تیرۆری سۆرانی مامە حمە نیشانەى نەبوونى ئاسایشە بۆ موخالیفانى حكومەتى هەرێم
الاتحاد العام للاجئین العراقیین
فیدراسیونی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
INTERNATIONAL FEDERATION OF IRAQ REFUGEES-IFIR
تیرۆری سۆرانی مامە حمە نیشانەى نەبوونى ئاسایشە بۆ موخالیفانى حكومەتى هەرێم
شەوی 21|22-7 لەلایەن چەكداریكەوە هەلیان كوتایە سەر ماڵى (سۆرانی مامە حمە) بەرپرسی نوسینگەی گۆڤاری لڤین لە گەرەكی رەشید ئاواى شارى كەركوك و تیرۆریانكرد. ئەمە لە كاتێكدایە كەچەندین جار لەڕێگاى تەلەفۆنەوە هەڕەشەى كوشتیان لە نابراو كردووە. سۆرانى مامە حمە بەووهۆیەوە تیرۆركرا كە ڕووكارە گەندەڵ ودزیوەكانى دەسەڵاتدارانى كوردستانى ئاشكراكردووە و هەقیقەتى ئەوانى لەدوتوى لاپەڕەكانى گۆڤارى لیڤیندا خستۆتە بەردەم ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان. بەتایبەتیش بەهۆى ئەو ڕاپۆرتانەوە كەلەبارەى سەرانى حكومەتى هەرێم و هەردوو حزبى دەسەڵاتداران و دەزگاى ئاسایش بڵاوى كردونەتەوە.
تیرۆرى سورانى مامەحمە نیشانەى نەبوونى ئاسایش و ئارامىیە لەبەردەم هەرئینسانیكى ڕەخنەگرو نارازى و موخالفى حكومەتى هەرێم و هەردوو حزبى دەسەڵاتداردا. ئەمە كردەوەیەكى سەركوتگەرەرانەو ژیر پینانى مافى ئازادى بەیان و ڕۆژنامەگەرىیە لەكوردستان. هاوكات ئەمە هەوڵیكە بۆ ترساندن و تۆقاندنى هەرئینسانیكى ئازادیخواز و نارازى بە دەسەڵاتى مەوجود لەكوردستاندا. بێشك كردەوەیەكى ئاواش لەلایەن ئێمەو هەر ئینسانێكەوە مەحكومەو جێگاى دەربرینى ڕقو بێزارىیە.
سۆانی مامە حەمە یەكەمین قوربانیانی تیرۆریستان وئینسان كوژان نیە لەكوردستاندا، بەڵكو لەچەند ساڵی سەرگەردانی و هەڵسوراوی كۆمەڵگای كوردستاندا دەیان هەڵسوراوی سیاسی ولایەنی مخالفی دەسەڵاتدارانی كوردستان كەوتوونەتە داوی هەڕەشەوە یان فتوا تیرۆری وكوشتنی ڕەوتە كۆنەپەرستە ئیسلامی یەكانەوە كەهەموو ئەمانەش بەبەرچاوى دەسەلاتداران و دەزگا كانى ئاسایشەوە ڕوویانداوە. بەڵام ئەوەى تازەیە لەم ڕووداوەدا بارودۆخى ڕەخنەگرى ڕۆژنامەنوسان و ئازادى خوازان و نارەزایەتى بەربڵاوى لاوان و خەڵكى كوردستانە بەڕووى دەسەلاتێكدا كەسەرانى خەریكى پركردنى گیرفان و قۆرغكردنى سەروەت و سامانى خەڵكن لە دەستى خۆیاندا و لەولاشەوە ژیانى خەڵكیان لەبەردەم نەبوونى و گرانى و هەژاریدا ڕاگرتووە. و بەمەبەستى سەركوتى ئازادى و نارەزایەتى خەڵك دەرگایان بە ڕووى تیرۆریستاندا كردۆتەوە، تا خەڵكى چاوترسین بكەن و بىدەنگ لەماڵەوە دانیشن.
تیرۆرى سوران مامە حمە ئەلقەیەكى تر بۆ زنجیرەى كارى تیرۆریستى و كوشتن و ئینسان دزىین و پەلاماردانى لایەنە موخالیفەكان زیاد دەكات كەلەماوەى چەند ساڵى دەسەلاتداریتى یەكیتى وپارتیى و حكومەتەكەیاندا بەسەر كۆمەلگاى كوردستاندا داسەپاوە.
ڕاستیەكى تر لەتیرۆرى سۆرانى مامەحمە دا پوچى و ریسوایى سیاسەت و تەبلیغاتى دەوڵەتانى ئەوروپا لەمەر ئارامى و ئاسایش و دیموكراتى ژیر سایەى ئەحزابى دەسەڵاتدارى كوردستان دەسەلمێنى كەبەهۆیەوە دیپۆرتى پەنابەرانى كوردیان خستۆتە گەر. ئەمە سەنگى مەحەكە بۆ رەوابوون و لەسەر هەق بوونى گەنجان و خەڵكانێكى ئازادیخواز كە وڵات بەجى بهێڵن و بەئیجبارى ژیانى پەنابەریتى هەڵبژیرن.
ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی بە تووندی ئیدانەی كوشتنی ڕۆژنامە نووس (سورانی مامە حمە) دەكەین و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیار دەكەین لە دۆزینەوەی تاوان باران و ئاشكركردنیان و دادگای كردنیان لە داگایەكی ئاشكرادا. هەرلێرەدا فیدراسیۆن ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانى كوردستان بەرپرسیار دەكات لە سەلامەتى گیان و ژیانى هەر هەرهاوڵاتیەیەك كە لە كوردستاندا دەژى.
هاوكات بەناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیەوە پرسەو سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری (سوران مامەحمە) ئەندامان وكارمەندانی گۆڤاری لڤین دەكەین هیوادارین لەقەرەبۆكردەنەوەى ئەم كەلینەدا سەركەوتوبن و لەسەر ڕێگاى ئاشكراكردنى ڕاستىیەكان بەردەوام بن.
سكرتارێتی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
24-7-2008
________________________________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575,ILFORD, IG1 3BZ, LONDON UK Tel:0044 7856032991
00447895636633,0041787557786,004799387599,003584404464905
d.jamal@ntlworld.com www.csdiraq.com www.federation.



del.icio.us
Digg
كۆمێنتهكان (0 بۆچوون):
بۆچوونی خۆت بنووسه