كەركوك لەبەردەم ئەگەرى هەڵًگیرسانى شەڕى قەومیدایە


 سەرلەبەیانى ڕۆژى دووشەممە ڕێكەوتى 28/7/2008 بەبانگەوازى یەكێتى و پارتى خۆپیشاندانێك لەشارى كەركوك دژ بەبڕیارى پەرلەمانى عێراقى لەسەر یاساى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەڕێوە چوو، لەمیانەى ئەم خۆپیشاندانەدا لەنزیك بیناى پارێزگا تەقینەوەیەك ڕویدا، هاوكات لەگەڵ تەقینەوەكەدا لەچەند بینایەكى نزیك خۆپیشاندانەكەوە  تەقە لەخۆپیشاندەران كرا، كە سەرەنجامى ئەم ڕوداوە بوو بەهۆى كوژران و برینداربوونى زیاتر لە دوو سەد كەس.
 ئێمە لەحزبی كۆمۆنستى كرێكاریی كوردستان لەكاتێكدا كەپرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و ئازیزانی قوربانیەكان دەكەین و هیوای چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین، هاوكات بەتوندی ئیدانەی ئەم كردەوە ترسنۆكانەیەو هەر هەوڵێك بۆ بەگژیەكداكردنی خەڵكی ئەم شارە دەكەین.
 جەماوەرى ئازادیخوازى شارى كەركوك!
 لەگەڵ داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاو بەدیاریكراویش دوای گۆربەگۆربوونی ڕژێمی بەعس و كەوتنی لەدەسەڵاتدا، كەركوك كراوەتە مەیدان و ناوەندی یەكلاكردنەوەی كێشەو ململانێی نێوان لایەنە قەومی و دینی و تایفیەكان و بەرژەوەندخوازی وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە، بەدژی ئێوە. بەدرێژایى ئەو ماوەیە ئەوە ئێوە بوون كە كراونەتە خۆراكی ئەم ململانێ و كێشمەكێشەو ڕۆژانە لەناو بەرداشی بەیەكدادانی ئەم لایەنانەو تیرۆریزمی هەوسارپچراوی  ئیسلامیەكان و قاعیدەو پاشماوەكانی بەعس و  دەمارگیری قەومیدا، كراونەتە قوربانی. ئەوەی ئەمرۆش ڕوویدا تەنها ئاكامی و درێژەی ئەم ململانی و كێشمەكێشە قەومی و دینی و تایفی و دەستیوەردانەیە كە دەست لەیەخەی ئێوە بەنادات. ئێوە پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوە، بە ئاسایكردنەوەی شارو ئەمنیەت هەیە، پێویستان بە نان، ئاو، كارەبا، سوتەمەنی، خزمەتگوزاری، ئازادی، ماف، قەرەبوكردنەوە، پێكەوە ژیان و تەبایی...هەیە، كەچی ئەم لایەنە كۆنەپەرستانە ئەوەی بۆیان گرنگ نییە، ئەو خواست و پێداویستیانەی ئێوەیە، بەدرۆو فریوكاری، بە پیلان و بەنەخشە، بە كۆمەكی لایەن و هێزی كۆنەپەرستی ناوخۆ و دەرەوە، ئێوەیان كردۆتە زەخیرەی گەیشتن بە مەرامە گڵاوە بەرتەسكە حزبی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەكانی خۆیان.
 ئێمە جارێكى تر تەئكید لەوە ئەكەینەوە كە دەسەڵاتداران و ئەحزابە قەومى و دینییەكان تاكە شتێك كە هەگیز بیرى لێناكەنەوە قازانج و بەرژەوەندى ئێوەیە، هەركاتێك كە پێویستیان بە ئیوەو دەنگى ئێوە بێت، بانگەشەی دیموكراسی دەكەن، فرمێسكی درۆ بۆ مێژووی پڕ لەزوڵمی ژێرسایەی بەعستان دەڕێژن، كە ئەمە نەبوو بەبەرچاوی ئێوەوە وبەڕۆژی ڕوناك مامۆستای زانكۆ و ڕۆژنامەنوس، كەسانی سیاسی،... تیرۆر ئەكەن، داهاتی ئێوە لوش ئەدەن، خزمەتگوزاریەكانتان ئەكەنە سەفقەی بازرگانی،...تاد. كە لە كردەوە تیرۆریستی و كیشمەكیشەكانیشیاندا ڕۆڵەو ئازیزانی ئێوە ئەبنە قوربانی بێشەرمانە ئەڵێن ئەمە بكەنە هاندەری خەبات و تیكۆشانتان!!   
 جەماوەری بریندارو تێكۆشەری كەركوك!
 ئەم ڕوداوەی دووشەممە 28 تەموز ڕوویدا، دەرگایەكى ترە لەبەردەم ئەگەرى هەڵًگیرسانى شەڕى قەومى لەم شارەدا، بە هەر جۆرێك چونە پشتى ئەم شەڕو كێشمەكێشە قەومی و دینی و تایفییە باجەكەى خەڵكى بێتاوان و سیفیلی ئەم شارە ئەیدەن، بۆیە ئەبێ بەهۆشیاریەوە ڕووبەڕووی ئەم مەترسیە ببینەوە كە فتیلەكەی ئامادەكراوە بۆ هەڵگریساندنی شەری قەومی و تایفی. بەهەموو ڕێگاو شێوازێك دەبێت ڕێگە بگیرێت لەوەی شەڕی ئەم لایەنە قەومی و دینی و تایفیانە، شوڕبكرێتەوە بۆ ناو دانیشتوانی كەركوك، كە ئەم هێزو لایەنە كۆنەپەرستانە، زەمینەی بۆخۆش دەكەن.
 ئێمە لەحزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان، هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆمان ئەخەینە گەڕ بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی، هەموو ئەگەرو مەترسیەك، و پاراستنی گیان هاوڵاتیان، هاوكات بانگەوازی هەموو خەڵكی شاری كەركوك دەكەین، كە یەكڕیزو ڕێكخراو و بەعەزمی ئینسانی و پێشكەوتنخوازیەوە ئامادەی ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم مەترسیانە بن، كە لەژێرناوی قەوم و دین و تایفە،...دا، وەڕدەخرێن.
   حزبی كۆمۆنستى كرێكاریى كوردستان
 28/7/2008
 
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست
هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت
0