Denegkan: هێلكەیەك كەوتە خوارەوە هێلكەیەك كەوتە خوارەوە ================================================================================ qubad on 08.10.02 هێلكەیەك كەوتە خوارەوە قوبادى جەلى زادە سلێمانى _ دیمەشق 1 دڵتەنگ دڵتەنگ .. پەپوولەیەك ، بە باخچەیەكى هەڵوەریودا رەت دەبىَ ! 2 هەتاوى ماندوو ، پاڵى داوە بە قەدى كالیبتۆزێك . 3 هەمو گوڵەكان ، پشتییان كردۆتە هەتاو گوڵە بەرۆژە نەبێت . 4 هەور بەسەر پشتى رووبارەوە ، ماڵەكەى دەگوازێتەوە . 5 لەتۆزى راكردنى دوو تانجى و كەروێشكێكدا ، گوڵەكێویەكان وون بوون . 6 شەنگە بى ، دەستى شۆڕ كردۆتەوە ناو رووبار سەرقاڵى ماسى گرتنە . 7 مانگى دەمەداس ، ناوێرى بچێتە دەریاوە لە كانیلەدا مەلە دەكات . 8 باران دایكرد ، چۆلەكەیەك خۆى خستە بن ، گەڵا پانەكانى هەنجیر . 9 شەرابى هەنجیرى نۆشى ... بولبولێك بەسەر لقێكەوە ، مەست مەست دەخوێنىَ . 10 (با) لەپڕتاو خۆى كرد بە باخچەیەكدا گوڵ لێوى لەرزى پەپوولەش ئەژنۆى ! 11 بەم قرچەى نیوەرۆیە ، سەراب باڵندە تینوەكان ، دەخەڵەتێنىَ ! 12 هێللانەیەك رما هێلكەیەك كەوتە خوارەوە بەزارى پشیلەیەكەوە ، كۆترێك . 13 جادەكان بلۆقیان كردووە . ژاڵەكان هەڵقرچاون . چۆلەكەیەك زات ناكات هەڵفرێت ! 14 بەر لە هەڵكردنى پایز ، گوڵە نازنازەكان بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە . 15 ریزێك مێروولە گۆشتى چۆلەكەیەكى مردار ، دەگوازنەوە مێرووستان . 16 ئەو مریشكانەى باران تەڕى كردن ، هەڵمیان لىَ هەڵدەستێت . 17 خشپە خشپى بۆقە .. بەسەر گەڵا ووشكەكاندا ، رەت دەبێت . 18 هەتاو ، شرینقەى شیرینى دەدا لە رانى پەرسیلە . 19 كۆترەكە هەڵفرى .. پۆلێك پەڕەمووچ ، رژانە سەر دەم و چاوى پشیلەیەك ! 20 چرایەك لە ژوورەوە دەسووتێت پەروانەیەك سەردەكێشىَ ، بە میناى پەنجەرەیەك . 21 باران خۆشى كردەوە هەتاو هەڵهات مێروو كەوتنەوە كۆڵكێشان . 22 شنەیەك هەڵى كرد بۆنى گوڵە مێخەكەكانى بردە دەرەوەى باخ . 23 دەستى لە قژى ( با ) گیركردووە مانگ ، تا لەدەریا پێى بێتە دەرىَ ! 24 لەبن درەختێكدا كەرێك ، مێشەگەنە لەپاشەڵى دەردەكات . 25 ( با ) لەچكى ى لە گوڵە حیجاب پۆشەكان داماڵى . 26 شنە ماڵى باخچەى وون كردووە شوێن پێى هەنگ ، هەڵەگرێت . 27 قەلەباچكەیەك ، بەنێو دارستانێكى وەریودا هەڵەفڕىَ دڵى درەختەكان دەداتەوە . 28 رووبار ، پرچى شۆرەبى ناوە لەكەف . 29 لەسەر رۆخى هەتاو لەپەنا دیوارێكدا ، سێبەر خەوى لىَ كەوتووە . 30 شەو ، كراسێكى رەشى بەر خۆرەتاوە ووردە ووردە سپى دەبێتەوە . 31 بۆ راوە ماسى ، مانگ بەقووللاپى تریفە ، شۆڕبۆتەوە ناو دەریا . 32 چۆلەكەكان ناوێرن بەسەر دارتەلانەوە بنیشنەوە ، هەتاو داغى كردوون . 33 بەردێك گڤەى دێت چۆلەكەیەك بەسەر كەپرى مێوەكەوە ، سەرەتاتكىَ دەكات . 34 گڕە ، سمێڵى گوڵە گەنمەكانى هەڵكرووزاند . 35 لەگەرمان ، گوڵێك لە هۆش خۆى چووە پەپوولەیەك باوەشێنى دەكات . 36 ماسیگرە بوومایە ، دەنوكێكم دەدا لە مانگ كاتىَ لەناو دەیادا پیاسە دەكات . 37 بىَ ئەوەى ( كات ) چاوەرىَ بكات ، مێلاقەكان لە بێئاگایى دا دەپشكوێن . 38 بەر لە گەڵارێزان بە چركەیەك ، دەچمە ناو رۆحى گەڵایەك ، تا تامى هەڵوەرین بچێژم . 39 حەزم كرد ئەمشەو مانگ بگرمە باوەش . هەورەكان نەیانهێشت . 40 مانگ كەوتە ناو دەریاوە . ماسیەكان پەرت بوون . كیسەڵەكان رایان كردە كەنار . 41 ( با ) باوكى شنەیە بارانیش دایكیەتى . 42 هەنگ مێردى گوڵ و پەپوولەش ژن خوشكیەتى . 43 منو موكرى و عومەر عەبدولكەریم ، چووینە سەر (( البحر المیت )) (( الفاتحە )) 44 كەنارەكانى (( البحر المیت )) ، دەبریقێنەوە: لە توێكلە خوىَ لە پوولەكەى ماسى مردار . 45 (( البحر المیت ) ، درێژ ترین گۆر : كێلێكى رووبارى ئوردون كێلێكى ساراى سادووم . 46 لە عەمماندا ، هەموو شتىَ سپى سپى سپى تەنانەت رەژوش . 47 ( با ) ییخخە ، لە مێـــــگەلى هەور دەكات . 48 ( با ) باوەشى كردووە بە قامیشێك .. هەتا خەو دەیباتەوە ، خۆى رادەژەنێت . 49 قەرسیل لە ترسانا ، كەروێشكە دەكات وا دەزانىَ ( با ) ، تاژى یە . 50 خۆر ئاوابوو ، شار كراسێكى رەشى پۆشى . كەچى گلۆپى جادەكان ، بە دەنووكى رووناكى دادڕ دادڕیان كرد . 51 تا ژنێك ، سینگى رووت نەكردەوە ، ( با ) نەنووست ! 52 كە ژنە روتەكە ، چراكەى كوژاندەوە ، ژوورەكە رووناكتر بوو ! 53 گۆ ، چزووى مەمكە بەناو لەپەوە دەدات .! 54 مەمك كۆترێكى دەنوك جەرگییە .. تەنیا ( دان ) ى گوڵە گەنمى پەنجە دەخوات . 55 هەنار لە گۆى مەمكییەوە دەنكە سوورەكانى لەزەت ، لەناو دەممدا ، دادەتەكێنێ . 56 باران ، چاوى رشتوە بە خۆڵ . 57 كە خۆر تەمى لە خەو هەستان قاچى لە قەراغ رووبارو سەرى كردبوو بە رانى دارستان . 58 شەپۆل گەرەكیەتى لە دەستى رووبار رابكات ، كەچى گاشە بەردى كەنار قاچەكانى دەشكێنن ! 59 وەختى زاووزىَ كردنى درەختەكانە .. سبەینان ، جریوە جریوى گەڵا .