نیما یوشیج ده‌ی پرسی .. ئایا شیعر ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه ....ناڵه حه‌سه‌ن
نیما یوشیج ده‌ی پرسی .. ئایا شیعر ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه ....ناڵه حه‌سه‌ن
وه‌ڵام به پرسیاره‌كانی كوردستان ڕاپۆرت
ئاماده‌كردنی : سۆران عه‌زیز
نیما یوشیج ده‌ی پرسی .. ئایا شیعر ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه , یان ئایا شیعر گوزارشته له خۆمان و تێڕوانینمان ؟ بۆیه منیش ده‌پرسم ئه‌گه‌ر شیعر گوزارشته له دنیای خودی شاعیر شیعر ده‌توانێت بۆ منی ده‌ره‌وه‌ی شاعیر چ بكات ؟- ناڵه حه‌سه‌ن :
سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌كێك له فه‌لسه‌فه‌ی " گیركهگۆر " و " نێتشه " ئیشكردن بووه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خودی خۆیان , واته ژیانی خۆیان بناغه‌یه‌ك بووه بۆ فه‌لسه‌فه‌كانیان , به‌ڵام له لای " هایدگه‌ر " خود ئه‌و پایه بناغه‌ییه نه‌بووه , زیاتر هه‌وڵیداوه مانایه‌ك بۆ بوون بدۆزێته‌وه . سارته‌ر " یش به‌هه‌مان شێوه ئیشی له‌سه‌ر بوون كردووه , بوونێكی ئازاد وه ئازادی تاكه‌كه‌س , وه‌كو به‌هایه‌كی مرۆیی یه‌كێك له خه‌مه گه‌وره‌كانی ئه‌م بیرمه‌نده بووه . له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆشناییه به هه‌مانشێوه ده‌توانم بڵێم : شیعر گوزارشته له خودی شاعیر , له خه‌ون و خه‌یاڵ و غه‌ریزه‌كانی شاعیر , له ڕوانین و خۆزگه و ئومێده‌كانی شاعیر , ڕه‌سمكردنی ترس و نیگه‌رانی و گومانه‌كانی خودی شاعیر , كردنه‌وه‌ی بوخچه‌ی غه‌ریزه چه‌پێندراوه‌كان و ئیشكردن له‌سه‌ر ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خودی شاعیر , ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له په‌یوه‌ندی توند و تۆڵ دان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه . بۆ نموونه : كاریگه‌رییه‌كانی ته‌قالید و داب و نه‌ریته‌كان به‌سه‌ر بنه‌مای كه‌سایه‌تی و ده‌روونی شاعیر , ڕووداوه واقیعیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود وه‌ك شه‌ڕ و كرداره جینۆسایده‌كان , كاریگه‌ری ئه‌مانه به‌سه‌ر تێشكانی ده‌روونی شاعیر , بوونی خودێكی پڕاوپڕ له نیگه‌رانی و ترس ! نیگه‌رانی لێره‌دا به‌مانای هاوارێك بۆ بوون . ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود , وێرانبوون و تێكشكانه‌كانی ڕۆح , به بڕوای من نووسینی شیعر ئیشكردنه له‌سه‌ر ئه‌م ڕووبه‌ره نادیارانه‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی شاعیر , واته خود , به خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نهستیهكان و هه‌موو دیوه‌كانی تر , جا ئه‌م ڕهسمكردنهی دیوی ناوه‌وه یان ئه‌م گوزارشتكردنه له خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خود چ په‌یوه‌ندیه‌كی به ( منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خودی شاعیر هه‌یه .. ؟ ) . من پێموایه په‌یوه‌ندیه‌كی توند وتۆڵ هه‌یه له نێوان منی شاعیر و هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی من , چونكه هه‌موو منه‌كان به منی شاعیریشه‌وه , له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی یه‌ك عادات و ته‌قالید و هێرشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمانین , یان هێرشه مۆڕالیهكان بۆ تێكشكانه‌كانی ڕۆح و ده‌روونی خود . هێرش و كاریگه‌ریه‌كان بۆ سه‌ر هه‌موو منه‌كان به منی شاعیریشه‌وه به‌یه‌ك ئاراسته و به هه‌مان هێز و ته‌وژم ده‌بێت . ڕه‌سمكردنی خودی من و خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و غه‌ریزه‌كانی من , پێشاندانی هه‌مان خود و خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و غه‌ریزه‌كانی " منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی " منی شاعیره ! " ئه‌ندریۆ بریتۆن " كه له‌نێو شیعره‌كانیدا ڕووبه‌ره نهستیهكان و تێكشكانه ڕۆحیه‌كانی خۆی ڕه‌سم ده‌كرد , من پێموایه ئه‌وه وێنه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕۆحه تێكشكاوانهی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسی و ته‌واوی ئه‌وروپا بوو , كهلهژێر كاریگه‌ری و وێرانبوونه‌كانی شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه هاتبوونه ئاراوه . سلفادۆر دالی " زۆر به ڕاشكاوی ده‌یگوت ( من ده‌مه‌وێت تابڵۆكانم نیگه‌رانی په‌خش بكه‌ن ) ! ئه‌م نیگه‌رانیه چ له‌لای " سلفادۆر دالی و چ له‌لای هایدگه‌ر و چ له‌لای منی شاعیر " یه‌ك مانای هه‌یه ئه‌ویش هاوارێكه بۆ بوون . به مانای نیگه‌رانی یان ترس له شتێك له هێزێك ! كاتێك بوون ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه مرۆڤ نیگه‌ران ده‌بێت یان ده‌ترسێت . من ئێستا زۆر به ئاگاهانه له‌نێو شیعره‌كانم ئه‌م نیگهرانیانهم ڕه‌سم ده‌كه‌م , نیگه‌رانی له كۆچ و دابڕان , له گهندهلیهكان , له نه‌بوونی ئازادیه‌كانی تاك , له بوونی تهقالیدێكی دواكه‌وتووانه , له مردن و ونبوون , له تێكشكانه‌كانی ڕۆح , له هه‌موو شتێك ! ده‌مه‌وێت هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆم بخه‌مه نێو بازنه‌ی ئه‌م نیگه‌رانیانه , ده‌مه‌وێ هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ مندا هاوار بكه‌ن , بۆ بوون و بۆ ژیان و بۆ جوانی و بۆ بیناكردنی ژیانێكی مه‌ده‌نیانه‌ی شایسته به مرۆڤ و بۆ هه‌موو شتێك ... !_ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا شیعر چه‌ند ده‌توانێت به‌شداری بكات له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده هه‌ستیار ووشیار ڕۆشن پاكیزه و ڕاسته‌قینه به‌هره‌مه‌ند و میهره‌بانه‌ی له ده‌روونی هه‌موو تاكێك بوونێكی شاراوه و نادیار و نابه‌رجه‌سته‌ی هه‌یه و هه‌میشه مرۆڤ ئاراسته ده‌كات بۆ جوانی و عه‌شق و سۆز و وه‌فا و مرۆڤدۆستی و له به‌رامبه‌ریشدا ئاده‌میزاد دڵبه‌ست ده‌كات له ڕق و خیانه‌ت و به‌دڕه‌فتاری بهدگوفتاری بهدههستی بهدنهستی و به‌دبینی ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
من ده‌زانم كه‌سێكی تر هه‌یه له نێو مندا , شیعر ده‌ڵێت و زۆرجاران به‌ده‌م پیاسه و بێدهنگیهكانمدا گۆرانیم بۆ ده‌ڵێت و یان سه‌یری جوانیه‌كان ده‌كات و زۆر شتی تر , به‌ڵام هه‌روه‌ك له شوێنی تردا گوتوومه , " من هه‌میشه گه‌ڕاوم به‌دوای ئه‌و منه‌ی خۆم كه‌چی نه‌متوانیوه بیدۆزمه‌وه ! " . یان ئه‌گه‌ر بڵێم : من بۆ ئه‌وه شیعر ده‌نووسم تا ئه‌و منه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆم بدۆزمه‌وه ! دیاره له‌م ڕاستاییهشدا هه‌وڵه‌كانم هه‌میشه بێهوده ماونه‌ته‌وه ! . بۆیه له وه‌ڵامی ئایا شیعر چه‌ند ده‌توانێت به‌شداری بكات له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م خوده من له‌م باره‌یه‌وه شتێكی ئه‌وتۆم بۆ مه‌علوم نیه ! به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه كه‌سه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی ئێمه , یان ئه‌و خوده هه‌ستیاره‌ی كه تۆ باسی ده‌كه‌ی كه هه‌ڵگری هه‌موو سیفاته‌كانی جوانی و سۆز و پڕاوپڕه له به‌رائه‌ت , ئه‌م خوده نادیاره كاربكاته سه‌ر خودی مرۆڤ و دڵبه‌ستی بكات له خیانه‌ت و له كاری نادروست و دووری بخاته‌وه و نه‌هێڵێت به‌دبینانه بڕوانێت ! من تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوكێشه‌یه و لێكدانه‌وه‌یه دانیم . چونكه خودی مرۆڤ له‌ژێر كاریگه‌ری ڕێساكان و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌دایه . ئهتمۆسفیرهكانی ماڵه‌وه و قوتابخانه و مزگه‌وت و كه‌نیسه‌كان ڕۆلی سه‌ره‌كیان هه‌یه له بیناكردنی كه‌سایه‌تی خودی مرۆڤه‌كان به خوده ههستیارهكهشهوه . به مانایه‌ك ئه‌گه‌ر كه‌سێك له شوێنه‌وار و ئه‌تمۆسفیرێكی توند و تیژ گه‌وره بوو بێت .. دڵنیام له‌پاشاندا هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و كه‌سه ته‌ندرۆستی نابێت . چونگه دڵشكانهكان و توندوتیژیه‌كان و مهحرومبوونهكان ... ئه‌مانه هه‌مووی كاریگه‌ری ده‌بێ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه و هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی , ئاساییه ئه‌و كه‌سه خیانه‌ت بكات , جه‌ریمه بكات , یان به‌دڕه‌فتار و به‌ده‌ه‌ست بێت , په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه كه كه‌سه‌كه‌ی ناوه‌وه‌مان چه‌نده هه‌ستیار و ههلًَگری سیفاته‌كانی جوانین . هه‌ر به پێی بیردۆزی فرۆیدیش ئه‌وه حه‌ز و ئاره‌زووه سێكسیهكانن كارده‌كه‌نه سه‌ر بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤ , ئه‌م مه‌یل و ئاره‌زووی سێكسیهش په‌یوه‌ندی هه‌یه به باكڕاوند و ئه‌و دیسپلین و ئهتمۆسفیرهی كه كه‌سه‌كه تیایدا گه‌وره بووه ._ كوردستان ڕاپۆرت
ئایا شیعر ده‌توانێت په‌یوه‌ندی مرۆڤ به دنیا ببه‌ستێته‌وه , به‌مانایه‌كی تر ئایا شیعر ده‌توانێت مرۆڤ و سروشت ئاشت بكاته‌وه یان زمانێك به‌رهه‌م بهێنێت له نێوان مرۆڤ و شته‌كاندا و فه‌رهه‌نگێك فه‌راهه‌م بهێنێت لێوان لێو بێت له پێناسی مرۆڤ بۆ په‌نهانه‌كانی ژیان و نهێنیه ورد‌و درشته‌كانی بونه‌وه‌ر ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
مرۆڤ خۆی به‌شێكه یان پیكهاتهیهكه له سروشت , یان باشتر بڵێم مرۆڤ خۆی به‌رهه‌می سروشته وه هه‌موو شته‌كان و پێكهاته‌كانی سروشتیش له په‌یوه‌ندی دان له‌گه‌ڵ بوون و ژیانی مرۆڤه‌وه , بۆ نموونه بۆشایی و دووریه‌كانی نێوان خۆر و زه‌وی و یان نێوان زه‌وی و ئه‌ستێره‌كانی تر , هه‌ر ئاڵوگۆڕی تیا بكرێت كارده‌كاته سه‌ر ژیان و بوونی مرۆڤه‌وه . یان سووڕانه‌وه و هاتنی یه‌ك به‌دوای یه‌كی وه‌رزه‌كان هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی تیا بكرێت كارده‌كاته سه‌ر ژیان و بوونی مرۆڤه‌وه . مرۆڤ و شته‌كانی تری سروشت له په‌یوه‌ندیه‌كی ئاسایی و گونجاو دان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا . من پێموایه شیعر واده‌كات شاعیر ناسكتر و سهرسامانهتر له شته‌كان بڕوانێت , هه‌روه‌ك سوریالیسته‌كان باوه‌ڕیان به سه‌رووی واقیعه‌وه هه‌بێت , ئه‌ویش له ڕێگه‌ی زمان و خه‌یاڵ و فه‌نتازیاوه سه‌فه‌ر بۆ دیوی ناوه‌وه و دیوه شاراوه‌كانی شته‌كان و ناخی مرۆڤ بكه‌ن , ئه‌و دیوه جوانانه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌ودیو ڕووبه‌ره‌كانی بینین . ده‌رباره‌ی شته په‌نهانه‌كانی ژیان و نهێنیه وورد و درشته‌كانی مرۆڤ , ده‌بینین " شێركۆ بێكه‌س " له شیعرێكدا پرسیار له نمره‌ی پێڵاوه‌كانی خودا ده‌كات ! به‌ختیار عه‌لی له شیعرێكدا باس له ڕووخساره ناشیرنه‌كان و غه‌ریزه ڕه‌شه‌كانی " سه‌رۆك " ده‌كات من خۆم له قه‌سیده‌ی " ئه‌فسانه‌ی جوانیه‌كانی مێیینه " باس له مێیینه‌ی شته‌كان ده‌كه‌م , ئه‌مانه هه‌مووی له دهرگهدانی شته په‌نهان و شاراوه‌كانه هه‌موویش له ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌وه‌یه . ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم : ده‌سه‌ڵاتی زمان هێنده بێسنووره ده‌تواندرێ به هۆیه‌وه په‌ی به هه‌موو نهێنیه‌ك و شته په‌نهانه‌كان ببردرێ . گرینگ ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له سنووره‌كانی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و له سنووره‌كانی جوانیدا به‌كاری بهێنین یان مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین ! چونكه به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی زمانه په‌یوه‌ندی هه‌یه به توانا و موهیبه و ئاستی فیكری و مه‌عریفی كه‌سه‌كانه‌وه ! بۆیه ده‌خوازم بڵێم : هیچ شتێك له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی زمان په‌نهان و شاراوه نیه . هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌یه ده‌گه‌ینه نێو ڕووبه‌ره‌كانی فه‌نتازیا و نێو خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانمان , یان شۆڕده‌بینه‌وه بۆ نێو ناخمان و بۆ نێو گۆشه چهپێندراوهكانمان و بۆ نێو ده‌ماره‌كانی عاتیفه و كۆڵانه‌كانی یاده‌وه‌ری و بۆ ڕووبه‌ره‌كانی غه‌ریزه و هه‌سته نهستیهكانمان ! ._ كوردستان ڕاپۆرت :
سوهراب به هه‌موو ده‌قه شیعره‌كانیه‌وه یه‌ك ڕسته‌ی پێگوتین , ئه‌ی مرۆڤ ستایشی ژیان بكه و هه‌تا ده‌توانی ڕێز له شته‌كان بگره , ( مه‌حوی ) به هه‌موو بهیتهكانیهوه ئه‌و هاواره‌ی له ده‌روونمان جێهێشت ( بتوێنه‌وه له نێو عه‌شق دا ) ئه‌م ڕسته شیعریانه چۆن دروست ده‌بێت له ئاینده‌دا ده‌توانیت چ ڕسته‌یه‌كی شیعری به ئێمه بڵێیت ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
ئه‌م ڕسته شیعریانه لێره‌وه دروست ده‌بێت , كه به ئه‌وپه‌ڕی پیرۆزیه‌وه له مرۆڤ بڕوانین له عه‌شق و له به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بڕوانین , به‌و ڕوئیایه بنووسین و خه‌ون ببینین كه هیچ شتێك له سه‌رووی پیرۆزی مرۆڤه‌وه نیه ! به ڕۆشنی ئه‌وه ببینین كه هه‌موو ئایینه‌كان و هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كان و هه‌موو نووسین و داهێنانه‌كان و هه‌موو زانست و فه‌لسه‌فه و ته‌كنه‌لۆژیاكان , پێویسته له خزمه‌ت مرۆڤ و خۆشكردن یان جوانكردنی ژیانی مرۆڤ هاتبنه بوون ! لێره‌وه مرۆڤ شایسته به هه‌موو ڕێزێكه شایسته به هه‌موو جوانی و عه‌شقێكه , عه‌شقێكی سه‌رمه‌دی كه ئاوێنه‌یه‌ك بێت بۆ گه‌وره‌یی مرۆڤ , تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی به خۆشم ده‌گه‌ڕێته‌وه له ئێسته‌دا ئه‌م ڕسته شیعریه‌ی خواره‌وه‌تان پێ ده‌ڵێم , و له ئاینده‌شدا نازانم له‌كام كه‌نار ده‌ریاكانی ژیان یان مه‌رگ و ونبوون ده‌گیرسێمه‌وه .
من خۆله‌مێشی جوانیم
تریفه‌ی جوانیهكانیشم , له نێو ئه‌فسانه‌ی
شه‌وه ڕۆمانسیهكانی عه‌شق و له نێو هاواره گه‌رمه‌كانی ژیان دایه !_ كوردستان ڕاپۆرت :
زمان له گفتوگۆدا كاری گواستنه‌وه‌ی مه‌رام و ڕاز و نیازه‌كانه , وه‌ڵێ له شیعردا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ئه‌ركی جوانیگه‌ری ده‌قیشی له ئه‌ستۆ دایه , تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی به‌شداری له داڕشتنی سیسته‌م و شێوازی ( قسه‌كردن ) ی تایبه‌تیش ده‌كات له یاده‌وه‌ری خوێنه‌ردا , ئه‌م زمانه ڕون و تۆكمه و قوڵه چۆن دروست ده‌بێت به چ شێوه‌یه‌ك په‌رش ده‌كرێت به‌سه‌ر پانتایی ده‌قدا ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
ئه‌م زمانه ڕون و تۆكمه و قوڵه له نێو پانتایی ده‌قدا له ڕێی چۆنیه‌تی مامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ زمان و ووشه و وێنه‌ی شیعری و خه‌یاڵی شیعری و مۆسیقای شیعری دروست ده‌بێت , تا قوڵ بینه‌وه له‌نێو خه‌یاڵ نه‌ك هه‌ر شیعره‌كه تۆكمه‌تر و فره ڕهههتد تر ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵكو له هه‌مانكاتدا زمانی شیعره‌كه‌ش قوڵ و فره ڕه‌هه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت ! چونكه بازنه‌ی سنووری ووشه فراوانتر ده‌بێت , به‌مانای ئه‌گه‌ر له باری ئاسایی بازنه‌ی هه‌ر ووشه‌یه‌ك قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ڕۆچوون به نێو پانتاییه‌كانی خه‌یاڵ سنووری بازنه‌كه فراوانتر ده‌بێت , له‌گه‌ڵ فرهوانبوونهوهی بازنه‌كه‌ش ووشهكه بارگاوی ده‌بێت به ڕه‌هه‌ند و ده‌لاله‌تی جۆراوجۆر , به‌هه‌مانشێوه وێنه‌ی شیعری تا قوڵبینه‌وه به نێو خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نهستیهكانمان وێنه‌كان قوڵتر و تۆكمه‌تر ده‌رده‌كه‌ون . له‌پاڵ ئه‌مه زمانیش قوڵ و تۆكمه ده‌رده‌كه‌وێت . هارمۆنیا و مۆسیقای شیعریش به تایبه‌ت هارمۆنیا و مۆسیقای ناوه‌كی په‌یوه‌سته به هاوته‌بایی و هاوڕێكی ووشه‌كان و وێنه شیعرییه‌كان , به مانایه‌ك زۆرجار بنیومانه له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی شیعری یان له وێنه‌یه‌ك یان له ڕسته‌یه‌ك , ووشه‌كان هاوتهباییهك یان هاوڕێكیهكی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا نیه یان نه‌گونجاون له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌بینین , ده‌سته‌واژه‌كه یان ڕسته‌كه نامۆ و ناشاز ده‌رده‌كه‌ون ! هاوكات هارمۆنیا و مۆسیقاكه‌ش ناشاز ده‌رده‌چێت ,له‌مباره‌دا زمانیش لاواز و ناڕێك ده‌رده‌كه‌وێت , به‌مانایه‌ك سیسته‌مێك هه‌یه وشه‌كان و وێنه‌كان له نێو پانتایی خه‌یاڵ یان له‌نێو ڕووبه‌ری ده‌قدا ڕیك ده‌خات , به ههمانئهنداره پێویسته ڕوئیایه‌كی پێشكه‌وتووانه و مۆدێرنه‌مان هه‌بێت چونكه زمان و فیكر له په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵ دان وه هه‌روه‌ها پێویسته تا سه‌رئێسقان یاخی بین یاخیهكی سه‌ركه‌شانه , به‌رانبه‌ر به شته باوه‌كانی ده‌وروبه‌ر و واقیع ,, گرینگه بۆ شاعیر ووریا و هه‌ستیار بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه ناوه‌كیه‌ی شیعر و ده‌قدا كه ئه‌ویش به‌بڕوای من خودی زمانه ! وه‌ك ئه‌وه وایه ئاپارتمانێك ئه‌گه‌ر بناغه و دیكۆره‌كانی ناڕێك بێت , ئیتر ئه‌م ناڕێكیه چ نائومێدیه‌ك به پانتایی بینین ده‌به‌خشێت ! ؟ ._ كوردستان ڕاپۆرت :
ته‌م و مژ و ناڕونی له ده‌قدا بۆ پێنه‌گه‌یشتنی زمان و ژیانبینی شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه یان بۆ قوڕسی ناوهڕۆك و بابه‌ت و مانا و ڕه‌مزه‌كان ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
به‌ر له هه‌رشتێك ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم , من باوه‌ڕم به ده‌سته‌واژه‌ی ( ته‌مومژ ) نیه ! ئه‌گه‌ر له كۆندا له‌نێو لێكۆلینه‌وه و ڕه‌خنه‌ی شیعری به‌كارهاتووه یان جێگایه‌كی پێدراوه , ئه‌مڕۆ له‌نێو لێكۆلینه‌وه و نووسینه‌كانمان ته‌نانه‌ت له‌نێو بیركردنهوهكانیشمان واچاكه تووڕی هه‌ڵبده‌ین و ناوی نه‌هێنین . چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ته‌مومژ له شیعردا نیه , ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژ به‌دوای كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ی ( سیمبولیزم ) واته ڕهمزیهكان په‌یدا بوو و هاتۆته نێو ئه‌ده‌به‌وه , كاتێك ده‌بینین شیعرێك به زمانی ڕه‌مز نووسراوه پڕه له كۆد و هێمای جۆراوجۆر كه ده‌لاله‌ت له شتی تایبه‌ت و نادیار ده‌كه‌ن له‌ولاوه‌ش خوێنه‌ر یان ڕه‌خنه‌گر سه‌لیقه‌ی ئه‌وه‌یان نیه خوێندنه‌وه‌ی زیاتر بۆ ده‌قه‌كه بكه‌ن یان زیاتر تیایدا قوڵ ببنه‌وه , دێن ده‌قه‌كه به ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژ و یان ده‌قی گران و قوڕس به‌مجۆره شتانه ناو ده‌به‌ن ! ئیلیۆت ی شاعیر له شوێنێكدا ده‌ڵێت : هه‌موو ده‌قێك له سه‌ره‌تادا بۆ خوێنه‌ر نامۆ دێته پێشچاو ! .. خۆی له بنه‌ڕه‌تدا نه ته‌مومژه , نه ده‌قێكی گرانه , به‌ڵكو ده‌قه‌كه به ستایلێكی جودا نووسراوه . ستایلی سومبولیهكان له‌گه‌ڵ ستایلی ڕۆمانسیه‌كان و ڕیالیسته‌كان چ له ڕووی زمانه‌وه چ له ڕووی شێوه و ناوه‌ڕۆكه‌وه جیاوازییه‌كی زۆر زۆری هه‌بووه , ناكرێت ئه‌م ستایله جیاوازانه به‌یه‌ك هه‌ناسه و سه‌لیقه بخوێندرێنه‌وه ! چونكه ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌لا ڕۆشن بێت له نێوان هه‌ر شێواز و ڕیتم و ستایلێك زمان بناغه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه , هه‌مه‌نگوای بۆ ده‌ورانی خۆی و بۆ گه‌یاندنی ئامانچ و مه‌به‌سته‌كانی له نێوان زمانی ئه‌بستراكت و زمانی ڕیالیزم دا , زمانی ڕیالیزمی هه‌ڵبژارد , مه‌علومه ئه‌گه‌ر ده‌قێكی ڕیالیستی پێویستی به‌جارێك خوێندنه‌وه هه‌بێت هیچ گومانی تێدا نیه ده‌قێكی سیمبولی یان سوریالی یان مۆدێرن پێویستیان به جارێك خوێندنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه ! خوێندنه‌وه‌كانیش به‌پێی سه‌لیقه و تواناكانی خوێنه‌ر ده‌گۆڕێن , مه‌به‌ستمه به‌بێ دوو دڵی ئه‌وه بڵێم : ده‌قی نوێ خوێنه‌ری زرینگ و ووریای ده‌وێت ! ( وه‌ك چۆن هه‌ركه‌سێك شیعر بنووسێت مه‌رج نیه شاعیر بێت , به‌هه‌مان پێوه‌ر هه‌ركه‌سێكیش شیعر بخوێنێته‌وه مه‌رج نیه خوێنه‌ری شیعر بێت ! ) . وه یان ئایا ته‌مومژ یان ناڕۆشنی له ده‌قدا بۆ پێنه‌گه‌یشتنی زمان و ژیانبینی شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟ به بڕوای من ئه‌م پرسیاره به‌مشێوه‌یه هاودژیهك یان ناته‌باییه‌كی تیایه , چونكه پێنه‌گه‌یشتنی زمان له هه‌رده‌قێكدا یان به مانایه‌كی تر , هه‌ر ده‌قێك گه‌ر زمانێكی تۆكمه و پاراو و زیندووی نه‌بوو ئه‌وه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ده‌قه‌كه بارگاویه به ته‌مومژ و ناڕۆشنی به‌ڵكو ده‌قه‌كه ناڕێك یان ههندێكهس پێی ده‌ڵێن لاواز ده‌رده‌كه‌وێت و هیچیتر ! ._ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا یاده‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی به تایبه‌ت هی شاعیر چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ڕویی ده‌قدا ده‌كاته‌وه ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
یاده‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك به شاعیر ده‌به‌خشێت ؟ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه ڕه‌نگه من ناوی بنێم ( هه‌ناسه ) ! به‌ومانایه‌ی بوونی مرۆڤ به هه‌ناسه‌وه به‌نده به مانای بوونی هه‌ر شیعرێكیش به یاده‌وه‌رییه‌وه به‌نده , بۆ له دهرگهدانی هه‌ر شیعرێك یان پێخستنه نێو ده‌روازه‌ی هه‌ر خه‌یاڵێك و خه‌ونێك بۆ نووسینی شیعر په‌یوه‌سته به پێخستنه نێو یاده‌وه‌رییه‌كانی خودی شاعیر خۆی , من له شوێنی تردا گوتومه چه‌نده ئیش له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانم ده‌كه‌م له سیاقی نووسینی شیعره‌كانم به تایبه‌ت یاده‌وه‌ریه‌كانی منداڵیم , وه زۆر به پێویستی نازانم لێره‌دا قسه‌كانم دووباره بكه‌مه‌وه , بۆیه هه‌ر به‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه واز ده‌هێنم_ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا شیعر وشیاركه‌ره‌وه و ڕۆشنكهره و حه‌سێنه‌ره‌وه‌ی دڵ و ده‌روون و بیروهۆش و ڕۆحیانه‌تی ئه‌ویتره ؟ یان ناساندنی به‌هره و توانست و خۆزگه و خه‌ون و مه‌رامه مرۆڤایه‌تیه‌كانی ( من ) ه به ئه‌وانیتر ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
وابزانم له پرسیارێكدا گوتمان : نووسینی شیعر زیاتر ئیشكردنه له‌سه‌ر خه‌ون و خۆزگه و مه‌رامه‌كانی خودی شاعیر , ئیشكردنه له سه‌ر جیهانبینی شاعیر بۆ ژیان بۆ مه‌رگ بۆ بوون بۆ جوانی بۆ غوربه‌ت ... , به‌ڵام ئه‌وه‌شمان گوت خودی شاعیر هاوكات له‌گه‌ڵ خوده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له زۆرێك درز و جۆگه‌له‌كان ده‌ڕژێنه نێو یه‌ك سه‌رچاوه‌ی ڕووباری موعانات و خۆزگه و ئومێدهكانهوه , زۆرجاران من شیعری كه‌سێكی مه‌مله‌كه‌تێكی دی ده‌خوێنمه‌وه كه‌چی به‌هه‌موو مانایه‌كی بوون خۆم و خهمهكانمی له‌نێودا ده‌بینمه‌وه , یان كه‌سێك شیعرێكی من ده‌خوێنێته‌وه به هه‌مان شێوه , ئه‌مه مانای چیه ؟ من له نێو ئه‌و شیعره‌مدا چ هه‌ستێك و چ نیگهرانیهك و چ بارێكی ده‌روونی خۆم ڕه‌سم كردووه له هه‌مانكات هه‌زاران خودی تر له نێو هه‌مان موعانات و له نێو هه‌مان بازنه و نیگه‌رانیه‌كانی نێو ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی من خۆیان ده‌بیننه‌وه , بۆ نموونه من له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له نێو پڕۆسه‌ی شیعریم ئیشم له‌سه‌ر زمانێكی ئیرۆسی و گرینگیم به چه‌مك و به‌ها ئیرۆسیهكان داوه , له نێو شیعره‌كانمدا خه‌ونه چه‌پێندراوه‌كان و خه‌یاڵه ئیرۆسیهكان و ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خۆمم نووسیوه‌ته‌وه یان ته‌لار و هه‌ره‌مه‌كانی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی شیعرم به ڕه‌نگه‌كانی شیله‌ی عه‌شق ڕازاندۆته‌وه , دڵنیام له‌وكاته‌دا له ده‌رگای ملیۆنه‌ها ناخی ترم داوه و مۆمی خه‌مه‌كانی ملیۆنه‌ها كه‌سیتر له‌گه‌ڵ مندا داگیرساوون ! لێره‌وه به‌وه ده‌گه‌ین ناخی شاعیر ناخێكی گشتگیره , وه ده‌توانین بڵێین هه‌ندێجاریش ووشیاركهرهوهیه چونكه هه‌ندێجار هه‌م پرسیاری له‌لادروست ده‌كات هه‌م پڕی ده‌كات له نیگه‌رانی و یان وای لێده‌كات سه‌رسامانه بیربكاته‌وه و بڕوانێ یان پڕی ده‌كات له هاوار .
كوردستان ڕاپۆرت : ( نازكه ئهلملائیكه ) لای عه‌ره‌ب ( فرووخ ) لای فارس توانیان شیعری عه‌ره‌بی و فارسی نه‌شونما پێبكه‌ن له قۆناخێكه‌وه بۆ قۆناخێكی تر دره‌وشاوه‌تر بیگوازنه‌وه , ئه‌ی بۆچی لای كورد ئافره‌ته شاعیرێكی له‌و جۆرانه هه‌ڵنه‌كه‌وت تا سه‌رمه‌شقی بزاڤێكی گه‌وره بكات !_ ناڵه حه‌سه‌ن :
دیاره من نامه‌وێت له گه‌وره‌یی و گرینگی داهێنانه‌كانی ئه‌م دوو شاعیره كه‌مبكه‌مه‌وه , به‌ڵام من هێنده‌ی ئاگاداری داهێنانه‌كانیان بم ڕه‌نگه من وای نه‌بینم كه تا ئه‌وئاسته كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی هه‌بێت ! وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ركوتگه‌رییه و جینۆساییدیه و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌كو كورد , كه‌چی شاعیری ئافره‌ت و ده‌نگی داهێنه‌رانه‌ی زۆرباشمان هه‌یه , بۆ نموونه " كه‌ژال ئه‌حمه‌د " یه‌كێكه له‌و ده‌نگه ژنانه‌یه‌ی كه نموونه‌ی داهێنان و نوێخوازییه , من پێموایه ئه‌وه‌ی به قوڵی ئه‌م شاعیره‌مان بخوێنێته‌وه له‌م ڕاستیانه تێده‌گات كه من مه‌به‌ستمه لێره‌دا باسیان بكه‌م . ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین , ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ّژێردهسته بووینه هه‌میشه له‌سه‌ر لێواری مه‌رگ ژیانمان به‌سه‌ربردووه , هه‌میشه له‌سه‌ر په‌تی مه‌رگ بازبازێنمان كردووه , به ئاگاهانه‌وه له هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی گه‌شه‌ی فیكری و مه‌عریفی بێبه‌شیان كردووین , له نێو بازنه‌یه‌كی زۆر داخراودا خه‌ریكی داهێنانهكانمان بووین , بێ‌ئاگا له دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان , بڕۆننێ , خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه سه‌دساڵ زیاتره له پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا به‌هره‌مه‌ندن كه‌چی ئێمه به‌مزووانه و چه‌ند ساڵێكه ده‌ستمان پێیڕاگهیشتووه ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی , نموونه‌یه‌كی زۆرساده : من خۆم تا نه‌هاتمه ده‌ره‌وه تا به ئینگلیزی " فرۆید " م نه‌خوێنده‌وه له فرۆید نه‌گه‌یشتبووم , زۆر به ساده‌یی خوێندبوومه‌وه زانیاریه‌كانم ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕووبه‌رانه‌ی ئه‌و ئیشی تیا كردووه زۆر مه‌حدود و بڕێكی زۆر كه‌مبوو ! ئینجا شته‌كانی تریش هه‌ر به‌مشێوه‌یه , ئاخر پێشتر ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كان كارێكی ئاسان نه‌بوو , هه‌وڵه‌كانمان له ڕێگه‌ی زمانی عه‌ره‌بی یان فارسی ئه‌ویش زۆر به نیوه‌ناچلی بووه ! وه بوونی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و فێربوونی زمانه زیندووهكان و ئاگاداربوون له دنیای ده‌ره‌وه و له داهێنان و هه‌وڵه جوانه‌كانیان هه‌نگاوێكی زۆر پێویست و خێرایه بۆ گه‌شه و چوونه سه‌ری ئاستی فیكری و مه‌عریفی مرۆڤه‌كان , له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئێمه‌ش ده‌نگی داهێنه‌ری ئافره‌تمان هه‌یه به تایبه‌ت هه‌ندێك ده‌نگی نوێ و تازه كه هیچ گومانێكم نیه له داهاتوویه‌كی نزێك له ئاستێكی زۆر فراوان ده‌رده‌كه‌ون و خۆیان به دنیای ده‌ره‌وه‌مان ده‌ناسێنن ! .
داوای لێبوردن له برام ناڵه ده‌كه‌م كه نه‌مان توانی هه‌موو گفتوگۆكه له‌رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت دابنێین به‌هۆی درێژیه‌وه.



del.icio.us
Digg