خه‌ونی نه‌مری‌و ره‌گه‌زی مردن
له رۆمانی "گێلاسی خوێن"ی عه‌تا محه‌مه‌ددا ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
له چاوپێكه‌وتنێكدا "كارل چاپه‌كی" رۆمانووس ده‌پرسن: "بۆچی شیعر نانوسی؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕقم له‌وه ده‌بێته‌وه باسی خودی خۆم بكه‌م". ره‌نگه خه‌ونی گه‌وره‌ی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی چیرۆك‌و رۆمان ده‌نووسن، بۆئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، كه حه‌ز به باسكردنی ده‌وروبه‌ر بكه‌ن‌و خۆیان له باسكردنی خۆیان بدزنه‌وه. چونكه وه‌ك له وته‌كه‌ی "كارل چاپه‌كی"دا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌شیعردا شاعیر باسی خودی خۆی ده‌كات، به‌ڵام له‌رۆماندا باسی "ئه‌وانیتر" ده‌كات. بێگومان ناكرێت بڵێین رۆمانووسه‌كان خۆیان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن‌و ته‌نها باسی "ئه‌وانیتر" ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان مه‌حكومن به‌وه‌ی كه باسی "ئه‌وانیتر"یش بكه‌ن. رۆمانووس، كه ده‌گێڕێته‌وه، ناتوانێ ته‌نها باسی خۆی بكات، ئه‌گه‌ر ته‌نها باسی خۆی كرد، ئه‌وسا تێكسته‌كه‌ی ده‌بێـته ژیاننامه. بۆیه ده‌كرێت بڵێین جیاوازی نێوان رۆمان‌و ژیاننامه له‌وه‌دایه، له رۆمان‌دا نووسه‌ر مه‌حكومه به‌وه‌ی باسی ئه‌وانیتر بكات‌و چیرۆكه‌كانیان بگێڕێته‌وه، به‌ڵام له ژیاننامه‌دا مه‌حكومه به‌وه‌ی ته‌نها باسی خۆیی‌و ئه‌و كه‌سانه بكات، كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی ئه‌وه‌وه هه‌بووه.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه قسه‌كردن نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆمانووس بۆ ده‌گێڕێته‌وه، یان بۆ كێ ده‌گێڕێته‌وه؟ به‌ڵكو ئه‌م نووسینه ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر رۆمانی "گێلاسی خوێن"ی عه‌تا محه‌مه‌د، كه رۆمانێكه ده‌توانین زۆرشتی له‌باره‌وه بڵێین‌و زۆر ره‌هه‌ندی جۆراو جۆری تێدا بخوێنینه‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌م باسه‌دا هه‌وڵمان داوه نووسینه‌كه‌مان بۆ دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ته‌رخان بكه‌ین، یه‌كه‌میان لایه‌نی ته‌كنیكی رۆمانه‌كه‌یه، كه پێموایه ته‌كنیكێكه، شایه‌نی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ری بوه‌ستین. دووه‌میش ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌یه.
بێگومان له هه‌موو پنت‌و لایه‌نه‌كانی ئه‌م دوو به‌شه‌مان نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه ته‌نها ئاماژه‌مان به‌و خاڵانه داوه كه جێی سه‌رنجی ئێمه بوون، چونكه ئه‌و دووه پێكه‌وه توانیویانه رۆمانێكی جوان پێكبهێنن، هه‌رئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی ئێمه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكدا دابه‌ش بێت، كه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستبن به قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌كنیك‌و به‌شه‌كانیتریش تایبه‌ت بن به‌ناوه‌ڕۆك، واته كۆی نووسینه‌كه له دوو ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه.
له‌باره‌ی ناونیشانی رۆمانه‌كه‌وه
"گێلاسی خوێن" سێیه‌مین رۆمانی "عه‌تا محه‌مه‌د"ه. ناونیشانی ئه‌م رۆمانه ناونیشانی به‌شێكه له به‌شه نووسراوه‌كانی كتێبه‌كه، كه له (20) به‌شی كورت پێكدێت‌و به‌سه‌ر دوو فه‌سڵی سه‌ره‌كیدا دابه‌شكراون. "گێلاسی خوێن" ناوی به‌شێكی زۆر كورته‌و بووه‌ته ناونیشانی رۆمانه‌كه. ناونیشانه‌كه له روانینێكی رووكه‌شدا وا ده‌رده‌كه‌وێت. له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌دا ته‌بانییه، چونكه "گێلاسی خوێن" ناوێكه ته‌نها بۆ ئه‌و به‌شه‌ی رۆمانه‌كه. واته ناونیشان له‌م رۆمانه‌دا نه‌یتوانیوه كلیل بێت بۆ ده‌روازه‌ی چونه ژووره‌وه‌ی رۆمانه‌كه، چونكه رۆمانه‌كه باس له ململانێی مه‌رگ‌و ژیان ده‌كات له‌سه‌رده‌می بابانه‌كاندا، كه ده‌یانه‌وێت نه‌مری به‌رجه‌سته بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج له‌م ناونیشانه بده‌ین ده‌بینین "گێلاسی خوێن" ناونیشانێكی شوشه‌یی‌و سه‌رنجڕاكێشه بۆ ناوی تێكست، به‌ڵام ئایا ئه‌و ناونیشانه بۆ ناوی ئه‌و رۆمانه تا چه‌ند گونجاوه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه دوای سێ جار خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه لام دروست بوو. من پێموایه ئه‌و ناونیشانه تا ئاستێك ده‌قه‌كه‌ی كوشتووه، چونكه ده‌قه‌كه زۆر له ناونیشانه‌كه فره ره‌هه‌ندتر‌و تۆكمه‌تره‌و گه‌وره‌تره. بینای رۆمانه‌كه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی بابان‌و گه‌مه‌كردنه له‌و مێژووه‌دا بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی " خه‌ونی نه‌مری"و چه‌ندین ره‌هه‌ندی تر (كه دواتر لێی ده‌دوێین) بینا كراوه. هه‌روه‌ها مه‌رگ وه‌ك كاراكته‌ر‌و گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانه‌كه به‌رجه‌سته بووه‌و تارمایی مه‌رگ له‌م ده‌قه‌دا له هه‌موو ده‌قه‌كانی تری عه‌تا زیاتر بوونی هه‌یه. مه‌رگ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا رێ ده‌كات‌و ده‌ستی له خولقاندنی رووداوه‌كانی نێو ئه‌و تێكسته‌دا هه‌یه. به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین مه‌رگ به‌شێوه‌یه‌كی دیار له ناونیشاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی نییه، واته ئاماده‌بوونی مه‌رگ به‌و شێوه به‌رجه‌سته‌یه له‌نێو دێڕه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا‌و ونبوونی مه‌رگ له ناونیشانی ده‌قه‌كه‌دا پێده‌چێت یه‌كێك بێت له‌و خاڵانه‌ی له‌م ده‌قه‌دا جێی سه‌رنج بێت، یان پێده‌چێت عه‌تا بیه‌وێت قورسایی مه‌رگ له رۆمانه‌كه‌دا كه‌مبكاته‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه "گێلاسی خوێن" ته‌نها باس له‌مه‌رگ ناكات. به‌ڵكو مه‌رگ به‌كاربراوێكه بۆ ژیاندۆستی.
له‌م رۆمانه‌شدا ئه‌گه‌رچی تارمایی مه‌رگ له‌نێو دێڕه‌كاندا هه‌ست پێده‌كرێت‌و هه‌ردوو به‌شی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه له ژێر ناونیشانی "مردن له‌سه‌ر زه‌مینی ئه‌فسانه‌دا"و "مردن له رۆژێكی باراناویدا" خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام به‌پێی تێڕوانینی ئێمه باسكردنی مردن له پێناو مه‌رگدۆستیدا نییه، به‌ڵكو له‌پێناو ژیاندۆستییه‌كی قوڵه، كه عه‌تای گه‌یاندووه‌ته ئه‌وه‌ی بیر له مه‌رگ بكاته‌وه‌و هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی "نه‌مری" بدات له‌نێو دێڕی رۆمانه‌كه‌دا.
له‌روانینێكی تردا‌و به بیركردنه‌وه له‌ناونیشانی رۆمانی "گێلاسی خوێن" ده‌توانین هه‌ردوو خاڵی ژیاندۆستی‌و تارمایی مه‌رگیش بدۆزینه‌وه. وشه‌ی یه‌كه‌م "گێلاس"ه كه میوه‌یه‌كی جوان‌و ره‌نگ شه‌رابی‌و به‌تام‌و به‌هارییه، كه ده‌كرێت ئێمه وه‌ك ره‌مزێكی ژیانه‌وه‌و گه‌شبینی له‌م وشه‌یه‌دا بخوێنینه‌وه. وشه‌ی دووه‌می ناونیشان "خوێن"ه، ئه‌م وشه‌یه زیاتر وه‌ك وشه‌یه‌كی هاومانای ئازار (مه‌به‌ستمه بڵێم گه‌یشتن به ئازار)و نزیكبوونه‌وه له مه‌رگ ده‌بینرێت. كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو دژه له‌ناونیشانی ئه‌م رۆمانه‌دا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌كاربردنی ناونیشانی هێمائامێز له روانگه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د، كه خواستوویه‌تی به‌و دوو وشه پڕ هێمایه به‌شێك له ناواخنی رۆمانه‌كه بخاته‌ڕوو، كه ئه‌مه تاڕاده‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌یه، كه ئێمه له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو و روانینێكی رواڵه‌تیانه بوو بۆ سه‌یركردنی ناونیشانی ئه‌م رۆمانه.
به‌ڵام شتێكی تر كه نابێت بیرمان بچێت ئه‌وه‌یه كه له‌رووی بونیادی ره‌نگه‌وه سه‌یری هه‌ردوو وشه‌ی "گێلاس"و "خوێن" بكه‌ین ده‌بینین، كه زۆر هاوشێوه‌ن به‌وه‌ی له‌رووی ره‌نگه‌وه زۆر لێكه‌وه نزیكن. بێگومان ئه‌مه‌ش پێده‌چێت گه‌مه‌یه‌كی تری نووسه‌ر بێت له‌به‌كارهێنانی ناونیشانی ئه‌م رۆمانه‌دا‌و بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، كه قوڵایی تێكسته‌كه‌و ئه‌و تێكه‌ڵكارییه ئیستاتیكییه‌ی له‌نێوان ژیان‌و دژه‌كه‌یدا هه‌یه له‌ناونیشاندا به‌رجه‌سته‌ی بكات.
به‌هه‌رحاڵ من راموایه ناونیشانه‌كه زیانی له‌تێكسته‌كه داوه‌و به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌و هه‌موو ره‌هه‌نده نییه، كه رۆمانه‌كه له‌خۆی گرتووه، یان خوێنه‌ر ناتوانێت هه‌ست به‌و به‌رجه‌سته‌كردنه بكات له بینینێكی ئاسایی ناونیشانه‌كه‌وه.
ناوه‌ڕۆك‌و گێڕانه‌وه له"گێلاسی خوێن"دا
یه‌كێك له‌و كارانه‌ی لای من سه‌خته‌و هه‌میشه خۆمی لێ لاده‌ده‌م، قسه‌كردنه له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رۆمان‌و چیرۆكانه‌ی له‌سه‌ریان ده‌نووسم، چونكه هه‌میشه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م، كه غه‌درێكی گه‌وره‌یان لێده‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردبێتم هیچیان ناگاته ئه‌وه‌ی، كه بمه‌وێت باسی رۆمانی "گێلاسی خوێن" بكه‌م. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م رۆمانه زۆر فره ره‌هه‌نده‌و تا ئاستی مه‌حاڵ ئه‌سته‌مه كه‌سێكی تر بێت‌و هه‌موو، یان باسی به‌شێكی زۆری رۆمانه‌كه بكات. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت ئه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو كه رۆمانه‌كه هه‌وڵێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی بابانییه‌كان له‌شاری سلێمانی و ئه‌وكاته ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان تووشی شكست ده‌بێت‌و میری بابان هه‌وڵی رزگاركردنی میرنشینه‌كه‌ی ده‌دات له ڕووخان‌و ده‌یه‌وێت له چه‌ند رێگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه نه‌مری به‌رجه‌سته بكات، ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌نێو دێڕی كتێبه‌كانیشدا بێت. بۆیه كۆی رۆمانه‌كه گه‌شتێكه به‌نێو ئه‌و مێژووه‌دا و "مردن" وه‌ك كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه تێیدا به‌رجه‌سته‌بووه، هاوكات هاوشێوه‌یه‌كی مردنیش كه له رۆمانه‌كه‌دا وه‌ك (هاوڕێی مردن) ناوی هاتووه ئاماده‌یی له‌نێو رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه.
رۆمانه‌كه له‌وكاته‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه كوڕێكی گه‌نج له بوون به جادووگه‌رییدا سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه هه‌وڵی نووسینی چیرۆك ده‌دات، كه پێی وایه چیرۆكێش روویه‌كی تری جادووه. هاوكات له كتێبخانه‌ی ئه‌وقافی سلێمانی له‌نێو كتێبه‌كانی بابان‌دا هه‌ست به بوونی چیرۆكێك ده‌كات، كه له‌لایه‌ن كه‌سێكی نادیاره‌وه نووسراوه‌و ئه‌وه‌ش به ده‌ستنیشانكردنی هه‌ندێك وشه‌ی نێو كتێبه‌كانی كتێبخانه‌كه‌ی بابان، پاشان له‌وێوه رووداوه‌كان ده‌ست پێده‌كات، تا دواجار خوێنه‌ر تێده‌گات كوڕه‌گه‌نجه‌كه كاراكته‌رێكی نێو رووداوه‌كانه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كه له‌كتێبخانه‌كه‌دا ده‌یناسێت‌و پێكه‌وه باس له چیرۆك‌و كتێب ده‌كه‌ن. رۆمانه‌كه زۆر رووداوی په‌نهان‌و ئیستاتیكی له‌هه‌ناوییدا حه‌شارداوه‌و تا دواجار به‌وه ده‌گات، كه میری بابان ناتوانێت نه‌مری به‌رجه‌سته بكات‌و ئه‌و خه‌ونه به‌با ده‌چێت.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باسی گێڕانه‌وه‌و گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه بكه‌ین، ره‌نگه له‌سه‌ره‌وه به‌شێكیمان باس كردبێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مانه‌وێت له‌رووی بونیادی گێڕانه‌وه‌وه له‌رۆمانه‌كه بڕوانین و سه‌ره‌تا به قسه‌یه‌كی "ماریۆ بارگاس یۆسا" ده‌ست پێده‌كه‌ین كه ده‌ڵێت: "بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێك له‌رێی نووسینه‌وه، هه‌ر نووسه‌رێك "گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ك" خه‌لقده‌كات، كه ده‌بێته نوێنه‌ری، یان بریكاری‌و به‌ڕه‌هایی سه‌رپشكی ده‌كات بۆ كاره به‌خه‌یاڵ كراوه‌كه‌ی، كه ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه خۆی به خه‌یاڵكراوه، وه‌كو هه‌ریه‌ك له كه‌سێتییه‌كانی ناو ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه. ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه له وشه دروستكراوه، به‌ته‌نیا له‌ناو ئه‌و رۆمانه‌و بۆ ئه‌و رۆمانه ده‌ژی، ئه‌و (كه‌سێتییه) گێڕه‌ره‌وه‌یه ده‌شێت له‌ناوچیرۆكه‌كه‌دا بێت، یان له‌ده‌ره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه، یان له‌جێیه‌كی نادیار‌و نادڵنیادا بێ، كه ئه‌مه‌ش به‌پێی چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ده‌گۆڕێت، كه ئایا كه‌سی یه‌كه‌م (قسه‌كه‌ر)، یان سێیه‌م (نادیار)، یان دووه‌م (قسه له‌گه‌ڵكراو). به‌پێی ئه‌و شوێنه‌ی گێڕه‌ره‌وه ده‌یگۆڕێ به‌نیسبه‌ت ئه‌وه‌وه كه ده‌گێڕدرێَته‌وه، ئه‌و مه‌ودایه‌ی گێڕه‌ره‌وه جیاده‌كاته‌وه له‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌یزانێ، ئه‌و مه‌ودایه ده‌گۆڕێت".
له‌م رۆمانه‌ی عه‌تا محه‌مه‌ددا هه‌ست به بوونی دوو گێڕه‌ره‌وه ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی نادیاره‌و دووه‌میش ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه‌یه، كه گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م خه‌لقی كردووه‌و هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی كۆی چیرۆكه‌كه ده‌دات. خوێنه‌ر له كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا بۆی ئاشكرا ده‌بێت گێڕه‌ره‌وه‌ی دووه‌م هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه، كه هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی كۆی چیرۆكه‌كه‌ی داوه. واته نووسه‌ر له‌بری گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ك چه‌ند گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌یه، كه یه‌كه‌میان وه‌ك خستمانه‌ڕوو نادیاره‌و دووه‌م‌و پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه یه‌ك كه‌سن، كه ئه‌ویش "مردن"ه.
یۆسا له شوێنێكی تردا باس له‌وه ده‌كات یه‌كه‌م كێشه، كه ده‌بێت رۆماننووس چاره‌ی بكات ئه‌وه‌یه كه (كێ چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه؟) بێگومان بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، عه‌تا محه‌مه‌د تێكه‌ڵكارییه‌كی زۆری كردووه له‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی نادیار بوونی هه‌یه‌و پاشان كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی نێو كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف‌و له‌دواتریشدا گێڕه‌ره‌وه ون ده‌بێت، بۆیه خوێنه‌ر به‌ئاسانی هه‌ست به گێڕه‌ره‌وه ناكات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تارماییه‌كانی ئاشنا ده‌بێت. ئه‌م حاڵه‌ته لای عه‌تا چاره‌سه‌ر كراوه به‌وه‌ی له‌نێو تێكسته‌كه‌دا فه‌زایه‌ك خولقاوه، كه ونبوونی گێڕه‌ره‌وه، یان نادیارییه‌كه‌ی باوه‌ڕ به خوێنه‌ر ده‌كات‌و كێشه‌ی بۆ تێكسته‌كه دروست نه‌كردووه، بۆیه پرسیاری (كێ چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه؟) له‌و پرسیارانه‌یه، كه خوێنه‌ر تا كۆتایی رۆمانه‌كه له بیریدایه‌و ناكرێت نووسه‌ر بۆشایی تێدا بهێڵێته‌وه.
هه‌روه‌ها له رۆمانی "گێلاسی خوێن"دا هه‌ست به فره گێڕانه‌وه ده‌كه‌ین‌و نوسه‌ر ته‌نها هه‌وڵی نه‌داوه كه رۆمانه‌كه به یه‌ك ریتم بڕوات له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و ئاڵۆزییه له گێڕانه‌وه‌دا، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكێكی تۆكمه ئاماده‌یی هه‌یه‌و خوێنه‌ر ون نابێت له‌نێو ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی له گێڕانه‌وه‌كه‌دا به‌رجه‌سته كراوه. جوانترین به‌شی ئه‌م رۆمانه‌و گێڕانه‌وه‌كه‌ی به‌لای منه‌وه له‌و كاته‌وه ده‌ست پێده‌كات كه "شارساز"ه‌كه چیرۆكی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌و به‌م رسته‌یه به‌شه‌كه ده‌ست پێده‌كات: "من به شارساز ناسراوم، كه به ته‌مومژی ده‌كوژرێم‌و دیاره پیشه‌كه‌شم هه‌ر سه‌یره‌و نه‌بیستراوه..."
تێكه‌ڵكردنی زه‌مه‌نه‌كان
یه‌كێك له‌كاره سه‌خته‌كانی گێڕانه‌وه راگرتنی باڵانسی زه‌مه‌نه. چونكه رۆمانووس پێویستییه‌كی زۆری به تێكه‌ڵكردنی زه‌مه‌نه‌كان هه‌یه‌و به‌رده‌وام دێنه به‌رده‌می، بۆیه دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی نوێ بۆ ئه‌و تێكه‌ڵكارییه، ره‌نگه كاری نووسه‌ر سه‌ختر بكات.
یۆسا له‌باره‌ی زه‌مه‌نه‌وه له رۆمان‌دا ده‌ڵێت: "له‌هه‌موو رۆمانێكدا زه‌مه‌ن داهێنانێكی شێوه‌سازییه، چونكه چیرۆكه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ڕوات به‌ڕێوه، كه له‌گه‌ڵ ژیانی واقیعدا هه‌رگیز هاوشێوه جووت نابێت، له‌هه‌مانكاتدا كرۆنۆلۆژیای زه‌مه‌نی به‌خه‌یاڵكراو، واته په‌یوه‌ندی نێوان زه‌مه‌نی گێڕه‌ره‌وه‌و زه‌مه‌نی ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه به‌ته‌واوی پشت به‌و چیرۆكه ده‌به‌ستێ، كه ده‌گێڕدرێته‌وه به‌به‌كارهێنانی ئه‌و گۆشه‌نیگا زه‌مه‌نییه".
لێره‌وه ده‌كرێت بپرسین په‌یوه‌ندی زه‌مه‌نی له‌نێوان گێڕه‌ره‌وه‌كانی عه‌تادا، له‌م رۆمانه‌دا له چ ئاستێكدایه؟ له‌م رۆمانه‌دا ده‌كرێت سێ زه‌مه‌نی سه‌ره‌كی ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه یه‌كه‌میان زه‌مه‌نی گێڕه‌ره‌وه‌ی نادیاره‌و له‌پێشه‌كییه‌كه‌دا هه‌ست به بوونی ده‌كه‌ین، كه ئه‌و زه‌مه‌نه‌ش وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌كه نادیارییه‌كی تێدایه به‌وه‌ی كاته‌كه ده‌ستنیشان نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌وه هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ر دروست ناكات‌و پێده‌چێت نووسه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌ر جێهێشتیبێت. زه‌مه‌نی دووه‌میش زه‌مه‌نی نووسینه‌وه‌و گه‌ڕانی كوڕه گه‌نجه‌كه‌یه به‌نێو كتێبخانه‌كه‌ی بابان‌و دۆزینه‌وه‌ی رۆمانی "گێلاسی خوێن"ه. زه‌مه‌نی سێیه‌میش زه‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی بابانه. هاوكات ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌م، كه ئه‌م رۆمانه دوو نووسه‌ری هه‌یه یه‌كه‌میان كوڕه گه‌نجه‌كه‌یه كه له‌كتێبخانه‌ی ئه‌وقافداو له‌نێو كتێبه‌كانی بابان‌دا به‌شه‌كانی ئه‌و رۆمانه ده‌دۆزێته‌وه‌و پاشان ده‌ینووسێته‌وه. هه‌روه‌ها نووسه‌ری دووه‌میش عه‌تا محه‌مه‌ده. هه‌روه‌ها له به‌شی كۆتایی رۆمانه‌كه‌و له جێگایه‌كی تریشدا كوڕه‌گه‌نجه هه‌ستده‌كات كه ئه‌وه مردنه ئه‌و رۆمانه‌ی نوسیوه‌ته‌وه. واته رۆمانووس هه‌تا گه‌مه‌ی تێكه‌ڵكاری له نووسینی رۆمانه‌كه‌شدا كردووه‌و له‌پێناو پیشاندانی ته‌كنیكێكی تازه‌تردا، ئه‌مه بێجگه له گه‌مه‌كردنه‌كانی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وان‌و گێڕه‌ره‌وه‌و شوێن‌و زه‌مه‌ندا.
به‌ر له‌م رۆمانه عه‌تا له چیرۆكی "ته‌ته‌ری مێژووه ئه‌ندێشه‌ییه‌كان"یشدا هه‌مان گه‌مه‌ی كردووه، به‌وه‌ی فیگۆری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه "یاده‌وه‌ری سه‌ر به ئاینده‌یه، نه‌وه‌ك رابردوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی رابردووی ئه‌و فیگۆره ئاینده بێت". هه‌روه‌ها له‌نێوان زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌و ئه‌و پاڵه‌وانه ئه‌ندێشه‌ییه‌ی عه‌تادا زیاتر له سه‌ده‌و نیوێك مه‌ودا هه‌یه، كه وه‌ك عه‌تا خۆی ده‌نوسێت "ته‌نها ئه‌ندێشه توانای بڕینی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی هه‌یه". لێره‌وه روون ده‌بێته‌وه، كه ئه‌م دوو تێكسته (واته رۆمانه‌كه‌و ئه‌و چیرۆكه‌ی ئاماژه‌مان بۆ كرد)، هه‌ردووكیان له‌یه‌ك زه‌مه‌ندا كاریان كردووه، كه زه‌مه‌نی میری بابانه. ئه‌مه خاڵێكی هاوبه‌شی هه‌ردوو تێكسته‌كه‌یه، هه‌روه‌ها بوونی فره زه‌مه‌نی به‌تایبه‌ت له چیرۆكی "ته‌ته‌ری مێژووه ئه‌ندێشه‌ییه‌كان"دا به ئاشكرا چیرۆكنووس كاری له‌تێكه‌ڵكاری زه‌مه‌نكاندا كردووه، كه له رۆمانی "گێلاسی خوێن"یشدا هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌ڵام له رۆمانه‌كه‌دا به‌شێوه‌ی شاراوه‌و نادیار خراوه‌ته‌ڕوو.
ئه‌م گه‌مه‌كردنه‌و تێكه‌ڵكارییه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا له چیرۆكی "ته‌ته‌ری مێژووه ئه‌ندێشه‌ییه‌كان"دا كردوویه‌تی، ده‌كرێت وه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كاركردنه‌ی عه‌تا سه‌یری بكه‌ین له رۆمانی "ئافاته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی مێخه‌ك"دا، كه له به‌شێكی ئه‌و رۆمانه‌دا پاڵه‌وانه‌كه بۆ زه‌مه‌نی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌شێكی له‌ژێر ناوی "به‌ره‌و رابردوو"دا خستۆته‌ڕوو. لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی، كه ئه‌م چیرۆكنووسه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌مه‌نه‌كاندا هه‌یه‌و له‌به‌شێكی له چیرۆكه‌كانییدا زیاد له زه‌مه‌نێك هه‌یه، یان زه‌مه‌نێكی نادیار هه‌یه. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی یاده‌وه‌ریشه‌وه عه‌تا له"گێلاسی خوێن"دا ده‌نوسێت "...داهاتوو به ئه‌ندێشه داگیرده‌كرێت، نه‌ك یاده‌وه‌ریی". بۆیه ئه‌ندێشه‌كردنی زه‌مه‌نی داهاتوو لای پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره، ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر داهاتوودا‌و خۆداماڵینه له یاده‌وه‌ریی. واته هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، كه پاڵه‌وانه‌كانی له‌شه‌ڕێكی سه‌ختدان له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن، بۆیه تێكه‌ڵكردنی زه‌مه‌نه‌كان بۆ گه‌یشتنه به ئه‌ندێشه‌كردن‌و خولقاندنی زه‌مه‌نێكی نوێ له چیرۆكدا.
ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه بۆ بۆچوونه‌كانی "هێنری برگسۆن" بكه‌ین، كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه ئه‌و بۆچوونانه ره‌تده‌كاته‌وه، كه كاتی رابردوو، به‌كاتی به‌سه‌رچوو داده‌نرێت، چونكه له روانگه‌ی ئه‌مه‌وه، ئه‌و جۆره بۆچوونانه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تێگه‌یشتنه دامه‌زراون، كه كات ده‌كه‌نه دیارده‌ییه‌كی شوێنی، واته مه‌ودایه‌كی بابه‌تی ده‌به‌خشن، له‌كاتێكدا كه كات له‌لای "برگسۆن" له بۆچوونه ده‌روونییه‌كانی مرۆڤ ناچێته ده‌ره‌وه. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م بۆچوونه‌شیدا وتویه‌تی: پێوانی كات به كاتژمێر ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌مكی شوێن تێكه‌ڵ به چه‌مكی كات بكرێت، كه ئه‌مه‌ش جۆره ڕوانگه‌یه‌كی میكانیكییه‌و به باڵای شوێندا بڕاوه. هاوكات برگسۆن بۆ شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكی كات، به‌رده‌وامییه‌تی كاتی كردووه به بناغه‌ی بۆچوونه‌كانی له‌مه‌شه‌وه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، كه ناكرێت كات بۆ كۆمه‌ڵه به‌شێكی جیا‌و لێكدابڕاو دابه‌شبكرێت. له‌به‌رهه‌مه‌كانی عه‌تاشدا ته‌واو هه‌ست به‌و بیركردنه‌وه‌و به‌كاربردنه برگسۆنییه ده‌كه‌ین له‌مه‌ڕ كات، هه‌م له رۆمانی گێلاسی خوێن‌و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دیكه‌ی عه‌تا، كه له‌م به‌شه‌دا ئاماژه‌مان بۆ كرد.
پیت‌و ناسنامه
ئایا "پیت" ده‌بێته ناسنامه‌ی مرۆڤ، یاخود نه‌ته‌وه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه، كه عه‌تا له‌م رۆمانه‌دا‌و له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌وه ئاماژه‌یه‌كی تیژتێپه‌ڕی پێداوه‌و ئێمه له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ماندا هه‌وڵی وردكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاماژه‌یه ده‌ده‌ین، كه له به‌شی "ده‌یه‌م پیتی كوژراو"ی رۆمانه‌كه‌دا نووسه‌ر خستویه‌تییه‌ڕوو. له‌م رۆمانه‌دا "پیت" ده‌ركه‌وتنێكی تری هه‌یه‌و رۆحی تێدایه‌و ژیان ده‌كات. هاوكات ده‌بێته بكوژ‌و كوژراویش، ئه‌وه‌ی عه‌تا وێنای ده‌كات بۆ خستنه‌ڕووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان "پیت‌و نه‌ته‌وه"یه، یان ده‌كرێت بڵێین "پیت‌و ناسنامه"یه. ئێمه له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌وه‌ستین.
ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له به‌شی "ده‌یه‌م پیتی كوژراو"ی رۆمانی "گێلاسی خوێن"دا ده‌یخاته‌ڕوو، چه‌نده به‌رهه‌می خه‌یاڵه‌و فه‌نتازیایه، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به واقیعه‌وه هه‌یه. له‌م به‌شه‌دا پیتی (ع)، پیتی (ژ) ده‌كوژێت. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه پێیوایه به‌رجه‌سته‌بوویه‌كی ناجۆری پیتی (ز)ه، یان سێبه‌ری (ز)ه. ئه‌و پیتی (ع)ه‌ی، كه (ژ) ده‌كوژێت نادیاره له‌وه‌ی كێیه‌و عه‌تا ده‌نوسێت: پێده‌چێت عه‌ینی عوسمانی، یان عه‌ره‌ب بێت. لێره‌دا هه‌ست به ده‌ركه‌وتنی هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و تورك‌و عه‌ره‌ب ده‌كه‌ین، كه وه‌ك له رۆمانه‌كه‌شدا خراوه‌ته‌ڕوو عه‌ره‌ب له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیتی (ژ)یان نییه، هه‌وڵی كوشتنی ئه‌و پیته ده‌ده‌ن. ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ی تر ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم پیتی (ژ) ته‌نها له قسه‌كردندا به‌كار ده‌هێنن‌و له نوسیندا خاوه‌نی پیتێك نین هێما بێت به (ژ). هه‌روه‌ها ئه‌وان ده‌یانه‌وێت كورد كه خاوه‌نی ئه‌و پیته‌یه‌و بۆته ناسنامه‌ی بیسڕنه‌وه. واته گه‌مه‌كه له جه‌نگی پیته‌كانه‌وه ده‌بێته جه‌نگی نه‌ته‌وه‌كان‌و له‌وێشه‌وه ده‌بێته جه‌نگی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب‌و تورك هه‌ستی پێده‌كه‌ین.
له سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌شێك له عه‌ره‌به‌كان دژی ئه‌و پیته كوردییانه‌بوون، كه له زمانی كوردییدا هه‌یه و له زمانی عه‌ره‌بیدا نه‌بووه‌و ئه‌وكاته یه‌كێك له عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان، كه ئه‌وكات كاربه‌ده‌ستی حكومه‌تی عیراقی بووه ئه‌و هه‌وڵه‌ی داوه‌و به‌تایبه‌ت دژی سڕینه‌وه‌ی پیتی (ژ)و (پ) بوون و دواجار هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرت، پێده‌چێت ئه‌م به‌شه‌ی رۆمانه‌كه‌ی عه‌تاش ئاماژه‌یه‌كی تێدابێت بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و پیته، كه جۆرێكی تر بووه له سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كورد، به‌ڵام له‌ڕێی پیته‌كانه‌وه. عه‌تا له‌و به‌شدا ده‌نوسێت:
"(ع) كه نه‌یده‌توانی به‌ته‌واوی ده‌یه‌م پیت گۆ بكات، به پشته قه‌موره‌كه‌یه‌وه سه‌ری نزیك كرده‌وه‌و وتی: تۆ جگه له وه‌همێك، ساخته‌یه‌ك هیچی تر نیت. كاتێك خودا پیته‌كانی سازاند تۆ له به‌هه‌شتدا نه‌بوویت‌و فێری ئاده‌میش نه‌كرایت. ئه‌و رۆژه‌ی خولقێنراین‌و ملكه‌چانه وه‌ستاین تا ئاده‌م بمانبینێت‌و چه‌ند جارێك گۆمان بكات، له‌و ریزه‌دا نه‌بوویت. هه‌ر بۆیه تۆ جگه له (ز)ێكی تێكشكاو هیچی تر نیت، یاخود سێبه‌رێكی (ز)یت. سێبه‌ریش له‌م ئه‌بجه‌دییه‌دا نییه‌و جێگای نابێـته‌وه، كه خودا خۆی دایناوه‌و ئاده‌می فێر كرد."
هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی پیته كوردییه‌كان‌و ده‌ستكاریكردنی زمانی كوردی هیچی كه‌متر نه‌بووه له هه‌وڵه‌كانی ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و ته‌عریبكردن. به‌ڵام ئه‌مه‌یان سڕینه‌وه‌یه‌كی سپییه‌و خوێنی تێدا ناڕژێت. بێگومان ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نها له‌م رۆمانه‌دا لای عه‌تا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نییه، به‌ڵكو له چیرۆكی "دووه‌مین قورئان"ی هه‌مان نووسه‌ردا دیكتاتۆر ده‌یه‌وێت پیته‌كانی وشه‌ی ئازادی بكوژێت. عه‌تا له‌چیرۆكه‌كه‌دا ده‌نوسێت: دیكتاتۆره‌كان زۆر له‌وه ترسناكترن نووسین ده‌ره‌قه‌تیان بێت. لێره‌وه تێده‌گه‌ین عه‌تا نایه‌وێت له رێی نووسینه‌وه شه‌ڕی دیكتاتۆره‌كان بكات، به‌ڵكو لای ئه‌و نووسین له‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كان هه‌وڵه بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و دنیا ناشیرینه‌ی ئه‌وان دروستیان كرد، كه ده‌یانویست هیچ شتێك له شوێنی خۆیدا نه‌مێنێته‌وه.
له‌نێو چیرۆكه‌كه‌ی عه‌تادا سڕینه‌وه‌ی وشه‌كانی (حریه)و (حب)و (حیاه)و(رایه) گۆڕینیان به‌وشه‌ی تر یه‌كێكه له كاره سه‌ره‌كییه‌كانی دیكتاتۆر‌و ئه‌مه‌ش له قورئانه‌وه ده‌ست پێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قورئانه نوێیه‌ی كه ده‌نوسرێته‌وه یه‌كه‌مجار ئه‌و وشانه‌ی تێدایه نه‌مێنێت و قورئانێكی تر، كه عه‌تا به "دووه‌مین قورئان" ناوی ده‌بات بێته‌بوون. پاش ئه‌وه‌ش ده‌ست ده‌كرێت به ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك كه ئه‌و پیت‌و وشانه‌ی تێدا نه‌بێت، كه له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو. له‌پاشتریش ده‌ست ده‌كرێت به پاكتاوكردنی زمانی نێو هه‌موو كتێبخانه‌كان‌و دووباره له‌چاپدانه‌وه‌یان. وه‌ك ده‌بینین نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌شدا دیسان پیت وه‌ك ناسنامه ده‌بینێت، به‌ڵام ناسنامه‌یه‌ك كه ئازادی به‌رجه‌سته ده‌كات‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و پیتانه‌ی له وشه‌كانی (حریه)و (حب)و (حیاه)و(رایه) دایه واته سڕینه‌وه‌و ناسنامه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ئازادی بژین. بۆیه ده‌كرێت ئه‌م هه‌وڵه‌ی عه‌تا له "گێلاسی خوێن"دا وه‌ك هه‌وڵێكی به‌رفراوانتری ئه‌م نووسه‌ره سه‌یر بكه‌ین له‌مه‌ڕ پرسی پیت‌و ناسنامه، كه له چیرۆكی "دووه‌مین قورئان"دا چه‌مكی ئازادی‌و خۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و له‌م رۆمانه‌شدا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه.
ره‌گه‌زی مردن له "گێلاسی خوێن"دا
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه، كه مه‌به‌ستم له ره‌گه‌زی مردن له "گێلاسی خوێن"دا چییه؟ بێگومان من ده‌مه‌وێت له جنسییه‌تی مردن له‌م رۆمانه‌دا بدوێم. ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌مان خسته‌ڕوو كه "مردن" وه‌ك كاراكته‌رێك له رۆمانه‌كه‌ی عه‌تادا به‌رجه‌سته كراوه‌و رۆڵی له رووداوه‌كاندا هه‌یه‌و له‌نێو دێڕه‌كاندا هه‌ست به تارمایی‌و بوونی راسته‌قینه‌ی ده‌كرێت. بۆیه پێویستمان به‌وه‌یه بزانیین له‌رووی ره‌گه‌زه‌وه (جنس) نووسه‌ر "مردن"ی به چ جنسێك به‌رجه‌سته كردووه‌و ئه‌و به‌رجه‌سته‌كردنه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
به‌ر له‌وه‌ی باسی ره‌گه‌زی مردن بكه‌ین له رۆمانه‌كه‌ی عه‌تا محه‌مه‌ددا، ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مێژووی به‌خشینی ره‌گه‌ز به مه‌رگ‌و تا له‌وێوه چه‌ند ئه‌نجامێكمان له‌مه‌ڕ ره‌گه‌زی مه‌رگ له‌م رۆمانه‌دا چنگ بكه‌وێت. ئۆلین ستینگ له وتارێكدا به‌ناوی "ئایا مه‌رگ پیاوه" كه "ئازاد به‌هین" كردویه‌تی به كوردی به وردی باس له سه‌ره‌تاكانی به‌خشینی ره‌گه‌زی به "مه‌رگ" كردووه‌و له‌و وتاره‌دا "ئۆلین ستینگ" ده‌نوسێت: "له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و پێشتردا هه‌میشه مه‌رگ وه‌ك پیاو "نێریینه" وێناكراوه، هاوكات له كولتووری ئیسلامییدا مه‌رگ رووخسارێكی ژنانه‌ی هه‌یه".
"كاڕل ئێس گۆتگ" پڕۆفیسۆری ئه‌ڵمانی له هونه‌رو ئه‌ده‌بیاتدا له وتارێكدا به‌ناوی "جنسییه‌تی مه‌رگ" ئه‌ویش به‌دوای ره‌گه‌زی مه‌رگدا وێڵه‌و دواجاریش ناگاته هیچ ئه‌نجامێكی كۆتایی‌و ئه‌نجامگیرییه‌كان بۆ خوێنه‌ر به‌جێدێڵێت. به‌ڵام هه‌ندێك له توێژه‌ره‌وان هۆكاری جیاوازبوونی ره‌گه‌زی مردن له‌نێوان كولتووره جیاوازه‌كاندا ده‌گێڕنه‌وه بۆ هۆكاری جیاوازی ڕاناوه‌كان‌و چۆنێتی به‌كارهێنانیان له زمانه‌كاندا. ئه‌و توێژینه‌وانه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه نێرینه‌ی ئه‌ڵمانی، له زمانی فه‌ره‌نسی‌و ئیتالی‌و ئیسپانییدا مێینه‌یه. بێگومان پێده‌چێت به‌خشینی ره‌گه‌ز له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌و كولتوور‌و زمانه جیاوازه‌كانه‌وه به‌شێكی هۆكاری زمانی‌و چۆنێتی به‌كاربردنی ڕاناو و نووسین‌و وشه‌كان بێت. هاوكات به‌شێكی تر له توێژه‌ره‌وان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی رێلكه‌دا مه‌رگ ژنه. هه‌روه‌ها شانۆنامه‌نووسه فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌وانه "ئانیسكۆ و ئاناوس" رووخسارێكی پیاوانه‌یان به مه‌رگ به‌خشیوه. له‌كاتێكدا شانۆنامه‌نووسه ئه‌ڵمانییه‌كان له‌وانه‌ش "مۆلێر و برێشت" وێنه‌یه‌كی دایكانه‌یان به مه‌رگ به‌خشیوه. له شیعری "خاتوونی مه‌رگ"ی ماریا رێلكه و "شیعری ترسناك" به‌رهه‌می چارلز بۆدلێریشدا مه‌رگ ده‌ركه‌وتنێكی مێینانه‌ی هه‌یه. به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی ئیتالیدا مه‌رگ له‌شێوه‌ی "شا"و "رابه‌رو فه‌رمانده"و هه‌تا "خودا"شدا وێنا كراوه، كه تێكڕای لێكۆڵه‌ره‌وان پێیان وایه ئه‌مانه هێمای نێرینه‌یی ره‌گه‌زی مه‌رگ ده‌رده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت، كه له زۆرێك له زمانه‌كانی دنیادا مه‌رگ بێ ره‌گه‌زه‌و خاوه‌نی هیچ "جنسییه‌تێك" نییه.
"كاڕل ئێس گۆتگ" له دوا وته‌كانی ئه‌و وتاره‌یدا له‌مه‌ڕ "ره‌گه‌زی مه‌رگ" ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، "وێنه دروستكردن له شتێك، كه بوونێكی به‌رجه‌سته‌ی نییه‌و ته‌نها بوونێكی فیزیكی هه‌یه، كارێكی ئه‌سته‌م‌و قورسه‌و به‌خشینی ره‌گه‌زێكی دیاریكراویش پێی، ره‌نگه كارێكی پێویست نه‌بێت‌و سوودێكیشی نییه". هه‌روه‌ها ده‌نوسێت: "ئێمه هه‌رگیز ناتوانین وێنه‌یه‌ك له مه‌رگ بكێشینه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه مه‌رگ له ژیان جیا نابێته‌وه‌و به‌شێكی جیانه‌بوه‌وه‌یه له ژیان".
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه له‌مه‌ڕ ره‌گه‌زی مردن له رۆمانه‌كه‌ی عه‌تادا بدوێین. بێگومان وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی تیژتێپه‌ڕمان به ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه داوه، به‌ڵام وه‌ك له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، مه‌رگ وه‌ك ره‌گه‌زی نێرینه به‌رجه‌سته بووه‌و یه‌كه‌م رسته‌ی رۆمانه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌كات: "دوای ئه‌وه‌ی كوڕه گه‌نجه‌كه دڵنیا بوو ناتوانێت رێگای جادووگه‌ره مه‌زنه‌كان بگرێته به‌ر..." بێگومان ئێمه ده‌زانین مردن له شێوه‌ی هاوڕی كوڕه گه‌نجه‌كه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات (وه‌ك خوێنه‌ر له رۆمانه‌كه‌دا هه‌ستی پێده‌كات) هه‌ر له ره‌گه‌زی نێرینه‌یه‌و هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی "مردن" ره‌گه‌زی مێیینه‌ی هه‌بێت . واته ئێمه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی، كه مردن لای عه‌تا محه‌مه‌د له‌م رۆمانه‌دا له ره‌گه‌زی "نێر"دا به‌رجه‌سته كراوه.
ئه‌گه‌ر پرسیار له‌وه بكه‌ین بۆچی نووسه‌ر له "گێلاسی خوێن"دا "مردن"ی وه‌ك ره‌گه‌زی "نێریینه" به‌رجه‌سته كردووه‌و وه‌ك ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر به‌رجه‌سته‌ی نه‌كردووه، پێده‌چێت ئه‌م وێناكردنه‌ی نووسه‌ر بۆ چه‌ند حاڵه‌تێك بگه‌ڕێته‌وه، كه ره‌نگه حاڵه‌تێكیان ئه‌وه بێت نووسه‌ر ره‌گه‌زی "مێیینه"ی وه‌ك ره‌گه‌زێكی ناسك‌و ژیاندۆست وێناكردبێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی "نێریینه"وه، كه وه‌ك ره‌گه‌زێكی دڵڕه‌ق‌و مه‌رگدۆست‌و وه‌ك بكه‌رێكی سه‌ره‌كی جه‌نگه‌كان به‌درێژایی مێژوو بونیان هه‌بووه‌و تا ئێستاش بكه‌رێكی سه‌ره‌كی جه‌نگه‌كانن. هه‌روه‌ها پێده‌چێت حاڵه‌تی دووه‌م بۆ هۆكار‌و پێكهاته‌ی زمانه‌وانی وشه‌ی "مردن" بگه‌ڕێته‌وه له زمانی كوردیدا كه وشه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له زمانی كوردیدا "نێر‌و مێ" جیا ناكرێنه‌وه، به‌ڵام وشه‌ی "مردن" زیاتر هێزێكی نێرینه‌یی تێدایه تا مێیینه‌یی.
له‌به‌شی كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا عه‌تا له رێی حیكایه‌تێكی سلێمان پێغه‌مبه‌ره‌وه دیسان مردن وه‌ك پیاو وێنا ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها پێده‌چێت ئه‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی نێرییه‌ی مردن لای عه‌تا بگه‌ڕێته‌وه بۆ كولتووری رۆژهه‌ڵاتی كه له‌م كولتووره‌دا مردن له زۆرێك له حیكایه‌ت‌و چیرۆكه‌كاندا له ره‌گه‌زی نێرینه‌یه. هاوكات به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه خرایه‌ڕوو ده‌كرێت قسه‌ی زیاتر له‌سه‌ر جنسییه‌تی مه‌رگ بكرێت‌و هه‌م بۆچوونی جیاتریش له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنی ره‌گه‌زی "نێرینه" له رۆمانه‌كه‌ی عه‌تادا بۆ "مردن" بخرێته‌ڕوو. ئێمه لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان به پێویست زانیوه.
نه‌مری‌و رۆژئاوا
پرسیاری نێوان نه‌مری‌و مردن ئه‌وه‌یه ئایا مردن نه‌مرییه، یان ژیان نه‌مرییه. بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره تا ئێستاش وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌و تۆی نییه‌و هیچ كام له‌و وه‌ڵامانه‌ی، كه به‌م پرسیاره دراونه‌ته‌وه به‌شێك بڕوایان پێیه‌تی‌و به‌شێكی تر ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه. به‌شێكی زۆر له بڕواداران به ئایینه‌كان بڕوایان وایه كه "مردن نه‌مرییه"و ژیان ئه‌زموون‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كاتییه. به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا به‌شێكی زۆر له بیریاران بڕوایان وایه پاش ئه‌م ژیانه ژیانی تر نییه‌و مردن نه‌مرییه.
یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی بۆ میری بابان له‌پێناو نه‌مریدا ده‌یگرێته‌به‌ر، ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌یه‌ك بنێرێت بۆ رۆژئاوا تا له رێی زانسته‌كانی رۆژئاواوه بگه‌نه نه‌مری. عه‌تا له لاپه‌ڕه (84)دا ده‌نوسێت:
"یه‌كێك له‌و كارانه‌ی سلێمانی گرتییه‌به‌ر له‌پێناو نه‌مرییدا، ناردنی ده‌سته‌یه‌ك بوو به‌ره‌و رۆژئاوا تا بتوانن له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زانسته‌كانی ئه‌وێ بكڕن، یاخود بدزن‌و بگه‌ڕێنه‌وه، به‌باری ده‌ستنوسه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه، به جیاش له هه‌موو زانسته‌كانی تر ده‌بوو نهێنی ژماره‌و فڕین‌و ئه‌ندازه‌و كیمیا له‌گه‌ڵ خۆیان بهێننه‌وه... به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان زانرا كه ئه‌مان نه‌یانتوانیوه له ده‌روازه‌كانی رۆژئاوا بده‌ن (وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژئاوا بوونی نه‌بێت)و هه‌رگیز رۆژئاوایان نه‌دۆزییه‌وه."
ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی میر ده‌ینێرێت ناگه‌نه رۆژئاوا‌و ناتوانن له رێی زانسته‌كانه‌وه نه‌مری بۆ میری بابان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌رجه‌سته بكه‌ن. ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بخرێته‌ڕوو، كه گه‌یشتن به رۆژئاوا گرنگ نییه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه گرنگه چی له رۆژئاواوه ده‌هێنرێته‌وه بۆ وڵات. هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌م بۆچوونه‌ی نووسه‌ر كه له‌م رۆمانه‌دا خستویه‌تییه‌ڕوو ره‌خنه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی میری بابان‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی پاشتری كوردی بێت، كه تا ئێستا نه‌یاتوانیوه رۆژئاوا بكه‌نه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. بۆیه ئه‌گه‌ر له مێژوو وردبینه‌وه تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌میش كورد خاوه‌نی تێكستێكی زانستی نییه‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت زمانی زانستیی كوردی وه‌ك پێویست نییه، ده‌یان چه‌مكی زانستی‌و ده‌سته‌واژه‌ی جۆر به‌جۆر هه‌یه، كه كورد ناتوانێت به كوردی بیان نووسێت. بێگومان هه‌موو ئه‌وانه په‌یوه‌ندی به‌و كه‌مته‌رخه‌مییه قوڵه‌ی تاك‌و ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌یه به‌رانبه‌ر زانست‌و گرنگی نه‌دان به زانسته‌كان، كه چاوگه‌كه‌یان له رۆژئاواوه‌یه. كورد ئه‌وه‌ندی چاوی له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب‌و به‌دوای ئایینه‌كانه‌وه وێڵ بووه، ئه‌وه‌نده به‌دوای مه‌عریفه‌و زانسته‌وه وێڵ نه‌بووه. عه‌تاش له‌م رۆمانه‌دا به ورده‌كارییه‌وه له‌م لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌دات.
به‌ده‌ر له‌و رێگه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو، میری بابان ده‌یه‌وێت له‌شه‌ش رێگه‌ی تره‌وه نه‌مری به‌رجه‌سته بكات تا هیچ نه‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌و شێوه ترسناكه زوو ته‌فروتونا نه‌بێت. ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی كورت ئاماژه بۆ رێگه‌كانی تریش بكه‌ین.
یه‌كێكی تر له رێگه‌كانی به‌رجه‌سته‌كردنی نه‌مری له‌رێی "نه‌خشه‌سازه ئه‌فسونگه‌ره‌كه"وه‌یه، كه له توانایدایه له رێگای دروستكردنی نه‌خشه‌یه‌كه‌وه كه ره‌نگه‌كانی دره‌وشاوه‌ن، ده‌توانێت جیهانێكی تر بخوڵقێنێت، زه‌وی سه‌یرو به‌پیت، بیابانی كاكی به‌كاكی‌و ناوچه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندان‌و دارستان بخاته سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وی بابان.
سێیه‌م رێگه، كه میری بابان ده‌یگرێته به‌ر بۆ نه‌مركردنی سلێمانی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، له رێگه‌ی "شارساز"ێكه‌وه‌یه، كه ده‌توانێت له‌رێگه‌ی دروستكردنی وێنه‌یه‌كی تری سلێمانی له نه‌خشه‌كاندا شاری سلێمانی دروست بكات. بێگومان نه‌ك ته‌نها وێنه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی، به‌ڵكو وێنه‌یه‌ك كه هه‌موو كوچه‌و كۆڵانه‌كانی تێدا نه‌خشێنراوه‌و جێگای بازاڕ‌و كاروانسه‌راكان تێیدا دیاری كراوه، كه ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی شارسازه‌كه دروستی ده‌كات نه‌خشه‌یه‌كی وه‌همی شاره. پێده‌چێت نووسه‌ر له‌پشت خولقاندنی ئه‌م "شارساز"ه‌وه كۆمه‌ڵێك خه‌ون‌و مه‌به‌ستی تایبه‌تی هه‌بووبێت، كه پێده‌چێت گرنگترینیان خه‌ونی بوونی شار بێت لای كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، چونكه تا ئێستاش زۆرجار شار لای ئێمه هه‌ڵگری مه‌فهومه فراوان‌و چه‌مكی "شار" نییه. هه‌ر له رووی فه‌رهه‌نگی كولتوورییه‌وه بۆ رووكاره ژینگه‌ییه‌كه‌ی. بۆیه ده‌كرێت خولقاندنی فیگۆری "شارساز" ئه‌وه‌نده‌ی بۆ په‌نجه خستنه سه‌ر ئه‌و زامه‌یه، كه كورد تا ئێستا "شار"ی نییه‌و پێویستی به "شارساز" هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ چه‌مكی "شار" بگێڕێته‌وه‌و له‌و گوندبوونه چه‌قبه‌ستووه ده‌ریبهێنێت. بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكی "شار" قسه‌ی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌ت هه‌یه، چونكه باسه‌كه ته‌رخان نییه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكی شار له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا.
هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له "حه‌ڵواچییه‌كه"و "ره‌نگسازه‌كه"ش ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی تایبه‌تی خۆیانه‌وه، كه یه‌كه‌میان له رێگای تامه‌وه و دووه‌میان له‌رێگای ره‌نگكردنه‌وه نه‌مری بۆ شاره‌كه به‌رجه‌سته بكه‌ن. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی هه‌ڵهاتنی سواره مردووه‌كانی نێو له‌شكره‌كه‌ی بابانیش جۆرێكی تره له به‌رجه‌سته‌بوونی نه‌مریی ئه‌و سوارانه.
هاوكات ده‌توانین بڵێین، كه هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق به‌ده‌وری شاردا له‌لایه‌ن له‌شكره مردووه‌كه‌شه‌وه رێگایه‌كی تری گه‌یشتنه به نه‌مری، كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رێگاكانی تره كه میری بابان له رێگه‌ی تاكه‌كانه‌وه هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی نه‌مری ده‌دا بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌و كه له‌به‌شێك له رێگاكاندا له‌رێی به‌ستنه‌وه‌ی بووه به رۆژئاوا، یان به جۆرێك له جۆره‌كانه‌وه گرێدانه‌وه بووه به ده‌ره‌وه‌ی خۆی، به‌ڵام له رێگه‌ی خه‌نده‌قه‌كه‌وه هه‌وڵی دابڕینی ده‌سه‌ڵاتی بابان‌و سلێمانی ده‌درێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆی. هه‌روه‌ها له‌م رێگه‌یانه‌وه ده‌سه‌ڵات‌و مردووه‌كان به‌م كاره هه‌ڵده‌ستن، به‌ڵام له رێگه‌كانی تری سه‌ره‌وه تاك ئه‌و كاره ده‌كات. هه‌رچه‌ند به بزواندنی ده‌سه‌ڵاتیشه. واته نووسه‌ر له رۆمانی "گێلاسی خوێن"دا له حه‌وت رێگه‌ی تایبه‌ته‌وه خه‌ونی نه‌مری میری بابانی خستۆته‌ڕوو.
كتێب‌و نه‌مری
ره‌نگه نووسین هه‌وڵ بێت بۆ گه‌یشتن به نه‌مری، بۆیه هه‌میشه نووسه‌ره‌كان له‌نێو تێكسته‌كانیاندا له هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی ژیانی خۆیان‌و ده‌وروبه‌ردان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان نه‌مری بۆ خۆیان ده‌وروبه‌ریان به‌رجه‌سته بكه‌ن. چونكه ئه‌گه‌ر تێكسته‌كان نه‌بوایه ئێمه نه‌مانده‌توانی‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كمان هه‌بێت بۆ بوونی نووسه‌رانی یۆنان. یان نه‌ده‌كرا بڕوا به بوونی نالی‌و سالم و مه‌حوی بكه‌ین. چونكه ئێمه هیچ وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ئه‌وانمان نییه، یاخود په‌یكه‌رێك. بۆیه ئه‌وه‌ی نه‌مری به‌خشیوه‌ته ئه‌و شاعیرانه‌و زۆرێك له شاعیر‌و نووسه‌رانی تری دنیا، تێكسته‌كانن، یان دروستتر بڵێین كتێبه‌كانیانن. ده‌نا به ملیۆنان مرۆڤ له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا ژیاون‌و ئێمه له‌ئێستادا له ژیان‌و ره‌فتاریان به‌ئاگا نین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێبیان له دوا جێنه‌ماوه تا بگات به ئێمه‌و ئێمه به ناویان ئاشنا بین.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری مێژوو بكه‌ین، سه‌ره‌تا مرۆڤ هه‌وڵی داوه له‌رێی وێنه‌كردنه‌وه نه‌مری بۆ خۆی به‌رجه‌سته بكات. ئه‌ویش له ئه‌شكه‌وته كۆنه‌كان‌و شوێنه‌واره‌كانی تردا ده‌یبینین‌و به‌شێكیان ئاسه‌واری ماوه، كه په‌یكه‌ری پادشا‌و میره‌كان به به‌رد هه‌ڵكه‌نراوه وه‌ك هێمایه بۆ مانه‌وه‌و نه‌مری. هاوكات پاش په‌یدابوونی نووسین، ده‌بینین نووسین ده‌بێته ئه‌و فریادڕه‌سه‌ی مرۆڤ به تاكه رێگای بزانێت بۆ نه‌مری‌و ئه‌م رێگایه‌ش تا ئێستا به‌كار دێت.
ئه‌تیان سوری‌و له لێكۆڵینه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌كانی جوانخوازی له هونه‌ری میسری كۆندا، گه‌ڕان به‌شوێن نه‌مریدا به‌یه‌كێك له پاڵنه‌ره هه‌ره گرنگه‌كان داده‌نێت‌و ده‌نوسێت: "ئه‌و پێداویستییه وردانه‌ی هونه‌ری میسری دابینیان ده‌كات، به‌ر له هه‌موو شتێك پێداویستی زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌مان‌و سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر مردن‌دا. واته پێداویستیی نه‌مری ئه‌م هونه‌ره له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری ئامانجی ئه‌وه‌یه ئه‌و بابه‌ته نه‌مر بكات كه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كات." هه‌روه‌ها "برترانت راسل"یش له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی مردن‌و نه‌مرییه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر له مردن نه‌ترساباینایه، ئایدیای نه‌مری هه‌رگیز به‌ده‌ر نه‌ده‌كه‌وت.
له رۆمانی "گێلاسی خوێن"دا هه‌ر له شێوازی گێڕانه‌وه‌و دروستكردنی حیكایه‌ته‌كانه‌وه تا كۆتایی، چیرۆكنووس ده‌یه‌وێت ئه‌و خه‌ونی نه‌مرییه له‌نێو دێڕه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه به‌ته‌واوی ته‌وزیفی بكات. ده‌بینین كوڕه‌گه‌نجه‌كه (پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه) به‌هۆی رێكه‌وته‌وه ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ی ناوی "گێلاسی خوێن"ه‌و له‌وێوه هه‌موو رووداوه‌كان رووده‌ده‌ن. ئه‌م رۆمانه‌ش كه ته‌نها له‌و پیته هێڵ به‌ژێردا هاتوانه پێكهاتووه كه له‌نێو كتێبخانه‌كه‌ی بابان‌دا كوڕه گه‌نجه‌كه ده‌ینوسێته‌وه. واته ته‌كنیكی نووسینه‌وه‌ی رۆمانه‌كه له‌لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌ندێشه‌كراوی عه‌تاوه كه كوڕه گه‌نجه‌كه‌یه‌و كه‌شفكردنی ئه‌و وشه هێڵ به‌ژێردا هاتوانه خاڵی یه‌كه‌می به‌رجه‌سته‌كردنی نه‌مرییه له‌نێو وشه‌و دێڕه‌كاندا، كه بابانه‌كان په‌نایان بۆ بردووه.
عه‌تا له لاپه‌ڕه (83)دا ده‌نوسێت:
"كتێبه‌كان ته‌نیامان ده‌كه‌ن‌و ئه‌و كه‌سه‌ش بیه‌وێت ته‌نیا بێت، ئه‌وا به‌دوای جوانیدا ده‌گه‌ڕێت.. تۆ ده‌زانی جوانیش روویه‌كی تری نه‌مرییه."
وه‌ك ده‌بینین عه‌تا لێره‌دا هه‌ردوو چه‌مكی جوانی‌و نه‌مریش كۆده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی پێیی وایه جوانیش روویه‌كی تری نه‌مرییه. هاوكات نه‌مری كتێبه‌كانیش ده‌كرێت له‌و دێڕه‌ی خواره‌وه‌دا بخوێنینه‌وه، كه كتێبه‌كان تا بێكۆتایی درێژ بكرێنه‌وه‌و هیچ كتێبێك ته‌واو نابێت ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی نه‌یه‌وێت دواخاڵێكی بۆ دابنێت، یان وه‌ك عه‌تا ده‌یخاته‌ڕوو، كه ترسی مرۆڤه له بێكۆتاییبوون. له لاپه‌ڕه (134)دا ده‌نوسێت:
"من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه هیچ كتێبێك ته‌واو نابێت، ئه‌گه‌ر ترسی ئێمه نه‌بوایه له بێكۆتایی بوون، كه وا ده‌كات خاڵێك دابنێین بۆ كۆتایی كتێبه‌كان".
كتێب یه‌كێكه له رێگه‌كانی نه‌مری‌و مرۆڤ به‌درێژایی مێژوو په‌نایان بۆ بردووه‌و عه‌تاش له‌ڕێی ئه‌م رۆمانه‌وه مێژوویه‌كی ئه‌ندێشه‌كراوی بۆ نه‌مر كردووین، بۆیه ده‌كرێت بڵێین عه‌تا به‌م رۆمانه دیوێكی تری "نه‌مری كتێب"ی بۆ خستینه‌ڕوو، كه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیك‌و فێڵه‌كانی نووسیندا هه‌بووه. واته نه‌مریی ته‌نها ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه، به‌ڵكو له فۆڕمی نوسینی رۆمانه‌كه‌شدا به‌رجه‌سته بووه‌و خوێنه‌ر هه‌ستی پێده‌كات.
له "مردن"ه‌وه بۆ نه‌مری
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی كۆی به‌رهه‌مه‌كانی "عه‌تا محه‌مه‌د" بده‌ین، ده‌بینین مه‌رگ و نه‌مری قورساییه‌كی زۆریان له‌نێو كۆی چیرۆك و رۆمان و كتێبه ئه‌ندێشه‌كراوه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا داگیركردووه. ره‌نگه خولقاندنی نووسه‌ره ئه‌ندێشه‌ییه‌كان له كتێبی "ده‌ستنووسی یه‌كه‌م"دا بۆ خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی نه‌مر پیشاندانی نووسه‌ران بێت. هه‌روه‌ها ره‌نگه كرۆكی مه‌به‌ستی عه‌تا محه‌مه‌د له چیرۆكی "كیمیای پیت"دا پیشاندان و خستنه‌ڕووی دیوه نه‌مره‌كه‌ی وشه بێت، یان دروستتر بڵێین ئه‌فراندنی حیكایه‌ت بێت له‌پێناو نه‌مری وشه‌دا. هاوكات له به‌شێكی زۆری چیرۆكه‌كانی تریشیدا چه‌مكی مردن و نه‌مری ئاماده‌ییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت لێره‌دا لێی بدوێین رۆمانی "گێلاسی خوێن"ه، كه قورساییه‌كی زۆری مردن و تارمایی مه‌رگ له‌م رۆمانه‌دا هه‌ست پێده‌كرێت و مه‌رگ وه‌ك كائینێكی دڵره‌ق و خوێن‌ڕێژ دێته به‌رچاو. بۆ ئه‌وه‌ی له به‌كاربردنی چه‌مكی "مردن" لای ئه‌م نووسه‌ره تێبگه‌ین، پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ پێناسه‌كردنی چه‌مكی "مه‌رگ" له روانگه جیاوازه‌كانه‌وه.
د. محه‌مه‌د كه‌مال له كتێبی "ئۆنتۆلۆجی بوون و بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ"دا ده‌نوسێت: "مردن پێشمه‌رجێكی ئه‌نتۆلۆژی (بوون)ه. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت (مادامه‌كێ مرۆڤ هه‌یه، ئه‌وا ده‌بێت بوونێكی كاتی هه‌بێت و بمرێت). مردنی مرۆڤ وه‌ك مردنی زینده‌وه‌ره‌كانی دیكه، یان وه‌ك خۆشكردنه‌وه‌ی باران و توانه‌وه‌ی به‌فری سه‌ر چیا نییه. زینده‌وه‌ره‌كان، به‌ئاگاوه نامرن و له ئاست ئه‌و راسته‌قینه‌یه‌دا، كه رۆژێك ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بنه‌وه‌و كۆتایی به (بوون)یان دێت و ده‌مرن وشیار نین".
لێره‌وه تێده‌گه‌ین خاڵی جیاكاری مرۆڤ و زینده‌وه‌ره‌كانی تر له ئاست مردن‌دا ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤ وشیاره به‌وه‌ی ده‌بێت بمرێت‌و ده‌زانێت چاره‌نووسی چییه؟ بۆیه ئه‌وه‌نده خۆی به‌م چه‌مكه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات و هه‌ر له سه‌رده‌می گه‌لگامشه‌وه به‌داوی هه‌ڵهاتن له مردن‌دا گه‌ڕاوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مری به‌رجه‌سته بكات. رۆمانی "گێلاسی خوێن" دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گلگامیشه له‌نێو كولتووری كوردیدا، كه هه‌وڵی گه‌ڕان ده‌دات به‌دوای نه‌مریدا، یان ده‌كرێت خه‌ونه‌كه‌ی گلگامش خه‌ونی به‌رده‌وامی مرۆڤ بێت بۆ گه‌یشتن به نه‌مری. هه‌روه‌ها ده‌كرێت چوونه سه‌ر مانگ و گه‌ڕان به‌دوای ژیان له هه‌ساره‌ی تردا جۆرێكی تر بێت له گه‌ڕان به‌دوای نه‌مریدا.
جۆن ماكواری له كتێبی "فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی"دا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه "فه‌یله‌سوفانی بوونگه‌را له نووسینه‌كانیاندا بایه‌خێكی زۆر به مه‌سه‌له‌ی مه‌رگ ده‌ده‌ن، هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران ئه‌مه به بوونی حاڵه‌تێكی نه‌خۆشانه ده‌بینن له تێڕوانینی بوونگه‌راكانه‌دا و بایه‌خدانیان به لاوازی مرۆڤ و فه‌وتانی له‌بری بایه‌خدان به‌هێز و توانای. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه دان به‌وه‌دا بنێین، كه بایه‌خدان به مه‌رگ له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بایه‌خێكی نه‌خۆشانه‌یه. كه‌واته ئه‌بێ دان به‌وه‌شدا بنێین، كه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت هه‌ڵویستی "دروست"به‌رانبه‌ر به مه‌رگ (كه ئه‌كاته فه‌رامۆشكردنی) دیسانه‌وه ده‌شێ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشانه بێت. واته حاڵه‌تێكی راكردن و خۆدزینه‌وه‌ی نادروسته.
د. محه‌مه‌د كه‌مال له كتێبی "بوون و داهێنان"دا ده‌نوسێت: "مردن په‌یوه‌ندی ناوه‌كی به مرۆڤه‌وه هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی بووندا نابینرێت و ناناسرێت. مردن له ده‌ره‌وه‌ی بووندا په‌یدا نابێ و سارته‌ر گووته‌نی وه‌كو كرمی ناو دره‌خت له‌ناو بووندا ده‌ژی. مرۆڤ مردن له‌گه‌ڵ خۆییدا ده‌هێنێته جیهانه‌وه‌و له ناو بوونی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. بوون و نه‌بوون، یان ژیان و مردنی دوو رووی پێكه‌وه به‌ستراوی راستییه‌كن و به‌بێ یه‌كدی نابن"
هاوكات شۆپنهاوه‌ریش له‌مه‌ڕ چه‌مكی مه‌رگ و نه‌مری باوه‌ڕی وایه كه "ئاژه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كی نائاگا له‌به‌رده‌م مه‌رگدا ده‌سته‌وسان ده‌بێت و لێی ده‌ترسێت، به‌ڵام مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌راسان به به‌رده‌وامی مه‌رگ له‌پێش چاوانیدا ده‌بینێت و به‌رده‌وام تێده‌كۆشێت تا به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك، یان به‌هه‌ر هۆكارێك بێت خۆی فریو بدات و یه‌كێك له هۆكاره‌كانی خۆ فریودان په‌نابردنه به‌ر بیر و باوه‌ڕه ئایینییه‌كانه، كه به‌ڵێنی ژیانێكی پاش مه‌رگ ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها شۆپنهاوه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه "ئێمه هه‌ر له‌م دنیایه‌دا راسته‌وخۆ كه‌فاره‌ی تاوانی له‌دایكبوون ده‌ده‌ینه‌وه و پێشكه‌شی ده‌كه‌ین."
وه‌ك ده‌بینین شۆپنهاوه‌ر مردن وه‌ك قه‌رزێك له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌بینێت، كه له‌گه‌ڵ هاتنه نێو ژیانیدا ئه‌و قه‌رزه‌ی له‌سه‌ر ده‌بێت تا دواجار هه‌ر پێویسته بیداته‌وه. وه‌ك چۆن "د. محه‌مه‌د كه‌مال" له رسته‌ی "مردن پێشمه‌رجێكی ئه‌نتۆلۆژی (بوون)ه" جوانتر ئه‌و بۆچوونه‌ی شۆپنهاوه‌ری كورت كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها وه‌ك شۆپنهاوه‌ریش ده‌یخاته‌ڕوو ده‌كرێت په‌نابردنی مرۆڤ بۆ ئایین جۆرێكی تر بێت بۆ گه‌ڕان به‌داوی نه‌مریدا، چونكه هه‌موو ئایینه‌كان مژده‌ی دووباره ژیانه‌وه به مرۆڤ ده‌به‌خشن، بۆیه وه‌ك تێبینی ده‌كرێت به‌شێكی زۆر له په‌یڕه‌وكارانی ئایینه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی مردنه‌وه بچن به‌ره‌و نه‌مری و نه‌مری بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
بیركردنه‌وه له بوون و مردن لای مرۆڤ له بوونی نه‌خۆشی و كه‌موكوڕی جۆربه‌جۆره‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكو له بیركردنه‌وه‌و هه‌ستكردن به ته‌واوی بووه جوڵاوه‌كان و رووداو و پێشهاته‌كانی نێو بوونه‌وه هاتووه. واته كاتێك بوونگه‌راكان بیر له بوون و مه‌رگ ده‌كه‌نه‌وه له وشیارییانه‌وه‌یه و نایانه‌وێت خۆیان له‌و پێشهاته سامناكانه بدزنه‌وه، كه له ده‌وربه‌ریان رووده‌دات، چونكه زۆرجار بیركردنه‌وه‌یه‌ك له مه‌رگ به واتای بیركردنه‌وه‌یه له به‌رده‌وامیدا به ژیان و هه‌وڵدان بۆ باشتركردنی، یان رازینه‌بوون به‌و جۆره ژیانه‌ی مرۆڤ تێیدا ره‌نجی زۆر ده‌كێشێت، یان ره‌نگه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی نه‌مریش بێت، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ بێ ئومێد ده‌بێت له هه‌موو رێگاكان دواجار ده‌گاته نائومێدی و پوچی وه‌ك چۆن بوونگه‌رانكان پێی گه‌یشتن.
وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد عه‌تا محه‌مه‌د له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ده‌یه‌وێت قورسایی مه‌رگ له رۆمانه‌كه‌دا كه‌مبكاته‌وه، وه‌ك له‌سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا له‌مه‌ڕ ناونیشانی رۆمانه‌كه خستمانه‌ڕوو، به‌ڵام رۆمانی "گێلاسی خوێن" وه‌ك رۆمانی "مه‌رگ" دێته به‌رچاو و مردن له‌م رۆمانه‌دا له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی ئاماده‌ییه‌كی ته‌واوی هه‌یه، هاوكات قورسایی مردن ته‌نها له به‌رجه‌سته‌بوونی وه‌ك كاراكته‌رێكی نێو رۆمانه‌كه به‌رجه‌سته نابێت، به‌ڵكو وه‌كو دڵره‌قترین كاراكته‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، كاراكته‌رێك كه ته‌واو "دژه ژیان" ده‌بینرێت و به‌شێوه‌یه‌كی دڵره‌قانه خوێنی مرۆڤه‌كان ده‌ڕێژێت. وه‌ك له كوشتنی شارسازه‌كه‌دا ده‌بینرێت. لێره‌وه هه‌ست به ته‌وزیفكردنی فیكری بوونگه‌راكان ده‌كه‌ین، كه عه‌تا هه‌وڵی داوه له‌نێو حیكایه‌ت و رووداوه‌كاندا بیچێنێت و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر بیانخاته‌ڕوو و هه‌روه‌ها ته‌واو هه‌ست به قورسایی ده‌كه‌ین له‌و نموونانه‌دا كه له‌م به‌شه‌دا له بۆچوونه‌كانی بوونگه‌راكان و "د. محه‌مه‌د كه‌مال"دا ئاماژه‌مان بۆ كرد. واته عه‌تا فیكری بوونگه‌راكانی به‌شێوه‌ی حیكات له‌نێو ئه‌م رۆمانه‌دا ته‌وزیف كردووه. وه‌ك چۆن له كۆچیرۆكی "تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشه‌كراوه‌كان"یشدا هه‌ست به هه‌مان لێك نزیكی نێوان فیكری بوونگه‌راكان و كاركردنی عه‌تا ده‌كه‌ین.
ده‌كرێت دواجار ئه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو كه په‌ڕینه‌وه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د له رۆمانی "گێلاسی خوێن"دا له "مردن"ه‌وه بۆ نه‌مری له‌ڕێی وشه‌و دێڕه‌كانه‌وه‌یه، نه‌ك هیچ شتێكی تر و ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌نێو دێره‌كاندا نه‌مری بۆ مرۆڤ دروست بكات، نه‌ك ئایین و هیچ كام له رێگه‌كانی تر.
به‌ر له كۆتایی
ناتالی سارووت پێیوایه رۆمان‌نووسین به‌دواداگه‌ڕانێكی هه‌میشه‌ییه، ئه‌م به‌دواداگه‌ڕانه‌ش هه‌وڵ ده‌دات په‌رده له‌سه‌ر واقیعێكی نادیار هه‌ڵماڵێ‌و بیدۆزێته‌وه. بێگومان له‌هه‌موو رۆمانه‌كانی رۆمانووسه‌كاندا واقیعێكی نادیار و نه‌دۆزراوه بوونی نییه، بۆیه زۆرجار ئێمه هه‌ست به بوونی دنیایه‌كی نوێ ناكه‌ین له تێكستدا. به‌ڵام رۆمانووسی گه‌ڕیده‌ئاسا ده‌توانێت جیهانی نوێ‌و سه‌یرو سه‌مه‌ره بخولقێنێت‌و خوێنه‌ر به پانتایی نه‌بینراو ئاشنا بكات، كه ره‌گێكی ده‌چێته‌وه سه‌ر واقیع.
عه‌تا محه‌مه‌د له‌م رۆمانه‌دا جیا له هه‌موو رۆمانه‌كانی پێشووتری توانیویه‌تی به‌دواداگه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یی‌و ورد بۆ چه‌مكی نه‌مری‌و هاوكات چه‌مكی مردنیش بكات، كه من پێموایه له‌م به‌دواداگه‌ڕانه‌شدا هه‌وڵی داوه په‌رده له‌سه‌ر واقیعێكی نادیار هه‌ڵماڵێ‌و بیدۆزێته‌وه، ئه‌ویش واقیعێكی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی میرێكی كوردییه. ئه‌مه بێجگه له‌و هه‌موو لایه‌نه جۆر به‌جۆره‌ی تر، كه نووسه‌ر له رۆمانه‌كه‌دا لێی دواوه. هه‌روه‌ها له‌رووی ته‌كنیك‌و گێڕانه‌وه‌وه ئه‌م رۆمانه له ئاستێكدایه شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانی تایبه‌ته‌و ده‌كرێت له نووسینی تایبه‌تدا ئه‌و لایه‌نانه بخرێنه‌ڕوو.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
*عه‌تا محه‌مه‌د، گێلاسی خوێن-رۆمان، له‌بڵاوكراوه‌كانی زنجیره كتێبی یانه‌ی قه‌ڵه‌م ژماره (23) سلێمانی (2007).
*ناتالی سارووت، رۆمان‌و واقیع، وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاح عومه‌ر- كتێبی گیرفان، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م (2008).
* ئۆلین ستینگ، ئایا مه‌رگ پیاوه، وه‌رگێڕانی ئازاد به‌هین، گۆڤاری هه‌نار ژماره (42) له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.
* ماریۆ بارگاس یۆسا، 12 نامه بۆ رۆمانوسێكی لاو، وه‌رگێڕانی: شیرین.ك، له بڵاوكراوه‌كانی پاشكۆی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژماره 6ساڵی 2008.
*د. كه‌مال میراوده‌لی، فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ری (ئیستاتیكا)، له‌بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی قانع-چاپی دووه‌م، سلێمانی (2005)
*مه‌ریوان عه‌بدول، فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای برگسۆن، له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی (2009).
*جۆن ماكواری، فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی، وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی، له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌شی چاپی رادیۆ نه‌وا، سلێمانی (2005).
*د. محه‌مه‌د كه‌مال، بوون و داهێنان، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م (2004).
*د. محه‌مه‌د كه‌مال، ئه‌نتۆلۆژی بوون و بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ، چاپخانه‌ی راز، سلێمانی (2000).



del.icio.us
Digg