دانیشن بەخێر

image

شیعری: ڕامیار مەحمود ئامادەكردنی: ڕابەر فاریق 2008-10-04

 دانیشن بەخێر
 
 شیعری: ڕامیار مەحمود
 ئامادەكردنی: ڕابەر فاریق
 
 ڕامیار مەحمود، یەكێكە لەو شاعیرە جیددیی و قووڵ و جواننووسانەی كە بۆ یەكەمجار خوێندمەوە، ڕایچڵەكاندم. لە دوای ساڵی (1990) یشەوە -لەنێو بە تەمەن گەنجەكاندا- تەنها شاعیرێك كە توانستی ئەوەی تێدا بووبێ بەرەو نووسینەكانی بە كێشم بكا، ڕامیار مەحمود-ە. ئەم شاعیرە، چونكە بە زمانێكی سادە و فرەواتە، هاوكاتیش فەنتازیاكانی و واقیع بە تەواویی و هونەریی تێكدەچڕژیچنێ، دەنووسێ، دەشێ وەكوو دەقنووسێكی ئیبداعكار تەماشای شیعرەكانی بكەین.
 لەم دەقەیدا (قسە-شیعرییەت) بە شێوەیەكی ئەوەندە هونەریی و جواننووسیی تێكەڵ بە یەكتریی كردراون، وەك ئەوەی هیچ جواوازییەك لە میانیاندا نەبێ، كاتێك لە وێستگەیەكدا بە یەكتریی دەگەن: داهێنان. كاتێك -بۆ یەكەم جار-لە خوێندنەوەی ئەم دەقە دەبینەوە، وەها تێدەگەین كە ڕەنگە لە ماوەی چەند دەقیقەیەكدا نووسرابێ، بۆیە دەشێ ئەمە بە یەكەم هەڵزنانی ئەم دەقە بشووبهێنین بەسەر زاڵبوونی ئاڵۆزییە بێماناكاندا، هاوكاتیش -كاتێك چەندبارە ئەم دەقە دەخوێنینەوە بە كۆمەكی ڕامان- لە سادەترین ڕستەدا بەم ئەنجامە دەگەین: ئەمەیە دەقێك كەوا لە مانەوەیشدا سەڵت نابێ. دواجار، تەنها دوو هۆكارێك لە پشت ئەم كارەی ئێمەدا خۆیان مەڵاس دابێ، ئەمانەن، یەكەم: دەقی داهێنان، لە پاڵ نووسەرەكەدا، هیی ئەو كەسانەیشە كە خۆیان بە خوێندنەوەی دەقەكەوە خەریك دەكەن، خوێندنەوەیەك كە ڕەهەندەكانی چێژ، درێژ و درێژتر دەكاتەوە. دووەم: بۆ ئەمە ئەم دەقە بڵاوكراوەیە -بڵاودەكەمەوە- تا ئەو كەسانەی نەیانخوێندووەتەوە و بە دوای قووڵاییەكاندا دەگەڕێن، ئەم دەقە بخوێننەوە. ماندووبوون بۆ من، چێژیش بۆ خوێنەر...
 
 وەك هەمیشە دەڕۆم
 سەرم بە تەنیاییەوە دەنێم
 وەك هەمیشە
 نە هیچ بەجێ دەهێڵم و نە هیچ دەهێنمەوە.
           وەك گەشبینێك بەیانیان پڕ لە (ژیان باش) بكا
           سبەینان بە لەشێكی سووكەوە لە خەو ڕادێم، 
 ئاخر بەم سەرە پڕ لە ئومێدەوە
 تاقەتیشت هەبێ هەتا هەتایە بمریی
 لە كاتێكدا هەتا هەتایە ناژیی...
 **          **          **    
 
 حەز دەكەم بڵێم: من كابرایەكی زۆر سەیرم
 تا ئەوپەڕی بێئومێد و
 تا ئەوپەڕی باوەڕدارم
 تەنانەت لە كاتی خواردنەوەی پیاڵەیەك (چا)شدا
           باوەڕدارم...
 **          **          **
 
 پیاوێك دەڵێ:
           (حەزم لە ڕاستییەكە زۆر ڕاست بێ).
 قەلەقیی نەبەتییەكە مرۆڤ هەلا هەلا دەكا
 زەوی چەند تاڵە كە حەشاماتەكانی ئیمانی لێ نییە...
 **          **          **
 
 هەر دێ... ڕۆژێك دێ
 ڕەنگە خەریكی پاكنووسی تێڕامانێك بم لە سبەی...
 **          **          **
 
 -من لە ئاوێنەكاندا ڕاوی خۆم دەنێم و
 بە درێژاییی جاددەكانیش ڕادەكشێم
 دەمەو بەیانییەك بەسەری خۆمدا دەكێشم و
 تكا دەكەم دوورم بكەنەوە لە چەقەچەقی نێو بازاڕەكە...
 **          **          **
 
 تەماشاكە:
 بەم هەموو نزیكییە، چەند دوورین لە یەكتریی
 من چەند دوورم لە خۆم و
 تۆ چەند دووری لە خۆت.
 **          **          **
 
 -بمبوورە هێندە تاریكە، ناتبینم
 هێندە تاریكە نامبینی
 هەر كە نەگەڕایتەوە
 ئەو ئێوارەیە زانیم سیمای منداڵەكان دەژاكێن و
 قوڵپێك گریان لەنێو سینگی دایكما قەتیس دەبێ.
           من دەستم هەڵبڕیوە... ئەگەر وازم لێ بهێنن
           زۆر نا... تەنها تاڵی دەزوویەك دەمبەستێتەوە بە ژیان.
 دەڕۆم...
 بێ جانتا... دڵم بە دەنگی قریشكەیەك
                                                    د
                                                          ە
                                                                 پـ
                                                           سـ
                                                   ێ.
 -چارەگی دەوێ بۆ (دوو)ی شەو 
 لەم شەقامە باڵكراوانەدا بۆ كوێ بچم؟
 بمبوورە، كە ئەم دێرانە دەخوێنیتەوە
 ڕەنگە هیچت لەلا بەجێ نەهێڵم... ئازار نەبێ
 -بمبوورە، پل هاویشتنی برینەكانم هێندە بەرز دەبێتەوە
 دەگاتە نووسین:
           نووسین ئەوكاتەیە خۆتت پێ ناگیرێ و
           دەكەویتە نێو هەموان
 ئەگین حەزم نەدەكرد... كەس بێدار بكەمەوە بە خۆم
 حەزم دەكرد وەك ئاگرێكی تەنها
 بە دیار خۆمەوە خامۆش بم...  
 من لە ژوورەكەمدا بە تەنها خۆم و ئاژاوە گەورەكەم دەژیین
 ئیرادەیشم لە مەستیمەوەیە...
 **          **          **  
 
 هەر دەڕۆم... هەرگیز لەمە خراپتر نابێ
 هەرگیز دنیا لە ژوورەكەم تەنگتر نابێ
 هەرگیز دنیا لە دڵی هاوڕێكانم تاریكتر نابێ
 كە ناتوانن كتێبخانەكەی دڵم 
 بە دەنگی بەرز بخوێننەوە...
 **          **          **   
 
 تازە لەوە ناچێ ئەم خەمگینییە كۆتایی هەبێ
           (پیاوێك زەمەن دەپشكنێ و ئارامییەك نادۆزێتەوە)
 لاپەڕەكانی عومر دەكاتەوە و
 منداڵًیی دیار نییە 
 بە ژماردنی تاڵەكانی قژیەوە خۆی دەغڵافێنێ و
 ژیان تەواو نابێ.
           پیاوێك دەڵێ: من خاوەنی ژیانی فڕێدراوم...
           ئای... خۆزگە دەتزانی ئەمە چ سەروەتێكی شوومە.
 **          **          **   
 
 چیرۆكی ئەو شەوانەی ژیان درێژە
 تەنها من و سەگەكان بە دەرەوە بووین
 ئەو شەوانەی لە چاخانەكاندا دەنووستم و
 نامەكانی خۆكوشتنم دڵە ئارامەكانی بێدار دەكردەوە.
           پیاوێك دەڵێ: تەنیایی هەمیشە لە نزیكەوە زریكە دەكا و
           گوێ-كان نایبیستن...
 من لە چرچی دەموچاوی باوكمدا
 چەند كتێبێكم لەسەر زەمەن خوێندووەتەوە و
 لە عاتیفەی دایكیشمەوە
 شتێك لە بارەی قەسوەتەوە دەزانم...
 لەبیرمە باوكم لە هەموو عومریدا، یەك جار
 (هەزارو یەك شەوە) ی بە فارسیی بۆ خوێندووینەتەوە
 بەڵام هەموو ڕۆژێك
 بە عەللاگە بەختەوەریی هێناوەتەوە بۆ سەر سفرەكە...
 **          **          **  
 
 من زۆر گەورەم
 من بە دەم گۆرانییەكانی (ڕەفیق چالاك) و
 چارەگێك عارەقی گیراوەی گیرفانمەوە
 خەمگینییم بە جگەرەیەك بە (با) كردووە.
           دیسان دەستی پێكردەوە 
           گۆرانییەكەی حوزن
           دیسان هەڵی كردەوە
           گەردەلوولەكەی تووڕەبوون...
 سەرم نیشتەجێی شێتییە و
 پیاوێك دەڵێ:
           لەوە دەچێ قاچی من و جاددەكان
           بە یەكەوە لە دایك بووبن.
 دەڕۆم...
 دەموچاوم لە ئاوێنەی سەرتاشخانەكەی (هەڵگورد)دا
 بەجێ دەهێڵم
 قژە ژاكاوەكەم لەگەڵ خۆمدا دەبەم بۆ غەریبیی
 دەڕۆم...
           -تكایە ئەگەر لە تواناتاندا هەبوو... دانیشن بەخێر.     
       
 
                                                                                                     2000
 
 
 تێبینی: ئەم دەقەی ڕامیار مەحمود لە كتێبی: (لەسەرما ئاژاوەیەك هەیە بۆ خۆكوشتن... لەدڵما ترپەیەك هەیە بۆ ژیان) وەرگیردراوە، لە وەشێنراوەكانی: سەنتەری نما/ هەولێر، ساڵی 2001، زنجیرە (6)، ل 108 تا 114. 
 
 ڕابەر فاریق/ هەولێر 
 2 ی 9 ی 2008   
 RABARFARIQ@YAHOO.COM 
  
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست