پرسیاری زمان، ویستی کۆزانینێکی هاوبه‌شه
هه‌ندرێن
ره‌نگه له گاڤی یه‌که‌می بیرکردنه‌وه‌دا ئاخاوتنی زمان له ئاسته‌نگه‌کانی ئه‌مڕۆی جڤاکیی کوردییدا، ئاسان بنوێنێ. لێ له‌گه‌ڵ رۆچوون به‌ناو راڕه‌وی په‌یوه‌ندییه لێکپچڕاوه‌کانی ئه‌و جڤاکه و ئاسته‌نگی بزاڤه بازنه‌ییه‌کانییه‌وه، زمان تووشی ره‌وشێک ده‌بێت که له‌وێدا ئاسان نییه بیرکردنه‌وه‌که‌ی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی ئاسۆیی رێبکا و گه‌وهه‌ری ئامانجه دیاریکراوه‌که‌ی بدۆزێته‌وه. چونکه بیرکردنه‌وه له هۆکردی نه‌گۆڕیی جڤاکیی ئه‌مڕۆی کورد، بیرکردنه‌وه‌شه له زمانه پچڕا‌و و ده‌ڤه‌رییه‌کانیی. بۆیه ئه‌و زمانه پچڕاوه له زانینه هاوبه‌شه هه‌مان وێنه‌ی بازنه‌یی تاک تاکیی بزاڤه دیرۆکییه‌کانی خۆی به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه. لێره‌وه ئه‌گه‌ر له ئاستی کرده‌ییدا ئه‌زموونه‌کانی بزاڤی کوردی، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی وێنه نه‌گۆڕه‌کانی خۆیان بن، وه‌لێ له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا کۆی به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی زمان، ده‌قی کوردییش، له شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌تلیسیی و شیعره‌کانی ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته شیعره بڕه‌نده و گڕگرتووه‌کانی حاجی قادری کۆێی و وتار، په‌خشان و شیعره‌کانی نووسه‌ر و شاعیره‌کانی ئه‌مڕۆ، به جۆرێک له جۆره‌کان ره‌نگدانه‌وه؛ گوتنه‌وه؛ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ژه‌ندانه‌ن؛ گوتنه‌وه‌ی زمانی ئه‌و ئاوه‌زه نه‌گۆڕ و لاواندنه‌وه‌ی ئه‌و گیانه لێکترازاو و بریندار "پۆستراوما"یه‌ی کوردیین نه‌ک هزرکردنه‌وه‌یه‌کی کرده‌یی وه‌رچه‌رخێنه‌ر و دابڕانێک له سه‌رچاوه‌ه‌کانی ئه‌و نه‌ریته سته‌مگه‌رییانه‌ی که هۆکردنی سه‌ره‌کی ئه‌و ره‌وشه نه‌گۆڕه‌ی ژیانی کوردیین.
لێره‌وه ره‌نگه، یه‌کێک له هۆیه سه‌ره‌کییه‌کانی خوولانه‌وه‌ی بزاڤه سیاسییه‌کانی کورد، نه‌بوونی زمانی کۆهێزێکی بیرکه‌ره‌وه؛ تاکه‌کسگه‌لێکی ئازاد و ئاکار و کردار رچه‌شکێن؛ خاوه‌ن پرینسیپ بێت، که بتوانن ئامانجی ئه‌و مێژووه تاڵانکراوه‌ی کورد به‌رجه‌سته بکه‌نه‌وه. چونکه له دواجاردا ئه‌وانه‌ی که هه‌تا ئێستاش چاوگه و هانده‌ریی بزاڤی رزگاریخوازیین، زمانی بیرکردنه‌وه خێڵه‌کیی، هارارکیی و و کرداره‌کانی نووسه‌ر و شاعیرانی کوردیین. به واتایه‌کی دیکه: وێنه‌ی بزاڤه رزگاریخوازه‌کانی کوردستان ده‌رهاوێشته‌یه‌ک بووه له ئه‌زموونی زمانی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌ڤه‌ریی کۆی نووسه‌رانی کورد که ئه‌وانه‌ش به نۆره‌ی خۆیانه‌وه ئاوێنه‌یه‌کن له پێکهاته سۆسیۆ- کولتوورییه‌کانی کوردیی. لێره‌وه به‌و ئاکامگیرییه ده‌گه‌ین، که له‌وه‌ده‌چی مرۆی کورد هێشتا له به‌های ئازادیی و سه‌ره‌وه‌ریی بوونه‌که‌ی نه‌گه‌یشتبێت. ئه‌مه‌ش مێنتالێکی به کورد به‌خشیوه که رازی بێت هه‌میشه له دۆخی وابه‌سته‌یی، پاشکۆیی و بنده‌ستییدا بمێنێته‌وه، یان هێ له‌و دۆخه بێنده‌ستییه‌دا نه‌حه‌وێته‌وه. ره‌نگه یه‌کێک له هۆکرده‌کانی به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه له نائازادیی؛ پاشکۆیی؛ بنده‌ستییه‌ش، په‌روه‌رده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته باڵاده‌ستانه بێت که بوونی کوردیان جڵه‌و کردووه. به‌شێک له نه‌خۆشییه‌کانی ئه‌و جڵه‌وکردنه‌ش، ئیفلیجکردنی ویستی کورده له تێگه‌یشتنی ئازادییدا. هه‌روه‌ک ئه‌و بنده‌ستییه‌ش ویستی نووسه‌ر و سیاسیی کورد به‌رانبه‌ر زمانێکی هاوبه‌شی نیشتمانی گۆج و کڵۆڵکردووه. بۆیه ئه‌مڕۆ نووسه‌ر و سیاسییه زاراوه‌چیی و ده‌ڤه‌رچییانه، که ده‌مڕاستی ئه‌و بوونه کڵۆڵه‌ی زمانی ئه‌مڕۆی کوردیی، ئاماده‌ن له‌سه‌ر رێگرتن له‌و زمانه هاوبه‌ش نیشتمانییه، هه‌موو خیانه‌تێکی ئه‌خلاقی بکه‌ن.
له‌و روانگه‌یه‌وه، فیلۆسووفی فه‌ره‌نسی-گرێکیی، کۆرنێلیوس کاستۆریادیس (Cornelius Castoriadis، 1922-1997) له مه‌ڕ ئه‌و جڤاک یان نه‌ته‌وانه‌ی که ئازادیی خۆیان به وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی بێگانه یان ده‌ره‌کییه‌وه گرێداوه، که ئه‌و به هێتێرۆنۆمی (heteronomi) ناوزه‌دی ده‌کا، ده‌بێژێ: " هارارکیی ته‌نیا شێوه‌یه‌کی تایبه‌ته له هێتێرۆنۆمییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی، واتا جۆره وێنه‌کردنێک که ئینستیتوشۆنه‌کانی جڤاک (قانوون، به‌ها و نۆرمه‌کان) ره‌چه‌ڵه‌کێکی بێ جڤاکیی و بێ مێژوویی (بێ ره‌گ، روح، خوا، قانوونگه‌لی بیۆلۆژیی یان مێژووییه‌کی جڤاکیی، سروشتی مرۆڤ یان جڤاک نییه). هێتیرۆنۆمی ره‌وایه‌تیی به هارارکیی ده‌دا، هاوکاتیش هارارکیش به نۆرای خۆیه‌وه رێگا بۆ هێتێرۆنۆمی نیشانده‌دا، هه‌ڵیده‌گرێ و به‌رجه‌سته‌ی ده‌کاته‌وه. که‌چی ئازادی هه‌ر ته‌نیا لابردنی هارارکیی نییه له پێناوی ئامانجیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییدا، به‌ڵکو هاوکاتیش سنوور به‌زاندنی هێتێرۆنۆمییشه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. جڤاکێکی سه‌ره‌تایی (پریمیتڤ)ی بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کیی هه‌میشه هارارکیی نه‌بوونه به‌ڵام تا بڵێی هێتێرۆنۆم بوونه، به‌و مانایه‌ش ئه‌و جڤاکانه نائازادن." (1)
ده‌کرێ بڵێین، له زۆر لایه‌نه‌وه، جڤاکیی کوردیی له‌و ره‌وشه هارارکیی و بنده‌ستییه‌دا، له‌و جڤاکانه ده‌چێ که کۆرنێلیوس کاستۆریادیس له کتێبه‌که‌یی"The Imaginary of Society " دا باسی ده‌کا.
راسته ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که چ به خۆیان نوێنه‌ریی بزاڤه‌کانی کوردی‌یان کردووه و یان به‌رهه‌مه‌کانیان هانده‌ری ئه‌و بزاڤانه بوونه، به هۆی خوێندن و به ئاگا بوون له رۆشنبیریی ده‌ره‌کییه‌وه، له ئاستی تێگه‌یشتندا له هاووڵاتییه ئاساییه‌کانی کورد هه‌ڵگری زانینی فره‌تر و مه‌یلی نوێخوازیی بوونه (ره‌نگه به هۆی ئه‌و ره‌وشه بنده‌ستیی و جیۆسیاسییه‌ی که کورد تێیدا ده‌ژی، ئه‌و کۆئاگاییه جڤاکییه له کوردستاندا هه‌رگیز نه‌سازێت)، که‌چی ئه‌و نوێنه‌ره سیاسیی و رۆشنبیرییه له ئاستی پێکهاتی ده‌روونیی و روحییدا، نه‌یانتوانیووه خۆیان له گیانی پاشکۆیی په‌روه‌رده‌ی داگیرکاران و نه‌ریته کۆنه‌واره‌کانی جڤاکیی کوردیی رزگار بکه‌ن. له‌بۆیه له ئاکامدا یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه باوه‌شی نه‌ریتی باوی کۆمه‌ڵگا یانیش خۆیان بوونه‌ته پشت و په‌نای پیاوه به هێزه یان ده‌سه‌ڵاتدارانی باوی حیزبی کوردیی یانیش بوونه‌ته ده‌سکه‌لای ده‌سه‌ڵاته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان.
له‌و روانگه‌یه‌وه، به رای من، ئه‌و وێنه‌یه له مرۆی رووناک‌بیر و سیاسه‌توان، نوێنه‌رانی بزاڤی کوردیی یه‌کێکه له هۆکرده سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌گۆڕیی جڤاک و چه‌قینی بزاڤه‌کانی کوردیی له هه‌مان بازنه‌دا. به‌مجۆره سووڕانه‌ی بزاڤه‌کانی کورد له بازنه‌کانیی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه نه‌گۆڕه‌ی جڤاکیی کوردیی، ده‌رهاوێشته‌یه‌که له خودی ئه‌و که‌سایه‌تییه ئاڵۆز (کۆمپلێکس)ه‌ی نووسه‌ر و سیاستوانه‌ی کورد.
لێ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد له راڕه‌وه‌کانی ئه‌و بازنه داخراوه‌ی بزاڤه نه‌ریتگره‌کانی رزگار بێت، که ره‌نگه هۆکردێکی سه‌ره‌کیی کایه‌کانی بنده‌ستیی بێت، ده‌بێ تاکه‌که‌سی وشیار به ویستیك له گۆڕان؛ به گه‌وهه‌رێک له ئازادیی؛ به خودێک له ئامانج راپسکان له‌و هه‌ستی خۆبه‌کمزانیی و پاشکۆییه‌ی که داگیرکاران له ده‌روونی چاندوویه‌تی، بیر له دابڕانێک له‌و بیرکردنه‌وه به رووکه‌ش نوێگه‌ر و له کاکڵه نه‌ریتگره؛ له‌و که‌سایه‌تییه دووڕووه‌ی خۆی بکاته‌وه. بێ گۆڕینی ئاراسته‌کانی ئه‌و کۆهزرینه بێ ئامانجه مێژوویی؛ ئه‌و زمانه کاتییه بێگوتاره، که‌سایه‌تییه سازشکاره، ده‌رچوونمان له‌و دۆخه نه‌گۆڕه‌دا مه‌حاڵه. جڤاک له خودی خۆیدا شتێک نییه که له وێنه‌یه‌کی نه‌گۆڕدا سازکرا بێت، به‌ڵکوو ئه‌وه مرۆڤه؛ کۆی تاکه‌که‌س و توێژه به هێزه‌کانی ناو ئه‌و جڤاکه‌یه شێوه‌یه‌کی پیده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی هزرکه‌ره‌وه له گه‌ڕان به دوای ژیانێکی به‌خته‌وه‌ردا ناچار بووبێت خۆی له‌گه‌ڵ گرووپه جیاوازه‌کاندا بسازێنێت، که‌واته ئه‌وه ئه‌رکی مرۆڤه به‌رپرسیاریی ئه‌و ئامانجه هاوبه‌شه له به‌خته‌وه‌رییه راپه‌ڕێنێ. به‌رده‌وامبوونی مرۆڤ له جڤاکێکی دڕدۆنگ و سه‌رگه‌رداندا، واتای به ئاگا نه‌بوون، بێ ویستی ئه‌و مرۆڤه‌یه له‌و ئه‌رکه مرۆڤایه‌تییه‌ی خۆیدا.
له‌و روانگه‌یه‌وه کاتێک له بوونی مرۆڤ ده‌دوێین، هاوکاتیش له بوونی بوونێکی کوردیی ده‌دوێین. کوردبوون ئه‌و مرۆڤگه‌له‌یه که بوونێکی بێ پێناسه‌ی هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی هێستا ویستێکی بۆ ناودێرکردن؛ پێناسه‌کردنی بوونایه‌تییه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنا بێ. کوردبوون مرۆڤێکه مه‌یلی بۆ به‌خته‌وه‌ریی هه‌یه، که‌چی له بێ ئاگایی له گرتنه‌به‌ری ئاراسته‌یه‌ک به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌وه، مه‌رگی بوونه‌که‌ی قووڵتر کردۆته‌وه. کوردبوون هه‌تا ئێستاش له جووڵه‌یه‌کی په‌رته‌وازه‌دا، بێجگه له په‌نگدانه‌وه‌ی نه‌گۆڕییه‌که‌ی هیچ دۆخێکی تر و پێناسه‌یه‌کی تری نه‌ئه‌فراندووه. له ئاکامی ئه‌وه دۆخه‌دا کورد له بری ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه داخراوه‌دا داببڕێ و ئاسۆیه‌ک به‌ره ئامانجه‌کانی بدۆزێته‌وه، که‌چی به‌ره‌و دواوه ده‌سووڕێته‌وه.
بۆیه دابڕاندانی ئه‌و بوونه پاشکۆ و لێکترازاوه‌ی کورد له‌و دۆخه‌دا، ویستی دابڕانه له پشتینه‌ی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی که ئه‌و دۆخه نه‌گۆڕه به‌رهه‌مده‌هێنته‌وه. بڕیاردان له‌و دابڕانه‌ش، گه‌ڕان به دوای زمانێکی پرسیارهه‌ڵگر؛ زمانێک که ئه‌و بێده‌نگیی و فه‌رامۆشکردنه‌ی پرسیار تێکده‌شکێنێ و به‌ره‌و هزرینی نوێ به‌له‌دیمان ده‌کا.
دیاره کۆی هزر، زانست، چه‌مک، شۆڕشه کو‌لتووریی، پشه‌سازیی، گۆڕانه جڤاکیی و... هتد له رۆژئاوادا له ئاکامی کرده‌ی ئاخاوتن و نووسیندا له دایکبوون. ئه‌و مه‌یله‌ی مرۆی رۆژئاوا بۆ ئاخاوتنێکی هاوبه‌ش، له گرێکی کۆن و به تایبه‌تیش له گفتوگۆیه‌کانی پلاتۆ (ئه‌فلاتوون)ه‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرێ. خوێنه‌رانیش که‌م تا زۆر به گفتوگۆ (دیالۆگ)ه‌کانی سۆکرات له کتێبه‌که‌ی پلاتۆ، "کۆمار"دا ئاشنان. ئه‌و گفتوگۆیانه مانای گوتنی هه‌موو راستییه‌کان نین، به‌ڵکو ده‌ربڕی مه‌یلی گه‌ڕان و پرسیارکردنن. ئاخێوه‌ره‌کانی ئه‌و کتێبه به‌ره‌و تێگه‌یشتن له‌مدیوی بۆچوونه داسه‌پاوه‌کانه‌وه، بیرۆکه، پرسیار و وه‌ڵامه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن. وه‌لێ ئه‌و ئاخاوتنانه رۆشناییه‌ک له ئاوه‌ز یان زانینیان له پشته‌وه‌یه نه‌ک له خۆڕا به‌ناو قسان که‌وتن. ئه‌و شێوازی ئاخاوتنه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و رۆشنبیرییه جیاوازه تۆکمانه‌ی که به‌رهه‌مێک بوون له‌و جڤاکه نوێیه‌ی گرێکه‌وه هه‌یه . به‌مجۆره له‌و ره‌وشه سیاسییه دێمۆکراتییه‌ی گرێکدا کتێبه‌کانی پلاتۆش به‌هادار بوون.
به کورتی ئه‌وه پرسیاره نه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه که ئاراسته‌ی گفتوگۆیه‌کانی سۆکرات دیاریده‌کا. له‌وێدا ئه‌گه‌ر مرۆڤ بخوازێ پرسیار بکا، ده‌بێ ویستیی کۆزانین و کۆفامکردنی هه‌بێت. بۆیه مرۆڤ هه‌رچه‌ند بزانێت که‌چی هیچیش نازانێ. لێره‌وه هونه‌ری زمانی پرسیارکردن ده‌بێته بنه‌مای کۆویستی زانین و تێگه‌یشتن له ره‌هه‌نده فره‌وانه‌کانی بوون.
ئه‌گه‌ر ئه‌رکی نووسین یان کرده‌ی زمانی ئاخاوتن له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی تردا چه‌شنێک له فره‌وانکردنی هزراندن بێت؛ مه‌یلێک له گه‌ڕان به دوای پرسیارکردن و ژیانێکی ئاسووده؛ شکۆمه‌ند و ... هتد بێت نه‌ک ئازادکردنی مرۆڤ له مه‌رگ و کاره‌ساته‌کانی، که‌واته زمان کۆویستی رێبه‌دیکردنی مرۆڤه به‌ره‌و ئه‌و ژیانه.
له‌و روانگه‌یه‌وه پرسیاریی کورد، پرسیاره له قه‌ده‌ره نه‌گۆڕه‌که‌ی. لێ کورد که ویستی زمانێکی هاوبه‌ش، ستانده‌ده‌ر و فه‌رمی نییه، چۆن ده‌توانێت ده‌هێنه‌ری کۆدێکی نیشتمانیی هاوبه‌ش بێت؟ مرۆی کورد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌و قه‌ده‌ره تێ‌بگا، سه‌ره‌تا ده‌بێت ویستی سازکردنی زمانێکی هاوبه‌ش، ستانده‌ردی هه‌بێت. کورد ته‌نێ به رێگای ئه‌و زمانه هاوبه‌ش، ستانده‌رده‌وه ده‌توانێت پرسیار له چاره‌نووسی هاوبه‌شی بکات. دیاره بوونی مرڤ بریتییه له جوڵه به‌ره‌و ئاماده‌کرنی بوونه‌که‌ی له چه‌قی جیهاندا. ئه‌و جووڵه‌یه‌ش گفتوگۆکردنی ئه‌و مرۆڤه‌یه بۆ ئاوه‌ڵاکردنه‌وه‌ی بوونه‌وه‌که‌ی. بێ کۆویستی پرسیارکردن و ئاخاوتنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ بوونه‌کانی دیکه‌دا، جوڵه و به‌دیکردنی ئاراستیه‌ک له ئارادا نییه. بۆیه گۆڕینی ئه‌و دۆخه نه‌گۆڕه؛ ژیانه بازانه‌ییه‌ی کورد، په‌یوه‌سته به زمانێکی هاوبه‌شی پرسیارکردن، ویستی کۆزانین و ده‌ستکردنه به گاڤ هاوێشتن به‌ره‌و بوون و روحی مێژووه دڕدۆنگه‌که‌یه‌وه.
2008.1.29/سوێد
http://handren07.kurdblogger.com/
ژێده‌ر:
1. Fotis Theodridis, ”Belysningens och autonomins filosofi”, Res Publica, nr 58, 2003, S. 4.



del.icio.us
Digg