کۆمپانیای وشە لەنێوان هەنووکە و دواتر دا : چۆن تازە دەبێ بە هزر؟

image

ئازاد حەمە

سەرنج: ئەم نووسینە لە ئوکتۆبەری 2009 دا نووسراوە و بەشێکە لە نووسینەکانی ئەو کتێبەی لەژێرناوی"" مانیفێستێ بۆ دژەگەندەلی: ڕەووشتی پاکدامێنی دژ بە گەندەلی"" ئامادەیە بۆچاپکردن.


کۆمپانیای وشە لەنێوان هەنووکە و دواتر دا :
چۆن تازە دەبێ بە هزر؟
ئازاد حەمە
1. خولقانی پرسیار لەسەر دۆزی سیاسی کۆمپانیای وشە

بەپێیئەوەی هەژاری فەلسەفەی سیاسی و وەکیتریش تیۆری سیاسی لە نێوەندی ڕوناکبیری کوردی بەگشتی و ئەمجار لە نێوەندە ئەکادیمیەکەی بەتایبەت دەمێکە ڕیشەی داکوتیووە ئێمە داوا لە خوێنەری ئەم چەند لاپەڕەیەی ئەم کتێبە دەکەین ڕاسیۆنالانە و دادپەروەرانە و هزربەتەندروستانە لەتەک گوزارە و دەربڕینەکانی نووسەری ئەم چەند لاپەڕەیە مامەلە بکا و، خۆی تەنیا بەو وێنە و سێرکردنانەوە گرێداتەوە لە تێگەیشتن و بینینی ئەم نووسینەدا پەنهانە و ، تەماشاکردن و دیدی وڕێناوی و نەخۆش بەسەر نووسینەکەدا نەسەپێنێ و ئەوی لە کۆنتێکستی نووسینەکەدا ئامادە نییە نەیهێنێتە ناو نووسینەکەوە. چونکە کارێ لەوجۆرە بەهەلەتێگەیشتن دروستدەکا و مەوداێ بێ سنووریش دەخاتە نێوان هزری نووسەر و بینینی خوێنەرەوە. هەموو ئەوەش ئێمە لەم چەند لاپەڕەیە لەڕێگای ڕەخنەی کۆمپانیای وشەوە دەیخەینە بەرچاو بۆ هێنانەسەرسەکۆی شێوە کارکردنێ بەتەندروستانە و ڕاسیۆنالانەی سیاسی کۆمپانیای وشەیە. بەواتاێ دی، ئێمە دەمانەوێ بەهۆی ئەم نووسینەوە ئەو ئاماژە دژوار و نەکراوانە بهێنینە گۆ کە دۆزێ بۆ خولقانی پرسیار لەسەر نەک هەر کۆمپانیای وشە بەلکو لەسەر سەرجەم وتاری سیاسی کوردیش دەهێننەپێشەوە.
هەروەک دەزانین، کۆمپانیای وشە بۆلەمەولا ناوێکی هەستیاری سیاسییە. بەلام ئەم ناوە هەستیاریەکەی واناکا ڕەخنەنەکرێ. ئەمەو ئەم ناوە هەستیاریەکەی تەنیا لەوەوە سەرچاوەناگرێ کە دەیەوێ شوێنی بۆ چالاکی سیاسی خۆی لە نێوەندی سیاسی کوردی دابینکا بەلکو لەوەشەوە سەرچاوەدەگرێ کە کۆمپانیای وشە دەیەوێ وەرچەرخانی سیاسی لە وتاری سیاسی بکا. ئەم ( واتە کۆمپانیای وشە ) کە ئەم شوێنە بەئاسانی دابینناکا و لەتەک ئەوانەی لێوەیهاتۆتەدر لە حالەتی پێکدادانی سیاسیدایە کاری وەرچەرخاندنەکەی لەئێستادا وەکخۆی لە جەستەی سیاسی کۆمەلگەی هاوچەرخی کوردی ، کە کۆمەلگەێ فڕەگەندەلە، بەرجەستە نابێ.
ئەلبەتە بۆ گەلێ لەوانەش ئەم بابەتە دەخوێننەوە لەو باوەڕەدان جارێ زووە هێنانەپێشەوەی ووتن لەسەر ئێستا (هەنووکە) و ئایندەی (دواتری) سیاسی کۆمپانیای وشە و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی لەمەودوای ئەم کۆمپانیا سیاسییە. بەلام ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئەو ڕیسکە(موجازەفەیە) دەکەین و لەئاستێ دیاریکراودا لەسەر هەنووکە و دواتری سیاسی کۆمپانیای وشە قسەدێێنینەپێشەوە و ، قایلیشین بەو ئاکامانەی لەبەرامبەر ئەم قسەکردنە بەدەستی دێننین و ئەو ڕەخنانەش کە لەو ڕوەوە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. پاشان ڕەخنەکردنی کردەی سیاسی کۆمپانیای وشە،کە تاڕادەێ ئێمە لەم نووسینە سەرنجمان خستۆتەسەر، بەو دیتنەشەوە وابەستەیە کە کۆمپانیای وشە سەر بە ئەسێرەێکی سیاسی تر نییە بەلکو ڕۆلەی بە ئەمەکی هەمان ئەو ئەستێرە سیاسییەیە هەموان تیایا نیشتەجێین. بۆیە قسەکردن لەسەر کۆمپانیای وشە کارێ شیاوە. کەوابێ گشت دانیشتوانی ئەستێرەی سیاسی ئەمڕۆی کورد کەم تا زۆر لەو ئاوەلناوانە دەگەن کۆمپانیای وشە دروستکەریەتی. دەکرێ هەر لێرەوە باس لەوەشکرێ کۆمپانیای وشە کە ئەرکی گۆڕانی خستە سەرئەستۆی خۆی ئەویش نەبایە شتێ تر دەکرا هەر دروستبێ. چونکە زەبری گەندەلی هێندە ئازاردەر و کاریگەر بوو شتێ تری هەر دروستدەکرد. بەلام ئەو شتە ترە کە دروستدەبوو وەک ئێستا ئامادە و گورج نەدەهاتەبەرهەم. واتە نهێنیی گەورەی سەرکەوتن و گەشەی سیاسی پەلەی کۆمپانیای وشە بۆئەوە دەگەڕێتەوە لە هەناوی حیزبێ گەورەی سیاسییەوە هاتەدەر. ئەمەش واتە پێشوەخت ئەزموونی ڕێکخستن، تێگەیشتنی سیاسی، کارکردنی ڕاگەیاندن و ..هتد لەهەگبەکەیدابوو. بۆیە و بەپێیئەوەی کۆمپانیای وشە لە ڕابردوودا هەبووە و لە گەلێ بەدی و ناڕێکی و نایەکسانیەکانیش بێدەنگبووە لەئەم ئێستادا قەرزاریێ ڕەووشتی لەئەستۆدایە و ئەمەشوادەکا بەرپرسیاریەتی سیاسی و مرۆیی کۆمپانیای وشە ڕۆژ بەڕۆژ لەزیادبووندابێ. نەک هەرئەوە بەلکو کۆمپانیای ووشە لەم سەرەتایەوە ئەرکی خۆ خاوێنکردنەوە (خۆپاککردنەوە) لە ڕابردووی سیاسیشی لەبەردەمدایە. ئەمە کە لە ژیانی سیاسی ئێستایدا خۆی وەک ئەگەرێ گرینگ نیشاندەدا بەدلنیاییەوە کۆمپانیای وشە بەری ئەو ئەرکە لە داهاتوودا بەباشیدەخوا. ئەم خۆخاوێنکردنەوەیە کە دووریێ زۆری هەیە بەردەوامییەکەی چەند جەمسەرییە. بۆئەوەی ئەم تێگەیشتنە ڕوونکەینەوە بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوەبکەین کە کۆمپانیای وشە پێویستە چاودێرێ ووریا و هەستیاری دۆزی سیاسی ئێستای کوردستان بێ و خوێنەرێ بەسەلیقەی ڕابردووی سیاسی کۆمەلگەی کوردییش بێ بەتایبەت لەو شوێن و و کاتەوەی ڕاپەڕین سەرهەلدەدا تا دەموووەختی دەرکەوتنی خۆی.چونکە ڕابەرانی سیاسی کۆمپانیای وشە تا ئەو دەمەی لە ڕووی سیاسییەوە وەک دەستەبژێرێ سیاسی تر دەرکەوتوونە بەشێ دیاربوونە لەو ئیدارە سیاسییە یەکلەدوای یەکانەی پاش ڕاپەڕین سەریانهەلداوە و کە دواتر خۆیان لێکشانۆتەوە. خۆکشانەوەی ئەم دەستەبژێرە سیاسییە لەژێرناوی کۆمپانیای وشە هەلە نییە و مافێ سیاسی خۆیانە و، ئەمەو بگرە دۆزی سیاسەتکردن لە کوردستان لە پاش ڕاپەڕینەوە بەجۆرێ ستروکتورێرە بووە (بوونیادیگرتووە) شیاوی بۆ دروستبوونی گرووپی سیاسی هەمیشە لەئارادایە بەتایبەت لەو شێوە گرووپەسیاسیانەی سیاسەتێ شەفافدەکەن و زیان بەئاسایشی کوردستان ناگەێنن. چونکە لە کۆتایدا بلاوکردنەوەی لۆژیکی ئاسایشپەرستی و بەتەنگەوەهاتنی ئاسایشی نەتەوەیمان ئەرکی نەک هەر سیاسی بەلکو ڕەوشتی و مرۆی هەموانە. چونکە سازاندنی ئۆپنیونی (دید، تێگەیشتن) سیاسی ڕاڕا و گەندەل زیان بە ئاسایشی نەتەوەیمان دەگەێنێ و هیوا سیاسیە مەزنەکانی کورد ، کە تەمەنیان هیچنەبێ سەد سالێ دەبێ، مرداردەکەنەوە.
بۆئەوەی پتر بێینە نێو باسەکەمانەوە بەچاکیدەزانین لەو سێرکردنەوە وەسەرەتا بێین کە، کاری پرسیارخولقان کارێ هزرییە و ئەمەش وادەکا دۆکترینی (عەقیدەی) سەرەکی ئێمە لەم نووسینە و لە ووتن هێنانەگۆڕێ لەسەر کۆمپانیای وشە کارکردنبێ لەسەر پرسیارسازدان. ئەلبەتە سەرەتای پرسیارسازیەکەشمان خۆی بەمشێوەیەی لایخوارەوە دادەڕێژێ :
ئایا کۆمپانیای وشە تازەیە؟ ئایا گشت تازەێ هزرە؟ باشە چۆن تازە دەبێ بە هزر؟
 ئەو پرسیارانەی لایسەرەوە لە هەناوی نووسینەکەدا،کە لقوپۆپی تریش دەخەنەوە ، تێکڕا بۆئەوە دەستلەملن کە هیچنەبێ کەمترین سێرکردن لەسەر ئێستا و دواتری کۆمپانیای وشە بهێننەگۆڕێ. بەمجۆرە، دۆکترینی ئێمە لەم نووسینە کورتە تایبەت بە کۆمپانیای وشە کار بۆ هێنانەکایەوەی زۆرترین پرسیار تایبەت بەم کۆمپانیایە دەکا. مەیلی ئێمەش لەم نووسینە بۆ پرسیارکردن تایبەت بە کۆمپانیای وشە لەوێوەسەرچاوەدەگرێ کە تەنێ لەڕێگای پرسیار دروستکردنەوە دەشێ لە هەقیقەت و ئەسلی شتەکان تایبەت بە کۆمپانیای وشە بگەین. 
وێرای ئەوی ووترا ئەوەش دەلێین ، دیارە گشت نووسینێ لەپێناو بەدیهێنانی چەند ئاکام و ئامانجێ دەنووسرێ. ئەلبەتە بۆ ئێمە و لەمحالەتەدا خالی سەرەکی لەو ئاکام و ئامانجانە، کە بەخۆی پەیامی ڕاستەوخۆی گشت نووسینێکی ڕاستەقینەی غەیرە گەندەلیشە، گفتووگۆکردنی ئەوەیە کە وەک کێشە دەبینرێ. بەمجۆرەبێ و بەپێی دیتنی ئێمە ئەو دەمەی کێشە هەیە مەرجە گفتووگۆ لەدایک بێ. یان ڕوونتر بدوێین ئێمە کێشە دەبینین، کەموکوڕی بەدیدەکەین بۆیە هەستاوین بە نووسینی ئەم تێکستە. خوێنەریش تا تێکڕای تێکستەکە نەخوێنێتەوە لەوە حالینابێ ئێمە چ جۆرە کێشەێک دەبینین و، چۆنچۆنییش کێشە دەبینین، واتە بەچشێوەێک تەماشای کێشەدەکەین، چی بە کێشە دەزانین و چی بە کێشە نازانین. بۆئەوەی ئێمە سێرکردنمان بۆ ئەوەی ناوماننا کێشە ، و بەتایبەت کێشەی سیاسی کە ڕۆژانە لە کۆمەلگە گەندەلەکەمانا سەردەردێنێ ، دەستنیشانکەین بەباشی دەزانین نووسینەکەمان وابەستەی چەند پەڕەگرافێ بکەین کە هەریەک لەو پەڕەگرافانە کار بۆ ڕاڤەکردنی دۆزی سیاسی کۆمپانیای وشە لەلاێ و لەلاێدیش کۆمەلگەی فڕەگەندەلی ئەمڕۆی کوردی دەکەن.
بۆئەوەی پەڕەگرافەکان لە پێوەندیدا بن بە ماهیەتی نووسینەکەوە بەپێویستی دەزانین هەر لەم سەرەتایەوە بەشێ لەو پرسیارە بنەڕەتیانە بەردەست خوێنەری ئەم چەند لاپەڕەیە بخەین کە زەمینە بۆ تێگەیشتن لە مەرامی نوسینەکەش خۆشدەکەن. لەو پرسیارانە:
* بۆ کۆمپانیای وشە لە ڕاگەیاندنەوە دەستیپێکرد؟ ئەم پرسیارەش دوو پرسیاری ناڕاستەوخۆی تر لەگەل خۆی پەلەکێشی ناو نووسینەکە دەکا: بۆ سیاسەتکردن دەبێ یەکسەر بە ڕاگەیاندنەوە گرێدرێ؟ بۆ ئەو هەموو هیوابەخشینە بە ڕاگەیاندن (ووتن، نووسین، دەنگ و وێنە)؟؟

* بۆ کۆمپانیای وشە ناوی گرووپێ سیاسی ، یاخود، ناوێ سیاسی یان ئایدیۆلۆژی زەق بەخۆیەوە ناگرێ؟

* چۆن دەکرێ پێوەندی سیاسی نێوان سەرخان و ژێرخانی کۆمپانیای وشە پێکەوەگرێدرێ؟؟ واتە چۆن دەشێ پێوەندی ڕەسمی ، کە ئەوەش پێوەندیێ ئیدیۆلۆژییە ، نێوان ڕابەرانی سیاسی و تاکە سیاسییەکانی کۆمپانیای وشە لەلاێ و لەلاێتر تاکەکانی تری کۆمەلگەی کوردی ڕێکخرێ؟؟

* بۆ کۆمپانیای وشە دەبێ وەک هیواێ سیاسی تەماشاکرێ؟؟

* چما کۆمپانیای وشە شوێنی دروستکردنی تاکە؟؟

* بۆ کۆمپانیای وشە هەرزوو  بە دوو جۆر لە هیچگەرایان( و بێئامانجان)ی کۆمەلگەی گەندەلی کوردی دەووردرا ؟؟
: واتە سیاسییە گەندەل و پڕاگماتیەکان و ڕۆشنبیرە (نووسەرە، ڕۆژنامەوانە، هونەرمەندە) سوفستاییەکان؟

* بۆ بەمجۆرە سیاسەتکردن؟ و بۆش لەئێستادا ؟

* چۆن سیاسی لە نا- سیاسی دەشێ جیاکرێتەوە؟ و بەرپرسیاریەتی سیاسی تاک بەرامبەر بە کۆمپانیای وشە و بەپێچەوانەشەوە چییە؟

بۆزێدە ڕوونکردنەوەی ئەوی دواتر لە میانەی ووتنەکانمانا دەەوترێ بەپێویستی دەزانین ئاماژەبەوەبکەین کە ئەم نووسینە ئەو نەختە تێگەیشتنە سیاسی و بەیاننامە و هەڤپەیڤین و قسەکردنانەی کردوە بەسەکۆی هێنانەپێشەوەی ئاخاوتن و دروستکردنی وێنە کە کۆمپانیای وشە و بزووتنەوەی گۆڕان کاریبۆکردووە. ئێمە لە تێکڕای نووسینەکەدا قسەلەسەر کۆمپانیای وشە و ئەو لیستەی ئەم کۆمپانیایە خستییە بازاڕی سیاسی کوردیەوە لەوێوەدەکەین کە کۆمپانیای وشە و ئەوی لێیبەرهەمدێ ، جا ئەوە لیستی گۆڕان بێ یان بزووتنەوەی گۆڕان یاخود هەرشتێتر، وەک کردەێ سیاسی دەبینین. کەواتە ئێمە قسە لەم نووسینە لەسەر کردەی سیاسی کۆمپانیای وشە دەکەین و بەس. لەمیانەی نووسینەکە خەیالمان بۆ ئەوە ناچێ ئەم کۆمپانیایە چەند و چۆن کار بۆ دروستکردنی حیزب دەکا یان گرووپ یانیش بزووتنەوە یاخود هەرشتێ تر. ئەوی ئێمە لەم تێکستە کورتە ڕاڤەی دەکەین کردەی سیاسییە ، کە ئەوەش بۆ ئێمە لە ڕەفتاری سیاسی و دید و بینینی سیاسیی ئەم کۆمپانیایە پێکدێ. بۆیە بۆ ئێمە ئەوەندە بایەخدار نییە ئەم کۆمپانیایە کار بۆ دروستکردنی حیزب دەکات یان نەخێر، ئەوەی ئێمە بەردەوام فوکوسی دەخەینەسەر (تەرکیزیلێدەکەین) ، هەر وەک پێشتریش وتمان، کردەی سیاسی ئەم کۆمپانیایەیە و ، ئەلبەتە تەنێ لەمیانەی ئەو کردە سیاسیەشەوە بینینی خۆمان تایبەت بە ئەم ئێستا و دواتری ئەم کۆمپانیایە لەم چەند لاپەڕەیەدا بەرجەستەدەکەین. بۆئەوەی کردەی سیاسی کۆمپانیای وشەش ڕاڤەکەین گرینگە لەڕێگای ئەو پرسیارانەوە خوێنەر تێهزرینی خۆی تایبەت بە ئەمڕۆ و پاشەڕۆژی کۆمپانیای وشە بە هزری ئێمەوە تێکەلکا کە لێرە و لەوێ لە تێکستەکەدا ڕوودەخرێن
مایەوە لەم سەرەتاکورتەدا ئەوەش بووترێ کە لەم نووسینەدا کاربۆئەوەکراوە ئەم نووسینە بەجۆرێ بنووسرێ هەستی سیاسی کەس بریندارنەکا و ڕێگاخۆشکەریشەنەبێ بۆ دروستکردنی ڕقەبەرایەتی سیاسی و ، بەلام لەو شوێنەی پێویستە ڕاستی بووترێ نکولی لە ووتنی نەکراوە و ئەوەشی کە ووتراوە مەرجە لەچوارچێوەی نووسینەکەدا مامەلەی لەتەکابکرێ. ئەلبەتە هەر ئەوەشە ئێمەی لەیەکەم نووسینمانەوە ، کە بە زمانی کوردی نووسیومانە، لە ڕۆشنبیر و نووسەرە سوفستاییەکانی کورد جیاکردۆتەوە. واتە ووتن لەکاتی خۆی و ووتن وەک خۆی و نزدیک لەو دیاردەیەی ووتنەکەی پێوەتایبەتدەکرێ نەک ووتن لە وڕێنە و ووتن لە هیچ.
هەروەک لایسەرەوەش ووتمان تێکستەکەمان لەڕێگای چەند پەڕەگرافێ بەرتەسک و چڕەوە بەردەست خوێنەردەخەین کە خۆیان لەسەر بناغەی سازدانی پرسیار ڕاهێناوە.
.
2. کۆمپانیای وشە و لایەنی ئیتمۆلۆژی دەربڕینەکە:
ڕاگەیاندن وەک ڕۆحی وتاری سیاسی

بۆ ئەوەی لەم سەرەتایەوە قسەکردنێ کەم لەسەر لایەنی ئیتمۆلۆژی (ڕیشەی وشەناسی) کۆمپانیای وشە بسازێنین  دەمانەوێ ئەوە بلێین، کۆمپانیا کە بە وشەی وشەوە لکاوە خۆی وەک گوزارەێ بازرگانی نیشان دەدا تا سیاسی. ئەمەش تەنیا لەبەر لکانی کۆمپانیا بە وشەی وشەوە. ئەلبەتە وەکیتریش کۆمپانیا بەخۆی گوزارە لە شوێنی پێکەوەکارکردنیش دەکا کە ئەمە مانای پێکەوەکارکردنی گرووپێک دەگەێنێ. لەڕووی یاسایشەوە ئەوانەی لەم حالەتانەدا پێکەوە لە کۆمپانیایەک کاردەکەن بە ڕێساێکەوە پابەنددەبن کە کارکردنی تاقمی ناو کۆمپانیاکە بەیەکەوە گرێدەدا. وەکیتریش هەلبژاردنی ناوی کۆمپانیا لەلایەن کۆمپانیای وشەوە خۆ دوورخستەوەیە لە هەندێ ناوی سیاسی باو کە ناو یان ئاوەلناوی وەکی دیموکراسی یاخود سۆسیالیستی بەخۆوەدەگرێ. لەهەمانکاتدا کۆمپانیای وشە ، واتە تێکڕای ناوەکە پێکەوە، سەرەتاێکە بۆ کۆکردنەوە و پێکەوەکارکردن بەلام بەجۆرێ ناڕاستەوخۆی سیاسی. وەلی لەبەرئەوەی کۆمپانیای وشە لەپێناوی ئامانجی سیاسی هاتۆتەدونیایەوە ناتوانێ سیاسەت نەکا. لەوانە گرنگتر دەشێ ئەوەش بووترێ ئەوەی کۆمپانیاکەی دامەزراندووە و ناویشی لێناوە بە کۆمپانیای وشە سەرەتا ئامانجی سیاسەتکردن بووە نەک شتێ تر، بەلام وەک شتێکی سەرەتای لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ئەم سیاسەتە پڕاکتیزەکراوە ئەمەش لەسەرێ ترەوە ئەو وێنە سیاسییە لە مەغزی ئێمە دەنەخشێنێ کە وشەی وشە کە دراوەتە پال کۆمپانیاوە بەلگەیە لەسەر مەیلێ زۆری ئەندازیاری سیاسی کۆمپانیای وشە بۆ کاری ڕاگەیاندن. بۆیشە بۆ ئەم کۆمپانیایە یان ئەو تاقمەی ئەم کۆمپانیایە سەرپەرشتی دەکا ڕاگەیاندن گرینگە. بەلام ئەم ڕاگەیاندنە لەئێستادا گرفتاویە وەک گشت سەرەتای ڕاگەیاندنە کوردیەکان. دەکرێ خوێنەری ئەم باسە بۆ تێگەیشتن لە مەبەستەکەمان بەخۆی بەراووردێ بکا لەنێوان شێوازی ئێستای ڕاگەیاندنی کۆمپانیای وشە و نەک هەر ئێستای ڕاگەیاندنی کوردی بە هەردوو بالەکەیەوە (حیزبی و ئەهلی) بکا بەلکو لەنێوان ئەوانە و سەرەتای ڕاگەیاندنی ئازادی کوردیشا ، کە ئەم سەرەتایە ڕیشەکەی بۆ ساتەوەختەکانی ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە. ئەمەو بۆئەوەی خوێنەر سەبارەت بە دۆزی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای وشە بەتایبەت و ڕاگەیاندنی ئێستای کوردی بەگشتی خاوەنی سێرکردنێ پڕ و قوولی خۆی بێ گرینگە تایبەت بە ڕاگەیاندنی کوردی ئەو وێنەیەشی لەبەرچاوبێ کە چۆن ڕاگەیاندن وەک کولتوورێ لە وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بە درێژای یەک سەدە بزوێنەری کردەی سیاسی بووە. بۆیە کۆمپانیای وشە نەک هەر ناکارێ لەناو ئەم جەنجالی ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆی کوردی پشت لە ڕاگەیاندن بکا بەلکو بەجۆرێکیش ستروکتورێرەی سیاسی خۆیدەکا کە لە ئێستا و لە دواتردا ڕاگەیاندن لە کردەی سیاسی ئەم کۆمپانیایە دا بەشێ سەرەکییە. کەواتە ئەو ڕیشەسازیەی لە ناونیشانی کۆمپانیای وشەدا ئامادەیە ئەو ووتنەی ئێمە پتر ڕووندەکاتەوە کە چەند ڕاگەیاندن لە ماهیەتی کردەی سیاسی کۆمپانیای ناوبراو دا بوونی هەیە.
باوەڕی ئەم کۆمپانیایە بە نووسین (تێکست) و دەبڕین و ووتن و لە کۆتایدا بە شوێنی وشە مانای بۆ لکانی وشەی وشە بە کۆمپانیاوە دیووە. واتە ئەو دۆستایەتیە ڕۆحیەی "سیاسەت" و "نووسین " لە هزری سیاسی ڕابەری سیاسی کۆمپانیاکەدا هەیەتی ڕۆلێ گەورەی لە پرۆسەی ئەو ناونانەدا دیووە. لە ناونانەکەدا ڕێزگرتنێ سیاسیانە بۆ وشە ، بۆئەوەی پێیدەلێن پەیڤ و کوزارە و دەربڕین هەیە. بەلام گشت ئەوانە لەژێرچەتری سیاسەت دا نەک لەدەرەوەی.
بەبێگومانەوە گەڕاندنەوەی ڕێز و هەیبەت بۆ نووسین ، یان، بۆ ووتن ئەلبەتە لەڕێگای وشەوە کارێ بێئەندازە گەورەیە. بەلام دیارە و شاراوەش نییە ئەوی ئەمە ، واتە وشە یان ووتن یاخودیش نووسین ، دەگەێنێ بۆ کۆمپانیای وشە ڕاگەیاندنە. بەلام ڕاگەیاندن لە ژیانی سیاسی و ڕوناکبیری تاکی کورد یەک پێناسە و یەک تێگەیشتنی نییە هیچ نەبێ لەپاش ڕاپەڕینەوە. ئەلبەتە ئێمە ئەوی لە لاپەڕەکانی لایسەرەوەی ئەم کتێبە تایبەت بە دیاردەی"" بەڕۆژنامەوانیبوونی ڕۆشنبیری: تێکستی گەندەل"" ووتوومانە لێرە دووبارەیناکەینەوە بەلام لە سنووری ئەم بەشە نووسینەی ئەم کتێبە قسە لەسەر ئەوەدەکەین کە پشتبەستنی کۆمپانیای وشە بە ڕاگەیاندن پێویستە ڕەوت و ئاقاری ڕاسیۆنالی و نا-گەندەلانە بگرێتەبەر ئەگەرنا هەمانشت ددووبارەدەکاتەوە کە لەلایەن ڕاگەیاندنی حیزبی و ئەهلیەوە لەئێستادا بەرهەمدێ.
زۆر بەکورتی ئەوەندە دەلێین کە ، ئەوی ئێمە لەم ماوە کورتەدا دەرکمانپێکردووە ئەوەیە کە تێکڕای ڕاگەیاندنی کۆمپانیای وشە ئەو وێنەیەی لای ئێمە دروستکردووە کە لە هزر بەرهەمهێناوە دوورە. ئەوی دووترێ و دەنووسرێ و پەخشدەکرێ بوارێکی بۆ هزرەڤانی نەکردۆتەوە و مامەلەش لەتەک ڕاگەیاندندا وەک ئامرازێ لە ئامرازەکانی ڕوناکبیری ناکا. ئێمە دەلێین وەک ئامرازێ لە ئامرازەکانی ڕوناکبیری نەک گشت ڕوناکبیری. چونکە ڕاگەیاندن هەموو ڕووناکبیری لەخۆیا بەرجەستەناکا و هەلەشە ئاوا تەماشای ڕاگەیاندن بکرێ.
ئەمەو لەهەردوو حالەتەکەشدا ڕاگەیاندنی ئێستای کۆمپانیای وشە باش بێ یان خراپ، پێشکەوتوو بێ یاخود پاشکەوتوو ناشێ ببێ بە ڕۆحی سیاسی ، چاترە بلێین ، ڕۆحی وتاری سیاسی کۆمپانیای وشە. چونکە لەسەردەمی نوێدا و ئەلبەتە پاش دیگیتالیزەبوون و بەگلوبالبوونی ڕاگەیاندن بابەتی ڕاستی، ووتنی ڕاستی و خستنەڕووی ڕاستی ، بووە بە کارێ نائاسان و لایەندار. بۆیە هیوا، هیواێزۆر، خستنەسەر ڕاگەیاندن لەیەکاتدا کارێ باش و خراپیشە. کارێ باشە گەر بکرێ ڕاگەیاندن بەشداری لە گۆڕینی ڕەفتار و بینینی خەلک بکا، کارێ خراپیشە گەر ڕاگەیاندن ئەوە کاوێژکاتەوە کە هەموو دەیلێن و دەیزانن. ئەمەیان کە هیچی بەرهەمدێنێ داهاتی نەتەوەش بەفیڕۆدەدا.
کەوابێ دێینەوە سەر یەکێ لەو تێزانەی ئەم نووسینە کاری لەسەر دەکا ئەوەش ئەمەیە: ڕاگەیاندنی چالاک و دادپەروەر تاکی چالاک و دادپەروەر دروستیدەکا. لە کوێ تاکی لەمجۆرە هەبێ ڕاگەیاندنی لەو جۆرەش هەیە. هەر لەبەرئەوە دەلێین گشت تاکەکانی ناو ڕاگەیاندنە ئەهلی و حیزبیەکان گەندەل و هیچگەرا نیین. بەلام ڕەهێلەی گەندەلی و هیچگەرای بەجۆرێ لە کۆمەلگەدا هەلیکردووە کەمکەس دەکارێ خۆی لەبەردەمیا ڕاگرێ. لەسەر بناغەی ئەم تێزە دەشێ بووترێ هەلەیە کۆمپانیای وشە پێیوابێ بەهۆی ڕاگەیاندنەوە دەکارێ تاکی ڕاسیۆنال (عەقلانی) و مۆدێرن(نوێ) و دادپەروەر لە کۆمەلگەی نوێی کوردیدا دروستکا.
لێرەوە دەچینە ناو لایەنێکیتری نووسینەکەمان و ئەو شتانەی لایسەرەوە بەر ڕاڤەکردن نەخران ئەلبەتە لە پەڕەگرافەکانی دواتر دێینەوەسەری و ڕۆشنای دەخەینە سەریان. 
            
3. کۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان: 
دروستکردنی" ڕووی سیاسی تازە"

هەر لەم سەرەتایەوە گرینگە ئەوە بووترێ کە، کۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان یەکن. لیستی گۆڕان بەرهەمی سیاسی گۆمپانیای وشەیە. کۆمپانیای وشە بۆئەوەی سیاسەتبکا پێویستی بەوەیە گرووپێ سیاسی نوێنەرایەتیبکا و بۆیە کۆمپانیای ناوبراو لەڕێگای لیستی گۆڕانەوە ئەمەدەکا. ناشێ ئەوەشمان بیرچێ کە هەلبژاردنەکانی ئەم دواییەی کوردستان (25 ی تەمووزی2009) لیستی گۆڕانی خستەگۆڕەپانی سیاسی کوردستانەوە و وەک قسەکەری سیاسی کۆمپانیای وشەش قووتکرایەوە. ئەمە کە هەلە نییە و بەرهەمی ئەو ئازادییە سیاسیەیە لە کوردستان هەیە و پێویستیێ سیاسی ئەم چرکە سیاسییە هەنووکەی کوردستانی ئەمڕۆشە پێویستە بۆ گشت ئەوانەی لەدەرەوەی کۆمپانیای وشە سیاسەتدەکەن ئەم ئامادەبوونەی کۆمپانیای وشە هەرسکەن بەلام ئەوەی سەیرە لە پێوەندی سیاسی نێوان کۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان دا ئەوەیە کە ڕابەرانی سیاسی پلەی یەک و دوو ، یان نەوەی سیاسی یەکەمی کۆمپانیای وشە، خۆیان لە قەرەی هیچ دەسەلاتێ سیاسی نادەن و دەسەلات بە زۆری دەخەنەبەردەست ئەو کەسانەی کە دەشێ ناونرێن "ڕووی سیاسی تازە ".
ئەلبەتە لە ڕووی سیاسییەوە دروستکردنی  "ڕووی سیاسی تازە " پێویستێکی نێوەندی سیاسی کوردیە بەلام کێشەکە لەمحالەتەدا تەنیا لەوەدا چڕنابێتەوە ڕووە سیاسیەکان لە نێوەندی سیاسی کوردی جێگیر و چەندبارەن بەلکو لەوەداچڕدەبێتەوە کە ئەم ڕووە سیاسییە تازانە چۆن لە ڕووی سیاسییەوە ڕەفتاردەکەن. چونکە ئەوەی زۆرجار وایکردووە ڕەفتاری سیاسی تاکی سیاسی کورد ئەو وێنەیەی لەسەر دروستکرێ کە پڕە لە پاڕادۆکس(ناکۆکیئامێزی) و نا-هەنووکەیی خودی ڕەفتارە سیاسیەکان بوونە نەک ڕووە سیاسییەکان. بۆیە گۆڕینی ڕووە سیاسیەکان مەرجە گۆڕینی ڕەفتارە سیاسیەکانیشی بەدوودا بێ. بێماناش نییە بلێین لەبەرئەوەی لە کۆمەلگەی گەندەلدا وشە سەرووی ڕەفتارە ئەمە ئەو هەلومەرجە دێنێتەپێشەوە کە ئەو گرووپ و حیزبە سیاسیانەی دەیانەوێ خۆیان لە کۆمەلگە نزدیککەنەوە مەرجە ڕەفتارکراوە و ڕەفتارڕوون بن. ئەمە کە بەقازانجی وتاری سیاسی نەتەوەش دەگەڕێتەوە شتێ ئونیڤێرسالیشە (گەردوناوییە). گەر هزری سیاسیش لە ئاستێ گەردووناویدا بەبۆچوونی هەندێکەس لە گرفتدایە یان شیاوی بەگەردوناویکردنی هزری سیاسی نەبۆتە بابەتی گفتتوگۆ تەنیا ئێمەی کورد لەم ڕوەوە تاوانکار نین و بگرە ئەمە کێشەێ هزری جیهانیە و گفتووگۆی فەلسەفی ،یان بلێین فەلسەفی سیاسی، گەرمیشی لەسەرە(62). وەلی بەگەردوناویبوونی هزری سیاسی ، ئەمە ئەرکی فەلسەفەیە کاری بۆبکا، بەپێیئەوەی هزری فەلسەفیش ، فەلسەفەێ پووختی ئەکادیمی، لەناو ئێمە لەپلەی سفردایە ئەمە وایکردوە وتاری سیاسیمان، چاترە بلێین سێستەمی تێهزرینی سیاسیمان، لەڕادەبەدر لاواز بێ. بۆیە گۆڕینی ڕوەوە سیاسیەکان هەنگاوی پچکۆلەن بەلام کارکردنی تاک، یان تاکی سیاسی ، لەسەر بەتاکبوونی خۆی لە هەنگاوە پڕ و گەورەکانن.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین کە، گۆڕینی ڕەفتارە سیاسیەکان داوای گۆڕینی کردەی سیاسی تاکی سیاسی کوردیش دەکا. ئەم کردەیە کە بە خودی ئەو وتارە سیاسیەوە گرێدراوە کە ئەو تاکە کاری لەسەر دەکا پێویستی بە گۆڕانە. واتە گۆڕینی سێستەمی بیرکردنەوەی سیاسی کوردی. چەندیش کۆمپانیای وشە لە بەئاکامگەیاندنی ئەم ڕەفتارە سەرکەوتوو دەبێ ئەمە جارێ زووە دادوەری بەسەرەوەکرێ. بەلام کۆمپانیای وشە ئەگەربێتو لەسەر سیاسەتکردن بەردەوام بێ بە بێگومانەوە دەلێین کە جیاوازیێ گەورە لەنێوان نەوەی سیاسی ئێستای ئەم کۆمپانیایە و نەوەی داهاتووی دا دەبێ. ئەلبەتە ئەم جیاوازیەش بەزۆری ئەودەمە دەردەکەوێ کە کۆمپانیای وشە کارێ زۆر دەکا لەسەر گۆڕینی سێستەمی بیرکردنەوەی سیاسی و لەسەر ئەوەی پێیدەلێن شتە سیاسییەکان.

4. مشەخۆری لەسەر چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەلی سیاسەتێ نا-ڕیال (نافیعلی) دروستدەکا:
کارکردن لەسەر "سیاسەتی کراوە" و "سیاسەتی ڕوون" پێویستە

بۆ ئێمە وا بیردەکەینەوە؟ واتە بۆ بەو باوەڕە گەیشتووین کە لەڕووی سیاسییەوە مشەخۆری لەسەر چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەلی سیاسەتێ نا-ڕیال (نافیعلی) دروستدەکا؟؟ زۆر بەکورتی هۆی ئەوەی ئێمە بەو بینینە سیاسیە گەیشتووین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە باوەڕمان بەوەیە بوونی گەندەلی لە کۆمەلگەی هاوچەرخی کوردی شتێکی گومانلێنەکراوە و دیاردەێ ترسناکە و گشت بوارەکانی ژیانی تاکیشی گرتۆتەوە و گەرای لەناو گشت پێوەندیە سیاسی، ئابووری ، ئەکادیمی و کۆمەلایەتی- کولتووریەکانیش داناوە بەلام مەسەلەی چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەلی گرێدانەوەی تری هەیە و دەشێ ویستیتر لەپشتیەوە بێ نەک ئەوەی گشت وتاری سیاسی حیزبێ یان گرووپێ سیاسی بە چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەلییەوە وابەستەکرێ. لەسەرێکیتریشەوە خوێنەر بەئاگایە کە مەرامی سەرەکی ئێمە لە نووسینی پڕۆژەی ئەم کتێبە بەشداریکردنمانە لە دامەزراندنی مانیفێستێ دژبە گەندەلی. کەوابێ لە ئاگای کۆمەلایەتی و فەلسەفی ئێمەدا گەندەلی بابەتێ زیندووە بۆ باسکردن و ،هەربۆیە گرینگە باسکردن لە گەندەلی لەناو زۆرینەی تاکەکانی کۆمەلگەدا تێگەیشتن بپێکێ بەتایبەت لەبەرئەوەی هەوادارانی گەندەلی لە نێوەندە جیاجیاکانا (زانکۆ، وەزارەت، حیزب، کارگە و تادەگاتە بواری هاوڕێیەتی، دلداری، میوانداری و ....هتد) هەلومەرجێ ئەوتۆیان هێناوەتەگۆڕێ کە گوایە گەندەلی شتێ مەترسیدار نییە و شتی لەوە مەترسیدارتر هەیە، ئەمەو لەبەرئەوەی گەندەلی لە گەلێ لە بوارە هەستیارەکانا( پەروەردە، سیاسەت، خێزان و ..هتد )  بەشێوەێ شەفاف کاری خۆیدەکا خەریکە ڕووی ئینسانی بە گەندەلی دەدرێ. بەکورتی گەندەلی خەریکە لە کۆمەلگەی کوردی تازە پۆلدەکرێ. پۆلدەکرێ بۆ "گەندەلی باش" و "گەندەلی خراپ"، "گەندەلی جوان" و "گەندەلی ناشرین". بەلام ئێمە بەپێچەوانەی ئەو پۆلکردنە و گشت تەوژمەکانی تریش دەلێین ، دیاردەی گەندەلی هەر گەندەلییە و گشت گەندەلێکیش یان گەندەلیێک لە سنوور و چوارچێوەی خۆیدا نا-مرۆی و بەدە و پێویستە کودەتای ڕەووشتی بکرێتەسەری و لەڕێگای ئەم کودەتایەشەوە پاکدامێنی ڕەووشتی بێتەگەر. بەلام ئێمە ئەوە بەهەلە دەزانین گرووپێ یان حیزبێ دیاریکراو گشت وتاری سیاسی و هزری خۆی بە لەناوبردنی گەندەلیەوە ببەستێتەوە.
ئەلبەتە بۆ زۆرینەمان ئاشکرایە کە لە سیاسەتدا جیاوازی لەنێوان ئەوی هەیە و ئەوی دێیە هەیە بەلام گشت ئەوی دێ تازە و جیاواز و تایبەت نییە. هەربۆیە وڕێنەسازی و هیچگەراییە گەر تاکەکانی کۆمەلگەی کوردی پێیانوابێ قسەکردن لەسەر ڕیشەکێشکردنی دیاردەی گەندەلی لە کۆمەلگە بەئاسانی بوونیادی لۆژیکی سیاسەتکردنی کوردی دەگۆڕێ. بەلێ، لەناوبردنی ڕەووشتی گەندەلی و گۆڕینی بە ڕەووشتێ دادپەروەرانە شتێ بەرز و مرۆییە بەلام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی وتارێ سیاسی سەرلەبەر خۆی بە مان و نەمانی دیاردەێکەوە گرێدا. کەواتە لێرەوە دێینەوە سەر ناوەڕۆکی باسەکەمان و قسە لەوەدەکەین کە سیاسەتی ڕیال بۆ ئێمە سەرچاوە لە "سیاسەتی کراوە" و "سیاسەتی ڕوون" ە وە هەلدەگرێ. گەر گەندەلیش ئاماژەێ بێ لەسەر سیاسەتی گەندەل پێچەوانەکەی "سیاسەتی خاوێن" ە و ، ئەوەش "سیاسەتی کراوە" و "سیاسەتی ڕوون" بەرهەمدێنێ. ئاشکرایشە سیاسەتی ڕیال سەربەخۆیە و بەچڕبوونەوەی لە "سیاسەتی خاوێن" و "سیاسەتی ڕوون" بەزۆرترین ئاکامەوە دێتەدەرێ و بناغە بۆ سیاسەتێ پەرەپێداو و ناگومڕا دادەنێ. ئەم جۆرە سیاسەتە کە کراوە و ڕاستەوخۆیە سەکۆی بنەڕەتی سیاسەتی ڕیالە. بەلام گشت سیاسەتی ڕیال لەسەر قەلاچۆکردنی گەندەلی نەوەستاوە.
بەلام بائەوەش بلێین کە کۆمپانیای وشە تەنێ بە پڕاکتیزەکردنی سیاسەتێ ڕیال دەکارێ جیاوازی خۆی بسەلمێنێ. ئەم جیاوازیە بەهۆی خستنەڕووی سیاسەتێ ئابووری تازە، جیا لەوەی هەیە، دەکارێ لە پێشبڕکێی سیاسیدا شوێنێ سیاسی بۆخۆی دابینکا. سیاسەتی ئابووری کە زۆرینەی لایەنەکانی ژیانی تاک لە کۆمەلگە دەگرێتەوە بابەتێ وروژێنەرە بۆ ئەوانەی بیانەوێ دەنگی سیاسی خۆیان بخەنە پال کۆمپانیای وشەوە. ئەلبەتە پڕاکتیزەکردنی سیاسەتێ ڕیال کە لەژێرسایەی سیاسەتی ئابووری ڕوون ئەنجامدەدرێ مەرجە لە شوێنێ وەک کوردستانی ئەمڕۆ هەلومەرجی ئابووری کوردستان یان باشترە بووترێ سەرچاوەکانی داهاتی نەتەوە لەبەرچاوبگرێ و خۆی لە وڕێنەی سیاسی بەدووربگرێ. وڕێنە سیاسیەکان کە مەبەستمان لێی بەهەلەلێکدانەوەی توانای ئابووری کوردستانە لەم چرکە ساتە سیاسی و ئابووریەی کوردستان باسێ هێجگار هەستیاری سیاسییە. چونکە ئەوانەی کە سیاسەتدەکەن دەبێ بزانن داهاتی نەتەوەی کورد داهاتێ بەرز نییە و سەرچاوەکانی ئابووری کوردستان فڕە ئاڕاستە و پەرەپێدراو نییە. ئەم ئابووریە کە وابەستە و لەپاشە لەئێستادا ناتوانێ کۆمەلگەی کوردی بکا بە کۆمەلگەی ڕەفا(دەولەمەندی). بۆیە پاشکۆیەتی و دواکەوتویەتی ئابووری کوردستان مەرجە جێی سەرنجی ئەوانەبێ کە پێیانوایە چارەسەرکردنی گەندەلی پێویستیێ سیاسی و ئابووریە. بەلام ئەوە، واتە قەلاچۆکردنی گەندەلی، کوردستان ناکا بە بەهەشتێ ئابووری. هەروەها ڕاستە  قەلاچۆکردنی گەندەلی ئەرکێ نەک تەنیا نەتەوەییە بەلکو پێشهەمووشتێ مرۆی و ڕەووشتیشە و، ئەمەو دروستکردنی سیاسەت و ئیستراتیژێ پەروەردەی پێویست تایبەت بە گەندەلی لەناو خەلک ، کە گەندەلی ئافاتە و درمی سەیرسەیر لە ئایندەدا دەخاتەوە، کارێ هێجگار بەرزە بەلام ئەم سیاسەتە ناکارێ بە پێیخۆی ڕێکا گەر تاکی کۆمەلگەی کوردی هاوچەرخ بەشداری تەواوی لە پرۆسەی ئەم قەلاچۆکردنە نەبێ.
ئێمە لە گەلێ شوێنی ئەم کتێبە ووتنمان لەسەرئەوە هێنایە پێشەوە کە گەندەلی تەنیا سیاسی نییە بەلام بەگەندەلیبوونی سیاسەت (کردەی سیاسی، هزری سیاسی) بەلای گەورە گەورەی ڕوناکبیری، ئابووری، کۆمەلایەتی جیاجیای بۆ خستووینەتەوە. واتە دەربازبوون لە گەندەلی دەربازبوونە لە گەلێ لە دیاردە و ئاقارە بەدە کۆمەلایەتی، ئەکادیمی و ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی گەندەلی کە ڕەووشتی پاکدامێنییان لە کۆمەلگە تەپاندووە بەلام بە نەمانی گەندەلی گورج تاکەکانی کۆمەلگە لەماوەی چەند ڕۆژ و سالێکا نابن بە تاکهاێکی ڕاسیۆنال (عەقلانی) و دادپەروەر و ئازادبپارێز. ئەوەی پێیوایە بە نەمانی گەندەلی کۆمەلگەی کوردی دەبێ بە کۆمەلگەی ڕێنێنسانس هەلەی کردوە و بەباشی لە ئافاتی فڕە ئاڕاستەی گەندەلی ئەمڕۆی کوردستان نەگەیووە. بەلێ سیاسەتی گەندەل ڕۆلێ زۆری لە داتەپاندنی ئابووری نەتەوە (داهاتی نەتەوە) و تێکدانی شیرازەی نێوان تاکەکانی کۆمەلگە و زانست و هەروەها بوارە ڕوناکبیریەکان (پەروەردە، ڕاگەیاندن ، خێزان و...هتد) دیووە ، بەلام نابێ ئەوەشمان بیرچێ کە بەشێ زۆر لە تاکەکانی کۆمەلگەی هاوچەرخی کوردی تەمەل و بێباک و بێ ئامانجن. کەواتە کۆمپانیای وشە ناتوانێ بە قەلاچۆکردنی گەندەلی بەلێنی ئەوەمان پێبدا کۆمەلگەی کوردی دەکا بە کۆمەلگەێ ڕاسیۆنال و بەهەشتی سیاسی و پەروەردە.
ئەلبەتە هیچ بیرمەند و کۆمەلناس و تیۆریزەکەرێ سیاسی بەو دیتنە نەگەیشتووە کە کۆمەلگەێ هەبێ لەسەر ڕووی زەوی بە کۆمەلگەی بەهەشتی سیاسی لەقەلەمدرێ بەلام قسەێ زۆر هەیە لەسەر "کۆمەلگەی باش" و "کۆمەلگەی خراپ" ، "کۆمەلگەی دادپەروەر" و "کۆمەلگەی نا-دادپەروەر"، "کۆمەلگەی دیموکراسی" و "کۆمەلگەی نا-دیموکراسی" (کۆمەلگەی تۆتالیتاری)، "کۆمەلگەی کراوە" و  "کۆمەلگەی داخراو "،  "کۆمەلگەی بەد" و "کۆمەلگەی شەڕ". بۆیە پێویستە تاک و گرووپ و حیزبە سیاسیەکان لەوەتێبگەن ئەودەمەی کار بۆ قەلاچۆکردنی گەندەلی دەکەن بەمە کۆمەلگەی کوردی بەرەو کۆمەلگەێ دەبەن کە دەخوازێ ببێ بە کۆمەلگەێ باش، یەکسان نەک شتێ تر. نەک ئەوەی گەر گەندەلی نەمێنێ تاکی کورد دەبێ بە تاکێ گلوبال و کۆمەلگەکەشی دەبێ بە کۆمەلگەێ ئونیڤێرسالی (گەردووناوی) بێوێنە.
کەواتە زێدەگرینگە بۆ پشتگیرکردن لەسەر ئەوی لایسەرەوە ووترا پێگیری لەسەر ئەو تێگەیشتنە بکەین کە، کۆمپانیای وشە هەر لەم سەرەتایەوە خەلک (تاکەکانی کۆمەلگە)لەسەر ڕاستگۆی سیاسی نەک وڕێنەی سیاسی و ناسیۆنالی بێ بناغە و هیچگەرا پەروەردەکا. سیاسەتی وڕێناوی و هیچگەرائامێز لەدێرزەمانەوە لەناومانا تاقیکراوەتەوە لە هیچی زیاتری بەرهەمنەهێناوە. بەکورتی ، کۆمپانیای وشە پێویستە خۆی لەوەدوورخاتەوە ببێ بە وڕێنەی سیاسی و ، بۆئەوەی ئەمەش نەکا مەرجە پێوەندی لەتەک ئەوەی لە سیاسەت دا پێیدەووترێ سیاسەتی ڕیال(فیعلی) بەهێزکا. بەدلنیایەوە هاتنەدونیای ئەم جۆرە سیاسەتە لە گەرووی سیاسی گەندەلیەوە کارێ ئاسان نییە بەلام شیاوی بۆ کارکردنێ سێستەماتیکانە لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتە لەناو خەلکدا لە ئارادایە. واتە ویستێ جەماوەری بۆ دەربازبوون لە دەست زەبری گەندەلی لەئارادایە. بەبێگومانیشەوە دەلێین کە ئەم ویستە لەگەلێ ڕوەوە کارئاسانی بۆ ئەم نوخبە سیاسیە نوێیە دەکا. ئەمەش وەکیتر هیوایێ سیاسییە. بەلام ئەم هیوا سیاسیە ئەستەمە بێتە دی گەر کۆمپانیای وشە لە گەندەلیست و سوفستاییەکان خۆی پاکنەکاتەوە. هپزیباش و ئەنتیبەد کە لە کۆمەلگە زۆرن دەکرێ بەکارببرێن. ئەلبەتە بەکاربردنەکەش دەبێ هەمیشە جۆرە سیاسەتکردنێ نەرمی دادپەروەرانەی ئاشتیپارێز لەپشتیەوە بێ. واتە پاراستنی ئاسایشی کوردستان هەمیشە گرنگە لەبەرچاوبگیرێ.
بۆ داخستنی ئەم پەڕەگرافەی نووسینەکەمان ئەو ئاکامە پاڕادۆکسالە لایخوارەوە بیردەخەینەوە کە گەلێ نووسینی تریش تایبەت بە کۆمپانیای وشە شیاوە پێیبکا:
کۆمپانیای وشە هەمان دەبوو گەر گەندەلی نەبایە. بەلام ئەم هێپۆتێزە (گریمانە) لاوازخۆینیشاندەدا گەر ئەوە شینەکرێتەوە بۆ بەختی سیاسی کۆمپانیای وشە لەگەل دیاردەی گەندەلیدا یەکیگرتەوە؟ ئەمە بەو مانایە ناێت گەندەلی بلێتی سیاسی کۆمپانیای وشەیە بۆ چوونە بەهەشتی سیاسییەوە.نەخێر وانیە. ئەمەش لەلاێ لەبەرئەوەی جارێ ڕووننەبۆتەوە چۆنچۆنی کۆمپانیای وشە بەرەنگاری گەندەلی دەبێتەوە و ، لەلاێدی لەبەرئەوەی ئایا چارەنوسی سیاسی ئەم کۆمپانیایە بەبێ گەندەلی چی دەبێ؟ لێرە ئێمە مەبەستمان هەرئەوە نییە کۆمپانیای وشە لەسەر بوونی گەندەلی مشەخۆرە بەلکو ئەوەشە کە کۆمپانیای وشە بەرنامەی سیاسی خۆی چڕ و پووختنەکردۆتەوە بۆ چەند دێڕێ سیاسی کە ئەو دیتنە لای زۆرینە دروستکا کۆمپانیای وشە دەیەوێ چی بکا. واتە ئەوە چییە کە کۆمپانیای وشە دەیکا پێشتر نەکراوە؟
5. چۆن تازە دەبێ بە هزر؟ :
چی گۆڕان لە ڕووی سیاسییەوە لەوانی دی جیادەکاتەوە؟

بۆئەوەی لەدەرەوەی بازنەی گومانی بێ بناغەوە سێرکردن و تێگەیشتنەکانمان بۆ ڕووداو و دیاردەکانی ناو کۆمەلگەی نوێ کوردی هەبێ بەباشی دەزانین لەو بینین و حالیبوونەوە وەسەرەتای قسەکردن بێین کە پێمانڕادەگەێنێ گشت تازەێ هزر نییە، واتە هەموو ئەوەی پێیدەلێن نوێ هزردار نییە. هەموو تازەێ ڕوداوێ لەپشتیەوە نییە و هزرئامێزیش نییە. لەڕووی فەلسەفییەوە ئەم مەسەلەیە گفتووگۆێ زۆری لەسەرە. بەشێ لەم گفتووگۆیانە لە سەد سالی ڕابردوو لەگەل بریگسۆنیزمەوە دەستیپێکرد ، بەتایبەت پاش گفتووگۆکانی باشلار لەسەر بریگسۆن و دواتر دۆلۆز و بریگسۆن و ، لەم دوایەش بادیو و دۆلۆز ، ئەلبەتە دیسانەوە لەڕێگای بریگسۆنیزمەوە. ئەوی لەو گفتووگۆیانەدا هەلمانهێنجاندووە ئەوەیە کە تازە دەبێ بکارێ ڕووداوئامێز بێ، واتە شتێ بۆئەوەی وەک تازە ببینرێ پێویستە ڕووداوئامێزبێ و لە لەتەک ئەوی پێشخۆیشیدا لە بڕین (دابڕان)دا بێ (63). تازە کە لەسەر کردەی خۆخولقانی خۆی بەردەوامدەبێ ئەمە وادەکا لەوی پێشوو (ڕابردوو) جیاواز بێ. ئەم جیاوازیە پێوەندی بە بوونی تازەێتی ئەوشتەوەیە ، بۆنموونە ڕووداو، واتە بوونی شتەکە، بوونی وەک شتێ تازەئامێزی نادووبارە کارێئەوتۆدەکا ئەم شتە لەویتر، لەوی تازە نییە، جیاکاتەوە. واتە خودی بوونی ئەو شتەی تازەیە لە خودی بوونی ئەو شتە جیادەکاتەوە کە تازە نییە و کە وەک شتێ پێشووتر سێردەکرێ. بۆنموونە گەر بوونی شۆرشی بەلشەفی ڕووداوێ سیاسی تازە بێ ئەو ڕووداوە سیاسییەی پاش ئەو دێ پێویستە بڕین لەتەک شۆڕشی بەلشەفیدا بکا. ئەگەرنا ئەوەی ڕوویداوە جووینەوەی ئەوەیە کە هەبووە. هەر تایبەت بە ئەدەبیش ئەوی لە ئەدەبی درامای ئیتالیدا داریۆ فوو پێیگەیشت جیانەبێ لەوی لویژی پیراندێلۆ نە تازەیە و نەش بڕین. بەلام لەکاتی بڕینەکەدا گرینگە پرۆسەی خولقان بەردەوام بێ. لەبەرسایەی ئەو چەند دێڕەی لایسەرەوە ویستمان ئەم  پرسیار بەرزکەینەوە: چی گۆڕان لە ڕووی سیاسییەوە لەوانی دی جیادەکاتەوە؟ لەڕێگای ئەم خالانەی لایخوارەوە شیکردنەوە لەسەر ئەم پرسیارە دەدەین :

1. ئەو شتەی گۆڕان لەوانی دی جیادەکاتەوە دەبێ جیاکارەئامێز بێ. شت لەخۆڕا جیاکارەئامێز نابێ.
2. باشە جیاکارەئامێزی لە شتدا چییە و چۆن دروست دەبێ؟ ئەوە جیاکارەئامێزە ئەوی هەیە لەویتر نەکا.ئەو شتەی لەئاکامدا دروستدەبێ بەخۆبوونێکی تیابەدیکرێ. واتە شتەکە کە جیایە لەخودی خۆیدا ئەو جیاییەی پەنهانکردووە.
3. چۆن دەشێ شتێ لەویتر نەکا؟ ئەلبەتە بەهۆی دووبارەنەبوونیەوە.
4. دووبارەنەبوون واتە تازەیەتی کە ئەمەش ڕووداوی بێوێنە دروستیدەکا.
5. کەوابێ ئەو شتە بۆئەوەی هەبێ، بۆ ئەوەی جیاکارە بی، بۆ ئەوەی دووبارە نەبووبێ، دەبێ ڕووداوێ بەرهەمیهێنابێت.
6. بۆئەوەی ڕووداو بزاێ و ئەمجار بەردەوام بێ دەبێ دۆز هەبێ.
7. تا دۆز بتوانێ ڕووداو بەخێوکا پێویستمان بە خودە.
8. خودی سیاسی ، ئەو خودیە لێرە پێویستە.
9. خودێ ڕووداو دروستکەر بێ، ئەلبەتە ڕووداوی مەزن، دروستکەری ئەو تازەێتیەشە کە بەڕێوەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە تەنیا ئەو دەمە دەکرێ باس لەوەکرێ کە تازە، ئەو تازەیەی هاتووە،  هزرە.
ئێمە بۆ بەدەستەوەدانی تێگەیشتن لەو چەند دێڕەی لایسەرەوە داوادەکەین خوێنەر، خوێنەری ناگەندەل مەبەستە لێرە، بکارێ لەوەبگا ویستمان چی بیپێکین. بەلام تەواوکراوەی ئەم بەشە لە ئامێزی ئەو بەشەدا دەبێ کە تایبەت بە ڕوونکردنەوەی واتای "جیاوازی" و واتای "دووبارە" نووسراوە. 

6. کۆمپانیای وشە لەنێوان جیاوازی و دووبارەیی دا:
یان بەختی سیاسی کۆمپانیای وشە لەنێوان "جیاواز" و "هەمان" دا

ئەو پرسیارە هەرە جەوهەریەی لەم بەشە ڕووبەڕووی کۆمپانیای وشە دەبێتەوە ئەمەیە: ئایا کۆمپانیای وشە جیاوازە لەوی هەیە یان هەمانە؟ بەواتاێ تر و لە فۆڕمێتری هزریدا دەمانەوێ بپرسین: ئایا کۆمپانیای وشە جیاوازە یان دووبارەوە بووە؟ زۆر پێویستە نەک تاکی کورد بەلکو پێشهەمووکەسێ بەخۆی کۆمپانیای وشە لەخۆیبپرسێ ئایا ئەم (واتە کۆمپانیای وشە )جیاوازە؟ گەر وەلامەکە بەلێیە باشە لە چیدا کۆمپانیای وشە جیاوازە؟؟ و چۆن جیاوازێکە؟؟ ئایا ئاسانە بەجیاوازبوون؟ باشە گەلێ لەوانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خۆیان بەجیاواز زانیوە دووبارەوەبوو نەبوونە؟ ئایا دووبارەیی، بوون بە دووبارە، تاوانە؟ ئێمە لایخوارەوە ئەم پرسیارانە ، ئەلبەتە، لە چوارچێوەی نووسینەکە گفتووگۆدەکەین.
بۆئەوەی ئێمە پرسیارە سەرەکیەکەمان و دواتر پرسیارە ناسەرەکیەکانمان ڕوونکەینەوە بەپێویستی دەزانین سەرەتا لایخوارەوە سێرکردنێ کورت لەسەر هەردوو واتای "جیاوازی" و "دووبارە" هەروەها واتای "هەمان" یش بخەینەبەردەست و پاشان دێینە سەر ووتنی ئەوی لەوبارەوە پێویستە تایبەت بە کۆمپانیای وشە بووترێ.
بۆئەوەی ڕوونکردنەوەێ فەلسەفی کورت و چڕ سەبارەت بەهەردوو واتای جیاوازی و دووبارە بخەینەڕوو دەگەڕێینەوە لای فەیلەسوفی فەڕەنسی ژیل دولۆز کە وەک فەیلەسوفی جیاوازی ناسراوە. دولۆز لە لێکدانەوەکانیدا تایبەت بە واتای جیاوازی و دووبارە گەشە بە واتای جیاوازی لە خودی خۆیدا و واتای دووبارەش بۆ خودی خۆی دەدا. چونکە بەپێی تەماشاکردنی فەلسەفی دولۆز جیاوازی فیعلی جیاوازی نێوان ماهیەتەکانە. بەلام بۆ دولۆز جیاوازی پەرچەکرداری خۆی لەخۆیدا دەکاتەوە، واتە جیاوازی خۆی خۆی دووبارەدەکاتەوە یان خۆی خۆی سەرلەنوێ بەرهەمدێنێتەوە(64 ) . بەمجۆرە ، جیاوازی بۆ دولۆز جیاوازیێ نەناسراوە، جیاوازی نەناسراو لەخودی خۆیدا پۆزەتیڤە (65). بەلام دولۆز هەمان شت تایبەت بە واتای دووبارە نالێ. چونکە بەپێی سێرکردنی فەلسەفی دولۆز دووبارە دەبێ نادووبارەکراو بێ. دووبارەش نادووبارەکراو دەبێ کە دووبارە دووبارەکراوەێ جیاواز بێ. ئەمەش وادەکا ئەوی پێکدێ جیاواز بێ. ڕاستە ئەو شتەی پێکدێ لەبنەڕەتدا جیاوازێ دووبارەیە بەلام دولۆز ووتەنی دروستکردنی شتێ نوێ لە دوبارەوەبوو(66) شیاوە.
گومانی ناوێ، قوولبوونەوە لە جیاوازی دورکەوتنەوەیە لە هاوشێوەیەتی ئەمە کە گفتووگۆێ فەلسەفی کۆن دێنێتە پێشەوە پێوەندیێ زۆری بە واتای "ناسنامە"وە (یان هەمانەوە) هەیە کە پاش هیگل زۆرترین باسی لێکراوە. بەلام باسەکانی دولۆز لەبارەی جیاوازیەوە کە هەولدانێکە بۆ کۆتایهێنان بە تیۆری نوێنەرایەتی بۆ گەشەدانە بە جیاوازی لە خودیخۆیدا. ئەمە کە شتێ تازە بەرهەمدێنێ هێزەکەی لە دووبارەوەنەکردنی هەماندایە. واتە جیاواز جیاوازە لە خودی خۆیدا چونکە لەوەوبەر کاوێژناکاتەوە. بەلام هەرچی هەمانە ئەوە لەڕووی لۆژیکیەوە پێوەندیە لەنێوان خۆی و شتێ وەک خۆی. ئەمەش لەبەرئەوەی هەمان ، یان ناسنامە، شتێ سێمێتریکیە (موتەناسیق) دابڕاوە لە جیاواز.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەو چەند تێگەیشتنەی لایسەرەوە دەلێین ، کۆمپانیای وشە مافی جیاوازیبوونی هەیە گەر بکارێ ئەم جیاوازیە بەرهەمبهێنێ. جیاوازی کە پێویستە پەروەردەکرێ شوێنێکیشە بۆ دروستکردنی ڕاستی، ئەلبەتە ڕاستی سیاسی. ڕاستی سیاسی لە فۆڕمی جیاواز، کە خۆی ناجێگیر و ناڕەها نیشاندەدا ، لە وڕێنەی سیاسی جیاوازە. بۆئەوەی ڕاستی سیاسیش جیاوازی بەرهەمبهێنێ دەبێ زەمینە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جیاوازیە لەئارادابێ. ئەم زەمینەیە کە دەشێ بە دۆزیش ناوبنرێ دروستکەری جیاوازیە. جیاوازی هەروەک ڕاستی پێویستە لێیگەڕێین دەرکەوێ و شوێنێ لەناو بوونا (ژیانا) بۆخۆی دابینکا. لێرەوە دێینەسەر ئەو خالەی بلێین کە کۆمپانیای وشە بەوە جیاواز نابێ کە کار لەسەر هەمان وتاری سیاسی بکا کە پتر لە سەد سالە کاری لەسەردەکرێ. بەلکو بەوە جیاواز دەبێ کە ڕابردووی سیاسی کورد دووبارەنەکاتەوە و کاوێژی ئەو سێستەمە سیاسیەش نەکا کە هەمان بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی بەرهەمهێناوە. چونکە کارکردن بۆ "جیاوازی" بەرهەمهێنان و کارکردن لەسەر "هەمان" دوو لۆژیکی جیا بەرهەمدێنێ کە لەکۆتایدا دژبەیەک دەوەستنەوە. ژیانیش لەنێوان ئەو دوو لۆژیکە بێمانای سیاسی بۆ کورد و بۆ کۆمپانیای وشەش بەرهەمدێنێ.
بەلام ئەو دەمەی ناسنامەی سیاسی کۆمپانیای وشە لەتەک ویستی سیاسی تاکی کوردا یەکدەگرێتەوە جیاوازی ، یان شتێ تر، بەرهەمدێ کە هەمان شت نیە، هەمان ئەو شتە نیە کە هەمیشە وتاری سیاسی کورد کاری لەسەر کردووە. کەواتە لۆژیکی سیاسی کۆمپانیای وشە گرینگە لەتەک ویستی سیاسی تاکی کورد دا یەکبگرێتەوە. ئەمانە کە پێکەوە جیاوازی سیاسی دروستدەکەن ناسنامەێ تر بۆ ئەم تاکە پێکدێنن.
مەرجیشە تایبەت بەو لایەنەی لایسەرەوە باسمانکرد ئەوەش بلێین کە ناسنامەی سیاسی کۆمپانیای وشە جیاواز نابێ گەر خۆی لەسەر فڕەگەڕی و جۆراوجۆری ئیشکردنی سیاسی ڕانەهێنێ. وتاری سیاسی کوردی کە ئێستا لەخۆکاوێژکردنەوەدایە پێویستی بە بڕینە لەتەک لەمەوبەری خۆی و دروستکردنی وێنەش لەسەر ئێستای لەدەرەوەی بازنەی خۆجوینەوەی سیاسی. ئەمە کە ئەرکێ مەزن و ئالۆزیشە لەیەک کاتدا بۆ کۆمپانیای وشە ماوەتەوە کاریتیاکا.
چونکە ئەو ڕاستیە سیاسیانەی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بە درێژای سەد سالی ڕابردوو بەرهەمیهێناوە لەئێستادا وەکخۆیان پێشوازیانلێناکرێ و زۆر بێبەر و ناڕێژەیش خۆیان نیشاندەدەن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بلێین ڕاستیە سیاسیەکانمان پێویستە سەرلەنوێ بخوێنرێنەوە لەوەش جیاکرێنەوە کە هەلە و وڕێنە بووە. چونکە ڕاستیە سیاسیەکانی ئێستامان ڕاستیە سیاسیەکانی دواترمان نین و ئەوی دواتریشمان لەوی پێشوومان جیایە. بەشێ لە ڕاستیە سیاسیەکانمان کە هاوشێوە و چووستن هیچ جیاوازێکی سیاسیان لە ژیانی سیاسیمانا دروستنەکردووە. بۆیە سێستەمی سیاسیمان پڕە لە دووبارەیی و ئەوەش لێکچوونێ زۆری سیاسی لە هزری سیاسیمانا دروستکردووە. ئەم بینینە بەرەو ئەوەشمان دەبا بلێین خالێتری جیاکارە بۆ کۆمپانیای وشە ئەوەیە کە گرینگە ئەم کۆمپانیایە لە ئێستادا فوکوس (تەرکیز) لەسەر ئەوەبکا کە سیاسییە(67). واتە بۆ کۆمپانیای وشە پێویست و بەپیتە بەو شتە بایەخبدا سیاسییە و ئەوەش (سیاسی) لەوە جیاکاتەوە کە نا-سیاسیە. ئەمە کە پێویستێکی کارکردنی ئەم چرکە سیاسیەی کوردستانە بەقازانجی ئەو هێزە سیاسیانە دەگەڕێتەوە کار لەسەر ئەم لایەنە دەکەن و ، ئەلبەتە ئەم شێوە کارکردنە مەیل بۆ جیاوازی بەرهەمهێنانیش دروست دەکا. جا ئەوە کۆمپانیای وشە بێ یاخود هەر هێزێ سیاسی تری کوردی.
ئەلبەتە گەڕانەوەی سیاسیش کە دروستکەری چرکەی ڕاستی سیاسییە لە ژیانی لەمەودوای سیاسیمان لایەنێ هەرە پێویستە. بۆئەو مەبەستەش لایخوارەوە دێینە سەر شیکردنەوەێ کورت و چڕی ئەم لایەنە.   
 
7. دروستکردنی ڕاستی سیاسی پرۆسەێ ئالۆزە

شیکردنەوەی ڕاستی سیاسی بۆلەمەولا پێویستە ڕووبەرێ بەرین لە نووسینە سیاسیەکانمانا داگیرکا. شیکردنەوەی ڕاستی سیاسی کە داوای شیکردنەوەی سیاسەتی ڕاستەقینەش دەکا گرینگە لەلاێ بە فەلسەفەی سیاسییەوە گرێدراو بێ و لەلاێتر بە شیکردنەوەی دەروونییەوە. شیکردنەوەی دەروونی کە وەک بوارێ لە پسپۆڕی لە وتاری ڕوناکبیریمانا بێ جێگایە بۆلەمەولا مەرجە زۆرترین کاری لەسەرکرێ. ئەوەی کە لێرە پێویستە بووترێ ئەمە نییە بەلکو ئەوەیە کە ڕاڤەکردنی ڕاستی سیاسی بێ شیکردنەوەی دەروونی وڕێنەی سیاسی دروستدەکا.
ئێمە لایخوارەوە لە ڕووی تیۆریەوە ئەوە ڕوندەکەینەوە ڕاستی ئەمجار ڕاستی سیاسی چیە و چۆنیش دروست دەبێ.
ڕاستی لە هیچەوە دروست نابێ. ڕاستی کە ئاکامە بەبێ بناغە ناژی. ئەوی ڕاستی لە سیاسەتدا دروستدەکا سیاسییە (سیاسی لێرە بەمانای ئەوەی کە شتی سیاسی، ئەوەی سیاسییە، واتە پولیتیکەل). کەواتە ڕاستی بەجۆرێ ئۆتۆماتیک و خۆبەخۆی دروست نابێ بەلکو لەئاکامی پرۆسێسێ سێستەماتیک دروستدەبێ. دروستبوونی ڕاستی بەستراوە بە دۆزەوە. ئەلبەتە دۆزێ گرینگی کۆنکرێت و دیاریکراو. دۆزی ڕاستەقینە کۆنکرێتە و بەرهەمی بارێ ڕیالە نەک وڕێنە.
لاکان پێیوایە ڕاستی ""هەموو شتێ نیە"" بەلام بادیو ئەو گوزارەیەی لاکان ڕونتردەکاتەوە و ئەوەمان پێدەلێ جیاوازی هەیە لەنێوان ئەوەی ڕاستی""هەموو شتێ نییە"" و ڕاستی ""هیچ نییە"". کەواتە بادیوش داکۆکی خۆی لە تیۆری لاکان تایبەت بە ڕاستی دەکا و پێیوایە ڕاستی هەموو شتێ نیە بەلام ئەم داکۆکیکردنە ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە ڕاستی شتێ کەم نییە و وەلی گشت شتەکانیش لەسەر ووتنی ڕاستی نەوەستاوە. کەوابێ بوونی ڕاستی گرینگە. ڕاستیش کە سیاسی دەبێ پتر بەماهیەتدار تر دەبێ. بەلام کێ ڕاستی سیاسی دروست دەکا و چۆن ئەم ڕاستیە دروست دەبێ؟
هزر ناوی خودی بەرهەمهێنەری ڕاستیە. بەلام ڕاستی کە سیاسیی دەبێ ئەمە وادەکا ڕاستی کۆلێکتیڤ بێ. کەواتە کە هزر سیاسی دەبێ ئەم هزرە هزرێ سیاسی کۆلێکتیڤە. ئەمەو بوونی ڕاستی سیاسی شتێ ئۆتۆماتیکی نییە بەلکو ڕاستی سیاسی کە دەبێ ئەم بوونەی لە دۆز دا دەبێ و ئەو دەمەی ڕاستی بەمجۆرە پێکدێ ڕاستی ڕاستیێ سیاسی دەبێ و ڕاستی شتێ کۆنکرێتیش دەبێ. چونکە دۆز بەخێوکەری ڕاستییە (68). بۆئەوەی ڕاستی سیاسی هەبێ و ئەمجار بەردەوام بێ پێویستە ڕاستی سیاسی نوێ بێ. گەر پرسیارەکە لێرە ئەوە بێ چۆن ڕاستی سیاسی ڕاستیێ نوێ دەبێ ئەوا دەلێین ڕاستی سیاسی نوێ دەبێ کە ڕاستی لە دۆزدا ، لە دۆزێ سیاسی بەرجەستە دا گەشەدەکا. ئەم دۆزەش کە خودێ لە پشتیەوە دەبێ ڕاستی سیاسی فۆڕمی ڕاستەقینەی خۆ وەردەگرێ. کەواتە دەرئەنجامی ئەوی ووتمان ئەوەیە کە ڕاستی سیاسی بێ دۆز و بێ خود بەرهەمناێت. چونکە ئەو دۆزەی ڕووداوی سیاسی دروستدەکا کە هەرئەوەشە ڕاستی سیاسی پێکدێنێ خود دروستکەریشە. بەلام خود لەناو ڕاستی سیاسیدا بریتیە لە کردە. کردەی سیاسی خود ڕووداوی سیاسی دەبزوێنێ و ڕاستی دروستکەریشە. بۆیە هەلەماننەکرد کە لایسەرەوە ووتمان: ڕاستی بەگشتی و ڕاستی سیاسی بەتایبەتی خۆبەخۆی خۆی دروستنابێ و دروستبوونی بە بوونی دۆز و خودەوە گرێدراوە(69).
بەلام ئەو لایەنانەی لایسەرەوە باسکرا لەئێستادا بۆ کۆمپانیای وشە سەختە پڕاکتیزەیانکا بەتایبەت تا ئەم کۆمپانیایە لەو دیلێما(مەئزەق) سیاسیە (یاخود ئەو دیلێما سیاسیانە) نەێتەدەرێ پێوەیگلاوە. 
 
8. دیلێمای سیاسی کۆمپانیای وشە یان وتاری سیاسی کوردی؟
کردەی سیاسی

لەڕووی تیۆریەوە بابەتی دیلێما کە لەتەک ناوی "تیۆری یاری" یەکدەگرێتەوە دەچێتە خانەی "تیۆری بڕیاردان" ەوە لە فەلسەفە کە ئەوەش بابەتێ لە بابەتەکانی فەلسەفەی پڕاکتیک پێکدێنێ. بۆئەوەی ئەوە ڕوونکەینەوە دیلێما لە زمانی سادەی ڕۆژانەدا چیدەگەێنێ لێرە هەرئەوەندە دەلێین کە دیلێما (میحنەت، مەئزەق) بەو مانایە دێ کاتێ مرۆڤ لە حالەتێکی کێشاویدا دەبێ لە نێوان دوو شتدا کە کامەیان بکا(70). واتە دیلێما دۆزیهەلبژاردنە لەنێوان دوو ئەلتێرنەتیڤ (بەدیل) دا، ئەمەش بەو واتایە دێ مرۆڤ دەکەوێتەبەردەم پرسیاری ئەوەی کام لەو دوو ئەلتێرنەتیڤە هەلبژێری، واتە ئەمەیان هەلبژێری یان ئەویتر. بەلام کێشەکە لەوێدایە مرۆڤ هەرکام لەو ئەلتێرنەتیڤانە هەلبژێرێ کارێ خراپیکردووە چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە دۆزێ کێشاویدایە و بە فیعلی خۆی لە مەئزەقدا دەبینێتەوە و، لەبەردەم دوو هەلبژاردنی (ئیختیاری) خراپدایە. بۆیە مرۆڤ چاترە خۆینەخاتە بارێواوە دووچاری دۆزێ دیلێماوی بێ.
وەلی کاتێ دیلێما لەدایکدەبێ ئەو تێگەیشتنەش لەگەلی لەدایکدەبێ کە بۆ دەربازبوون لە دێلێما پێکەوەکارکردن لەئارادایە. واتە تەنیا پێکەوەکارکردن و ڕێکەوتن دۆزی دیلێماوی چارەسەردەکا.
سەرباری ئەوە، ئەوی مرۆڤ لە حالەتی دیلێما دا فێریدەبێ ئەوەیە چۆن ڕەفتارکا. چۆن بەجۆرێ ڕەفتارکا بێزەرەر لەم حالەتە بێتەدەرەوە. ئەمەو گەلێ لە تیۆریزەکەرانی بواری دیلێما یان "تیۆری یاری" بەو دیتنەش گەیشتوون کە دەربازبوون لە دیلێما زۆرجار بەو مانایەش تەواودەبێ کە تۆ دەرباز دەبی بەلام ئەوی تر دەربازنابێ. بۆیە زۆربەی ئەو فەیلەسوفانەی لەسەر دیلێما دەنووسن داوایئەوەدەکەن کە مرۆڤ بۆئەوەی بەسەر گرێی دیلێما دا زالبێ باشتروایە ڕاسیۆنالانە ڕەفتارکا. بەلام لێرەش گەرانتی ئەوەنیە کە دەربازبوون لە دیلێما بەسەرکەوتنەوە دەبێ. واتە ڕاسیۆنالانە ڕەفتارکردن دیسانەوە چارەسەر نییە. بۆ؟ چونکە تۆ کە لەلایەن خۆتەوە ڕاسیۆنالانە ڕەفتاردەکەی ئەویتر ئەوەناکا. واتە جیاواز لە تۆ ڕەفتاردەکا ئەمەش دۆزێ ناچارەسەرانە دێنێتەپێشەوە. وەلی بۆ دەربازبوون لە دێلێما هەمیشە هیوا هەیە بەتایبەت ئەو دەمەی گشت تاکەکانی کۆمەلگە (یان تاکە جیاکان) لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەێ هاوبەش ڕێکدەکەون. واتە پێکەوەقسەکردن و پێکەوەکارکردن شیاوی ئەوەدەکاتەوە چارەسەر بۆ ئەو دۆزە دیلێماویە بدۆزرێتەوە کە دروستبووە. 
بەلام ئەوەی لەمڕوەوە پێوەندی بە کۆمپانیای وشەوە هەیە ئەوەیە کە نەک هەر وتاری سیاسی کۆمپانیای وشە کە لەم بەشەی نوسینەکەدا ڕووناکی دەخرێتەسەر بەلکو گشت وتاری سیاسی کوردیش لە هەنووکەدا لە دیلێماێ سیاسیدایە. بەدیلێمابوونی ئەم وتارە کارێ ئەوتۆیکردوە کردەی سیاسی کوردی لێل و ناڕوون بێ. بۆئەوەی کۆمپانیای وشە بەتایبەت و سێستەمی سیاسی کوردیش بەگشتی لەو دێلێمایە بێتەدەر پێویستی بە پێکەوەکارکردنە. سەرکەوتنی ئەم پێکەوەکارکردنەش لەسەر گوێکرتنیان لە تاکی کورد وەستاوە.
سەرباری ئەوی ووترا، ئەوەش دەلێین کە کردەی سیاسی لەناو ئێمە پێویستە شیکرێتەوە بەلام بەپێیئەوەی گەشەی تیۆری لەناو ئێمە لە پلەی سفردایە ئەمەوایکردووە کردە سیاسیەکان تێپەڕن بێئەوەی تێگەیشتنمان بۆیان هەبێ. کردە سیاسییەکانمان ،کە تیۆری سیاسی و زانستی کۆمەلایەتییان دەوێ تا ڕاڤەکرێن ،ئەلبەتە بەبێ پشتکردن لەوەی پیدەلێن شیکردنەوەی دەروونی و زمانەوانی، دەرفەتیان لەبەردەم وتارێ تیۆریدا نەکردۆتەوە. بۆیە ئەزموونی  سەرهەلدانی کۆمپانیای وشە پێویستە ئەوەمان بیرخاتەوە کە "گەشەی تیۆری" لەناو ئێمە بێئەندازە هیچە. ڕاستە ئەم کۆمپانیایە ناکارێ ئەم کێشەیە چارەسەرکا (واتە: کێشەی هیچێتی گەشەی تیۆریمان) ،چونکە ئەوە ئەرکی نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی توێژینەوەی کوردیە ئەو کارە بکا، بەلام لەگەلێ جەمسەرەوە ئەم کۆمپانیایە بە هیچی گەشەی تیۆریی کوردییەوە گلاوە و و لەگەلێ ڕوەوە گرفتی بۆدروستکردووە. ئەوانە(گلانەکان یان گرفتەکان) کە زێدەجۆراوجۆرن دەکرێ لە چەند کێشەێ دیاریکراودا بەرجەستەکرێن تا ئەو لایەنانە ڕوونکەنەوە چۆن و لە کوێدا کۆمپانیای وشە لە دیلێمادایە:
 
* سێستەمی بیرکردنەوەی سیاسی کۆمپانیای وشە لە هەڕەمیێ سیاسیدا بنجبەست بووە و، ئەمەشوایکردوە وتاری سیاسی ئەم کۆمپانیایە ناکراوە بێ. ئەمە دیلێمایە و ئەم دیلێمایە میراتی وتاری سیاسی کوردیە بۆ کۆمپانیای وشە ماوەتەوە.

* کۆمپانیای وشە هەر لەگەل دەرکەوتنی خۆی وەک هیواێ سیاسی نیشاندا. ئەم (واتە کۆمپانیای وشە) بۆئەوەی هەبێ و ئەمجار بەردەوامبێ پێویستی بەوەیە ئەم هیواخوازیە بپارێزێ بەلام ئەمە دیلێماێ سیاسی بۆ کۆمپانیای وشە دروستکردووە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی هیوا بەگشتی لە سیاسەتدا ترسناکە. واتە هیوا خستنە سەر گرووپێ یان ئاڕاستە و یاخود ویستێ سیاسی کارێ مەترسیدارە و مەرج نییە ئەو هیوایە وەکخۆی بێتە دی و نەهاتنەدی هیوای سیاسیش هەمیشە داڕمانی سیاسی بەدووی خۆدا دێنێ.
بەواتاێتر¸کۆمپانیای وشە لەدەموەختی هەلبژاردنەکانا وەک هیواێ سیاسی خۆیدەرخست و کاری بۆئەوەکرد بناغەێ جەماوەری بۆخۆی پێکبێنێ ، بەپێیئەوەبێ کە وترا ئەم کۆمپانیایە گرینگە لە بەرپرسیاریەتی سیاسی و مرۆیی خۆی بگا ئەگەرنا دەکەوێتە ناو مەئزەقی سیاسی ئالۆزەوە.  واتە دیلێمای هیوا دان و کارنەکردن بۆ هیوا.
کەواتە پێویستە لێرەوە بێینەسەرئەوەی بپرسین چی کۆمپانیای وشە لە دیلێمای سیاسی دەربازدەکا؟ و چۆن کۆمپانیای وشە لە دیلێما سیاسیەکانی دەربازیدەبێ؟ بۆ شیکردنەوەی ئەم دوو پرسیارە بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوەبکەین کە وەلامی هەردوو پرسیارەکە خۆی لە چەند خالێکدا چڕدەکاتەوە کە لایخوارەوە بەرچاویاندەخەین و ، بۆ ئێمە لوتکەی تێگەیشتنیش لەو خالانە خۆی لە خۆقوولکردنەوە و خۆپووختکردنەوەی کۆمپانیای وشە لە کردەی سیاسی ڕوون و نا-دووبارە دا کورتدەکاتەوە. بۆئەوەی ئەوە ڕوونکەینەوە چەند تێبینیێک لایخوارەوە بەرچاودەخەین، ئەمەو لایخوارەوە و لەسنوری نووسینەکەدا مشتێ لەو دیلێماسیاسیانەش بەرچاودەخەین لەئێستادا کۆمپانیای وشە تیای دەژی و ، کە بۆ ئەم بەشەی نووسینەکەشمان گرینگ بووە گفتووگۆکردنی:
  
* سیاسەتی ڕوون دەکارێ ئەوجۆرە کردە سیاسیانە بەرهەمبهێنێ کە شیاویی نوێ لە کۆمەلگە دەخەنەوە. کۆمەلگەی ئێمە کە پێویستی بەوەیە لە بواری سیاسیدا دەرگا لە شیاوینوێ بکاتەوە بۆئەمە تەنیا پێویستی بە پڕاکتیزەکردنی  سیاسەتی ڕوونە تابگا بەو ئامانجە. بەلام سیاسەتی ڕوون ناتوانێ لەسەر لاوازیەکانی ناسنامەی کۆلێکتیڤی خۆیداڕێژێ.   

* گۆڕینی بۆچوونی سیاسی و کۆمەلایەتی پاش هاتنی تەوژمی گلوبالیزم و ئەو دیموکراسیەتە بەشمەککراوەی ئەم تەوژمە فڕێیداوەتەناو کۆمەلگەی نوێوە بووە بە دیلێماێ سیاسی نەک هەر بۆ کۆمپانیای وشە بەلکو بۆ گەلێ لە کۆمەلگە هاوچەرخە تازەلێبڕالەکانیش. بۆیە هزری سیاسی دیموکراسی تازە بۆ گەلێ کەس لەئێستادا وەکخۆی هەرسنابێ و دیلێماێ سیاسی زۆری لەتەکخۆدا هێناوە و وتاری سیاسی کوردیش لەمڕوەوە ، بە وتاری سیاسی کۆمپانیای وشەشەوە،  لێیدەربازنەبووە.

* بەپێی دیتنی ئێمە بەشێ لە دیلێمای سیاسی کۆمپانیای وشە لەوەدا خۆی چڕدەکاتەوە جارێ ئەوەی یەکلانەکردۆتەوە بەشێ زۆر لە کردە سیاسیەکان چۆن بکا؟ و بەگشتیش وەک کردەی سیاسی چی بکا؟ واتە چیبکا بە کردەی سیاسی و چیش لەوەدوورخاتەوە کە کردەی سیاسی نییە و پێویست ناکا هەلوێستی سیاسی لەبارەوە بگرێ. دەربازبوونیش لەم دیلێمایە ، ئەلبەتە بەسەرکەوتنەوە، کۆمپانیای وشە دەخاتەسەر سکەی کارکردنێ سیاسی بە بەرنامەوە.

* ئەلبەتە بۆ هێزی سیاسی گرفتێ هەرە مەزن نییە گلان بە دیلێمای سیاسییەوە بەلکو ئەوە گرفتە چۆن ئەو هێزە سیاسیە لەو دیلێما سیاسییە بە سەرکەوتووی و بە هزرێ سیاسی بەتەندروستەوە دێیتەدەر و دیلێما لەپاش دیلێمای سیاسی دروستناکات. واتە لە سیاسەتکردندا هاتنەدەرەوە لە دیلێمای سیاسی بە چارەسەرەوە بۆئەو شتەی گرفت بووە مەسەلەیە. 

* هەموو ئەوانەش کە لایسەرەوە ووتران ئەوەیان گۆنەکرد کە جارێ لەلایەن ئێمەوە نەوتراوە. ئەوەش ئەمەیە:
 ئایا کۆمپانیای وشە بەڕێکەوت پریشکی ئەو گەندەلییەی بەرنەکەوتووە کە خۆی بۆ قەلاچۆکردنی حەشارداوە؟ ئایا ئەمە بەشە گەورەکەی دیلێمای سیاسی کۆمپانیای وشە نییە؟؟

9. ڕەخنەکردنی ڕۆمانسیەتی سیاسی کۆمپانیای وشە:
  کۆمپانیای ووشە شوێنی دروستکردنی تاک نییە بەلام دەکرێ ڕۆل لە دروستکردنی "کوردی باش" دا ببینێ
 
کارکردنی کۆمپانیای وشە لەسەر تاک ، تاکی کورد، مەرجە لەسەر ئەو تێۆریزەکردنە سیاسییە خۆیبوونیاد بنێ کە تاک وەک خودێ سیاسی و وەک خودی سیاسەت ببینێ نەک وەک ئوبژێکت (شت) و شمەک. ئەمەو ئەم کۆمپانیایە ناتوانێ تاک وەک خودێ سیاسی و خودی سیاسەت ببینێ و لەهەمانکاتدا خۆی وەک کارگەێ سیاسی نیشاندا کە تاکمان، تاکی کوردمان، بۆ دروستدەکا. ئەو بینینە کە پێشتر لە ئەزموونی سیاسی کوردی تاقیکراوەتەوە تراژیدیا یەک لەدواییەکەکان و گەندەلی بەرهەمهێناوە. کەواتە ئێمە لەمیانەی ئەم چەند دێڕەی گۆمانکرد ویستمان بەو بینینە بگەین کە خۆی وەک یەکێ لە تێزەکانی ئەم نووسینە نیشان دەدا کە ئەوەش ئەمەیە:

کۆمپانیای وشە شوێنی دروستکردنی تاک نییە بەلام دەکرێ ڕۆل لە دروستکردنی "کوردی باش" دا ببینێ.

مەبەست لە کوردێ باش واتە ئەو کوردەی دادپەروەر و ئاشتیخواز و ڕێزگرە لە ئازادی ڕاستەقینە و لە ئەوی تر.
بەلام با ئەوەشمان بیرنەچێ کە بەپێی ئەو چەند دێرەی پێشتری لایسەرەوە بێ ئێمە خۆمان لە نێوان دوو تێگەیشتنی سیاسی بۆ خود دەبینینەوە: یەکێکیان تاک وەک خودی ناو سیاسەت و ئەویتر بەواتایکردنی کردەی سیاسی. ئەوی یەکەم بینینێ فۆکۆیانەیە (میشێل فوکۆ) بۆ سیاسەتکردنی خود و ئەوی دووەمیش ئەرێندێتانەیە(هەنا ئەرندێت). ئەلبەتە ئەم دوو دیتنە لە پێوەندی بۆ خودی سیاسی دەمانگەڕێنێتەوە لای کارل شمیت و ڕەخنەکانی لە سیاسەتی ڕۆمانسی و تێگەیشتنە ئۆنتۆلۆژییە ئەنتی پۆست مۆدێرنەکانی سلاڤۆی ژیژک بۆ خودی سیاسی و خودی پۆست مۆدێرن(71). بەلام لێرەدا نابێ تێگەیشتنە بەنرخەکانی ئالێن بادیو بۆ خودی سیاسی فەرامۆشکەین (72). چونکە خودی سیاسی لای بادیو ، کە تێگەیشتنێ پۆست پۆست مۆدێرنانەیە بۆ هزری سیاسی، خۆی لەسەر ئەو سێرکردنە بوونیاددەنێ کە خود، خودی سیاسی، گەشە بە خودبوونی، خودبوونی سیاسی، خۆی تەنیا لە ئاکامی چالاکیە، کردە سیاسیەکانی خۆیەوە، دەدا. واتە خود، خودی سیاسی، لای بادیو کەسێ یان خودێ چالاکەوانە(ئاکتیڤیست) ئەم تەنیا بەهۆی بەشداریکردنەکانی لە چالاکیە سیاسیەکانا دەکارێ وەک خودێ سیاسی هەبێ. واتە بادیو لەمحالەتەدا لەنێوان دوو جۆر تاکی سیاسیدا جیاوازیدەکا: لەنێوان کردەی سیاسی تاکی سیاسی بە سیاسیکراو ، کە کاری (پیشەی) سیاسەتکردنە، و چالاکەوانی سیاسی ،کە لە دەرەوەی حیزبدا سیاسەتدەکا. ئەوی یەکەم کاری سیاسەتکردنە بە فەرمی و ئەویتر خۆبەخشانە بێ بەرامبەر سیاسەتدەکا. ئەلبەتە بۆ بادیو ئەوی دووەم زۆرتر ئومێدی پێدەکرێ. چونکە بەبۆچوونی بادیو ئەوی دووەم سیاسەت لە دەرەوەی ئۆرگانی حیزبی دەکا و ئەو جۆرە تاکانەش کە بەمشێوەیە سیاسەتدەکەن باوەڕیان بە لەسیاسەتخستنی حیزبە. واتە سیاسەتکردن بەبێ حیزبایەتی.

ئێمە پێمانوایە خودی سیاسی کوردی کەمتازۆر ئەزموونی لە خودخستن، لە سیاسەتخستن تەنانەت لە مرۆیخستنیش ژیاوە بەلام بۆئەوەی ئەم خودە هەستێتەسەرپێیخۆی، بۆئەوەی چیدی لانەوازە و بێ ئایندە نەبێ پێویستە کارێ زۆر بۆ گەشەدان بە خودگەرایی خۆی بکا. ئەم کارەش پێویستی بە خۆدوورڕاگرتنی ئەم خودیە لە سیاسەتکردن لەناو حیزب. بەلام بۆئەوەی خود، خودی سیاسی، شوێنی هەبێ، و لە دەووروبەر دابڕاو نەبێ پێویستە لە چالاکیێ کۆلێکتیڤدا بژی. لێرەوە خودی سیاسی کردەی سیاسی کۆلێکتیڤ بەرهەمدێنێ. بەلام لێرە دەبێ ئەوەبووترێ کە پۆزیشنی سیاسی بێ دۆز نابێ. دۆز لە ژیانی سیاسی ئەوەی پێیدەلێن سیاسی(پولیتیکەل مەبەستە) گرینگە. ئەوەی پێیدەوترێ سیاسی لە دۆزا نەشونمادەکا. بەلام خودی سیاسی(پولیتیکەل) کارل شمیت (73) ووتەنی ماهیەتی سیاسەتە. چونکە لە سیاسەتدا سیاسی ئامرازێ کاریگەرە.
بۆئەوەی ئێمە لێرە خۆمان لە شیکردنەوەی ئایدیۆلۆژیانەی سیاسەت بەدووربگرین بەپێویستی دەزانین تاوێ لەسەر خود و بەخوودبوونی سیاسیانەی خود بوەستین و ڕۆلی ئەم خودە لەناو کردە سیاسی و ڕووداوەکانا دەستنیشانکەین. بەلام بابزانین بۆ ئێمە ئەمە دەکەین؟ ئێمە ئەمە لەبەرئەوە دەکەین چونکە پیێمانوانییە کۆمپانیای وشە لە تێگەیشتنێ ڕۆمانسیەتانە لەلاێ بۆ سیاسەت و لەلاێتر بۆ خود دەربازی بووبێ. بەواتاێتر ئێمە بەو سێرکردنە گەیشتووین کە سیاسەتکردنی کۆمپانیای وشە لەئێستادا سیاسەتکردنێ ڕۆمانسیە و بەردەوامبوونیشی لەسەرئەوە دەیخاتە دۆزێ سیاسی و کۆمەلایەتی ئەوتۆوە کە ناچالاکی سیاسی و سیستی سیاسی تیا بەرهەمدێنێ. ئەم جۆرە سیاسەتە کە بناغەی بۆ سیاسەتکردنێ نوێ لەناو سێستەمی سیاسی کوردی داناوە ئەوە دووبارەدەکاتەوە کە وتاری تازەی سیاسی کوردی بەگشتی کاوێژی دەکاتەوە. واتە سیاسەتی لیبڕال. ئەو سیاسەتە بەشمککراوەی خود تیایا ئامرازە و تائەوپەڕی بەکاریشدەبرێ و دیموکراسیەتیش لەناو ئەم سیاسەتەدا کە پێویستی بەپتر دیموکراتیزەکردنە(74) تاک تێکدەرە. بۆیە هەلەناکەین بلێین بەکاربردنی خود لەلایەن سیاسەتی لیبڕالەوە هیچی لەو جۆرە بەکابردنە کەمترنیە کە خود لەژێرسایەی سێستەمە سیاسیە تووندڕەو و تۆتالیتاریەکانەوە دووچاری دەبێ.
بۆزۆرتر ڕاڤەکردنی ئەویووترا دەلێین، کۆمپانیای وشە لەئێستادا کارلەسەر ئەزموونێ سیاسی ڕۆمانسی دەکا. وەکیتر ، ئەو میراتە فەلسەفیەی کۆمپانیای وشە گەشەی پێدەدا میراتێ سیاسی ڕۆمانسییە و ئەوەش ئەو وتارە سیاسیە ڕۆمانسیەیە کورد بۆ سەد سالە ، کە ئەوەش مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردیە، پێوەی گلاوە و لە تراژیدیا یەک لەدوای یەکەکانیشی بەرپرسیارە. ئەم سیاسەتە ڕۆمانسیەی لەئێستادا کۆمپانیای وشە کاریلەسەردەکا سیستی سیاسی بەرهەمدێنێ بەناوی بزووتنەوەگەری و خەباتی گۆڕەپان. بزووتنەوەگەری و خەباتی گۆڕەپان دەکارێ هزری سیاسی لای تاکەکانی کۆمەلگا لەڕێکای خودی تاکەکانەوە (تاکە چالاکەکان) دروستکا بەلام ئەفسووس ئەم جۆرە خەباتە لەسەردەستی کۆمپانیای وشە ناچالاکی سیاسی بەرهەمهێناوە و  سیاسەتێ خودتەپێنەریشی لەگەل خۆیهێناوەتە ناو سیاسەتکردنەوە. سیاسەتی لەمجۆرە ناکارێ چالاک بێ سێستەمی سیاسی خۆی و ئەو میراتە سیاسیەش نەخاتە ژێرپرسیارەوە کاریلەسەردەکا. ئەمە کە وەک کەموکوڕی لەلایەن ئێمەوە دەبینرێ یەکێکە لە دیلێما سیاسیەکانی هەنووکەی کۆمپانیای وشەش. ئەلبەتە بۆ هاتنەدەرەوە لەم دیلێمایە ،کە بە قازانجی سیاسی کۆمپانیای وشە دەگەڕێتەوە، واچاترە کۆمپانیای وشە کار لەسەر دروستکردنی خود نەکا وەک ئەوەی ئێستا دەیکا بەلکو بەشداری لە باشکردنی، دادپەروەرکردنی تاکی کورد دا بکا. ئەمەو بۆهاتنەدەرەوە لەم دیلێمایە ئەم کۆمپانیایە کارێ هەرەباشدەکا شیاویبخاتەبەردەست چالاکەوانە (ئاکتڤیست) سیاسییەکانەوە و لە حالەتی هیچگەرای سیاسی و ئەنتاگۆنیزمی (دوژمنگەرای) سیاسی دوریانخاتەوە.
کەواتە دەرئەنجامی ئەوی وترا لایسەرەوە ئەوەیە کە کۆمپانیای وشە نابێ خۆی وەک کارگەێ سیاسی ببینێ کە ڕۆژانە دەتوانێ تاکی کوردمان بەتازەترین شێوە بۆدروستکا. بەلکو بەپێچەوانە ئەم کۆمپانیایە دەکارێ لەتەک تاک دا کارکا و لەئاکامی ئەم پێکەوەکارکردنە ڕەووشتی پاکدامێنی و دادپەروەری و باشە لە کۆمەلگەدا گەشەپێبدا. سەرئەنجامی ئەوەش دەشێ ببێبەوەی کە کۆمپانیای وشە واز لە سیاسەتی شوانی بێنێ (ئەوەی ئەم شوانە و کوردیش مەڕەکان).
کارکردنی کۆمپانیای وشەش لەسەر ئەمجۆرە سیاسەتە (وازهێنان لە سیاسەتی شوانی) ڕێگا لەبەردەم تاک دەکاتەوە کە خۆی بێ و شوێنی لە کۆمەلگا دیاربێ. تاکیش بۆئەوەی چالاک و خولقێنەر بێ پێویستە لەناو دۆزدا بێ. ئەم دۆزە کە بەتاکبوونی تاک بتەودەکا، بادیو ووتەنی، ڕاستی بەرهەمهێنەرە. بەمشێوەیە، تاک ڕاستی تەنیا لەئاکامی چالاکیەکانیەوە بەرهەمدێنێ. ئەلبەتە ئەو ڕووداوە سیاسیانەی تاک بەشداری لە هێنانەکایەوەدا دەکا تاک بزووێنەرن. بۆیە تاک دەکارێ چالاکەوان بێ و پلانداڕێژەری بیرۆکەکانیشی بێ. ئەم شیاوییە کە لە هەنووکەدا لە کۆمەلگەی ئێمە بوونی نییە چونکە ئامرازەکانی بەتاکبوونی تاک لەگۆڕێدا نییە. ئەمەش وادەکا تاک وەک شمەک ڕەفتاریلەتەکا کرێ و بکەرێ نابەرهەمهێنەر و کاوێژکاربێ. 


10. کۆمپانیای وشە لەگەل دروستبوونی بە سوفستایی و هەلپەڕستەکان گەمارۆدرا

ئێمەی کورد کە بەشداریێ ڕوون و دیارمان لە وتاری فەلسەفی جیهانیدا نیە خاوەنی وتارێ دیاریکراوی فەلسەفیش نین کە بکارین واتای ڕاستی لە سنووری کۆمەلگەی خۆمان ڕوونکەینەوە، ئەم لایەنە کە ناڕوونی و بێ ئامانجیێ زۆری خستۆتە نووسینەکانمانەوە وایکردوە نەشبین بەخاوەن هزرێ ڕاستەقینە تایبەت بە لێکدانەوەی ڕووداو و دیاردە سیاسی و کۆمەلایەتی و کولتوریەکانمان. ئەلبەتە یەکێ لە نیشانەکانی بێ هزری وتاری ڕۆشنبیریش لە کۆمەلگەی گەندەل ئەوەیە هزر بەشتی تر گۆڕدراوە یان بەلەجیاتیکراوە، بۆنموونە هەلە، ناڕاستی و سەفسەتە، ئەمە وایکردووە گەندەلی هزری چەشنی جۆربەجۆر وەرگرێ و ئیلیتێ تایبەت بەخۆشی لە کۆمەلگە دروستکا. بۆیە گەڕان بەدووی شوێنی ڕاستی لە ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیریمان پێویستە ماناداریێ بۆخۆی بدۆزێتەوە. چونکە ئەو ژیانە سیاسی و ڕۆشنبیریەی تاکی کورد لەژێرسایەی گەندەلی دەیژێ کارێوایکردوە ڕاستی خۆی وەک شتێ کەم و، یان لەوە ناخۆشتر، وەک شتێ قێزەوەن نیشاندا. بەشێ لە ڕووەکانی ئەم حالەتە پێوەندی بە شێوازی سیاسەتکردن و ڕۆشنبیریکردنەوە لە کۆمەلگەی ئێستامانا هەیە. بیرماننەچێ، دۆزی ڕۆشنبیری و سیاسی پاش ڕاپەڕین هەمیشە دەیویست ڕاستی وەک شتێ قێزەوەن و کەم بەها نیشان دا و بیرۆکەی ئەمە سەرچاوەی لەو تێگەیشتنە فەلسەفیانەوە هەلنەگرت کە فەلسەفەی ڕۆژئاوا پاش ڕوداوی ئایاری 1968 ی قوتابیان پێیگەی.واتە ئەوەی "ڕاستی مردووە". چونکە ڕەخنەکردنی ماهیەتی ڕاستی لە ڕۆژئاوا خۆی لەسەر ئەو دیتنە فەلسەفیانە گەلالەکرد کە ئەو جۆرە ڕووداوانەی دروستکرد بەلام لایئێمە ترس لە ڕاستی و کەمکردنەوەی بەهای ڕاستی کە هیچ بناغەێ فەلسەفی نییە سەرچاوەی تری هەیە. بەمجۆرە، دۆزی سیاسی و ڕۆشنبیری کۆمەلگەی گەندەل بەجۆرێ بوونیادیگرتووە دەیەوێ هەمیشە ڕاستی بەجۆرێ نیشاندا کە ڕاستی نوێنەرایەتی شتێ یان کەسێ دەکا. بەلام بەخۆی وانیە چونکە ڕاستی تەنیا نوێنەرایەتی خۆی دەکا و،  ئەوی ڕاستە ئەوە ڕاستە لە خودی خۆی و بۆ خۆی بۆیە ڕاستی ئوبژێکتی نیە بەلکو پرۆسەێ سوبژێکتیڤی (خودگەرا) بەردەوامە. ئالێرەوە دەشێ لەو لایەنە بگەین کە بۆ ڕۆشنبیر و سیاسی گەندەل ترسیان لە ڕاستی هەیە. بۆنموونە ، ناردنی ئەو دۆکومێنتانەی لە پاش ڕاپەڕین لە دەزگا ئەمنیەکانا دەستیبەسەراگیرا بۆ ئەمەریکا، گۆڕین و شاردنەوەی بەشێکیان (ئەوانەی دواتر دۆزرانەوە) ، گۆڕینەوەی دۆکومێنت بە خانوو یان نهێنی تری سیاسی هەموو ئەوانە ترس بوون لە ڕاستی و هەنگاوێکیش بوون بۆ قێزەوەنکردنی ڕاستی. بۆیە ئەو هێزانەی لە کۆمەلگەی نوێی کوردی ڕاستی تێکدەرن ، کە جۆراوجۆرن، لەئێستادا لە کوردستان هەنگاوی تر دەنێن و مەیلیتریان هەیە. ئێمە بەشێ لەو ڕاستی بکوژانە ناودەنێین سوفستای و هەلپەرستەکان.
سوفستاییەکان کە نووسەر و ڕۆژنامەوان و سیاسیە هەلپەڕستەکان دەگرێتەوە پاش ئەوەی بۆیاندەرکەوت کۆمپانیای وشە کەوتۆتە سەرپێی خۆی ، ئەلبەتە بەزۆری ئەوکاتەی ئەم کۆمپانیایە لیستێکی بەناوی " لیستی گۆڕان " ەوە خستەگەڕ و کردی بە کەپرێ سیاسی بۆ کۆکردنەوەی هەوادارانی خۆی ئەوەبوو بەشێ زۆرلە سوفستاییەکان (لەناوە و دەرەوەی کوردستان ) دەوروخولی کۆمپانیای وشەیاندا. ئەمە نابێ بەوە شیکرێتەوە کە سوفستاییەکان لەم کۆمپانیایە ئەوە بەدیدەکەن کە شوێنێ ئەمینە بۆ خۆشاردنەوە یان بڕێزۆری ئەم کۆمپانیایە دەستپاک و نا گەندەلن بەلکو دەبێ بەوە شیکرێتەوە کە سوفستاییەکان لەو شوێنانەی دەمێکە لێیدەخۆن شوێنیان لەقبووە و کاتی ئەوە هاتووە شوێنێ تر بۆخۆژیان دروستکەن ئەلبەتە کۆمپانیای وشە لەم حالەتە بۆ ئەمانە، کە لە گەندەلچیەکان زۆر ترسناکترن، لەگشت شوێنێتر باشترە.
بۆیە کۆمپانیای وشە بۆئەوەی خاوەنی ئایندەێ (داهاتوویێ) سیاسی ڕووناک و بەپیت و کاریگەر بێ گرینگە لەئێستادا خۆی لە ڕۆشنبیرە سوفستایی و سیاسیە هەلپەرستەکان بەدوورڕاگرًێ.مەبەستی سەرەکیشمان لەم دەربڕینە ئەوەیە شار کە پڕ بووە لە نووسەر ئەم نووسەرانە پێویستیان بە دالدەیە، دالدەی سیاسی و ڕۆشنبیری نوێ. ئەم نووسەرە سوفستاییانە کە مەفتوونی نووسینن جیاوازی لە نێوان نووسینی(تێکستی) ڕاستەفینە و ناڕاستەقینە ناکەن. ئەمانە پیشەیان ئەوەیە ڕۆژانە بنووسن و خۆشیان وەک خواوەندی ڕاستی نیشان دەن. جا کۆمپانیای وشە لەم ساتەوەختە سیاسییە ناسکەی ئێستایدا گرینگە بەدیسپلینەوە دەرگای ڕاگەیاندنی خۆی بخاتە سەرپشت. چونکە وەک ئەوەی ئێمە دەرکمان پێکردوە سوفستاییەکان هەلی(فورسەتی) هەلبژاردنیان قۆستەوە بۆ هاتنەناو دەزگاکانی کۆمپانیای وشە و ، لەوێشەوە کەوتنە بانگەشە بۆ وتارە بێ هزر و بێ ئایندەکانیان. ئەم سوفستاییانە کە سەرەتا لە ڕاگەیاندنە حیزبیەکان و دواتر لە ڕاگەیاندنە ئازادە ئەهلیەکان نووسینیان بلاودەکردەوە ئوستادی یاریکردنن بە وشە و واتای ڕاستییان دەمێکە دەرمانخواردکردوە.
 سەفسەتە کە هیچی لە گەندەلی کەمتر نییە زۆرترین سوودمەندە لە بەردەوامبوونی دیاردەی گەندەلی لە کۆمەلگە. هەروەها سوفستایەکان کە بەهۆی بەردەوامبوونی گەندەلی سیاسی و ڕۆشنبیریەوە پایەی کۆمەلایەتیان پێکەوەناوە لەگەلێ ڕوەوە لە مانەوە و گەشەی دیاردەی گەندەلیش بەرپرسیارن. لەوی ووترا سەیرتر ئەوەیە سوفستایەکان هەروەک گەندەلیستەکان بۆچوونیان بۆ کۆمپانیای وشە هەیە بەلام جورئەتناکەن بۆچوونەکانیان بدرکێنن چونکە دەیانەوێ هەمیشە دالدەێکیان هەبێ بۆ گەیاندنی ووتنە بێبەرەکانیان. سوفستایەکان، کە هەروەک گەندەلچیەکان مەیلی مشەخۆرییان لە لوتکەدایە ، خۆیان بە قسەکەری وشەی ڕاست و ئازاد دەزانن بەلام ئەمانە (سوفستاییەکان) ڕاستەوخۆ نادوێن و لە نووسینەکانیانا سروشتی کردەی ڕۆشنبیری تێکدەدەن و ، پەیڤ و دەربڕین و تێگەیشتن بێ نرخدەکەن. 
بۆیە لێرە چارمان نییە بلێین: گومان لەوەدا نییە گەر کۆمپانیای وشە هەرئاوا لەژێر سیحری ڕۆشنبیری سوفستای و سیاسیە هەلپەرستەکان بێ  کردەی سیاسی کۆمپانیای وشە دووچاری پەتای ئەنتاگۆنیزمی (دوژمنگەرای) سیاسی نەبێ. ئەمە کە تابلێی ترسناکە کاریگەری نەک هەر بەسەر هەستی ئیدیۆلۆژی کۆمپانیاکەوە بەلکو بەسەر سایکۆلۆژیای تاکەکانی کۆمەلگەشەوە بەجێدێلێ. بۆیە گرینگە تازووە ئەم کۆمپانیایە لەژێرسایەی ئەم جۆرە کەسانە دەرچێ و خۆی لە کاریگەری ڕۆشنبیری و سیاسی سوفستایەکان دوورخاتەوە کە کۆمپانیای وشە دەخەنە سەرسکەی ڕقبازی سیاسییەوە کە ئەوەش کار بۆ سازاندنی ژینگەێ سیاسی نا-تەندروست دەکا.
بەدلنیاییەوە دروستکردنی سیاسەتی بەتەندروست پرۆسەێ ئالۆزە و بەپلەی یەکیش دەبێ وەک بەرهەمی خودی تاک تەماشاکرێ نەک گرووپ و حیزب. بەلام گرووپ و حیزب دەکارێ ئەو سیاسەتە لەئاستێ بلاو و گەورەدا پڕاکتیزەکا. واتە ئەم، لەبەرئەوەی شیاوی لەبەردەمە ، دەتوانێ ئەو سیاسەتە (سیاسەتی بەتەندروست) لەناو کۆمەلگە بەرفڕاوان و گشتیکا. چونکە ئاستی هوشیاری تاک لە کۆمەلکە هەموو وەک یەک نیە و گشت تاکێکی کۆمەلگە تەندروست و لێزان و بەشیاو نییە. واتە زۆر ئاساییە لە کۆمەلگە  سیاسەتی نەخۆش کارکا و لاوازی و سستی بکەوێتە ناو تاکەکانی کۆمەلگەوە بەلام بە بەشداری تاکە چالاکەوانە بەتەندروستە بەهزرەکان دەکرێ و دەشێ باری کۆمەلگە لە بارێ ئافاتاوی و نەخۆشەوە بەرەو بارێ ساغ و بێ درم ببرێ. ئەم شتانە بە چەقەنەێ دروستنابن و کارکردنی بەردەوامی دەوێ و بەئاکامگەیاندنیشی پێویستی بە تاکی هزرەڤان و هۆشبەتەندروستە.بۆیە ماناوەی سوفستایەکان لەناو دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و سیاسی کۆمپانیای وشە نەک هەر کردەی سیاسی کۆمپانیای وشە نا-تەندروست دەکەن بەلکو ڕەفتاری سیاسیش لە کۆمەلگە ناساغ و بیمار دەکەن.
ئەمەو سوفستایەکان کە هزر لەپاش و بێئاگان لە گۆڕانکاریەکانی جیهان ئاگایان لەوە نییە کە لاوازیەکانی دەولەتی لێبڕالی نوێ لە سێستەمی دیموکراسیەتەکەیدایە کە ئەوەش لە تێگەیشتنی ئەم سێستەمەدایە بۆ پەرلەمێنتاریزم بەلام سوفستایەکان لەبەرئەوەی لەسەر سێستەمێ تری ڕۆشنبیری کاردەکەن کە ئەوەش بە هێزی درۆ و سەفسەتە بەڕێوەدەچێ زۆر شیاوە کۆمپانیای وشە بەرەو گەلێ هەلەی سەیرسەیری سیاسی و ڕۆشنبیری بەرن کە هەرهەمووشی بەری بێئاگاییانە لە گۆڕانکاریە ڕاستەقینەکانی جیهان. لەم ڕوەوە هەلەشناکەین بلێین، گشت حیزبێ سیاسی لە ئەورووپا تاقمێ ئابووریناسی لەخۆ کۆکردۆتەوە کە هەریەکەیان لە بەش و لایەنێ لە ئابووری جیهان و ولات شارەزان جگەلەو شارەزاییەی لەسەر داهاتی نەتەوە و سەرچاوەکانی ئابووری ولات و جوولەی سەرمایە، خزمەتکوزاری و شمەک هەیانە. دەسەلاتی سیاسی کوردی کە لەمڕووە بێئەزموونە، ئەوەش لەبەرئەوەی نەک هەر ئابووریناسمان نییە و ،یان هەبوونەکەی بێئەندازە کەمە و ئەوی هەشە شارەزایێ نوێ و هاوچەرخی لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی دۆزی ئابووری نوێی جیهان و ناوچەکە نییە ، بەلکو ئەوەش کە ئەم لایەنە نەبووە بە نەرێت کە دەسەلاتی سیاسی کوردی دەستەبژێری ئابووریناسی هاوچەرخ لەخۆیکۆکاتەوە. ئەمە کە بۆخۆی گرفتێ بچکۆلەنیە موخابن چارەسەرکردنی هیچ کارێکی لەسەرنەکراوە. بەپێچەوانەوە لای ئێمە، لەناو کورد، لەناو باشترین حیزب و گرووپی سیاسیەوە بگرە تا خراپترینی تەنیا ڕۆژنامەوان و نووسەری وێژەدۆستی سوفستای لەخۆ کۆکردۆتەوە. ئەم سوفستاییانە کە ئابرووی کردەی ڕۆشنبیرییان بردووە ، کە وێژە و ڕۆژنامەوانی و تیۆری سیاسی بەیەکتر تێکەلدەکەن و تیۆریزەش بەسەر هیچییەوە دەکەن لەسەر ئامادەبوونی گەندەلی لە کۆمەلگەی هەنووکەی کوردستان بێئەندازە مشەخۆرن. ئەمانە کە خۆیان وەک کۆمەلناس و تیۆریزەکەری سیاسی و ئابووریناس و زمانەوان و بیرمەندیش دەناسێنن لەو گەندەلیە بەرپرسیارن لە پۆلە ڕوناکبیریەکانا گەشەدەکا. بەکورتی ئەمانە کە خۆیان وانیشان دەدەن دوژمنی هەرەگەورەی گەندەلین تابلێی لە گەندەلی سوودمەندن و تائەوپەڕیش بەکاریانبردووە. لێرەوە دەگەینە ئەو بیرۆکەیەی لایسەرەوە بە کراوەی جێمانهێشت ، واتە بەکاربردنی کۆمپانیای وشە وەک دالدەێ ئەنتی گەندەل لەلایەن گەندەلچی و سوفستایەکانەوە. بۆیە گەر گۆڕینی وێنەکان، وێنەی سیاسی ، وێنەی کۆمەلایەتی و تەنانەت ئابووری و کولتووریش بۆ کۆمپانیای وشە بە بابەتێ بەبایەخ لەقەلەمدەدرێ و ، وەک بەشێ لە ئەرکی ڕاگەیاندنیش تەماشادەکرێ پێویستە کۆمپانیای وشە ڕاگەیاندنەکەی لەدەست لەلاێ سوفستای و لەلاێتر گەندەلخوازەکان دەربازکات. ئەگەر کۆمپانیای وشە ئەمە نەکات نەک هەر ناتوانێ لەبەشێ زۆر لە دیلێما سیاسییەکانی بێتەدەر بەلکو ئەوەش کاوێژدەکاتەوە کە هێزە سیاسییەکانی تر بەرهەمیانهێناوە. واتە لێگەڕان لە کارکردنی کەسی ناپێویست لە شوێنی پێویست دا.
 
                                                               ئوکتۆبەری 2009 
azadhama@hotmail.com


سەرچاوە و پەراوێزەکان

62. لەم ڕوەوە بڕوانە ئەو گفتووگۆ فەلسەفیەی لەسەر هزری سیاسی "ئارنیستۆ لاکلاو" لە کتێبی "خوێنەری ڕەخنەی  لاکلاو " دا دەکرێ، واتە گفتووگۆی کێشەی گەردووناوی لەناو فەلسەفەی سیاسیدا.
Simon Critchley. Laclau Critical Reader. Routledge ، 2004، p. 17.

63. داوا لە خوێنەر دەکەین بۆ پتر تێگەیشتن لە واتای ڕووداو  و ""ڕووداو - خود"" لەلاێ بگەڕێتەوە لای ئالێن بادیو و دواتر لای کارل شمیت بەتایبەت لەو شوێنەی پێوەندی بە واتای سیاسییەوە هەیە. بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:

Alain Badiou. Being and Event، trans. Oliver Feltham، London، Continuum، 2000.

Carl Schmitt.The Concept of the Political. Chicago University Press; Revised edition edition 1996.

64. Gilles Deleuze. Nietzsche And Philosophy. Columbia University Press; Revised edition، 2006، p. 197.
65. بڕوانە کتێبەکەی دولۆز (جیاوازی و دووبارە) کە لەسالی 1968 دا نوسخەی فەڕەنسی کتێبەکە لە چاپخانە هاتۆتەدەر و لە 1994 دا کراوە بە ئینگلیزی. کتێبی ناوبراو بەخۆی تێزی نامەی دکتۆرای دەولەتەکەی(پرۆفیسۆڕانامە) دولۆزە کە لەهەمان سالدا ،واتە لە 1968 دا، نووسیویەتی. وایبۆدەچن ئەم کتێبە(نووسین و جیاوازی) سەرلەنوێ نووسینەوەی "ڕەخنەی عەقلی پووخت" ەکەی کانتە. ئەم نووسینەی دولۆز ڕەخنەکردنی تیۆری نوێنەرایەتیە و کۆششێکە بۆ گەشەدان بە واتای "جیاوازی" لە خودیخۆیدا و هەروەها واتای "دووبارە" بۆ خودیخۆی.
Gilles Deleuze. Difference and Repetition. Continuum International Publishing Group Ltd.; New Ed edition. 1994، p. 136، 45.
 
66 . هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 6.

67. بۆ ئەوەی خوێنەر زۆرتر لە دیتنەکانمان نزدیکببێتەوە داوادەکەین بگەڕێتەوە سەر ئەو کتێبەی دوو فەیلەسوفی فەڕەنسی (فیلیپ لاکۆ- لابارت و ژان – لۆک نانسی )بەناوی "گەڕانەوەی سیاسی " نووسیویانە. ئەم دوو فەیلەسوفە لەم کتێبە کار لەسەر واتای سیاسی دەکەن. کارکردنەکەشیان لەسەر بۆچوونەکانی هایدگەر، فرۆید و لاکان دادەمەزرێنن. مەبەستی سەرەکیشیان لەم کارکردنە گەڕاندنەوەی سیاسییە، ئەو شتەی سیاسییە. ئەم دوو فەیلەسوفە فەڕەنسیە لە زەمەنێکا کار لەسەر گەڕاندنەوەی سیاسی دەکەن کە هەندێ دەیانەوێ  فەلسەفە بمرێنن.
 
Philippe Lacoue-Labarthe and Jean-Luc Nancy. Retreating the Political، Routledge، 1997.

68. بۆ زێتر تێگەیشتن لە واتای ڕاستی سیاسی بڕوانە ئەم نووسینەی بادیو(سیاسی وەک بەرهەمهێنەری ڕاستی) لە کتێبی (میتاپولیتیک- ئەودیوسیاسەت) (بە ڕووسی):  

Бадью А.  Мета/Политика : Можно ли мыслить политику?: Краткий курс метаполитики / А. Бадью; пер. с фр. Б. Скуратова، К. Голубович. – М.: Логос، 2005.  c. 218-229.

69. بۆ تێگەیشتن لە ڕوونکردنەوەکانی بادیو بۆ واتای وەک "ڕاستی"، "خود"، "ڕووداو" و "دۆز" بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە. یەکەمیان ئەوی "پێتەر هالوارد" (بادیو: خودێ بۆ ڕاستی) و ئەوی دووەم پێشەکیەکەی "مواڤین دۆست" . 

Peter Hallward. A. Badiou: Subject to truth: Foreword by Slavoj Žižek / P. Hallward. – Minneapolis: Minnesota University Press، London.2003.

Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?. Urval & introduktion av Dariush Moaven Doust. Översätnin: Carin Franzen، Glänta produktion، 2005، s. 7–38.
.
70. لە "تیۆری یاری" دا کە سەر بەخانەی "تیۆری بڕیاردان"ە لە فەلسەفە نموونەێ زۆر کلاسیک هەیە بەناوی "دیلێمای گیراوەکان". ئەم دیلێمایە باس لە دوو گیراو –سجنکراو – دەکا کە ئەلتەرنەتیڤی ئەوە دەخرێتە بەردەستیان گەر یەکێکیان شایەتی لەسەر ئەویتر دا و ئەوی تر بێدەنگ بوو ئەوا ئەوی شایەتیداوە ئازاد دەبێ و ئەویشی بێدەنگ بووە بە دە سال زیندانی دەگرێ گەر هەردووش بێدەنگبن ئەوا هەردوو بە شەش مانگ زیندانیدەکرێن بەلام گەر هەردوو شایەتی لەسەریەکبدەن ئەوا هەریەکە بە دوو سال زیندانیدەکرێن. کەواتە گیراوەکان لەبەردەم مەسەلەی هەلبژاردندان، واتە چی هەلبژێرن چاکە. ئەلبەتە تیۆری گیراوەکان لەم سالانەی دوایدا و لەلایەن هەندێ بیرکاری (ریازی) ئەمەریکیەوە گەشەی پێدراوە و ئەلتەرنەتیڤەکان زیادکراوەن بەلام لەگەل ئەوەشدا تیۆریەکە جارێ هەر لە فەلەکی "تیۆری یاری" دا دەخولێتەوە و گشت مەسەلەکەش مەسەلەی هەلبژاردنە (ئیختیار). بۆ زۆرتر تێگەیشتن لە "تێۆری یاری" و "دیلێمای گیراوەکان" بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:
Folke Tersman. Fem filosofiska frågor. Wahlström & Widstrand، 2001.
Jorgen Hermansson. Spelteorins nytta: Om rationalitet i vetenskap och politik، Uppsala 1990.
71. لەم نووسینە کۆلین وایت باس لەوە دەکا  ""مەرگی خود"" یەکێکە لە بانگەوازەکانی چاخی پۆست مۆدێرن. بەلام بۆ وایت ئەمە بەو مانایە ناێت کە "خودی پۆست مۆدێرن" بوونی نییە ، یاخود تارماوییە یان لە غەیبووبەدایە بەلکو ئەوەیە کە "خودی پۆست مۆدێرن " جارێ جەستەێ نەنێژراوە. بۆ ڕوونکردەوەی ئەم لایەنە تەماویانە کۆلین وایت تێگەیشتنی فەلسەفی سلاڤۆی ژیژک و کارل شمیت بەسەردەکاتەوە. بڕوانە ئەم سەروتارەی کۆلن وایت:
    Colin Wight. “The Political Subject post-September 11: From Zizek to Schmitt” Paper presented at the annual meeting of the International Studies Association، Le Centre Sheraton Hotel، Montreal، Quebec، Canada، Mar 17، 2004<http://www.allacademic.com/meta/p74448_index.html
72. بۆ زۆرتر قولبوونەوە لەم سێرکردنە بڕوانە ئەم سەروتارەی "ئەنتۆنیۆ کەلگانۆ" کە یەکێکە لە ڕاڤەکەرانی بینینی سیاسی بادیو.
Antonio Calcagno.Alain Badiou: the event of becoming a political subject. Philosophy & Social Criticism، Vol. 34، No. 9، 1051-1070 (2008).

هەر تایبەت بە بادیو و تەماشاکردنی بۆ سیاسەت و خودی سیاسی بڕوانە ئەم دوو نووسینە کە تایبەت بە هزری سیاسی بادیو نووسراون:
Janson Barker. Alain Badiou: A Critical Introduction. London: Pluto، 2002.

Peter Hallward. Badiou: A Subject to Truth، Minneapolis، university of Minnesota Press، 2003.


  73 .ئاشکرایە هەقایەتی سیاسی کارل شمیت و گلانی بە دیاردەی نازیزمەوە تاهەنووکەش لە کۆلینابێتەوە. ئەم کە وەک هایدگەر ئەم باسەی کەوتۆتە دوا کارینەکردۆتە سەر بەکاربردنی دیتن و تێگەیشتنە سیاسی و فەلسەفیەکانی. لە بواری تیۆری سیاسیدا گفتووگۆی گەرم لەسەر نووسینە سیاسیەکانی کارل شمیت هەیە و بەیەکێ لە تیۆریزەکەرە سیاسییە بەرچاویەکانی سالانی ڤایمەر دادەنرێ. شمیت تائێستاش بۆ گەلێ لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە بواری ئەوەی پێیدەلێن واتای سیاسی ، سیاسەت و دەولەتی ڕیزپەڕ سەرچاوەێ تیۆریی گرینگە. بۆنموونە بۆچوونە سیاسیەکانی فەیلەسوفی ئیتالی جۆرجیۆ ئاگامبین بۆ "دەولەتی ڕیزپەڕ" لەگەلێ ڕووەوە قەرزاری بۆچوونە تیۆریە سیاسییەکانی کارل شمیتە، یان گەلێ لە سێرکردنە فەلسەفیەکانی دێریدا، ژیژک، بادیو، نیگری، ئارندێت، شاتال ، بالیبار و..هتد بۆ واتای تیۆلۆژیای سیاسی و سیاسەتی ڕۆمانسی و خودی سیاسی بە سێرکردنە فەلسەفییە سیاسیەکانی کارل شمیتەوە وابەستەیە.
بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:
Carl Schmitt.The Concept of the Political. Chicago University Press; Revised edition edition 1996.
 
74. بۆ پتر تێگەیشتن لەم دەربڕینە "بە دیموکراتیزەکردنی دیموکراسیەت" بڕوانە ئەم نووسینەی شانتال موف (لەمەڕ سیاسی). موف کە وەک پۆست مارکسیستێ ناسراوە و لە نووسینەکانیدا ڕەخنەێ تووند ئاڕاستەی تیۆری دیموکراسی لێبرالیزمی نوێی ڕۆژئاوا دەکا لە گفتووگۆی گەرمدایە تایبەت بە گەلێ لە کێشە سیاسییەکانی کۆمەلگەی هاوچەرخی ڕۆژئاوا :
Chantal Mouffe. Om det politiska.  Övers.  Oskar Söderlind. Stockholm: Tankekraft Förlag، 2008.

 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست
هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت
1.60