مەچكۆ دەبەم بۆ قاوەخانەی ئافرەتان
ڕابەر فاریق 2008-09-30
مەچكۆ دەبەم بۆ قاوەخانەی ئافرەتانڕابەر فاریق
دەبوایە ئەم ژوورە بچێتە سەفەر
بە خۆی و كورسیی پادشاكانی
بە خۆی و پیاوە وێرانەكانی...
چوو، قەت نەهاتەوە بە لای دەركی ئەم ماڵەدا
چوو، قەت نامەیەكی نەنارد بۆ دەستەخوشكەكانی...
ژوورەكەم لە تانجە سەرخۆشە بە بۆنی سەبیل و نەعناع
بە هەناسەی باخچە ئوفتادە.
ژوورەكەم دەستی پر بوو لە دڵۆپی هەوا،
لە پێكی
نەهاتنـ
ەوە.
** ** **
لەوێ، لە سینەی ئاهی ناڵینم، بێ خەبەرە
لەوێ، چیدی گوێ ناگرێ لە پرتە و بۆڵەی شادمانیی
لە قڕەقڕی مریشكەكانی باجی ئامینە.
كە ڕۆیشت، توێشووی تەنها قاپێك نسكافە بوو
بیری چوو ئەم هەموو فنجانانەی سڵاو بشكێنێ
بیری چوو پەنجەرەكانی بكاتەوە بۆ كچە قەیرەكانی دادە خەجیج
تا لێیەوە بنۆڕن لە دەنگی زوڵاڵی مام زۆراب.
** ** **
ژوورەكەم،
ئێستە، هیچی بیر نەماوە
جگە لە قاپەكانی سەر مەغسەل و
تەنافە قەمبوورەكە و
تەشتە جلە نەشۆردراوەكانی خۆی نەبێ.
ژیان بەبێ ئەم ژوورە بێ خانووە،
گەڕەك بەبێ ئەم ژوورە چۆڵ و هۆڵە،
ئیدی چاخانەی ئافرەتان كونجێكی نەماوە بۆ هەی لێ لێ و هەی لۆ لۆ.
دەڵاڵخانە بووەتە مەنجەڵی گەرمی شۆربا،
مەچكۆ: كەوچكی دارینی دەستی خەجیج.
ئەم شەقامانەی دراوسێمان، مانیان گرتووە لە پێڵاو و لە تایەو تێلی
منداڵە هاروهاجەكانی مام سمایل
ئاخر، تازەكی لەقلەقەكان بەسەر منارەی كام هێللانەی ژوور دەنیشن؟
تازەكی سیمای شار كوا جوانیی تێدا دەمێنێ، بەبێ بۆنی یاپراغ؟
چۆن چۆنیی سێ بەردی تەمگرتوو نانرێتە دەستی خانووەكانمان؟
كێ بە منداڵە ورگنەكانمان دەڵێ: فەرموون، بۆ ژوورەوە؟
ژیان بەبێ ژوورەكەم، هیچ نییە، جگە لە وەهمی ماڵداریی.
** ** **
گوندەكان لەبن پێوپلی ئەم شارەدا پلیشانەوە
جامە ماستەكانمان بوون بە تۆز و غوبار
بۆنی ژاژی بوو بە تاعوون
نان و چای بەیانییەكان ساربوونەوە و
پێڕانەگەیشم دەست بنێمە دەستی تارماییی وێنەكانی.
ئیدی، ئەی پەناگەی شارستانیەت و واوەیلێی پەناهەندان:
بڵێی ئەم ژوورە قشتەم ڕۆژێك بگەڕێتەوە ماڵ؟
بڵێی ئەم بێكەسییە بە تەنهایی و
كەمانچێك و پسكویتێك و لێ لێیەك قایل بێ؟
** ** **
نازانم، ژوورەكەم خەڵكی كام گوندە؟
نەسەبی دەچێتەوە سەر تووڕەیی كام پیاوی نیشتمان؟
پشتی بە گۆرانییەكانی كام دڵتەنگی قایمە
كە ئاواهی لە جانتاكان و لە جەنگەڵەكانی تۆدا دەسووڕێتەوە
ئەی نامۆییی هەراسانی و قەفەزی دووكەڵی شێدارم؟
** ** **
من پێم گوتی،
پێم گوتی: ئەم نیگەرانییە خۆی بكوژێ، یاسا بەرپرسیارە
ئەم پەرداخە لار ببێتەوە، هەموو مێزەكانی زیندەگیی دەشكێنم
ئەم سەفەرە موسافیر بێ، سمێڵی باوكم لە بنڕا دەتراشم.
من پێم گوتی،
پێم گوتی: ژیان بەبێ ئاو و هەوا، دەسووڕێ،
وەختێك كە هەست ناكەین مەحرومین لە گمەگمی كۆترەكانی كاكە ڕەشێ.
دواجاریش،
پێت نەگوتم: ئەم ژنەی تۆ، بۆ ئەوەندە خەریكی قوربانییە؟
تا كەنگێ سندانەكان ناباتەوە بۆ كوورەی پوورە ئەسمەر؟
تا كەنگێ ئەم پرپۆڵانە ئاواهیی دەمێننەوە، بێ جووجەڵە؟
** ** **
دەبوایە ئەم ژوورە بچێتە سەفەر و
بیر لە كەس بكاتەوە، ناكەس زۆرن.
كاتژمێر 4 ی شەوی:
28 لەسەر 29 ی 9 ی 2008/ هەولێر
RABARFARIQ@YAHOO.COM



del.icio.us
Digg
كۆمێنتهكان (0 بۆچوون):
بۆچوونی خۆت بنووسه