هونه‌ری كۆلاژكردن له چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون"ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاحدا
ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
ماركیز له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنێكیدا باس له‌وه ده‌كات، یه‌كێك له گرفته گه‌وره‌كانی نووسین، نیگه‌رانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره، ئه‌وه خه‌ونی نووسه‌ره، كه بتوانێت به‌و شێوه‌یه‌ی قسه ده‌كات بنووسێت، به‌ڵام ئه‌و كاره پراكتیكی نییه، كاتێ هه‌وڵ ده‌ده‌ین، ده‌بینین چه‌نده زه‌حمه‌ته. ره‌نگه زۆر نه‌بن ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له نوسینه‌كانیان بچن، به‌ڵام ناتوانین بڵێن هیچ نووسه‌رێك (به‌ته‌واوی) دابڕاوه له نوسینه‌كانی‌و هه‌میشه نووسه‌ران به‌گشتی‌و چیرۆكنوسان به‌تایبه‌تی حیكایه‌تی دڵی خۆیان تێكه‌ڵی گێڕانه‌وه ده‌كه‌ن، پێناچێت ئه‌و حیكایه‌تانه واقیعیبن، ره‌نگه فه‌نتازی بن، یان به‌رجه‌سته‌بووی خه‌ونێكی نووسه‌ر بن، هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه شیاوه، بۆیه زۆرجار له‌كاتی خوێندنه‌وه، یان شیكردنه‌وه‌ی ده‌قێكدا خوێنه‌ر وێنه‌ی نوسه‌ره‌كه‌ی دێته به‌رچاو، یان یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌ی لێده‌بێته نوسه‌ره‌كه، واته دیسان ده‌توانین بڵێین نوسه‌ر له خه‌یاڵی خوێنه‌ردا نه‌سڕاوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆلان بارت خستییه ڕوو به‌تایبه‌تیش كاتێك خوێنه‌ر ئاگاداری به‌شێكی زۆری ژیانی تایبه‌تی نوسه‌ر بێت، یان ژیاننامه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه. ناتوانین بڵێن كافكا‌و نیكۆس كازانتزاكیس دابڕاون له نوسینه‌كانیان، یان دۆستۆیۆفسی‌و هه‌مه‌نگوای دابڕاون له دۆخی نێو رۆمانه‌كانیان.
من له‌وه‌ته‌ی چیرۆكه‌كانی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح ده‌خوێنمه‌وه هه‌میشه هه‌ست به ئاماده‌بوونی خودی ئارام وه‌ك پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كان ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده چه‌ند ساڵێك خوێنه‌ریشی بووم به‌ده‌ر له‌وه‌ی له نزیكه‌وه بیناسم، به‌ڵام هه‌ستم به هه‌ناسه‌ی خۆی ده‌كرد له‌نێو رسته‌كاندا، ئه‌مه‌ش ره‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، كه ئارام له‌و نوسه‌رانه‌یه ناتوانێت هه‌م له واقیع داببڕێت‌و هه‌م به‌رده‌وام له هه‌وڵی خولقاندنی پاڵه‌وانی راستگۆدایه. پاڵه‌وانه‌كانی ئارام راستگۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی بۆی دروست بوون‌و له تێكسته‌كه‌دا بۆی ده‌ژین، كه ئه‌م حاڵه‌ته لای به‌شێك له چیرۆكنووسانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئه‌و نایبینینه‌وه.
پاڵه‌وانی نێو چیرۆكه‌كانی ئارام ئازادن‌و وه‌ك رۆبۆت نین به‌ده‌ست چیرۆكنووسه‌وه و بۆ خۆیان خاوه‌نی ژیانی خۆیانن. ئه‌گه‌ر سه‌یری غه‌ریب ریكۆد بكه‌ین له چیرۆكی "نوسینه‌وه‌ی دڕك"دا ته‌واو هه‌ست به‌و ئازادی ژیانی ئه‌و پاڵه‌وانه ده‌كه‌ین‌و هه‌تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت من له چیرۆكێكی تردا دێمه‌وه لاتان‌و ئه‌م به‌سه‌رهاته‌كات بۆ ته‌واو ده‌كه‌م. واته نووسه‌ر ئه‌وه‌نده ئازادی به پاڵه‌وانه‌كه به‌خشیوه، كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له تێكستی تریشدا بژی، كه ئه‌م حاڵه‌ته بۆ چیرۆكی كوردی نوێیه‌و ته‌نها من لای عه‌تا محه‌مه‌د هه‌ست به چه‌ندجار ژیانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كانم كردووه، كه ده‌توانین نمونه‌ی "مه‌ولاناو مه‌حوی" وه‌ك دوو نمونه‌ی دیار وه‌ربگرین، كه هه‌ردووكیان له چه‌ند چیرۆكێكی عه‌تادا ئاماده‌ییان هه‌یه. ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ئارام له عه‌تا جیا ده‌كاته‌وه چه‌ند خاڵێكه، كه یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه پاڵه‌وانه‌كه له هه‌ناوی مێژووه‌وه نه‌هاتووه‌و به‌رهه‌می خه‌یاڵی نووسه‌ره. دووه‌م "غه‌ریب ریكۆد" ئاگاداری ئه‌وه‌یه كه ژیانی تر ده‌ژی له‌نێو تێكستدا، به‌ڵام هیچ كام له "مه‌ولاناو مه‌حوی" ئاگاداری ئه‌وه نین، ره‌نگه بژین، به‌ڵام خۆیان پێنازانن. بۆیه ده‌بینین هه‌ریه‌ك له عه‌تا محه‌مه‌د‌و ئارام كاكه‌ی فه‌لاح توانیویانه تێگه‌یشتنی باو بۆ پاڵه‌وان له‌نێو چیرۆكی كوردیدا بگۆڕن‌و دنیابینییه‌كی تر بۆ چه‌مكی "پاڵه‌وان" بهێننه نێو چیرۆكی دوای راپه‌ڕین.
ئێمه له‌م نوسینه‌دا له‌مه‌ڕ چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون"ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح ده‌دوێین‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه، كه به‌شداربین له كه‌شفكردنی به‌شێك (نه‌ك هه‌مووی) له‌ماناكانی ئه‌م چیرۆكه‌و پێده‌چێت ده‌روازه‌ی تریش مابێت ئێمه لێمان نه‌دابێت، به‌ڵام ئێمه له‌م نوسینه‌دا ته‌نها ویستومانه له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین.
ناونیشان‌و چیرۆكه‌كه
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ره‌گه‌زی ناونیشان بده‌ین له چیرۆكی"باوكی ناو ته‌له‌فون"دا ده‌بینین ناونیشانێكی سه‌رنجڕاكێش‌و نوێیه، به‌ڵام خوێنه‌ر، كه ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه ده‌خوێنێته‌وه ئه‌و نادیاری و هێزه جادووییه‌ی ناونیشان هه‌ڵگریه‌تی‌و چیرۆكنووس كاری بۆ كردووه، به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش له یه‌كه‌م دێڕی ده‌ستپێكه‌كه‌وه هه‌ستی پێده‌كه‌ین، كه چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌كات:
"من باوكی ناو ته‌له‌فونم، كچێكم هه‌یه‌و رۆژانه به ته‌له‌فون قسه ده‌كه‌ین."
ئه‌م ده‌ستپێكه ته‌واوی ئه‌و نادیارییه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، كه ناونیشان هه‌ڵگرییه‌تی، كه به‌سه‌رنجدان له‌م حاڵه‌ته ناتوانین بڵێین چیرۆكنووس له‌به‌كاربردنی ئه‌م ناونیشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه، هه‌رچه‌نده كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناونیشانه‌كه ناونیشانێكی نوێ‌و جوانه‌و چیرۆكه‌كه‌ش هه‌ڵگری چه‌ند لایه‌نێكی جیاجیایه‌و تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به فره ره‌هه‌ندی ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه به‌چاوێكی هونه‌رییه‌وه سه‌یری به‌كارهێنانی ناونیشان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، كه ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه یاریده‌ده‌ر نییه بۆ ناونیشانه‌كه. هه‌روه‌ها ئه‌م چیرۆكنووسه هه‌مان حاڵه‌تیشی له چیرۆكی "گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ تاریكی"یشدا دووباره كردۆته‌وه، پاڵه‌وانی چیرۆكی "گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ تاریكی" كه‌سێكی نابینایه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌وه چیرۆكنووس ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی له منداڵییه‌وه نابینایه و بۆ سی‌ودوو ساڵ ده‌چێت هیچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌بینیوه. له‌م سه‌ره‌تایه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات له‌به‌رده‌م پاڵه‌وانێكی نابینادایه‌و ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌كی زۆر سیحری ناونیشانی ده‌قه‌كه وه‌ك له‌چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون"یشدا ئاماژه‌مان بۆ كرد به‌تاڵ بۆته‌وه، كه نووسه‌ر ویستوویه‌تی نادیارییه‌ك له ناونیشاندا به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام له ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌دا، ئه‌و سیحره‌ی ناونیشان به‌تاڵ بۆته‌وه‌و ئه‌م سه‌ره‌تایه زیانێكی زۆری له ئیستاتیكای ده‌قه‌كه داوه، یان ده‌توانین بڵێین خاڵی لاوازی ئه‌م دوو ده‌قه له ناونیشاندا كۆده‌بێته‌وه.
ره‌نگه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی "باوكی ناوته‌له‌فون" له زۆرێك له چیرۆكه‌كانی تری ئه‌م نووسه‌ره قورس‌تر بێت، چونكه چیرۆكه‌كه تێكه‌ڵكردنی دوو چیرۆكه، كه یه‌كێكیان ئێمه به "چیرۆكی سه‌ره‌كی" ناوی ده‌به‌ین‌و باس له كه‌سێك ده‌كات، كه توشی نه‌خۆشی ده‌روونی بووه‌و چۆته لای دكتۆری ده‌روونی بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌ی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی بۆ بكات، كه له ژیانی رۆژانه‌دا توشی بووه‌و ئه‌نجامی لێكجیابوونه‌وه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و دوورییه‌تی له كچه تاقانه‌كه‌ی. پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه لای دكتۆری ده‌روونی ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ژیانی ده‌كات. ئه‌م چیرۆكه‌ش وه‌ك زۆرێك له چیرۆكه‌كانی تری ئه‌م چیرۆكنووسه گێڕانه‌وه‌یه‌كی "ته‌نز"ئاساییانه‌ی هه‌یه، ئه‌مه بێجگه له كۆلاژكردنی چیرۆكێكی منداڵان، كه ده‌كرێت وه‌ك چیرۆكێكی لاوه‌كی ته‌ماشای بكه‌ین‌و تێهه‌ڵكێشی چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه كراوه‌و پاڵه‌وانی چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه بۆ كچه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه، كه باس له‌چیرۆكی مێروله‌یه‌كی پرته‌قاڵی‌و كه‌روێشكێك ده‌كات. دواتر زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌تی كۆلاژكردنه ده‌وه‌ستین.
پاڵه‌وانێك گیرۆده‌ی خه‌ون
ره‌نگه نوسه‌ران‌و چیرۆكنوسان له‌و مه‌خلوقاتانه بن، كه هه‌م ئاوات به‌بینینی زۆرترین خه‌ون بخوازن، هه‌م زۆرترین خه‌ون ببینن، بۆیه ره‌نگه زۆرجار ئه‌و خه‌ونانه ببێته ئیلهام بۆ نوسینی تێكسته‌كانیان. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای چیرۆكی كوردیش ده‌بینین خه‌ون پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یه‌كه‌م چیرۆكی كوردییه، كه له "خه‌وما"ی جه‌میل سائیبه. ئه‌م چیرۆكه ئه‌گه‌رچی ره‌خنه‌گرتنێكی ئاشكرای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاتی شێخ مه‌حمود ده‌كات، به‌ڵام به‌كاربردنی خه‌ون له‌گێڕانه‌وه‌دا بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی چیرۆكی كوردی كارێكی پڕ بایه‌خه. عه‌تا محه‌مه‌دیش له كتێبی "په‌رتوكی خه‌ون"دا به‌وردی كاری له‌سه‌ر زۆرێك له لایه‌نه‌كانی خه‌ون كردووه‌و ده‌یان خه‌ونی جۆراوجۆر‌و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی ئه‌فراندووه، هه‌ر له خه‌ون‌و نووسینه‌وه تا ده‌گاته خه‌ون‌و شاره‌كانی ئه‌فسانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون"دا كاری پێكردووه، گیرۆده‌بوونی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌یه به خه‌ونه‌وه، كه ئه‌م پاڵه‌وانه له بێخه‌وییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژی. ئه‌و ساتانه‌شی كه خه‌وی لێده‌كه‌وێت وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "وه‌ك ئه‌وه وایه بچێت بۆ شه‌ڕ".
پاڵه‌وانی چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون" له‌به‌رده‌م پزیشكی ده‌روونیدا ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی ژیانی ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و پزیشكه له‌گه‌ڵ خه‌وندا ئاشتی بكاته‌وه، بۆیه داوا له پزیشكی ده‌روونی ده‌كات، كه كارێكی بۆ بكات بتوانێت به‌شێوه‌ی ئاسایی بخه‌وێت، نه‌ك به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ‌و له‌كاتی خه‌وتنیشدا خه‌ونی ناخۆش‌و ناجۆر ببینێت. ئه‌و پاڵه‌وانه ده‌گاته ئه‌و حاڵه‌ی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه خه‌ونه‌كانی بیكوژن‌و به پزیشكه‌كه ده‌ڵێت:" من رۆژێ خه‌ونه‌كانم ده‌مكوژن، دكتۆر گیان، خه‌ونه‌كانم ده‌مكوژن".
یه‌كه‌م پرسیاره، كه پێویسته لێره‌دا بیكه‌ین ئه‌وه‌یه كه‌ی خه‌ونه‌كان ده‌بنه بكوژی مرۆڤ؟ ئایا خه‌ون چۆن ده‌بێته بكوژ؟ نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا‌و له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌وه باس له‌و رووداوانه ده‌كات، كه به‌سه‌ر پاڵه‌وانه‌كه‌دا هاتووه‌و له باوكێكی ئاساییه‌وه كردوویه‌تییه باوكی ناو ته‌له‌فون‌و ته‌نها ده‌توانێت له‌ناو ته‌له‌فوندا ببێته‌وه به باوكی كچه‌كه‌ی و هه‌ست‌و سۆزه په‌نگخواردووه‌كانی باوكایه‌تی بۆ ده‌ربڕێ. بۆیه ئه‌م پاڵه‌وانه له‌گه‌ڵ هه‌ستكردن به‌و حاڵه ده‌روونییه ناله‌باره‌ی تێیدایه ره‌فتاری تا دێت خراپتر ده‌بێت، ئه‌مه له ژیانی ئاسایی رۆژانه‌یدا‌و تا هاوڕێكانی داوای لێده‌كه‌ن سه‌ردانی پزیشكی ده‌روونی بكات، ئه‌گه‌رچی خۆیشی بڕوای پێی نییه، به‌ڵام له‌به‌ر دڵی هاوڕێكانی هاتووه بۆ لای پزیشكی ده‌روونی. هاوكات ئه‌م پاڵه‌وانه گیرۆده‌یه له خه‌ونه‌كانیشیدا ئۆقره‌ی نه‌ماوه‌و به‌ته‌واوی خه‌ونه‌كانی نائاسایین.
لێره‌دا بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته پشت به بۆچوونێكی سیگمۆند فرۆید ده‌به‌ستم. فرۆید له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر زیاتر له (3)هه‌زار كه‌س ئه‌نجامیدا، گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی "خه‌ون به‌هۆی وروژێنه‌ره ده‌روونییه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌بێت‌و په‌یوه‌ندی به هه‌ست‌و سۆزه‌كانه‌وه هه‌یه". لێره‌وه ده‌كرێت ئێمه‌ش ئه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو، كه تێكچوونی باری ده‌روونی هه‌ركه‌سێك كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر ره‌فتاری له ژیانی رۆژانه، كه ئه‌وه ئاسایی هه‌ستی پێده‌كه‌ین، هاوكات له خه‌ونه‌كانیشدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئارام له‌م چیرۆكه‌دا ویستویه‌تی ئه‌م لایه‌نه ده‌روونیه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی له‌م رێگه‌یه‌وه بخاته‌ڕوو.
ئێل شترۆمپێڵ له لێكۆڵینه‌وه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا "سروشت‌و پێگه‌ی خه‌ونه‌كان" له‌باره‌ی خه‌ونه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی خه‌ون ده‌بینێت، پشت ده‌كاته جیهانی هه‌ست‌و بێداری، له‌خه‌وندا ناواخنی یاده‌وه‌رییه‌كانی بێداری‌و ره‌فتاره ئاساییه‌كان به‌زۆری ون ده‌بن، ده‌روون له خه‌وندا به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه دابڕاو و بێ‌سنوور، له ناوه‌ڕۆكی حاڵه‌تی ئاسایی جیاده‌بێته‌وه". واته ده‌كرێت بڵێین خه‌ون كاتێك ده‌بێته بكوژ، كه تاڕاده‌یه‌ك مرۆڤه‌كه كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ستدا بێت‌و نه‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌و باره ده‌روونییه شێواوه‌ی رێكبخاته‌وه. ره‌نگه هه‌ر لێره‌شه‌وه بێت، كه پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی ئارام له‌به‌شێكی تری چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "من له خه‌ونه‌كانمدا زۆر بێ ماڵم، زۆر بێ حاڵم، زۆر بێ هاوڕێم، ده‌چمه‌وه شاری منداڵیم‌و كه‌س ناناسمه‌وه‌و كه‌س نامناسێته‌وه".
وێناكردنی پاڵه‌وانێك، كه گیرۆده‌ی خه‌ونه‌و ده‌یه‌وێت له‌شه‌ڕی خه‌ون رزگاری بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، به‌شێك له واقیع له‌پشت دروستكردنی ئه‌م پاڵه‌وانه‌وه بێت، به‌ڵام فه‌نتازیاش ئاماده‌بوونێكی ته‌واوی هه‌یه‌و چیرۆكنووس له تێكه‌ڵكردنی ئه‌م دوو ره‌گه‌زه بنچینه‌ییه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا تا ئاستێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه. هه‌روه‌ها پێده‌چێت نوسه‌ر بیه‌وێت له‌رێی ئه‌م چیرۆكه‌وه كولتووری كوردی له‌گه‌ڵ خه‌ون ئاشت بكاته‌وه، به‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كه پاڵه‌وانێك نییه، كه بیه‌وێت له خه‌ون هه‌ڵبێت، به‌ڵكو ئه‌م پاڵه‌وانه گیرۆده‌ی خه‌ونی ئازاراوییه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كات، كه ریتمی خه‌وتن‌و خه‌ونبینینی تێكچووه‌و پێویسته رێك بخرێته‌وه، كه به‌لای ئێمه‌وه ئه‌مه وێناكردنێكی دۆخی كولتووری كوردییه، كه زۆرجار مرۆڤی كورد، یان مرۆڤێكی "خه‌ونپه‌رست"ه، یان بوه‌ته مرۆڤێكی "دژه خه‌ون"، كه من لاموایه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه هه‌ڵه‌یان تێدایه‌و ده‌بێت له‌رێی پزیشكێكی ده‌روونییه‌وه (وه‌ك ئارام له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌یخاته‌ڕوو) كۆمه‌ڵگای كوردی له‌گه‌ڵ خه‌وندا ئاشت بكرێته‌وه. بۆیه من هه‌م سه‌رسامم به‌و هه‌وڵه‌ی جه‌میل سائیب كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌رێی خه‌ونه‌وه گوتاری گێڕانه‌وه‌ی په‌ره‌پێدا له‌نێو كولتووری ئێمه‌دا، هه‌م ئه‌و هه‌وڵه‌ی عه‌تا محه‌مه‌دیش هیچی كه‌متر نییه له هه‌وڵه‌كه‌ی جه‌میل سائیب‌و ئه‌م چیرۆكه‌ی ئارامیش ده‌كرێت وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی تر سه‌یر بكه‌ین بۆ كاركردن له‌سه‌ر هه‌مان حاڵه‌ت، به‌ڵام له روانگه‌و ده‌روازه‌ی جیاوازه‌وه بۆ هێنانه‌دی كولتووری خه‌ون بینین، چونكه هه‌ر كولتوورێك خه‌ونی زۆری تیا نه‌بینرێت جوانی تێدا به‌رهه‌م نایه‌ت، بۆیه ده‌كرێت پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ش وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌كی نێو خه‌ونه‌كان سه‌یر بكه‌ین، كه به‌دوای جوانیدا ده‌گه‌ڕێت.
هاوكات ده‌كرێت ئه‌و كولتووری خه‌ونبینینه‌ی ئاماژه‌مان پێدا لای به‌ختیار عه‌لی له "دنیا بینین‌دا" بیخوێنینه‌وه، كه ئه‌م نووسه‌ره له رۆمانی "كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان"دا به شێوه‌یه‌كی جوان كاری له‌سه‌ر كردووه. واته بینینی خه‌ون لای ئارام‌و بینینی دنیا لای به‌ختیار ده‌كرێت هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه بمانباته سه‌ر رێگایه‌ك، كه ئه‌ویش رێگای تێكشكاندنی كولتوورێكی داخراو و دروستبوونی كولتوورێكی فره ره‌نگ و كراوه، كه لێیه‌وه مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی تر سه‌یری دنیا بكات‌و ببێته هۆی ئه‌وه‌ی جۆرێكی دی له دنیابینی دروست بێت.
كۆلاژكردن له چیرۆكدا
هیچ ژانرێكی تر هێنده‌ی چیرۆك‌و رۆمان سه‌روكاری له‌گه‌ڵ كۆلاژكردندا نییه، چیرۆكنووس له‌رێی كۆلاژكردنه‌وه هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌یاڵ‌و فه‌نتازیا‌و ئه‌و رووداوه ئه‌ندێشه‌یانه ده‌دات، له چوارچێوه‌یه‌كی داڕێژراودا، كه هه‌ر نووسه‌رو به‌پێی تێڕوانین‌و توانای له‌شێوه‌یه‌كدا دایده‌ڕێژێت، یان به‌هۆی فێڵه ناكۆتاكانی دنیای ئه‌ده‌به‌وه ده‌یكاته تێكستی ئه‌ده‌بی.
ماریۆ بارگاس یۆسای نوسه‌ری پیرۆیی ده‌نوسێت: "ئه‌ده‌ب فێڵێكی گه‌وره‌یه، ئه‌ده‌بی مه‌زن ده‌توانێ ئه‌مه بشارێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ده‌بی خراپ ئاشكرای ده‌كات‌و ئابڕووی ده‌بات". ره‌نگه ئه‌م قسه‌یه‌ی "یۆسا" نوێ نه‌بێت، به‌ڵام قسه‌یه‌كی نه‌مره‌و من بڕوام پێیه‌تی، چونكه ئه‌و نوسه‌ره‌ی له‌به‌كاربردنی ئه‌و فێڵه‌ی ئه‌ده‌بدا وشیار نه‌بێت، دواجار ئه‌ده‌بێكی مردوو به‌رهه‌م دێنێت. هه‌روه‌ها ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی كه ده‌بێته هۆی نه‌مری له‌ئه‌ده‌بدا هونه‌ری كۆلاژكردنه. ئێمه ده‌توانین چه‌ندین نمونه‌ی چیرۆكی جوانی كوردی‌و جیهانی، كه له هونه‌ری كۆلاژكرنی رووداوه‌كاندا ده‌ورێكی كاریگه‌ریان هه‌بووه بدۆزینه‌وه، به‌ڵام كه‌من ئه‌و جۆره كۆلاژكردنانه‌ی كه كۆلاژن له‌نێوان دوو جۆر چیرۆك‌و تایبه‌تن به دوو دنیای جیاواز، كه‌دنیای گه‌وره‌كان‌و دنیای منداڵانه. چارلز دیكنز له‌و نوسه‌رانه‌یه، كه چه‌ندین چیرۆكی نوسیوه، هه‌م بۆ دنیای گه‌وره‌كان شیاوه‌و هه‌م نه‌وجه‌وانان ده‌توانن چێژی لێوه‌ربگرن.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له چیرۆكی"باوكی ناو ته‌له‌فون"دا جیا له‌و شێوازه دیكنزییه نمونه‌یه‌كی تری كۆلاژكردنی له‌م چیرۆكه‌دا به‌رجه‌سته كردووه، كه تێكه‌ڵكردنی چیرۆكی گه‌وره‌كان‌و منداڵانه. واته ئارام له‌م چیرۆكه‌دا له‌رێی كۆلاژكردنی دوو چیرۆك‌و دوو شێواز له گێڕانه‌وه‌وه چیرۆكێكی نوێی به‌رجه‌سته‌كردووه. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت له‌مه‌ڕ كۆلاژكردنی دیكنزی بدوێم‌و ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو، كه مه‌به‌ست له كۆلاژكردنی دیكنزی چییه؟
چارلز دیكنز له‌و نوسه‌رانه‌یه كه له رۆمان‌و نۆڤلێته‌كانیدا كۆلاژكردنێكی جوان‌و سه‌رنجڕاكێش له‌نێوان چیرۆكی گه‌وره‌كان‌و مێردمنداڵاندا به‌كاردێنێت. خوێنه‌ر كاتێك به‌رهه‌مێكی دیكنز ده‌خوێنێته‌وه ده‌بینێت پاڵه‌وانه‌كان تێكه‌ڵن له منداڵ‌و گه‌نج، به‌ڵام حیكایه‌تی دڵی ئه‌وان حیكایه‌تێكی گشتین‌و خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات ئه‌و چیرۆكه ته‌نها بۆ ته‌مه‌نێكی دیاریكراو نه‌نوسراوه. واته ئه‌گه‌رچی به‌شێك له رۆمان‌و نۆڤلێته‌كانی دیكنز لێی نوسراوه كه "بۆ نه‌وجه‌وانانه"، به‌ڵام من لاموایه ئه‌وه پۆلێن به‌ندییه‌كی دروست نییه، چونكه ئه‌م نوسه‌ره ته‌نها له‌سه‌ر چینێكی دیاریكراو كاری نه‌كردووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر مرۆڤ وه‌ك بوویه‌كی سه‌ر زه‌وی‌و هه‌ڵگری كێشه‌ی ناوه‌كی‌و جه‌وهه‌ری كاری له‌سه‌ر كردووه.
هه‌روه‌ها دیكز له به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌وڵی كۆلاژكردنی خه‌می مرۆڤه گه‌وره‌كان‌و نه‌وجه‌وانانی داوه، كه ئێمه‌ش باس له كۆلاژكردنی دیكنزی ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان له‌م حاڵه‌ته‌یه، واته لای دیكنز رووداوه‌كان‌و كه‌سێتییه‌كان له‌هه‌ناوی چیرۆكدا كۆلاژ كراون. نه‌ك وه‌ك لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح ده‌رده‌كه‌وێت، كه چیرۆكی دوو دنیای جیاوازی كۆلاژ كردووه.
پاڵه‌وانی چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ژیانی خۆیه‌تی بۆ پزیشكه ده‌رونییه‌كه، هاوكات چیرۆكێكیش بۆ منداڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه، كه له‌رێی گرێچنێكی جوانه‌وه چیرۆكنووس چیرۆكێكی جیهانی منداڵانیشی تێكه‌ڵی چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه كردووه‌و نوسه‌ر نه‌هاتووه له‌سه‌ره‌تا، یان ناوه‌ڕاست، یان كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا به‌یه‌كجار چیرۆكی مێرووله پرته‌قاڵیه‌كه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو به تێكه‌ڵكێشكردنی له‌گه‌ڵ چیرۆكه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا‌و له چه‌ند به‌شێكی پچڕپچڕدا چیرۆكه‌كه ده‌گاته كۆتایی. ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ته‌نها خستنه هه‌ناوی چیرۆكێكی تر نییه بۆ ناو چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه، به‌ڵكو بوونی ئه‌م جۆره له كۆلاژكردنه، كه چیرۆكنووس به‌كاریهێناوه تا خوێنه‌ر بێزار نه‌كات له‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه، ده‌بینین له‌پڕ چیرۆكی مێرووله‌ی پرته‌قاڵی دێته نێو گێڕانه‌وه‌كه‌وه‌و پاشان ده‌پچڕێت‌و له‌دوایدا ده‌ست پێده‌كاته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر نوسه‌ر ئه‌م چیرۆكه‌ی وه‌ك چیرۆكێكی ئاسایی بخستایه‌ته نێو هه‌ناوی چیرۆكه‌كه ئه‌وكات نه‌ده‌كرا ئێمه باس له "هونه‌ری كۆلاژكردن" له‌م چیرۆكه‌دا بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بووه جۆره گێڕانه‌وه‌یه‌ك، كه له حیكایه‌ته‌كانی نێو "هه‌زارو یه‌ك شه‌وه"دا بوونیان هه‌یه. واته ئه‌وه‌ی گرنگه له دوو خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه یه‌كه‌میان: گێڕانه‌وه‌و نوسینی چیرۆكی منداڵانه له‌نێو چیرۆكی گه‌وره‌كاندا. دووه‌میش ئه‌وه‌یه گێڕانه‌وه‌كه هونه‌ری كۆلاژكردنی تێدا به‌كار براوه، كه پێموایه بۆ چیرۆكی كوردی دوای راپه‌ڕین شتێكی نوێ بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین چیرۆكی "باوكی ناو ته‌له‌فون" له نۆڤه‌مبه‌ری (2007)دا نوسراوه، به‌ڵام هه‌مان نوسه‌ر پاش نزیكه‌ی دوو ساڵ چیرۆكی (دیلی ده‌نگه‌كان) له نیسانی (2009)دا ده‌نوسێت، كه نوسه‌ر هه‌مان هونه‌ری كۆلاژكردنی تێدا به‌كاربردووه به‌هه‌مان ستایل‌و شێوه‌و له ئاستێكی به‌رزتردا له چیرۆكی باوكی ناوته‌له‌فون.
له چیرۆكی (دیلی ده‌نگه‌كان)دا نوسه‌ر له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی پاڵه‌وانه‌كه‌دا دیسان چیرۆكی رۆژی له‌دایكبوونی مه‌رجانه‌ی كچی پاڵه‌وانه‌كه ده‌نوسێـته‌وه. له‌م چیرۆكه‌دا مه‌رجانه جارێك ده‌بێته گێڕه‌ره‌وه‌و جارێكی تر ده‌بێت به پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه. ره‌نگه ئه‌م خاڵه خاڵی هه‌ره جیاواز‌و نوێی نێوان ئه‌م دوو چیرۆكه‌ی ئارام بێت، كه له روانگه‌ی منه‌وه ئارام له چیرۆكی دووه‌مدا (مه‌به‌ست له دیلی ده‌نگه‌كانه) ئاستێكی باڵاتری هونه‌ری كۆلاژكردن‌و گێڕانه‌وه‌ی به‌كاربردووه، چونكه له "باوكی ناوته‌له‌فون"دا ئێمه ته‌نها قسه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌و پزیشكه ده‌روونییه‌كه ده‌خوێنینه‌وه، به‌ڵام له "دیلی ده‌نگه‌كان"دا گێڕانه‌وه به قسه‌ی مه‌رجانه ده‌ست پێده‌كات، كه دواتر له گێڕانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا ده‌بێته پاڵه‌وان بۆ چیرۆكه‌كه‌ی تر.
وه‌ك ده‌بینین له چیرۆكی "دیلی ده‌نگه‌كان"دا خه‌ونی چیرۆكنووس ته‌نها له‌وه‌دا كورت نه‌بۆته‌وه كه چیرۆكێك بنوسێت هونه‌ری كۆلاژكردنی تێدابێت وه‌ك "باوكی ناو ته‌له‌فون" به‌ڵكو خه‌ونی ئه‌وه‌شی هه‌بووه ئه‌مجاره گه‌مه به پاڵه‌وانه‌كان بكات‌و جێگۆڕكێیان پێبكات. جارێك پاڵه‌وان گێڕه‌ره‌وه بێت‌و جارێكی تریش بیكاته‌وه به پاڵه‌وان. واته ئه‌وه‌ی خاڵی به‌هێزی دیلی ده‌نگه‌كانه، ده‌كرێت له گه‌مه‌كردنه‌كانی چیرۆكنووس له‌نێوان "پاڵه‌وان‌و گێڕه‌ره‌وه‌دا " بیبینین، كه من لاموایه ئه‌م خاڵه ده‌بێته خاڵێكی به‌هێز بۆ چیرۆكه‌كه. هه‌روه‌ها وه‌ك له‌سه‌ره‌تای ئه‌م نوسینه‌دا له‌مه‌ڕ چه‌مكی "پاڵه‌وان" لای ئارام قسه‌م كرد، ده‌بینین پاڵه‌وانی نێو چیرۆكی "دیلی ده‌نگه‌كان" هه‌م پاڵه‌وانێكی ژیاندۆستن‌و هه‌م بۆ خۆیان ئازادانه ده‌ژین، ئه‌وه‌ش وه‌ك خستمه‌ڕوو جارێك ده‌بنه گێڕه‌ره‌وه‌و جارێكی تر ده‌بنه‌وه به پاڵه‌وان، بۆیه ئێمه له نێو ئه‌م چیرۆكانه‌ی ئارام‌دا هه‌ست به گۆڕانی وه‌زیفه‌ی پاڵه‌وان ده‌كه‌ین له به‌كاربراوێكه‌وه بۆ بكه‌رێكی ئازاد، كه ده‌ستی له دروستكردنی ژیانی نێو چیرۆكدا هه‌یه.
ئه‌نجام‌و كۆتایی
چارلیز برێسلێر له‌باره‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه ده‌ق سه‌رله‌به‌ری ئه‌و شتانه ئاماده ده‌كات، كه بۆ راڤه‌كردنی خۆی پێویستی پێیه‌تی. واته شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر‌و لێكۆڵه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پنته شاراوه‌كانی ده‌ق بدۆزێته‌وه‌و دواجار بیانكاته‌وه به كه‌ره‌سته‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه. هه‌ر له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه "رۆزێنبلات" ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه خوێنه‌ر‌و ده‌ق ده‌بێ شان به‌شانی یه‌كتری بۆ به‌رهه‌مهێنانی مانا هه‌وڵ بده‌ن. لێره‌شه‌وه تێده‌گه‌ین، كه نابێت خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكات ده‌ق هه‌موو ده‌رگاكانی بۆ بخاته سه‌ر پشت، به‌ڵكو پێویسته خوێنه‌ر به‌شداری هه‌بێت له كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایانه‌دا، یان چارلیز برێسلێر له وته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا خستییه‌ڕوو ده‌ق هه‌موو شته‌كانی له هه‌ناویا هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام پێویستی به نهێنی دۆزێكه.
ره‌نگه هیچ شتێك له ئه‌مڕۆدا له‌وه سه‌خت تر نه‌بێت كه چیرۆكنووس به‌دوای شێوازێكی تردا بگه‌ڕێت بۆ گێڕانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه شتێكی نه‌شیاوه بڵێین ئه‌مه دوا جۆر‌و دوا شێوازه له‌گێڕانه‌وه‌دا. هه‌تا مرۆڤ له ژیان به‌رده‌وام بێت چۆن داهێنانی نوێ له‌بواری ئه‌لیكترۆنیاتدا ده‌كرێت ئاوهاش داهێنانی نوێ له دۆزینه‌وه‌ی شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌دا ده‌كرێت. ره‌نگه ئه‌م شێوازه گێڕانه‌وه‌و كۆلاجكردنه‌ی "ئارام كاكه‌ی فه‌لاح" له‌م دوو چیرۆكه‌دا به‌كاری بردووه بۆ هه‌ندێك كه‌س چێژێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت، یان وه‌ك داهێنان سه‌یری نه‌كه‌ن، به‌ڵام بمانه‌وێ، یان نا شێوازێكی نوێیه له گێڕانه‌وه‌دا بۆ چیرۆكی كوردی دوای راپه‌ڕین‌و ده‌كرێت وه‌ك هه‌وڵێكی سه‌ركه‌وتوو بنرخێنرێت.
پۆل دی مان-ی بیریاری فه‌ره‌نسی، ده‌ق وه‌ك جۆره پێكهاته‌یه‌ك ده‌بینێ، كه هه‌میشه‌و به‌رده‌وام حاڵه‌تی "ناخوێندنه‌وه‌یی" تێدا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به (نا حه‌تمییه‌تی ماناكان)ی ده‌قه‌وه هه‌یه، واته ده‌ق هه‌ر چه‌نده بخوێنرێته‌وه‌و ماناكانی راڤه بكرێ، هێشتا بواری زۆرتر بۆ خوێندنه‌وه‌ی تر‌و راڤه‌ی جۆراوجۆری تر ده‌مێنێته‌وه، بۆیه ئه‌م چیرۆكه‌ی ئارامیش زۆر لایه‌نی تری هه‌یه كه ئێمه نه‌مانویس له‌م نوسینه‌دا باسی بكه‌ین. هه‌روه‌ها هونه‌ری كۆلاژكردنی چیرۆكی منداڵان له‌گه‌ڵ چیرۆكی گه‌وره‌كاندا، ره‌نگه نه‌توانرێت له نوسینێكی له‌م چه‌شنه‌دا حه‌قی خۆی پێبدرێت، به‌ڵام نرخاندنی ئه‌م هه‌وڵه له‌كاره‌سه‌ره‌كییه‌كانی رۆشنبیرانه، نه‌ك بێده‌نگه لێكردنی. ئه‌م بابه‌ته‌ی ئێمه بۆ شكاندنی ئه‌و بێده‌نگیه‌یه، كه به‌رانبه‌ر ده‌قی جوان‌و داهێنه‌رانه، كه نێوه‌ندی رۆشنبیری كوردی هه‌ڵیده‌بژێرێت.
یه‌راوێز‌و سه‌رچاوه‌كان:
* ماریۆ بارگاس یۆسا، 12 نامه بۆ چیرۆكنوسێكی لاو، و: شیرین.ك، له بڵاوكراوه‌كانی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، سلێمانی (2008).
*ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، باوكی ناوته‌له‌فون-چیرۆك، گۆڤاری ئاینده ژماره (76) كانونی دووه‌می (2008) له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م
* ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، دیلی ده‌نگه‌كان-چیرۆك، گۆڤاری هه‌نار ژماره (41) یۆنیۆی (2009) له بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.
* سیگمۆند فرۆید، لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان، و: ئاوات ئه‌حمه‌د، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م ساڵی (2003).
*عه‌تا محه‌مه‌د، ده‌ستنووسی یه‌كه‌م‌و په‌رتووكی خه‌ون- ده‌قی ئه‌ندێشه‌یی، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م ساڵی (2003).



del.icio.us
Digg