باوکە پەنجەرەکە بکەوە قسەیەک لە دڵمدا ماوه دەیڵێم ...!
دلاوهر قهرهداغی
باوکە پەنجەرەکە بکەوە
قسەیەک لە دڵمدا ماوه دەیڵێم ...!
ئێوارەیەک دادێ
یەکێک لەزەنگی دەرگاکە دەدا
بەلێدانی دڵیدا
مەزەندە دەکەم کوڕەکەم بێ
ئێوارەیەک دادێ
یەکێک لەزەنگی دەرگاکە دەدا
بەگاڵتەوە دەڵێم
کێیت ئەی هاوڕێی ئازیز... کێ؟
ئەو بە خەمێکی قووڵەوە
بە ئەسپایی
زۆر زۆر بە ئەسپایی
دەڵێ:
باوکە بیکەرەوە
منم .. منم
من ..!
بە خەمێکی قووڵترەوە
دەڵێ:
منم ... منم ... یەکێ
من ... میوانێک
موسافیرێک،
ع
ا
ش
ق
ێ
!
ئێوارەیەک دادێ
کوڕەکەم دێتەوە و.... بووهتە عاشق
پاڵتۆکەی دادەکەنێ و
دەڵێ:
وای باوکە
چ بارانێکی قاییمە لەدەرێ
وای باوکە ... خەریکبوو
ڕەهێڵە بمخوا
وای باوکە ... هێندەی نەمابوو
چەترەکەم
بۆ دوور ... دوور بمڕفێنێ و
هەربمبا
وای باوکە ... وای باوکە
تا گەیشتمەوە ماڵەوە
هەزاران کەڕەت دڵم شکا
هەزاران جۆر تام لێهات
هەزاران قەزەم هاتنە سەر ڕێم
وای باوکە
چەند دڵم تەنگە
چ ترسێکم لێ نیشت
چ لەرزێکم تێ ڕژا
وای باوکە
چەند حەز دەکەم بگریم
چەند حەز دەکەم بکەومە سەما
باوکە ... ئەدی کوا مۆسیقای
پیانۆکەی خۆت
هیی پیاوە کوێرەکە دەڵێم
ئەوەی ڕەسمی زەریایەکی لەسەرە و
دڵێک
ئادەی شریتی گۆرانیی
ئەو پیاوە کورتەباڵا قاجارییە
دڵتەنگەی بخەسەر
کە تۆ و
هەموو ئەو نەسلە باراناوییەی
ئێوەی پیر کرد
باوکە ... دەدەی شیعرێکی ناسک
شیعرێک،
لە هەڵکردنی ناکاوی بایەک بچێ
بەناو شەوی دارستانێکی نوستوودا
لە دانیشتنی عەیارانەی دوو هەرمێ بچێت
بۆ ڕەسمگرتن
لە ئێوارەی ئەو زستانە بچێ
کە هەمدیس شەقام
تۆی بەدڵی شکاوەوە
هێنایەوە ماڵ و
تۆ بۆ شەوەکەی نەنووستیت
هەتا من درەنگانێک پێم گرت
باوکە بۆنمکە ... باوکە
بزانە بۆنی چیم لێ دێ
بۆنی قوڵپی عەشق .. یاخود بۆنی
تەشتێک ڕەشە ڕێحان؟
وای چەند گەرم داهاتووم
باوکە ...دەستم لێوە بدە
خۆت بڵێ:
بزانە من گەرمترم
یاخود باوەشی نیشتمان
بزانە من دڵم خۆشترە
یان هەنار
بزانە من قەرەباڵخترم
یان ئەو مناڵییانەم
کە بەجێمهێشتوون لە کۆڵان!
باوکە خۆت بڵێ
بزانە
من تەنیاترم یان عەشق
بزانە من خەمگینترم یان چوالە
بزانە من پەلەترم یان مەرگ
بزانە من دڵم خێراتر لێدەدا
یان دەف!
باوکە دەزانیت
زرینگەیەک لە گەروومدایە
خەریکە بێ هۆ
دەمخاتە سەر لەرەی شیعر
خەریکە بێ هۆ
دەمخاتە خوڕەی گریان
خەریکە بێ هۆ
دەمخاتە نێڵەی زیکر
خەریکە بێ هۆ
دەمخاتە سەر هەوای
درکاندنی شتی سەیر
باوکە دەزانیت
هاژەیەک لە گوێمدایە
لە زەریایەک دەچێ
لە دوورەوە بانگمکا
لە بانگی کەسێک دەچێ
ئازایەتیم بداتە بەر
بۆ ڕیسکی سەفەر
لە نەڕەی ڕەقیبێک دەچێ
هانمبدا
بۆ فێربوونی خووی خەراپ
لە چپەچپی ناحەزێک دەچێ
بیەوێ سەرم پڕکا لە وەسوەسە
بیەوێ لەگەڵیدا بچم بۆ ئەو شوێنەی
کە ڕەنگی لێوە هەڵدەکا
لە ورتەورتی ئەغیارێک دەچێ
بیەوێ بە مەیلی خۆی
دەستم بۆ بخوێنێتەوە
بیەوێ بە کەیفی خۆی
ئاوەڕۆی مناڵییم بۆ حونجەکا
لە نەغمەی نەیارێک دەچێ
بیەوێ لە کۆڵانی خەیاڵدا
لەبەردەم ماڵی خۆیاندا
شەڕم پێ بفرۆشێ
گەلەکۆمەم لێ بکا
بیەوێ لەبەردەم مەرجاندا
تەریقمکاتەوە
بیەوێ لەچوار ڕاکانی ئەفسانەدا
فریومبا!
باوکە ... باوکە
پەردەکە دابەرەوە
یارمەتیم بدە بگریم
یارمەتیم بدە گەرم ببمەوە
هانم بدە ... شتێک بگێڕمەوە
پڕبێت لە بەفر و لە بێ دەنگیی و
لە دڵەکوتە
بۆمباسکە
کوێی ئەم حەکایەتە کۆتاییه و
کوێی سهرهتا؟
بۆمباسکە ... باوکە
بە ئاراستەی کام بادا
دەچمەوە ژێر ڕێژنەی ون بوون
پێمبڵێ
ئەم کۆڵانانە دەچنەوە
سەرلێواری کام خەرەندی
تێداچوون؟
پێمبڵێ:
چۆن چۆنیی
بۆشایی گەردوونیی
نێوان یەکەمین
بەیانیی باش لهیهک کردن
نێوان یەکەمین
دوو به دوو پێکەوە دانیشتن لە پاسدا،
نێوان یەکەمین
دوو به دوو قاوەخواردنەوە،
پڕکەمەوە؟
بۆمباسکە
کاتێک بڕیار دەدەم
ئەوەی لەدڵمدایە بیڵێم
چۆن چۆنیی ددان بەخۆدا بگرم
کە ناکاو نەشکێم و
نەڕووخێم و ورد نەبم؟
بۆمباسکە
چۆن چۆنیی بتوانم
بە لەت و پەتیی هەستمەوە
چۆن چۆنیی بتوانم
نەبمە گڵ
چۆن چۆنیی بتوانم
نەبمە تەم
چۆن چۆنی بتوانم
با نەمبا
چۆن چۆنیی بتوانم
باوکە
سەدەیەک
لەژێر باراندا هەڵکەم
بە تەنیا؟
ئێوارەیەک دادێ
یەکێک لەزەنگی دەرگاکە دەدا
بەلێدانی دڵیدا
دڵنیام کوڕەکەمە
بە گاڵتەوە دەڵێم
کێیت ئەی هاوڕێی ئازیز
کێ؟
ئەو بەخەمێکی قووڵەوە
دەڵێ:
باوکە منم
کوڕەکەی تۆم
باوکە پەلەمە
پەلەمە ... پەلە
یەکێک لەدەرەوە
لەبەر بارانەکەدا
چاوەڕێمە
هاتووم
خواحافیزییەکت لێ بکەم و
ئیدی بڕۆم!
گۆتینبێرگ
حوزەیرانی 2002



del.icio.us
Digg