شەوێكە شەبەنگ ، شەوێكە دەیجوور

image

بەرزان هەستیار 2009-07-25

شەوێكە شەبەنگ ، شەوێكە دەیجوور
      
  بەرزان هەستیار 
  حوزەیرانی 2009
  كۆلن / ئەڵمانیا
 
 

 شه‌وێكه‌ ، ڕۆشنایی تیا سوڵتانه‌ ،....
ئه‌و شه‌وه‌ی ژنێكی ته‌نیا
پیاوێك به‌ هه‌موو وجوودیه‌وه‌ ئه‌دزێت و
له‌ پێخه‌فه‌كه‌یدا ، دایئه‌ماڵێت له‌ غروور

    *******
شه‌وێكه‌ ، له‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ڕووناكتر
كه‌ پیاوێك وه‌ك منداڵ .....
بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌ ڕۆندكی خۆی  بكات
له‌ دامێن كێوی غرووری ژنێكا ،
له‌ پڕمه‌ی گریانا ون ئه‌بێت و
 ئه‌بێته‌ تۆزی به‌ر ڕه‌شه‌با

    *******
شه‌وێكه‌ ، كه‌ژه‌كان مناڵ ئه‌بنه‌وه‌ ،
كه‌ عیشقێك ، یه‌كه‌م ماچ  ، به‌ قه‌یره‌ كچێك و
پیاوێكی شه‌رمن و ترسنۆك ئه‌به‌خشێت

    *******
شه‌وێكه‌ ، منداڵان بۆ  یاریی ئه‌ڕژێنه‌ كۆڵان ،
ئه‌و شه‌وه‌ی  ئافره‌تێك  به‌ ڕووتیی ....
گلێنه‌ی شارێكی كوت و كوێر  ئه‌كاته‌ چراخان

    *******
شه‌وێكه‌ ، خوا چاوی له‌ ئاستی ......
ئه‌و ماچه‌ حه‌رامه‌ش دائه‌خات ،
كه‌ ژنێك ئه‌یداته‌ پیاوێكی به‌ عیشق نوورانیی  ،
ئه‌و شه‌وه‌ی ، كه‌ به‌ تۆ ئه‌ڵێم  " نا " و ، لالََّ ئه‌بم
     *******
شه‌وێكه‌ ،له‌ نێوان ئیمان و كفردا
چ هێڵێك نامێنێت ،
ئه‌و شه‌وه‌ی  ، ناپه‌رژێم  وه‌ڵامی .......
سڵاوی ژنێكی گوناهكار به‌مه‌وه‌

    *******
شه‌وێكه‌ ، كه‌ به‌فر دائه‌كات
چیاكان ڕه‌ش ئه‌بن ،....
ئه‌و شه‌وه‌ی ، په‌یامێك ناگاته‌ شوێنی خۆی ....
به‌ ماته‌م نووسرابێت

    *******
شه‌وێكه‌ ، نه‌ ، مانگ فریای داگیرسان ئه‌كه‌وێت  و
نه‌ ، شیعر جووڵه‌یه‌ك له‌ گیانیا ئه‌مێنێت ،
ئه‌و شه‌وه‌ی ، ژنێكی گرمۆڵه‌ی.....
 ژێر كه‌پری بێ سایه‌ی " ڕابوردوو " ی ،
دیوانێك موتاڵا ئه‌كات و
چراوگی دێڕێك نادۆزێته‌وه‌ ،
هه‌تاكو به‌یانی ،.....
به‌رامبه‌ر  حوزنی خۆی هه‌ڵی كات

    *******
شه‌وێكه‌ ، وه‌ك زه‌رفی دڕاو و
كاغه‌زی تووڕ دراو
باڕه‌شێك فرسه‌تم لێ دێنێت و
ئه‌مبات به‌ ئاسمانا ،.......
ئه‌و شه‌وه‌ی ، تۆ دیار نیت ،
ئه‌و شه‌وه‌ی ، تۆ لێره‌ و
منی ڕه‌وه‌ندیش ،
كه‌س شوێن و دیارم نازانێت

 

 

 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست