حیکمەتەکانی شەوێک ..... بەرزان هەستیار
2009-08-22
ئابی 2009
کۆلن
bhastiar@yahoo.de
خەنجەر ، ئەگەر شەرمی لە خوێن بکردایە
لە کالاندا ، ئەبوو ژەنگ بیخوات
*******
شەو ، لە ڕووخۆشیی ڕۆژ و
ڕۆژ ، لە ویقاری شەو بگەیشتایە ،
هەردووکیان لە ژێر باڵی یەکا ئەخەوتن
********
خودا سەری لە کبریائی شەیتان دەربکردایە
نەیئەڕەنجاند
*******
گەر ، وەک ئەو کچانەی لە بیریان کردم ، خۆم بناسیایە
نە ، لێیان زویر ئەبووم و
نە ، گازندەم لێ ئەکردن
*******
مردن بیزانیایە لە ئاستیا هێندە قرچۆکم
بێزی نە ئەهات ، توخنم کەوێت
*******
سەگ ، بۆنی بکردایە
لەگەڵ ئینسانا هەڵی نەئەکرد
*******
دایکم مرد و من لای نەبووم .....
بە ئیزرائیل بڵێم ، هێواش ،
ئەم مەخلووقە لە جنسی پەشمەکە ، پەشمەک
وازی لێ بێنە خۆی ئەبێتەوە بە شەکر
*******
سەرم لە شتێک دەرناچێت ؛..
بۆچی کە مەست ئەبم .....
خەو بە خوداوە ئەبینم ؟
*******
هەموو ڕۆژێک ،
پیاوەتییم ، شەرمەزاری لای ژنێکم ئەکات ،
ژنێک ، تامی ماچی نەکردبێت و
لە ڕووتبوونەوە بترسێت !!!
*******
زەوی ، بەو پان و پۆڕییەوە
کلووە بەفرێک بە مەرەکەبی سپی لێی ئەنووسێت و
ناتوانێت پێی بڵێت وا مەکە !
*******
شەڕ ، بگاتە سەر خانووەکانی منداڵییشمان
سێبەری دڵێک ئەدۆزمەوە .....
چاوەڕێی خورپەیەکی خۆشی تیا بکەم
*******
لە من ئەچێت ،.....
ئاو ، لە بێ ڕەنگییدا ؛
لەو ئەچم ،.....
ئاو ، لە بێ تامییدا
*******
سوور بشزانیت نایەت ،.....
چاوەڕێی یار بکە ، زەرەر ناکەیت
*******
مادام فێری چاویلکە بووم
ئەبێت وردتر لەو بڕوانم
*******
خۆر ، سپێدان خۆی بە ئاگا دێت
سوپاسی بێداریی کەس ناکات
*******
کە مردم ، قاتەکەم بکەنە بەری داهۆڵێک.....!!



del.icio.us
Digg