یانزە فڕین بە باڵێک ...... بەرزان هەستیار

image

Dec14.2009

 

       ئۆکتۆبەری 2009
        کۆلن
bhastiar@yahoo.de

  -1-
لەسەر سیلەی کۆڵانەکە.....
تا بڕستم لێ ئەبڕێ  چاوەڕێی ئەکەم
کە هاتیش ، هیچ ناڵێم  ،
چەند خۆشە ئەو هیچ نەوتنە
سبەینێش وا ئەکەم ،
بۆ ئەوەی تا مردن...
خاڵیی نەبمەوە لە قسە   
 -2-
چاوەڕێ ئەکەم ڕۆژ بێتەوە ،
چاوەڕێ ئەکەم شەو دابێت ،
ڕۆژ ، بۆ ئەوەی  چاوەڕێی شەوی تیا بکەم
شەو ، بۆ ئەوەی ، دیسان چاوەڕێی بم  بەرچاوم ڕووناک بێتەوە
 -3-
کە بەفر ئەمکاتە داهۆڵێکی سپی ،...
چاوەڕێی ڕەشبوونەوە ئەکەم ،
کە هەتاویش ڕووتم ئەکاتەوە  وەک منداڵ ،...
چاوەڕێم پرووشە بێتەوە دیدەنییم
 -4-
بەفر، ڕەش.. ڕەشە
ئەوەی بە سپی ئەیبینێت
بۆ ئەوەیە ڕووخساری خۆی بیر نەکەوێتەوە
-5-
چەند جوانە  کە ون بوویت         
شارە و شار ، ئاسمانە و ئاسمان .....
عیشق سۆراخت بکات
چەند خۆشبەختییە کە نووستیت
دەنگی باڵی کەنارییەک
یان بارینی تکە ئاونگێک بە ئاگات بێنێت ،
لە مێژە ئەو شتانەمان بیرچۆتەوە ....
 -6-
وا ئەکەم کوڕانی هەرزەکار  ڕقیان لێم بێتەوە
چاو لە دەنکەکانیان دائەگرم ، ..
بۆ ئەوەی وردتر  عیشق بکەن ،......
غیرە ناو جەرگیان بخوات !
 -7-
بەلای  مەیدانی بێ ئیشەکاندا ئەڕۆم و
توانجێک ئەگرمە عیشق ،
ئەوەی لەسەری هاتە دەنگ ،....
جوانمەردە و
لەگەڵ خۆم ئەیبەمە  سەر کارێ
 -8-
بە پرتاو خۆم ئەکەم بە یەکێک لە دەروازەکانی بەهەشتا
_ ببوورن بۆ ئەودیو هاتووم ؛
بە پەلە دەرگایەکی دۆزەخ ئەترازێنم
_ ببوورن ڕێم لێ تێکچووە
زرم.. زرم ، وتم ڕێم هەڵەکردووە ، بیکەنەوە ، ئاخر .....
 -9-
هەر بە یادی هەرزەکاریی ......
شوێن کچێک کەوتووم و پێی ئەڵێم
ئەو نامەیەم لێ وەرگرە
ئەوە سەرەی دەیەم جارە ئەینووسم و
خۆشم سەری لێ دەرناکەم
بیخوێنەوە و هەرچییەکی لێ تێگەشتی
لە پشتی کاغەزەکەوە بۆم باس بکە !
-10-
ئێمە هەموومان لە ترسی شکان
دڵمان لە ژێر قەفەزەی سنگمانا حەشارداوە
 -11-
ئەچم ئەخەوم ،
خۆم ئەزانم ، یان خەون بە غەریبییەوە ئەبینم .....
چنگ لەسەر شان  دوام ئەکەوێت ،
یان خەون بە تەنیاییەوە ، ....
مەنزڵ ..مەنزڵ دوای ئەکەوم ! 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست