پێمان بڵێ ڕات چییه له‌سه‌ر ئه‌و بڕه چیرۆك‌و ڕۆمانه‌ی له‌لایه‌ن نه‌وه‌ی نوێوه به‌رهه‌م هاتوون؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: ده‌قه‌كانی ( به‌ختیار عه‌لی‌و عه‌تای نه‌هایی‌و كاروان كاكه سوور)و چه‌ند ده‌قێكی تری ئه‌م نه‌وه تازه‌م خوێندۆته‌وه، هه‌ستده‌كه‌م زۆر له‌پێشترن له‌چاو ده‌قه كۆنه‌كاندا، هه‌ندێكیشیان به‌بێ زه‌مینه‌و هه‌ر به‌كۆششی تاكه كه‌سی خۆیان ئه‌و پله‌و پایه‌یان به‌ده‌ست هێناوه، عه‌تا نه‌هایی‌و به‌ختیار عه‌لی له ڕۆماننووسی سه‌ره‌تایی ده‌رچوون و له‌قۆناغێكی باڵاتردان، كاروان كاكه سووریش من وه‌ك داهێنه‌رێكی گه‌وره ده‌یبینم جگه له به‌رهه‌مه‌كانی خۆی زۆربه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كانیم بینیوه، هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆشنبیرێكی زۆر جدییه‌و ئاگاداری ئاستی مه‌عریفی‌و ڕۆشنبیری جیهانیشه، كه‌سێك خاوه‌نی باگراوندێكی ڕۆشنبیری به‌م شێوه‌یه بێت ئه‌گه‌ر بۆ نووسینه‌كانی خۆشی سوودی لێنه‌بینێ لانی كه‌م ئه‌و هه‌ڵانه نه‌كات كه نه‌وه‌ی پێش خۆی كردوونی، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و چه‌ند ڕۆمانه بكه‌ین كه نه‌وه‌ی پێشوو نوسیویانه تێده‌گه‌ین هه‌ر به هه‌ناسه‌ی كورته چیرۆك نووسیویانه‌و نمونه‌شمان زۆرن له‌و بابه‌ته، كه خوێنیته‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین كورته چیرۆكێكی به‌زۆر درێژكراوه‌ی سه‌قه‌ت ده‌خوێنیته‌وه، جگه له‌وه‌ش نه‌یتوانیوه ڕۆمانه‌كه‌ی بخاته سه‌ر بابه‌تی ڕۆژ، ئاخر له ئێستادا كه‌س ناتوانێت به (ئه‌ی ڕه‌قیب) من بخاته ئه‌و ده‌شته و شه‌ڕم پێبكات، من ئێستا شه‌ڕی جیاوازترم هه‌یه‌و به ئسلوبی جیاوازتر شه‌ڕی شارستانی خۆم ده‌كه‌م، ئه‌گه‌رچی من سه‌ر به‌نه‌وه‌ی پێشووم ئه‌مه‌ش قه‌ناعه‌تمه، چجای ئه‌و گه‌نجه‌ی كه نازانێت مانای سووتاندنی گوندێك چییه؟ پێویستیشی پێی نییه بزانێت و من ناحه‌قی ناگرم، بۆیه پێموایه چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی هاوچه‌رخی كوردی پێویسته بابه‌ت‌و شكڵی تایبه‌ت‌و جیاوازی خۆی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌وه‌ی تازه نووسراون ئاستێكی به‌رزیان هه‌یه‌و هه‌ندێكیشیان له ئاستی ده‌قه جیهانیه‌كاندان، ڕۆمانه‌كانی ( به‌ختیار عه‌لی) شتیان زۆر له‌سه‌ر نووسراوه‌و به‌ناڕه‌واش تاوانباریان كردووه.
ئاینده: زۆر جار له‌نێوه‌ندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردیدا داهێنه‌ره‌كانمان تۆمه‌تبار ده‌كرێن به دزی ئه‌ده‌بیی ناوزه‌دیان ده‌كه‌ن، به‌ڕای تۆ ئه‌مه تاچه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌كی دروسته، ئایا ئه‌مانه ناچنه چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه بۆ شكاندنی داهێنه‌رانی ئێمه ده‌درێن؟
زاهیر ڕۆژ به‌یانی: من كه له‌سكی دایكم هاتمه ده‌ره‌وه مرۆڤێكی خام بووم‌و له كه‌سانی دیكه‌وه فێری شت بووم، له‌به‌ر ئه‌وه نابێت لۆمه‌ی هیچ كه‌سێك بكرێت ئه‌گه‌ر سوود له ئه‌زموونی كه‌سێكی دیكه وه‌ربگرێت، ئه‌مه جگه له بوونی (ده‌قئاوێزان‌و ته‌ناس) كه ته‌نزیراتیان بۆ كراوه، له ئه‌ده‌بیی فه‌ڕه‌نسیدا ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌و تۆمه‌تانه بوونه‌ته عه‌یبه، له‌وێ نووسه‌رانێك هه‌ن تێكسته‌كانی ڕابردوو كۆده‌كه‌نه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه مۆنتاجی ده‌كه‌نه‌وه‌و به ناوی خۆیه‌وه بڵاوی ده‌كاته‌وه، كه‌سیش جورئه‌ت ناكات بڵێت دزی ئه‌ده‌بیی، من پێموایه تاكو ئێستاش مرۆڤی كورد له په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ده‌ربڕینه‌كانیدا زۆر تونده، ته‌ماشای كۆڕه ئه‌ده‌بییه‌كان بكه ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵده‌ستێت قسه بكات ده‌یه‌وێت بریندارت بكات‌و به‌هه‌ڵچوونه‌وه پێت ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی تۆ نووسیوته هیچ نییه، من ئه‌مه به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نابینمه‌وه، به‌ڵكو نه‌خۆشی ده‌ڕوونییه، بۆیه من پێموایه ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئه‌ده‌بیی كوردیدا به‌م شێوه قسه ده‌كه‌ن‌و داهێنه‌ران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، پێش هه‌موو شتێك بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ڕێگه‌یه‌كی كورت بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به خێراترین كات خۆیان وه‌ك نووسه‌رێكی گه‌وره ببیننه‌وه ده‌چن خۆیان به نووسه‌رێكی داهێنه‌رو خاوه‌ن ئه‌زمووندا هه‌ڵده‌واسن، ئێمه له ئه‌ده‌بییاتی ئه‌وروپیدا زۆر بابه‌ت ده‌بینینه‌وه له‌یه‌كده‌چن، بۆیه كاتێك ئه‌و تۆمه‌ت‌و بوختانانه ده‌بینم كه ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه ناو و ناوبانگێكیان له‌ئه‌ده‌بیی كوردیدا هه‌یه، هه‌ست به زوڵمێكی گه‌وره ده‌كه‌م له داهێنه‌ره‌كانمان، پێشموایه زۆریش زووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ئه‌دیبێكی ئه‌وروپیدا.



del.icio.us
Digg