كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه سیگار ده‌كێشێ
شیعری كوردی خه‌ریكه ده‌كه‌وێته سه‌ر پێی خۆی، چونكه به بێ بارستایيی نه‌ته‌وایه‌تیی بینته‌سك، كه له سه‌رده‌می حاجی قادره‌وه ئه‌ستۆی ده‌قمانی ڕه‌زاگران كردووه، به بێ بارستایيی ئایدیۆلۆژی، كه له سه‌رده‌می گۆرانه‌وه بانگاشه بۆ هه‌موو شت ده‌كات، ته‌نیا بۆ شیعر نه‌بێت، به بێ بارستایيی مۆده‌ی فه‌مینست كه ئه‌فسووس، به زۆر ده‌یه‌وێ به‌شی شێر بۆ شیعری كوردی بگه‌ڕێنێته‌وه، با جارێ باس له گشت ئه‌و توڕه‌هاتانه نه‌كه‌ین، كه سه‌رده‌می ئیمڕۆ ده‌یانبه‌خشێته قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان، له دایك ده‌بێت.
له‌م نێوه‌نده‌دا، ڕابه‌ر وه‌كوو قه‌ڵه‌مێكی نوێ، ده‌یه‌وێ جه‌سته‌ی مێژووی ده‌ق هه‌لا هه‌لا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی جێگایه‌ك بۆ ئه‌و بیست ساڵه‌ی ته‌مه‌نی بكاته‌وه. بیست ساڵ له هه‌رێمێكی وه‌كوو كوردستان زۆر كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جره‌به‌یه‌كی شیعریی تیایدا پێ بگات، به‌ڵام ئه‌م ده‌قانه پێمان ده‌ڵێن وا نییه، ئه‌مه هه‌نده‌ی ئۆخژن ده‌به‌خشنه ته‌جره‌به‌ی ئینسانی، هه‌نده‌ش ته‌جره‌به‌یه‌كی گه‌وره‌تر له خۆ ده‌گرێت.
جه‌ده‌لییه‌تی ده‌ق، جۆره دادڕانێكی زاتی و وجوودییه كه هه‌میشه ده‌ق و خاوه‌نه‌كه‌ی تا خه‌ره‌ندی گێژبوون و سڕانه‌وه ده‌بات، به بێ ئه‌مه‌ش، به‌دبه‌ختانه، نه جێی ده‌ق ده‌بێ، نه جێی خاوه‌نه‌كه‌ی. ئا ئه‌م دادڕانه پێشوه‌خته‌یه كه له ژێر په‌ڕه‌مووچی شاعیردا، به ئیمتیاز تێده‌په‌ڕێت و ده‌ڵێت:
<تازه له تۆ گه‌ڕاومه‌ته‌وه
قه‌ف قه‌ف خوێن له روانینم ده‌پژێ
ده‌ڵێی وشه له مابه‌ینی په‌نجه‌كانم ده‌فڕن
وه‌ك پۆلێك مه‌ل
مه‌لی ئاویی> لا9.
ده‌مێك، منجڕییه‌كی نه‌زۆك كه‌وته نێوان شاعیرانمانه‌وه و له مه‌ر "من" و "خۆم"ه‌وه شت نووسران، هه‌ر كه‌سه و خۆی به داهێنه‌ری ئه‌م "كه‌رتبوونه ئینسانییه" زانی، كه هه‌موو داهێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه خاوه‌نێتی، له هه‌لاجه‌وه بۆ بۆدلێر، له‌ویشه‌وه بۆ ڕامبۆ. ئه‌م دیارییه ژه‌هراوییه هی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه ناتوانن قه‌ڵه‌م تووڕهه‌ڵده‌ن، تا به ئیسراحه‌تێكی یه‌زدانی پاڵبده‌نه‌وه، به‌ڵكوو زۆر به پێچه‌وانه‌وه هاوار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن:
<بڕوانه چۆن ئه‌م نێچیره ده‌كوژم
كه هه‌ردووكمانه> لا13.
هونه‌ر دونیایه‌كه به نێو قه‌برغه‌ی مێژوودا تێ ده‌په‌ڕێ، له‌گه‌ڵ خۆیدا، وه‌ك هه‌موو گه‌رده‌لوولێكی هاج، هه‌موو شتێك ڕاده‌پێچێت، له پووشكه‌یه‌كه‌وه تا دره‌ختێك، له پێناو ئه‌وه‌ی له كونجێكی ئه‌م دونیایه‌دا ئۆقره بگرێت: ئوقره ده‌گرێت؟
ڕونێ مارگریتی به‌لجیكی، دونیایه‌كی شیعریی ئاوێته‌ی نیگاره‌كانی ده‌كات و به‌رانبه‌ر به دونیایه‌كی نوێ دامانده‌نێت، كه شته‌كان ناوی خۆیان له ده‌ستداوه و ناوی دیكه‌یان په‌یدا كردووه. ئه‌م جێگۆڕكێیه ئامانجه و پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئامانجیش، وه‌سیله‌یه‌كی ته‌عبیره. ڕابه‌ر ئاگایانه ئه‌م گه‌مه‌یه ده‌كات:
<له سه‌ر پشتی مانگایه‌ك ده‌نووسم: خانوو
له سه‌ر پشتی وشه‌یه‌كی نیگه‌رانیش: خۆكوشتن> لا14.
ئه‌م كه‌ره‌سانه له گۆڕانكارین، به‌ڵام شته بنه‌ڕه‌تییه‌كان نا؛ كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه، به‌ڵام جه‌وهه‌ری هه‌موو به‌رهه‌مێكی هه‌نه‌ری له خۆ ده‌گرێ... پێش دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وه‌به‌ر، لاتینییه‌كان ناویان له په‌خشان نابوو "به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون"، شیعریشیان به "گه‌ڕانه‌وه" ناونابوو. گه‌ڕانه‌وه ده‌قی هه‌موو شیعرێكه به ئیمتیاز، گه‌ڕانه‌وه نه‌ك به‌ره‌و خاڵی ده‌سپێك، به‌ڵكوو بۆ زیاتر وردبوونه‌وه و ڕامان و جه‌غتكردن. ئه‌مه ڕۆحی شیعره، كه خودی نووسین ده‌مانخاته ژێر پرسیاری ڕاسته‌قینه‌وه و وجوودمان ده‌خاته ژێر مه‌ترسییه‌وه:
<نووسین خولانه‌وه‌یه؛
ته‌واف به ده‌وری ته‌رمی خۆماند> لا15.
هه‌ر بۆیه‌شه نووسین چه‌ترێكی یه‌كجار فراوانه بۆ ته‌عبیركردن. به‌ڵام "ڕێگاكانی ته‌عبیر ته‌سك ده‌بن، كاتێك ڕوئیا فراوان ده‌بێ" هه‌ر وه‌كوو نه‌فه‌ری ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات. زمان ئه‌و كائینه زه‌به‌لاحه‌یه كه نازانێ ئۆقره‌گرتن چییه. سوڵته‌ی زمان هه‌میشه به‌سه‌ر مانادا زاڵ ده‌بێت، كاتێك ڕوئیاكانمان به‌رته‌سك ده‌بن. بۆیه زمان له لای شاعیر به بێ جێگه‌یه، به بێ بنمیچێكی دامه‌زراوه‌یییه. هه‌ر بۆیه شیعر وجوودی هه‌یه، چونكه هه‌وڵدانێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئینسان به‌رانبه‌ر به جه‌به‌رووتی زمان و دامه‌زراوه وریا بێت:
<له مندا
ئاهـ له مندا
قه‌ت شوێن نه‌بوو بۆ حه‌سانه‌وه‌ی زمان> لا17.
ئه‌مه خوێندنه‌وه‌ی ته‌نیا ده‌قێكی كتێبی ناوبراو بوو، ده‌بێ خوێنه‌ر سه‌رنج بۆ ئه‌و ته‌وژمه نه‌فسییه‌ش بدات كه شیعرێكی وجوودی پێ له دایك ده‌بێت. لێره‌وه داوه‌تی خوێنه‌رانی شیعر ده‌كه‌ین كه به دیققه‌ته‌وه ئه‌م ده‌قانه بخوێننه‌وه و دوارۆژێكی دژواری شیعریش چاوه‌ڕوانی شاعیر ده‌كات، چونكه گره‌وێكی قورسی له‌گه‌ڵ خۆیدا كردووه؛ ئه‌وه‌ی به‌م هێزه‌وه ده‌ست پێ بكات، چۆن به‌رده‌وامی به نووسین ده‌دات؟
پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌م خوێندنه‌وه بهێنم، به چاكی ده‌زانم سێ سه‌رنج بخه‌مه ڕوو:
سه‌رنجی یه‌كه‌م: شیعر له‌م كتێبه، له ته‌نسیۆنێك، واته له بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك دایه له‌گه‌ڵ ژیاندا، له‌گه‌ڵ واقیعدا، ئه‌م بگره‌وبه‌رده‌یه چه‌نده پێویسته بۆ شیعر، هه‌نده‌ش دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه گرینگه، كه له نێوان واقیع و ده‌قی هونه‌ری دایه. پالاسیۆ، یه‌كێكه له په‌یكه‌رتاش و ته‌شكیلییه ئیسپانییه‌كان، ئه‌م ته‌نسیۆنه به‌م جۆره ته‌عبیری لێ ده‌كات: "كاری هونه‌ری وه‌كوو ڕاكێشانی تێلێكی مێتاڵی وایه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه پێش پچڕان ده‌كه‌وێت". ڕه‌نگبێت ئه‌م هاوسه‌نگییه بۆ هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ڕاست بێت.
سه‌رنجی دووه‌م: بارستاییی وشه‌ی خه‌م، یه‌كێكه له‌و بارستایییه هه‌ره نێگه‌تیفانه‌ی شیعری كوردی دووچاریان بووه. شیعری حه‌فتاكان له ژێریدا ته‌واو چۆك داده‌هێنێ، ده‌بێته نووشتانه‌وه‌یه‌ك، كه ئیتر ڕۆشناییی شیعر تووشی ته‌ڵخبوون ده‌بێ. به ڕای من، شاعیر ده‌بێت زۆر به وردی ئه‌م تێرمه به‌كاربهێنیت. هیچ وشه‌یه‌ك ڕێگه‌كانی به‌كارهێنانی لێ قه‌ده‌غه ناكرێت، به‌ڵام ڕێگه‌كانی ته‌عبیریش فره‌ن.
سه‌رنجی سێیه‌م: "من"، وه‌كوو زاتێك له شه‌ڕێكی وجوودی دایه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م شه‌ڕه بۆ واقیعێكی دیاریكراو، مه‌به‌ست هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌یه، ده‌بێت به یه‌كێك له پێداویستییه هه‌نووكه‌ییه‌كان حسێبی بۆ بكرێت. به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه كاتێك بۆ نێو ده‌ق ده‌گوازرێته‌وه، ده‌بێت بزێو و چاپووك بێت، ده‌بێت خاوه‌ن وزه بێت، نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی زات له نێو ئه‌و حه‌شاماته بێته زمان و فه‌راده‌تی خۆی بدۆزێته‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێت جێگه‌یه‌كی لایقیش له نێو ده‌قدا په‌یدا بكات.
سه‌رچاوه:
كتێب: كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه سیگار ده‌كێشێ
نووسه‌ر: ڕابه‌ر فاریق
بابه‌ت: شیعر
نه‌خشه‌ساز: لوقمان ڕه‌شیدی
چاپخانه: ڕۆژهه‌ڵات
چاپ: یه‌كه‌م. هه‌ولێر 2009.



del.icio.us
Digg