رامان له كتێبی "باران ره‌دووكه‌وتووی قه‌سیده‌كانی با"
ئارام سدیق
له ئێستادا زۆرترین كتێبی شیعری چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه به‌شێكی زۆری ئه‌م كتێبه شیعرییانه وزه‌ی ئه‌وه‌یان تێدا نییه، كه بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م لای خوێنه‌ر بمێننه‌وه، به‌ڵكو به‌شێكی زۆریان هه‌ر زوو له‌بیر خوێنه‌ر ده‌چنه‌وه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆرتریش هه‌ر ناچنه نێو خوێنه‌ره‌وه‌و له په‌راوێزدا ده‌مێننه‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌زا پڕ له جه‌نجاڵییه‌ی له نێو شیعردا دروست كردووه تێنه‌گه‌یشتنه له شیعر وه‌كو چه‌مكێكی مۆدێرن، چونكه هه‌ر نووسه‌رێك له شیعر تێگه‌یشت ئه‌وسا زۆر به ترس و هه‌ستیارییه‌وه ده‌ست بۆ شیعر و نووسینی وشه‌ی شیعر ده‌بات. ده‌توانین بڵێین به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبی شیعری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ك له شیعر تێنه‌گه‌یشتوون، به‌ڵكو شیعر وه‌كو وه‌سیله‌ی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی حه‌زه كاتییه‌كان ده‌بینن به به‌شێكی زۆری ئه‌و شاعیرانه‌شه‌وه كه زیاتر له (20) ساڵه ده‌نوسن، چونكه پێموایه ئه‌وانیش هه‌م له په‌یامی شیعر و هه‌م له وه‌زیفه‌ی شیعر تێنه‌گه‌یشتوون، چونكه شیعر پردی شۆڕبوونه‌وه‌یه بۆ نێو خود و تێڕامانه له چه‌مكه‌كان به ژیان و مردنیشه‌وه، نه‌ك به‌تاڵكردنه‌وه‌ی حه‌زه كاتییه‌كان بێت. بۆیه به‌رای من گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ شیعر ته‌نها به نووسینی تێكستی جوان و به ده‌رخستن و به ئاوڕدانه‌وه ده‌بێت لێی، چونكه له ئێستادا به‌ناوی شیعره‌وه بێحورمه‌تی به شیعر ده‌كرێت تا ئه‌و ئاسته‌ی كه زۆرجار خوێنه‌ر سڵ له به‌كارهێنانی چه‌مكی شیعر و شاعیریش بكات.
یه‌كێك له‌و كتێبه شیعرییه نوێیانه‌ی كه ده‌كرێت وه‌كو رامانێكی قوڵ و وه‌كو شۆڕبوونه‌وه بۆ نێو خود سه‌یری بكرێت كتێبی " باران ره‌دووكه‌وتووی قه‌سیده‌كانی با"ی ئه‌نوه‌ری ره‌شید عه‌وڵای شاعیره، كه له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا یانه‌ی قه‌ڵه‌م له دوو توێی (146) لاپه‌ڕه‌دا به چاپی گه‌یاندووه. ئه‌م كتێبه شیعرییه‌ی ئه‌نوه‌ری شاعیر ئه‌زموونێكی كه‌مێك تایبه‌تمه‌ند و جیاوازه له ئه‌زموونه‌كانی پێشتر كه من بینیومه و ئه‌و هه‌وڵی داوه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌ره به‌و ئه‌زموونه تایبه‌تمه‌نده‌ی خۆی بدات كه له كتێبی پێشووتری (ونبوون له بێشه‌كانی با-دا) كاری له‌سه‌ر كردبوو. ئه‌م شاعیره ده‌یه‌وێت جیا بنوسێت و ئه‌زموونێكی نوێ و تایبه‌تمه‌ند بخولقێنێت، ئه‌زموونێك جیاواز له روانگه‌ییه‌كان و جیاواز له‌و نه‌وه‌یه‌شی له هه‌نووكه‌دا ده‌نووسن، یان راستر بڵێین ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی هاوته‌مه‌نی خۆیه‌تی. بۆیه له‌م دیوانه‌شدا كه (8) قه‌سیده‌ی له خۆگرتووه ئه‌نوه‌ر له رێی دواندنی وشه‌كانه‌وه بۆ نێو سیحری ماناكان په‌لكێشمان ده‌كات و له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مهێنانی مانای نوێ‌دا رامان ده‌گرێت. بۆ وردبوونه‌وه له‌مه ده‌توانین سه‌یری ئه‌م كۆپله شیعره له قه‌سیده‌ی "ریسك"بكه‌ین:
ئه‌وه‌تا له كه‌شكۆڵی مانگدا
ئه‌ستێره‌كان ته‌نها شاهیدێكن
مانگ دڵی شه‌وه
ئه‌ستێره‌كان خانه‌ن
شه‌و پێستی له‌شین...
له كۆی قه‌سیده‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا شاعیر له ته‌فسیركردنی جۆراوجۆری چه‌مكه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی مانای نوێ ده‌دات. بێگومان پێشتریش ئه‌نوه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ستایله شیعرییه به‌رده‌وام بووه و له‌وێوه ویستوویه‌تی جیاكاری له‌نێوان خۆی و ئه‌زموونی شیعری هاوته‌مه‌نییه‌كانیدا بكات، به‌ڵام ناكرێت ئه‌وه‌ش نه‌خه‌ینه‌ڕوو كه له‌م كتێبه نوێیه‌دا ئه‌نوه‌ر به شێوه‌و فۆرمی تر له چه‌مكه‌كان ده‌دوێت و ده‌یه‌وێت له ده‌لاقه‌ی جیاوازتره‌وه له ده‌رگای ئه‌و چه‌مكانه بدات و مانای نوێ بخاته‌ڕوو. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بخه‌ینه‌ڕوو كه تێكسته‌كانی ئه‌م شاعیره تێكستگه‌لێكن بۆ خوێنه‌ری تایبه‌ت، نه‌ك بۆ هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعر، به‌ڵكو بۆ ئه‌و خوێنه‌ره‌ی به‌دوای مانای نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت و چاوه‌ڕوانی زۆری له شیعر هه‌یه نه‌ك بۆ ئه‌و خوێنه‌ره‌ی ده‌یه‌وێت له‌رێی شیعره‌وه بگات چێژێكی كاتی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵكو له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا به‌ده‌ر له‌وه‌ی چێژ ئاماده‌یی هه‌یه و خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌دواییدا بگه‌ڕێت، هاوكات خوێنه‌ر تووشی رامان بیركردنه‌وه ده‌كات له‌و چه‌مكانه‌ی شاعیر لێیان دواوه و هه‌وڵی خستنه‌ڕووی وێنه‌یه‌كی تری داوه.
من زیاد له جارێك وتوومه كه شاعیره‌كان هه‌میشه ئه‌و مرۆڤه ورده‌كارانه‌ن، كه له هه‌موو شته بچووكه‌كان ورد ده‌بنه‌وه. لای شاعیر دوو شت ده‌بنه كه‌ره‌سته‌ی شیعر، یان رووداوه گه‌وره‌كان، كه ئه‌و ناتوانێت لێیان بێده‌نگبێت، یان ئه‌و رووداوانه‌ی، كه كه‌س چاوی بینینیانی نییه و ته‌نها شاعیره‌كان ده‌توانن بیبینن. لای ئه‌نوه‌ر له كتێبی "له ونبوون له بێشه‌كانی -با-دا" ته‌نها گرنگی به شته نه‌بینراو و په‌راوێزخراوه‌كان درابوو، یان ئه‌و شتانه‌ی ئێمه زۆر كه‌م بیریان لێده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام له‌م كتێبه‌دا هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه نراوه له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بیری نوێ و وێنه‌ی نوێ له‌مه‌ڕ شته‌كان بخرێته وه‌كو له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بینیمان كه شاعیر (مانگ به دڵی شه‌و) ده‌چوێنێت، كه ئه‌مه هه‌م وێنه‌یه‌كی نوێی مانگه، كه ئێمه پێشتر پێی ئاشنا نه‌بووین و هه‌م بیرێكی نوێشه له‌مه‌ڕ ئه‌و هاوسه‌نگییه گه‌ردوونییه‌ی هه‌یه.
دواجار ئه‌وه‌ی گرنگه بیخه‌ینه‌ڕوو ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كتێبه كۆمه‌كمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساتێك له‌گه‌ڵ شیعر ئاشت بینه‌وه‌و ده‌قگه‌لێك بخوێنینه‌وه كه به‌ره‌و بیركردنه‌وه‌و رامانمانده‌به‌ن. بۆیه ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌نوه‌ر شایه‌نی ئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌ی جیدی بۆ بكرێت، كه به داخه‌وه ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌ش وه‌كو زۆر شاعیری تر به فه‌رامۆشی ماوه‌ته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی جیدی له‌مه‌ڕ نه‌كراوه.



del.icio.us
Digg