تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سۆران مامە حەمە

image

2008-07-22 بەیاننامەی گۆڤاری لڤین سەبارەت بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سۆران مامە حەمە، بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤارەكەمان

 بەیاننامەی گۆڤاری لڤین سەبارەت بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووس
 سۆران مامە حەمە، بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤارەكەمان
 
 كاتژمێر 9ى شەوی 21ـ22/7/2008 لە رووداوێكى تیرۆریستیى ترسناكدا، رۆژنامەنووسى دیارو بەرپرسى نووسینگەى كەركوكى گۆڤارى لڤین (سۆران مامە حەمە) لە بەردەم ماڵى خۆیاندا لە گەڕەكى (رەشید ئاوا)ى شارى كەركوك كە یەكێكە لە گەڕەكە هێمنەكانى ئەو شارە لە لایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركرا.
 ئێمە لە گۆڤارى لڤین سەرەڕاى سەرەخۆشیى لە خۆمانو بنەماڵەو دۆستو هاوڕێیانى شەهیدى رێگاى قەڵەم (سۆران مامە حەمە)، زۆر بە توندى ئەم رووداوە تیرۆریستییە گەورەیە ئیدانە دەكەینو بە هەڕەشەیەكى ترسناكى دەزانین بۆ سەر رۆژنامەگەریى ئازادو سەربەخۆ لە هەرێمى كوردستانو عێراقدا.
 دیارە پێشتریش رووداوى تیرۆریستیى بەرامبەر رۆژنامەنووسان كراوە، بەڵام تیرۆركردنى سۆران مامە حەمە جیاوازە لەوانى پێشووتر، چونكە ئەمە بۆ یەكەمجارە میدیاى ئازاد لە كوردستاندا بە شێوەیەكى راستەوخۆ دەكەوێتە بەر دەم مەترسى تیرۆرەوە، بۆیە وەك گۆڤارى لڤین لەگەڵ ئەوەى پێمانوایە جێگەى ئەو هاوڕێ ئەزیزەمان بە هیچ شتێك پڕنابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داواى لێكۆڵینەوەى ورد لەو كارە تیرۆریستییە دەكەین. لەمەشدا بە پلەى یەكەم بەرپرسیارێتیى لە ئەستۆى سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستانو سەرۆكایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانو پەرلەمانى كوردستاندایە، چونكە ئەو رۆژنامەنووسەى گۆڤارى لڤین لە شارى كەركوك تیرۆركراوە (كە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەكەى لە دەستى پارتىو یەكێتییدایە).
 هەر لێرەوە وەك گۆڤاری لڤین داواى لێكۆڵینەوەیەكى نێودەوڵەتیى لەو رووداوە دەكەین بە هەمانشێوەى ئەو لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەى لە رووداوى تیرۆركردنى رۆژنامەنووسیى لوبنانیى سەمیر قەسیر-دا ئەنجامدرا، چونكە لە هەرێمی كوردستاندا هەست بە تارماییەكانی دەستێك دەكەین كە دەیەوێت لە رێگەی تیرۆرو تۆقاندنی رۆژنامەنووسانەوە میدیای ئازاد لە كوردستان لەناوبەرێت كە چەند ساڵێكە لەم هەرێمەدا خەریكە دەكەوێتە سەرپێی خۆی. لڤینو رۆژنامەنووسانی دیكەی ئازاد لە كوردستان گومانی ئەوە دەبەن كە پلانێك لە ئارادابێت بۆ كپكردنی دەنگەكانو داخستنی دەرگای رۆژنامەكان كە بەداخەوە تا ئاستی تیرۆری جەستەیی رۆیشتو ترسی ئەوەش هەیە ئەم هەڵمەتە ترسناكە بەردەوامبێت. هەرلەبەرئەوە داواكاریشین لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو لەسەرووى هەمووشیانەوە رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكانو رێكخراوەكانى تایبەت بە ئازادیى رۆژنامەوانیىو مافەكانى مرۆڤ لە خستنەڕووى ئەم دۆسییەیەدا هاوكاریمان بكەن، چونكە بەبڕوای ئێمە گرەوی ئازادی رۆژنامەنوسی لەم هەرێمەدا بەستراوەتەوە بە سەركەوتنو شكستی ئەم دۆسیەیەوە.
 هاوكات داوا لە سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستانو تەواوى رۆژنامەنووسانى كوردستان دەكەین كە لە هەڵمەتى گەڕان بە دواى راستییەكانى رووداوى تیرۆركردنى هاوكارەكەیاندا لەگەڵماندا بن، چونكە ئازادیى قەڵەمو ئازادیى رۆژنامەنووسى لەم وڵاتەدا بەستراوەتەوە بە رادەى سەركەوتنمان لە دۆزینەوەى دوژمنەكانى وشەو ئازادیىو قەڵەمدا.
 هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كە تیرۆركردنی رۆژنامەنوسێكی بوێرى وەك سۆران مامە حەمە، سەرەڕای ناسۆرە قووڵەكەی دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ بەردەوامبوونمان لەسەر كاری پیشەیی خۆمانو ورەی زیاترمان دەداتێ لەو رێگا سەختەدا كە گرتوومانەتەبەر.
 
 دووبارە پەرۆشیىو نیگەرانیى خۆمان بۆ رووداوەكە دووبارە دەكەینەوەو سەرەخۆشی لە خۆمانو كەسوكارى ئەم هاوڕێیەمان دەكەین..
 
 
 
                                                                                                                 شەوی 21-22/7/2008
                                                                                                                       گۆڤاری لڤین- سلێمانی
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg

كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست
هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت
3.50