تاراس بۆڵبا.. رۆحێكی شۆڕشگێڕ‌و جاوید
ئیدریس عه‌لی
رۆمانی ( تاراس بۆڵبا)ی نووسه‌ری رووسی ( گۆگۆڵ) له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌لایه‌ن (محه‌مه‌د موكری) وه‌رگێڕدرایه سه‌ر زمانی كوردی‌و ده‌زگای ئاراس چاپ‌و بلاوی كرده‌وه.( نیكۆلای گۆگۆڵ) ساڵی 1809 له ئۆكرانیا له‌دایك بووه كه ئه‌وكات به‌شێك بووه له ئیمپراتۆریه‌تی رووس، سه‌ره‌تای كاری ئه‌ده‌بی گۆگۆڵ به نووسینی كورته چیرۆك ده‌ستی پێكردووه‌و یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه چیرۆكیشی له‌سه‌ر ژیان‌و ئازاری ئۆكرانیه‌كان بوو، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك شانۆنامه‌شی نووسی كه تێیدا ره‌خنه‌ی له‌سیستمی ده‌سه‌ڵات‌و ئیداره‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی رووسیا گرتبوو.
بێگومان (تاراس بۆڵبا) یه‌كه‌مین رۆمان‌و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نییه كه‌له‌سه‌ر جه‌نگ‌و گیانبازی‌و چه‌وساندنه‌وه‌و داگیركاری، به‌تایبه‌ت تێكۆشان‌و چه‌وسانده‌وه‌ی قه‌وقازییه‌كان نووسرابێت، به‌تایبه‌ت له‌ئه‌ده‌بی كلاسیكی رووسیدا ، به‌ڵام فكر‌و دنیا بینی نووسه‌ره‌كان له‌ره‌وتی به‌رهه‌مه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت‌و مه‌ودای فراوان‌و ره‌هه‌ندی جیاواز له‌به‌رده‌م خوێنه‌ردا والا ده‌كات، گۆگۆڵ له‌م رۆمانه‌دا پێمان ده‌ڵێت گه‌ر هێز‌و سوپا‌و جه‌نگ به‌سه‌ر عه‌قلانیه‌ت‌و مه‌نتیقدا زاڵ بێت، جگه له تراژیدیا چ ئاكامێكی تری لێناكه‌وێته‌وه، راسته‌ئه‌م رۆمانه جه‌ختی له‌سه‌ر قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویی كردۆته‌وه، به‌ڵام گۆگۆڵ مێژوونووس نییه، ئه‌و له‌زمانی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه‌وه دان به‌و راستیه‌دا ده‌نێت كه مێژوونووس نییه،به‌ڵام دوواجار خوێنه‌ر ئه‌و ره‌هه‌نده مێژووییه په‌نهانه ده‌دۆزێته‌وه كه نووسه‌ر كاری له‌سه‌ر كردووه.
تاراس بۆڵبا پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه جه‌نگاوه‌رێكی ئازا‌و سه‌ركرده‌یه‌كی قۆزاقییه‌كانه‌و دژ به داگیركاری توركه‌كان‌و پۆڵۆنیه‌كان ده‌جه‌نگێ، به‌هۆی شاره‌زاییه‌وه له‌هونه‌ری جه‌نگدا ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رنجی ( شازاده گریگۆری) حاكمی پۆڵه‌ندی، كه به‌درێژایی ماوه‌ی جه‌نگی قۆقازییه‌كان‌و توركه‌كان چاودێری مه‌یدانی شه‌ڕی ده‌كرد ئازایه‌تی ( تاراس بۆڵبا) ده‌بینێ، بۆیه نوێنه‌رێك ده‌نێرێته لای سوپای قۆزاق‌و پێیان راده‌گه‌یه‌نێت كه كه گه‌وره‌پیاوانی سوپای قۆزاق بێنه چادرگه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر له‌شكری توركدا جه‌ژن بگێڕن، به‌لام یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختی دیتنی تاراس‌و شازاده هه‌ست به‌وه ده‌كات كه پۆڵۆنیه‌كان نیازی خیانه‌تیان هه‌یه له قۆزاقیه‌كان، تاراس به‌شمشێره تیژه‌كه‌ی مه‌چه‌كی شازاده ده‌قرتێنێت، ئیدی ئه‌مه ئه‌و سه‌ره‌تایه‌یه كه خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانێكی سه‌رسه‌ختدا به‌ره‌و رووه، كه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئازادی‌و رزگاركردنی خاكه‌كه‌ی ئاماده نییه هیچ سازشێك قبوڵ بكات.
چیرۆكی ( تاراس بۆڵبا) چیرۆكی جه‌نگاوه‌رێكه كه له‌ناخه‌وه هه‌ست به‌ئازاری داگیر كاری‌و چه‌وساندنه‌وه ده‌كات، هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌شه وای لێده‌كات ببێته پاڵه‌وانێكی كه‌م وێنه‌و له‌شه‌ڕدا ده‌ستپارێزی نه‌كات، رۆحیه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌و شه‌ڕانگێزی له‌لای ئه‌م پاڵه‌وانه شتێك نییه هه‌روا له‌خۆڕا‌و به‌سرووشتی خۆی درووست بووبێت، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی هه‌لومه‌رجێكه كه ئه‌و تێیدا ژیاوه‌و هه‌ستی به چه‌وساندنه‌وه‌و ژێر ده‌سته‌یی كردووه.
دووای ئه‌و رووداوانه قۆقازیه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ گوند‌و ناوچه‌كانی خۆیان، كاتێك (بۆلبا) ژنه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌بینێته‌وه سكی هه‌شت مانگانه، بۆڵبا له‌كاتێكدا كه‌لوپه‌لی ناوماڵه هه‌ژاره‌كه‌ی و ژنه‌كه‌ی سواری گالیسكه‌كه ده‌كات، ئاگر له‌ماڵه‌كه‌ی به‌رده‌دات، مه‌به‌ستی له‌م كاره‌ش ئه‌وه‌یه كه ناوچه‌كه‌یان ئارامی تێدا نه‌ماوه‌و نایه‌وێت به‌ژێرده‌سته‌یی تێیدا بژی، ئه‌م پاڵه‌وانه بیر‌و هۆشی هه‌ر له‌لای تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه له پۆڵه‌ندییه‌كان، بۆیه نه‌مامێكی بچوك له گونده‌كه‌یان هه‌ڵده‌كێشێت‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌م نه‌مامه به‌خوێنی پۆڵه‌ندییه‌كان ئاو ده‌ده‌م تا گه‌وره ده‌بێت، له‌و سه‌فه‌ره‌یدا تاراس بۆڵبا‌و سۆفیای هاوسه‌ری به‌ته‌نها نه‌بوون، به‌ڵكو هاوڕێیه‌كی دێرنیشی كه ناوی (سه‌رهه‌نگ شیلۆ) یه هاوده‌میان بوو تا گه‌یشتن به شوێنێك نزیك شاری (كیڤ) .
كاتێك گه‌یشتنه كه‌نار شار ده‌بوو جێیه‌كی گونجاو بۆ ژنه‌كه‌ی په‌یدا بكات، چونكه ئێستا ئه‌و سه‌روه‌ختی منداڵ بوونیه‌تی، دواتر سه‌رنجێك له‌نه‌مامه بچكۆله‌كه ده‌دات‌و ده‌ڵێت: ئه‌ی نه‌مام كه له‌خاكی مندا سه‌رت به‌رزكردۆته‌وه‌و روواویت، به‌ئارامی گه‌وره‌به رۆژێك دێت به‌زه‌ریایه‌ك خوێنی پۆڵۆنیه‌كان ئاوت ده‌ده‌م، لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه بۆڵبا پاڵه‌وانێكه ئارام نابێته‌وه‌و هه‌ر سات‌و ده‌رفه‌تێك بڕه‌خسێ تۆڵه‌ی خۆی‌و دین‌و خاكه‌كه داگیر كراوه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه.
كاتێكیش سۆفیا له هه‌لومه‌رجێكی ناته‌ندرووستدا له‌ناوگالیسكه‌یه‌كدا منداڵی ده‌بێت، بۆڵبا خۆشحاڵ ده‌بێت كه ژنه‌كه‌ی كوڕێكی به‌بوون هێناوه، بۆڵبا منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كه ده‌خاته ناوجۆگه‌له‌یه‌ك ئاوی سارده‌وه‌و دواتر ده‌یباته په‌نا نه‌مامه‌كه ، رۆژگار‌و ساڵه‌كان تێپه‌ڕین، بۆڵبا وه‌ك خۆی داخ له‌دڵ‌و وه‌حشی‌و مه‌غرور مایه‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌نگی هاوڕێیدا كوخی گه‌وره‌و باخ‌و كێڵگه‌ی پڕ له‌خۆراكیان درووستكرد‌و مه‌ڕوماڵاتیان زیادی كرد، ده‌وروبه‌ریشیان پڕ بوون له‌و گوندییانه‌ی كه له‌ترسی سوپای پۆڵه‌ندی هه‌ڵاتبوون‌و له‌و ناوه‌دا گیرسابوونه‌وه.
ئێستا ( ئه‌ندرێ)ی كوڕی بۆڵبا چوار ساڵانه‌و كوڕێكی تریشیان له‌دایك بووه به‌ناوی ( ئوستاب) بۆڵبا خۆشحاڵه‌و خاوه‌نی دوو گه‌نجینه‌یه واته دوو كوڕ كه دووارۆژ خوێنی پۆڵۆنیه‌كان ده‌خۆنه‌وه، نه‌مامه‌كه‌شی گه‌وره‌بووه، باوكه‌و هه‌ر دوو كوڕه‌كه‌ی له‌سایه‌یدا داده‌نیشن‌و گفت‌و گۆ ده‌كه‌ن، گفتوگۆكانی باوكیان زیاتر له‌سه‌ر جه‌ربه‌زه‌یی قۆقازیه‌كان‌و داگیركاری‌و خوێنڕێژی‌و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی پۆڵۆنیه‌كانه، بۆیه ئه‌ندرێی كوڕه گه‌وره به‌ر له‌هه‌ر شتێ فێری هونه‌ری شمشێر بازی‌و تیر ئه‌ندازی‌و ئه‌سپ سواری‌و شه‌راب خواردنه‌وه‌ی ده‌كات‌و ئاماده‌ی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته جه‌نگاوه‌رێكی ئازا، كاتێك ته‌مه‌نیشی ده‌گاته هه‌شت ساڵان باوكی به‌زمانێكی زبر‌و رقاوی‌و ده‌نگێكی نێرانه ئامۆژگاری ده‌كات و پێی ده‌ڵێت: گوێبگره توتكه سه‌گ، ئارامبه ئه‌گه‌ر نا داركاریت ده‌كه‌م، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه باوكت هه‌ر چییه‌ك ده‌زانێت بیخاته ئه‌و سه‌ره پوكه‌ی تۆوه، كاری سه‌ره‌كی ئێمه جه‌نگه نه‌ك فێربوونی عیلم‌و ئه‌ده‌ب.
به‌م شێوه بۆڵبا كوڕه‌كه‌ی ده‌خاته به‌رده‌م چاره‌نووسی شه‌ڕ‌و فێری تۆڵه كردنه‌وه‌و رقی ده‌كات، باسی سه‌ر زه‌مینی ئه‌ستیپی داگیركراویشی بۆ ده‌كات كه زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی رووسی‌و هه‌ندێك لیتوانی‌و كه‌مینه‌یه‌كش پۆڵۆنی بوون، به‌ڵام ئێستا وانه‌ماوه‌و ئه‌ستیپی سه‌رزه‌مینی جوانی‌و سه‌وزایی داگیر گراوه، باڵبۆ ئه‌گه‌رچی به‌رواڵه‌ت پیاوێكی خوێن رێژ‌و نه‌خوێنده‌واره‌و پێیوایه كاری ئه‌وان جه‌نگه نه‌ك فێربوونی ئه‌ده‌ب‌و زانست، به‌ڵام به‌هۆی واقعی تاڵی ژیان‌و چه‌وساندنه‌وه‌و داگیركارییه‌وه، له‌ناخه‌وه له‌ئه‌همه‌یه‌تی ئازادی تێده‌گات‌و به كوڕه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئازادی مانای ئه‌وه‌یه كه‌سێك ئه‌مڕۆ نه‌هیت پێنه‌كات بۆ ئه‌نجامدانی كارێك بۆ كه‌سێكی دیكه.
كاتێك هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی بۆڵبا گه‌وره ببوون، ده‌بوو بۆ خوێندن بچنه ئه‌كادیمیای زانستی ئیلاهی له‌شاری (كیڤ) به‌ڵام ئامانجی باوكه له‌رۆشتنی كوڕه‌كان بۆ فێربوون نه‌بوو به‌ڵكو بۆ ئاگاداربوون بوو له شێوه‌ی ژیانی پۆڵندییه‌كان،به ئه‌و جه‌نگاوه‌ره قه‌وقازییه ئه‌گه‌ر ئه‌ندرییه فێری داب‌و نه‌ریت‌و ره‌وشتی پۆڵه‌ندییه‌كان نه‌بێت ناتوانێت له دووا رۆژدا وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكات‌و تۆڵه‌یان لێبكاته‌وه، به‌ڵام كوڕه گه‌وره‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت كه تاكو ئه‌و شوێنه فه‌رمانه‌كانت جێبه‌جێده‌كه‌م كه هێز په‌یدا بكه‌م، ئاخر ئه‌مه بنه‌مای یاسا‌و كه‌لتووری جه‌نگه.
كاتێك هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی باڵبۆ ده‌چنه ناو شاری كیڤ تووشی سه‌راسیمه ده‌بن له بوونی ئه‌و هه‌موو خانووه له‌به‌رد درووستكراوه، چونكه تا ئه‌وكاته‌ش ئه‌وان كوڕی پیاوێكی شه‌ڕانی بوون‌و له ناو گوند‌و دوور له‌ئاوه‌دانیدا ژیاون، (ئه‌ندرێ) نیگه‌ران ده‌بێت له‌وه‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له دیده‌نی دایك‌و باوكی بێبه‌ش ده‌بێت له‌وه‌ش ناخۆشتر ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندییه داگیركاره‌كاندا هه‌ڵسووكه‌وت بكات هاوكات ئه‌و ئازادیه‌شی له‌ده‌ست دابوو كه له‌گونددا هه‌یبوو.
ژیانی (ئه‌ندرێ) له‌وشاره‌دا به‌عه‌شق ده‌ستی پێكرد، عه‌شقێك كه شه‌پۆله‌كانی به‌جۆرێك خۆیان له‌كه‌ناره‌كانی رۆح‌و دڵی ده‌ده‌ن كه‌ده‌بێته هۆی گۆڕینی ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی‌و دواتر ده‌بێت هۆی گیان له‌ده‌ستدانیشی، سه‌ره‌نجام عیشق‌و خۆشه‌ویستی زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕخوازانه‌ی ئه‌و تێكۆشه‌ره گه‌نجه‌دا، ئه‌و عاشقی كچی حاكمی شاری كیڤ ده‌بێت، ناتالیاش به‌و راده‌یه‌ی ئه‌ندرێ له‌سنووری یاساكانی باوكی‌و خێزان‌و ناوكۆشكه‌كه‌ی یاخی ده‌بێت‌و چاره‌نووسی ژیانی خۆی گرێده‌دات به‌عه‌شقی كوڕه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی باڵبۆوه، به‌لام باوكی ناتالیا به‌و عه‌شقه ده‌زانێت‌و سه‌رزه‌نشی كچه‌كه‌ی ده‌كات ناتالیاش سوور ده‌بێت له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌ندرێ، بۆیه باوكی كچه كچه‌كه‌ی خۆی له‌كۆشك ده‌رده‌كات ده‌یكات به‌كه‌نیزه‌ی یه‌كێك له‌كۆشكه‌كانی شار‌و له میرات‌و نیعمه‌تی حاكمانه‌ی خۆی بێبه‌شی ده‌كات، ژیانی ئه‌ندرێ ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه بۆیه له‌گه‌ڵ براكه‌یدا راده‌كه‌نه‌وه بۆ لای دایك‌و باوكیان، به‌ڵام بۆ یه‌ك ساتیش ئه‌و عه‌شقه‌ی له‌خه‌یاڵ ده‌رناچێت.
هه‌زاران قه‌وقازی به‌ڕابه‌رایه‌تی تاراس بۆڵبا كۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری شاری كریڤ بده‌ن‌و تۆڵه له‌ناپاكی پۆڵه‌ندیه‌كان بكه‌نه‌وه، بۆڵبا شادومانه كاتێك هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی ده‌بینێت به‌به‌رگی سه‌ربازی‌و ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ باوكیان‌و هه‌زاران قه‌وقازی به‌شداری شه‌ڕ ده‌كه‌ن، كاتێك چوار ده‌وری شار ده‌ده‌ن له‌یه‌كێك له‌كۆشكه‌كانه‌وه ناتالیا عاشقه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای قه‌وقازیه‌كاندا ده‌بینێت، شه‌ڕ ده‌ست پێده‌كات‌و ئه‌ندرێ وه‌ك قاره‌مانێك ده‌رده‌كه‌وێت تا ئه‌وكاته‌ی بریندار ده‌بێت، باڵبۆ زۆر وه‌حشیانه به‌قوڕ‌و شه‌راب برینی كوڕه‌كه‌ی تیمار ده‌كات، ده‌رگاكانی چوارده‌وری شاری كریڤ داده‌خرێن‌و قه‌وقازیه‌كان چوار ده‌وری شار ده‌گرن‌و رێگای هاتوچۆو بردنی خۆراك ده‌گرن، سه‌ربازان‌و خه‌ڵكی پۆڵه‌ندی برسێتی هیرشیان بۆ دێنێت، شازاده گریگۆری دووچاری بارێكی ده‌روونی سه‌خت ده‌بێت، له‌وكاته‌دا ئه‌ندرێ بۆ چوونه ناو شار به‌رگی ئه‌فسه‌رێكی پۆڵه‌ندی ده‌پۆشێت‌و دوو گای گه‌وره ده‌داته پێش خۆی‌و خۆی ده‌كات به‌شاردا، دیتنی گاكان‌و خه‌می برسێتی سه‌ربازانی پۆڵه‌ندی سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی ناتالیا عاشقه‌ی ده‌بینێت‌و باوه‌شی پێدا ده‌كات، بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گالیسكه‌یه‌دا كه‌لاشه‌ی قوربانیانی تاعوون ده‌به‌نه ده‌ره‌وه‌ی شار خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، ئه‌و دووعاشقه تێكه‌ڵ به ته‌رمی مردووه‌كان سواری گالیسكه‌یه‌ك ده‌بن به‌لام ناگه‌نه ده‌ره‌وه‌ی شار‌و ده‌سگیر ده‌كرێن، ئه‌ندرێ زیندانی ده‌كرێت، كچه‌ش به‌تاوانی ئه‌وه‌ی عاشقی جه‌نگاوه‌رێكی قه‌وقازی بووه مه‌راسیمی سوتاندنی بۆ سازده‌كه‌ن، ئه‌ندرێ له زیندانه‌كه‌یه‌وه عاشقه‌كه‌ی ده‌بینێت خه‌ریكن ده‌یسووتێنن، له‌تاو ئه‌و عه‌شقه بێسنووره‌ی بۆ ناتالیای هه‌یه، به شازاده گرگۆری ده‌ڵێت كه ئاماده‌یه خیانه‌ت له‌باوكی‌و هاوڕێكانی‌و قه‌وقازیه‌كان بكات‌و خواردن‌و مه‌ڕ‌و مالاتیان بۆبێنێت به‌و مه‌رجه‌ی ناتالیای خۆشه‌ویستی ئازاد بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ناتالیا تكای لێده‌كات كه ئه‌و خیانه‌ته نه‌كات به‌لام سه‌ره‌نجام ئه‌ندرێ به‌به‌رگی پۆله‌ندی‌و له‌گه‌ڵ هێزێكدا هێرش ده‌بات بۆ سه‌ر عه‌مباری قه‌وقازیه‌كان، له‌كاتی به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزه‌دا باڵبۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌بینێت‌و نیگه‌رانی ئه‌وه ده‌بێت كه خیانه‌تی لێكردوون، ئه‌ندرێ سه‌ر شۆڕ‌و شه‌رمه‌زار ده‌بێت لای باوكی‌و نازانێت چۆن پێی بڵێت دێوانه ئاسا له‌پێناو مه‌عشوقه‌كه‌یدا ئه‌م خیانه‌ته‌ی كردووه، باڵبۆی كه‌له‌ره‌قی خوێن رێژی قه‌وقازی فیشه‌كه‌كانی ده‌مانچه‌كه‌ی له ته‌پڵسه‌ری كوڕه عاشقه‌كه‌یدا خاڵی ده‌كاته‌وه‌و ده‌یكوژێت، خۆشی تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی خراپ ده‌بێت، قه‌وقازیه‌كان شكست دێنن‌و له كاتی پاشكشه‌دا ده‌بن، شازاده گریگۆری كۆنه دوژمنه‌كه‌ی واته بۆڵبا ده‌سگیر ده‌كات‌و ده‌یسوتێنێت.
به‌م شێوه‌یه چیرۆكی شه‌ڕ‌و گیانبازی تێكه‌ڵ به ساته وه‌ختی عه‌شق ده‌بێت، (گۆگۆڵ)ی خاوه‌نی ئه‌م رۆمانه، چاره‌نووسێكی ره‌ش به‌سه‌ر پاڵه‌وانه‌كانیدا دێنێت، بێگومان جه‌نگ‌و عه‌شق‌و خیانه‌ت، وه‌ك سێ چه‌مك پانتایی ئه‌م رۆمانه‌ی داگیر كردووه، له‌لایه‌كه‌وه رێنمایی مرۆڤ ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌نتیی عه‌قڵ‌و به‌هێمنی مامه‌ڵه‌كردن‌و بڕیاردان‌و دوور كه‌وتنه‌وه له گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه گۆشه‌یه‌كمان له مێژوویه‌كی دێرین بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ئه‌ویش گیانبازی‌و چه‌وسانده‌وه‌ی گه‌لی قه‌وقازه له‌سه‌ر خاكێكی داگیركراو‌و هه‌وڵ‌و تێكۆشانی نه‌پساوه بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی.



del.icio.us
Digg