به‌ره‌و گۆڕینی دیده چه‌قبه‌ستووه‌کان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له مێژووی کورددا دووجاران کاری ناجۆر و توندوتیژی له‌هه‌مبه‌ر خه‌ڵکانی سه‌ر به ئایینی دیکه‌ی نائیسلامییانی کوردستان ئه‌نجامدراون. یه‌کێکیان له سه‌رده‌می پاشای کۆره‌ی ڕه‌واندزدا بووه، کاتێک کوردانی ئێزدی وه‌به‌ر هێرش و په‌لامار که‌وتوون و توندوتیژییان به‌رانبه‌ر کراوه و کوشتنی مار شه‌معوونی ئه‌رمه‌نییش له لایه‌ن سمایل ئاغای شکاکه‌وه(سمکۆ)، ئه‌وه‌ی دووه‌میانه. هه‌ردووکیان کارگه‌لێکی خراپ بوونه. ئه‌گه‌ر له ڕۆژانی پێشیندا و له مێژوویه‌کی کۆندا، جارجارێک ناته‌باییه‌ک یا جۆره کێشه‌یه‌ک له باره‌ی ئایین و ئایینزاوه که‌وتبێته نێوان دانیشتووانی کوردستانه‌وه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌وه‌تی من بۆ خۆم له‌بیرمه، کوردستان هه‌رگیز وڵاتێک نه‌بووه، چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی و جه‌نگی ئایینزایی تێدا ئه‌نجامدرابێت. دانیشتووانی کوردستان به‌وه ناسراون، که هه‌میشه یه‌کدییان قه‌بووڵ کردووه و ڕێزیان بۆ به‌رانبه‌ره‌کانیان داناوه، ئیدی سه‌ر به هه‌ر ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بووبن. من له باوک و دایکی خۆم و له خه‌ڵکانێکی له خۆم به‌ته‌مه‌نه‌نترم بیستووه، که هاوسێی جووله‌که‌یان هه‌بووه و هاتووچۆیه‌کی زۆر گه‌رم له‌نێوانیاندا هه‌بووه و کڕین و فرۆشتن له‌نێواندا هه‌بووه و ئه‌وپه‌ڕی بڕوایشیان به یه‌کدی هه‌بووه.
له سه‌رده‌می خوێندنم و کارکردنمدا له کوردستان و عیراق، هه‌موو جۆره خوێندکارێک و هاوکارێکی سه‌ر به ئایین و ئایینزای جیاوازم له‌گه‌ڵدا بووه و وێکڕا خوێندوومانه و کارمان کردووه و که‌سمان نه‌مانزانیوه ئه‌وه‌ی دیکه‌مان سه‌ر به چ ئایین یا ئایینزایه‌که. سوننه و شیعه و فه‌له و ئێزدی و مه‌ندائی و یارسانی و...هه‌موو هاوڕێ و دۆست و که‌سی یه‌کدی بووینه و ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی و ڕێزمان بۆ یه‌کدی هه‌بووه و وه‌ک مرۆڤ و دۆست و هاوڕێ سه‌یری یه‌کدیمان کردووه، بێ گوێدانه ئایین و ئایینزا و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یش.به گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه و به‌گوێره‌ی ئه‌و کراوه‌یی و گۆڕانه زیاتره‌ی به‌سه‌ر کوردستاندا هاتوون، من پێم باشه: ناوی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حوکوومه‌تی کوردستان بگۆڕدرێ و بکرێته وه‌زاره‌تی کاروباری ئایینی کوردستان ، که سه‌رپه‌رشتی کاروبای هه‌موو ئایینه‌کانی کوردستان بکات و هه‌موو که‌سێکیش، سه‌ر به هه‌ر ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه‌یه‌که له کوردستاندا(کورد، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئه‌رمه‌نی، سریان، عه‌ره‌ب، مه‌ندائی، سوننه، شیعه، یارسان، ئێزدی، عه‌له‌وی، قادری، نه‌قشبه‌ندی و..)، به گوێره‌ی به‌هره و توانست و لێوه‌شاوه‌یی و لێزانیی، بۆی هه‌بێت کاری ئه‌و وه‌زاره‌ته بگرێته ده‌ست و ببێته وه‌زیری کاروباری ئایینی کوردستان. خوێندنی ڕشته‌ی ئایینیش له خوێندنگه‌کانی کوردستاندا وه‌ک زانست و مێژوو و هزر و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بخوێنرێ و ببێته ڕشته‌یه‌ک هه‌موو ئایینێکی تێدا بخوێنرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له خوێندنگه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپادا پێڕۆ ده‌کرێت. به‌و هه‌نگاوه مێشکی منداڵ و خوێندکار پتر ده‌کرێته‌وه و دیدیان فراوانتر ده‌بێت و به‌رچاویان ڕوونتر ده‌بێت و هه‌مووان شاره‌زای هه‌موو ئایین و ئایین‌زاکانی یه‌کدی و هه‌موو جیهان ده‌بن. مه‌لای مزگه‌وته‌کانی کوردستان بڕێک له باسکردنی دووپشک و دۆزه‌خ و پردی سیرات و ڕۆژی په‌سڵان و سووتاندن و برژاندن و تۆقاندنی خه‌ڵک و... که‌مکه‌نه‌وه و پتر گوتاره‌کانیان ته‌رخانکه‌ن بۆ کێشه جڤاکی و سیاسی و ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و کێشه چینایه‌تییه‌کانیان و باشترکردن و هۆشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وتاری ده‌سه‌ڵاته‌وه.
به‌و هه‌نگاوانه، یه‌کگرتوویی و یه‌کیه‌تیی و وڵاتپارێزی و نیشتمانپه‌روه‌ریه‌تی خه‌ڵکی کوردستان به هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاکانییه‌وه، گه‌لێک پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بێت و وه‌ک وڵاتیش ڕه‌نگینتر و ئارامتر و خۆشتر ده‌بێت و ده‌بێته وڵاتێک بۆ هه‌موو دانیشتووانی.
17-1-2010



del.icio.us
Digg