دوو گۆرانی بۆ غه‌ریبێ
ئه‌حمه‌دی مه‌لا
1
له لێره‌واره‌کانی کێشوه‌ری تاراوگه
غه‌رێبێک له ژێر بارانا
ته‌ڕ ده‌بێت و که‌س نایبیێ،
به‌ره‌و رووناکی هه‌تاو
هه‌نگاو ده‌نێ.
غه‌رێبێ به چرپه گۆرانی ده‌چڕێ
ته‌نها هه‌ر خۆی گوێی
له ده‌نگی خۆی ده‌بێ.
له لێره‌واره‌کانی غوربه‌تیا
به ناو هه‌ناوی ته‌ما
ئۆغر ده‌کا و ناگاته هیچ شوێنێ،
به نزمی گوێ
له برینه‌کانی رۆحی خۆی هه‌ڵده‌درێرێ.
غه‌رێبی ته‌نها هه‌ر خۆی برینی خۆیه‌تی.
له لێره‌واره‌کانی کێشوه‌ری تاراوگه
ده‌ست له گیرفان
بارانێکی ره‌ش قه‌مسه‌ڵه ته‌ڕ ده‌کا
دوو برینی هه‌راشیش
ده‌روونی هه‌پڕوون به هه‌پڕوون ده‌کا.
غه‌رێبێکی ژێر باران
ته‌نها گوێی له ده‌نگی خۆیه‌تی.
2
شه‌وێکی تاریک
ئاوێته‌ی ته‌م
له سه‌ر ئاوازێکی سست
داده‌چۆڕێ
شووشه‌ی په‌نجه‌ره و
شۆسته‌کان داده‌پۆشێ.
په‌رده ته‌نکه‌که
به دوو په‌نجه‌ی له‌رزۆک
لاده‌ده‌م،
دوور ده‌ڕوانم
ته‌نها تاریکییه‌کی ئه‌ستوور ده‌بینم
ژووره‌که‌می قووت داوه،
سه‌رماش
له نێو هه‌موو شانه‌یه‌کی رۆح
کرۆشکی داوه.
ئاوازێکی دوور دێته به‌رگوێم
نازانم لاڵانه‌وه‌ی رۆحه
یا زایه‌ڵه‌ی تاراوگه.
ده‌رگا ده‌که‌مه‌وه
جه‌سته‌م
تاریکی و ته‌م
ته‌نهایی و غه‌م
شه‌ق ده‌کات ؛
به‌فری ژێر پۆستاڵه‌که‌م
خرچه خرچ
ئاره‌زووه‌کانم هه‌نجن هه‌نجن
ده‌کات.
چرای دارته‌له‌کان
کز کز
نمه ژانه‌کانی ئاسمان
هێوڕ هێور
ده‌که‌ونه سه‌رشانم،
ته‌وێڵم به گوناه
ته‌ڕده‌بێت و
هۆیه‌که‌شی نازانم.
هێدی هێدی
له‌شم و سه‌رما
تاریکیی و ته‌م
ئاوێته‌ی یه‌کتر ده‌بن.
ته‌نها گوێم
له گۆرانییه‌که
نازانم لاڵانه‌وه‌ی رۆحه
یا سه‌داکانی تاراوگه!



del.icio.us
Digg