تیرۆری سۆران حەمە، درێژەی تیرۆری ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەرییە


 ئێواری 21 تەمووز سۆران حەمە بەرپرسی نوسینگەی كەركوكی گۆڤاری لفین لە بەردەم ماڵەكەی خۆیان لە گەڕەكی ڕەشیدا ئاوای شاری كەركوك، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆر كرا.
 بێگومان دەستبردن بۆ هەڕەشەو تیرۆری كەسانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران لە 18 ساڵی ڕابردوی ژێر سایەی دەسەڵاتی كوردایەتی دژ بە ئازادی سیاسی، لە خەڵكی كوردستان شاراوە نییە، وەستانەوە بەڕووی ئەو هێزو لایەنانەی ڕەخنەی ڕیشەیان بە دەسەڵات و كاركردیان هەیە، وەستانەوە بەڕووی نووسەران و ئازادیخوازان و ڕۆژنامە و گۆڤاری ئازاد و سەربەخۆو نیمچە سەربەخۆ، مەیدانیكی جەنگی هەموو ڕۆژەی دەسەڵاتی كوردی بووە.
 تیرۆری دكتۆر عبدالستار تاهیر شەریف و لەچەند مانگی ڕابردوودا و تیرۆری سۆران حەمەش لەدرێژەی ئەو كردارانەدایە كە دەسەڵاتی بزوتنەوەی كوردایەتی، لەدژی نووسەران و ڕەوتی ئازادیخوازی و پێشكەوتنخوازی كۆمەڵگا پیادەی كردووەو پیادەی دەكات.
 ئەمرۆ ڕۆژنامە و گۆڤاری ئازاد و نیمچە سەربەخۆ، یان میدیای كۆنترۆڵهەڵنەگر، بۆتە سەكۆیەك بۆ نیشاندانی زۆرێك لە گیروگرفتەكانی خەڵكی كوردستان و ریسواكردنی كارنامەی ئەحزاب و بەرپرسانیان و تاڵانی و گەندەڵی و پێشێلكاری وبێمافیەكان. دەسەڵاتی كوردایەتی ئەمەی بۆ قەبوڵناكرێت. بۆیە بەم شێوەیەو لە ژێرسایەی دەسەڵاتی ئەواندا كەم ڕۆژو هەفتە هەیە، هەواڵی بەدادگاكێشان!!، هەڕەشە و چاوسوركردنەوە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، دەست بەسەراگرتنی كامیرا، لێدان لە نووسەران و پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان، بڵاونەكرێتەوە.      
  ئەمەش دیاردەیەكی دەسەڵاتی كوردایەتیە نەك حالەتێكی ناوازە. بۆیە ڕەوت و بەرەی ئازادیخوازو ئینسان دۆست و ڕۆژنامەگەری ئازاد و سەربەخۆ و دەستەمۆنەكراو، لەهەر شوێن و جێگایەك هەن، لە كوردستانن یان لەدەرەوەی كوردستان، پێویستە هەرچی زیاتر لەبەرامبەر بەم دیاردەیەدا بوەستنەوە.
  ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و ڕۆژنامەگەری، ئازادی بەیان و رەخنە گرتن، لەهەموو لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و لەهەموو كەلتوری و ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕێك دابسەپێنن و كەس لەسەر ڕەخنەگرتن و دەربرینی بیروباوەرو بەیان، توشی هەڕەشەو چاوسوركردنەوەو تیرۆر نەبێت.
 ئیمە لە حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان، لەكاتێكدا كە ئیدانەی ئەم تاوانە دەكەینو،  بە هەڕەشەو جەنگی ئاشكرای دەسەڵاتی دەزانین لەدژی ئازادی و ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری، لەهەمانكاتدا پرسەو سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی كەس وكاری سۆران حەمەو تەواوی هاوڕێ و دۆستانی و هاوكارانی لە گۆڤاری لفین دەكەین.
 هاوكات دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ناوچە كوردنشینەكانی شاری كەركوك بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوەی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان.
 
 مەرگ بۆ جەنگخوازانی دژ بە ئازادی
 بژی ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی و ڕۆژنامەگەری
 
                                                 حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
 24-7-2008
 
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست
هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت
0