له نێوان ژیار و شارستانیه‌تدا(1)
ئیبراهیم مه‌لازاده
1. قۆناغى شارستانیبوون دەکەوێتە کوێی قۆناغەکانى گەشەکردنى کۆمەڵایەتى؟
2. ئایا کەسی بەشاریبوو(کەسی شارستانى)کێیە؟ ئایا شارییەکانى کوردستان کەسانى بەشارییبوون یاخود دێهاتین و لەشاردا دەژین؟
3. تاچەند گەشەى شارستانى جیهانى رەنگدانەوەى هەبووە بەسەر گۆڕانی قۆناغ و شێوەى ژیانى کوردی و وەرچەرخانى لەکۆمەڵگەیەکى دێهاتى و فێندەمێنتاڵییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى شارستانى؟
هه‌ر له‌گه‌ڵ بینینی پرسیاره‌که کێشه‌ی چه‌مکی شارستانیه‌تم بۆ دروست بوو. عه‌ره‌به‌کان زۆرێک له چه‌مکه‌کان تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، له دونیای ئێمه‌ی کوردیش‌دا زۆربه‌ی جاران پێڕه‌وی له‌و هه‌ڵه به‌ربڵاوانه ده‌کرێت که نوسه‌ره عه‌ره‌به‌کان تێی ده‌که‌ون. تا ئێستا جیاوازی له نێوان سه‌کولاریزم و لایسیتێ ناکه‌ن و هه‌مووی هه‌ر به عیلمانیه‌ت ڕاڤه‌ی ده‌که‌ن. چه‌مکی شارستانیه‌تیش وه‌های لێهاتووه، عه‌ره‌به‌کان "civilization" هه‌ندێک جار به مه‌ده‌نیه‌ت و هه‌ندێک جاریش به "حضارة" وه‌رده‌گێڕن. به‌ڵام ئه‌وان ده‌وه‌شدا ده‌سه‌رچوون. که ئیبن خه‌لدون وشه‌ی "حضارة"ی بۆ civilization به‌کار هێناوه، ئه‌و وشه‌که‌ی له "حضر"ه‌وه هێناوه به‌پێچه‌وانه‌ی بادیه و بیابان و ژیانی کۆچه‌ری. ته‌نانه‌ت وشه‌ی وشه‌ی Culture یش عه‌ره‌به‌کان به "ثقافة" وه‌ریان گێڕاوه، که ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌ڵه‌یه. بۆیه به‌ر له هه‌موو شتێک وا باشه تیشکێک بخه‌مه سه‌ر جیاوازی نێوان چه‌مکی شارستانیه‌ت و ژیار.
زۆر جاران چه‌مکی "civilization" له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی میللی و ئه‌کادیمیدا وه‌کو سینۆنیم بۆ چه‌مکێکی فراوانتر به‌کاربردراوه که چه‌مکی "Culture"ه. هه‌موو مرۆڤێک به‌شداره له کولتور به "هونه‌ر و نۆرم و داب و نه‌ریت و بیروباوه‌ڕ و به‌ها و ڕه‌فتار و ئه‌و دابونه‌ریته ماددیانه‌ش که ئامرازی ژیانی خه‌ڵک پێک ده‌هێنن، به‌و مانایه‌ی که شارستانیه‌تیش به‌شێکه له کولتور، یا "ژیار".
له‌وه‌ش فراوانتر به‌کارهێنانه‌که‌ی"civilization" به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربلاو چه‌مکێکی وه‌سفییه بۆ په‌یوه‌ندیه کولتوریه کشتوکاڵیه‌کان و شارستانیه‌کان. به‌ڵام له ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، civilization زۆر تایبه‌ت تر به دیارده ماددییه‌کان له ژیانی کۆمه‌ڵگادا لێکدرایه‌وه. له به‌رامبه‌ریشیدا وشه‌ی "ژیار" که "Culture" ده‌گه‌یه‌نێت و به دیارده ڕۆشنبیری و مۆرالییه‌کانی ژیانی مرۆڤ لێکدرایه‌وه. به‌و مانایه‌ی که شارستانیه‌ت ده‌گوازرێته‌وه و به میرات ده‌گیرێت و بۆ نه‌وه‌کان به‌جێ ده‌مێنێت، به‌ڵام ژیار داهاتێکی سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌سته‌مه لێی وه‌ربگیرێت و بڵاوبکرێته‌وه. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وروپیه‌کان، به‌تایبه‌تیش ڕۆمانیه‌کان له به‌رامبه‌ر "ژیار"دا چه‌مکی به‌ربه‌ریه‌تیان به‌کار هێناوه، که له چه‌مکی دڕنده له زمانی کوردی‌دا نزیکه.
سه‌ره‌تای شارستانیه‌تیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئیغریقیه‌کان. که ئه‌و کاته شار بریتی بوو له یه‌که‌یه‌کی سیاسی ته‌واوکار و حکومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و سیستمێکی سیاسی تایبه‌تی هه‌بووه. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئاینی کریستیانی به ئه‌وروپا، شاره ئه‌وروپیه‌کان له ده‌ردۆری کڵێسا گه‌وره‌کاندا که پێی ده‌ڵێن cathedral کاتیدرال، بناغه‌یان لێدا. ئێستاش له به‌ریتانیا هه‌ر شارێک کاتیدرالی تێدا نه‌بێت پێی ناڵێن city که مانای شار ده‌دات، به‌ڵکوو پێی داڵێن town که هه‌ر مانای شار ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام شارێکی بێ کاتدرال. بۆیه شارێکی گه‌وره‌ی تێدایه پێی ده‌ڵێن تاون "town"، شارۆچکه‌یه‌کیشیان هه‌یه چونکه کاتێدرالی تێدایه پێی ده‌ڵێن ستی "city".
شارستانیه‌ت هێمایه‌که بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاڵۆز له‌ڕووی ڕێکخستنه‌وه، که زۆربه‌ی دانیشتوانی له "شار" ده‌ژین و به بازرگانی و "کشتوکاڵه‌وه" خه‌ریکن، به پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگا کۆچه‌ره‌کان که بونیادێکی خێله‌کیان هه‌یه و به هیچ پانتاییه‌کی جوگرافییه‌وه پابه‌ند نین. بۆیه به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌وه دێهاته‌کانیش به به‌شێک له شار داده‌نرێن.
هه‌ندێک پێیان وایه ژیار شێوازێکه بۆ ژیان هه‌ر له شته بچووکه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته سه‌رتاپای ئه‌و ورده‌کاریانه‌ی که له ژیانی کۆمه‌ڵگایه‌کدا پێڕه‌ویان لێده‌کرێت. ژیار ده‌ناسرێته‌وه به هونه‌ر، نۆرمه‌کان، بۆماوه‌یی ڕۆشنبیری و مێژوویی و ئاستی پێشکه‌وتنی زانستی و ته‌کنۆلۆژیا له ژیان و مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یکدا. به مانایه‌کی فراوانتر هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گه‌یه‌نێت که نه‌ته‌وه‌یه‌ک له نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه جیا ده‌کاته‌وه له‌ڕووی داب و نه‌ریت و نۆرمه‌کان و ڕه‌فتار و ئاکار و شێوازی ژیان و جلوبه‌رگ و هونه‌ر و وێژه و زانسته‌کان.
سه‌باره‌ت به وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌م، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له که‌سی شاری دانیشتوانی شار بێت ئه‌وه سیفه‌تێکه بۆ که‌سی بکه‌ر، که له شار دانیشتووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پرسیاره‌که "ژیار" بێت، ئه‌وه مه‌رج نیه که‌سی خاوه‌ن "ژیار" ته‌نها دانیشتووی شار بێت. ئایا ده‌توانین به که‌سێکی دانیشتووی لادێیه‌کی ئه‌وروپی بڵێین که‌سێکی دواکه‌وتوو. نه‌خێر. به‌ڵام بێگومان له ڕووی ژیاریه‌وه لادێیه‌کی ئه‌وروپی له شارییه‌کی کوردستان جیاوازه. له‌وانه‌یه گوندییه‌کی کوردستانیش پێشکه‌وتوو تر و ژیاری تر بێت له شارییه‌کی کوردستان. چونکه ژیاریبوون له ئاکامدا کۆمه‌ڵێک چه‌مکی جوان و ئاکار و ڕه‌فتارێکی پێشکه‌وتووانه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانین بڵێین ئه‌وانه‌ی له ده‌ڤه‌ری باڵه‌کایه‌تی داده‌نیشن ژیاری نین یا دواکه‌وتوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باڵه‌کایه‌تی شار نیه یا شاری لێ نیه، ئه‌وانه‌ش که له هه‌ولێر داده‌نیشن خاوه‌ن ژیارن چونکه هه‌ولێر لادێ نیه. ئه‌مه لای خه‌ڵکی کورد و ناوچه‌که زۆر به هه‌ڵه لێکدراوه‌ته‌وه و زۆرجاران وشه‌ی گوندی بۆ دواکه‌وتوو به‌کار ده‌هێنن، که ئه‌مه‌ش له‌خودی خۆیدا دواکه‌وتن ده‌گه‌یه‌نێت، چونکه له چه‌مکه‌کان حاڵی نه‌بوون. بۆ دواجاریش ئه‌گه‌ر گوندینشینه کورده‌کان دواکه‌وتوو بن ئه‌وه شاریه‌کانیشی هه‌ردواکه‌وتوون، چونکه هه‌موویان هه‌ڵگری یه‌ک ژیارن و گوند پاشخانی ژیار و شارستانی و کشتوکاڵی شاره‌کانه.
سه‌باره‌ت به پرسیاری سێیه‌مه‌وه، گومان له‌وه‌دانیه که هه‌موو شارستانیه‌ته‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌بووه و ده‌شبێت. به‌ڵام گرنگه ئه‌وه بزانین، که زۆرێک له موسوڵمانه‌کان به‌هه‌ڵه‌داچوون که ده‌ڵێن ئێمه‌ش ده‌ستمان هه‌یه له بیناکردنی ژیاری خۆرئاوا، که ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، ڕاستیه‌که‌ی له ڕووی شارتانیه‌وه هه‌موو شارستانیه‌ته‌کان کاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه، هیچێکیش له‌و شارستانیانه به‌و کاریگه‌رییه قه‌ڵس نابن، چونکه له ده‌ره‌نجامدا خزمه‌ت به خۆیان ده‌کاته‌وه، ئێستا له ڕۆژئاوا به‌هه‌زاران پزیشک و ئه‌ندازیار و زانای گه‌وره له بواره ته‌کنۆلۆژی و ئابووری و زانستیه‌کاندا هه‌ن، ئه‌مانه خزمه‌ت به شارستانیه‌ت ده‌که‌ن به شێوه‌یه‌کی گشتی و به‌خێر بۆ هه‌موو وڵاتانی دونیا ده‌شکێته‌وه، به‌ڵام ژیاری ئه‌وروپی ژیارێکه تایبه‌ت به گه‌لانی ئه‌وروپا و سیما و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌ن، سه‌دان زانای گه‌وره‌ی ئه‌وروپی له‌و ڕووه‌وه ڕۆڵی خۆیان بینیوه و ئه‌و ژیاره‌یان پێشخستووه. ژیاری ئه‌وروپی له‌ڕووی مۆزیک و په‌یکه‌رتاشی و شێوه‌کاری و هونه‌ر و فیکر و فه‌لسه‌فه و تادوایی ڕه‌گه‌زه‌کانی ژیاره‌وه زۆر جیاوازن له‌و ژیاره‌ی که گه‌لانی مسوڵمان به هه‌موو جیاوازیه‌کانه‌وه هه‌ڵیان گرتووه. بۆیه‌ش ده‌ڵێم به هه‌موو جیاوازیه‌کانه‌وه، چونکه ئه‌و ژیاره‌ی که کورد هه‌یه‌تی له ناوه‌رۆکه‌که‌یدا زۆری جیاوازه له ژیاری عه‌ره‌بێک یا تورکێک، ته‌نانه‌ت دینداریه‌که‌شیان هه‌ندێک خاڵی جیاوازی هه‌ڵگرتوون و ژیاری ئه‌و گه‌لانه‌ی بوون به موسوڵمان کاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری دینداریانه‌وه هه‌بووه و هه‌یه. بێجگه له‌و خاڵانه‌ی که ئاین کۆیان ده‌کاته‌وه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت مۆزیک به نموونه وه‌ربگرین کورد خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیه‌کی ته‌واو جیاوازه له گه‌لانی ده‌ورووبه‌ریه‌وه. که له سویسرا مناره قه‌ده‌غه ده‌کرێت ئه‌مه تایبه‌ته به دیارده‌یه‌کی ژیاریه‌وه و چونکه مناره هه‌ر بریتی نیه له قوچکردنه‌وه‌ی دیوارێک به خشت و که‌رپوچ، به‌ڵکو سیمبۆڵێکه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک مانا و هێمای ڕۆحی جیاوازه له ژیاری ئه‌وروپییه‌کاندا، بۆیه‌شه که ده‌زانن مه‌ترسی ده‌که‌وێته سه‌ر سیما ژیاریه‌کانیان، هه‌موویان قه‌ڵس ده‌بن و ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه. قه‌ڵسبوونی موسوڵمانه‌کانیش به بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردن له به‌دحاڵیبوونیانه له‌و خاڵه‌دا، ئه‌گینا ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندی به ئازادی ئاینیه‌وه نیه. له‌به‌ر ئه‌وه بمبووره که ده‌ڵێم دوا پرسیار زۆر تێکه‌ڵ کراوه، چونکه وه‌کو له پێشه‌وه گوتم "ژیار" کاری به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای دێهاتی و شارییه‌وه نیه، له‌وانه‌یه له هه‌ندێک شت‌دا جیاواز بن، به‌ڵام شاری و گوندیه‌کان له‌ناو یه‌ک نه‌ته‌وه‌دا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک خه‌سڵه‌تی یه‌کگرتووی گشتین و کۆیان ده‌کاته‌وه و پێی ده‌ڵێن ژیار. بۆیه ئه‌گه‌ر حیزبێکی ناسیۆنالیستی توندڕه‌و له‌ناو کورددا دروست بوو و دژی که‌مه نه‌ته‌وه و ڕه‌وه‌ندی بێگانه بوون له کوردستان ئه‌وه له ڕووی ژیاریه‌وه ده‌ڵێین ئه‌و لایه‌نه فه‌نده‌مێنتاڵن یا ڕه‌گه‌زپه‌رست، به‌ڵام فه‌نده‌مێنتالیزمی ئاینی چونکه خه‌سڵه‌تێکی ئاینییه و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی مسوڵمان ده‌گرێته‌وه، من به فه‌نده‌مه‌نتالیزمی ئاینی لێکی ده‌ده‌مه‌وه، نه‌ک به هی کوردی، چونکه بۆ دواجار ئه‌مه دیارده‌یه‌کی کوردی و دینداری خه‌ڵکی کوردیش نیه و ڕه‌گوڕیشه فیکریه‌کانیشی له کوردستانه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاون. به‌ڵام ده‌توانین ئه‌مه به فه‌نده‌مێنتاڵی عه‌ره‌بی ناوزه‌د بکه‌ین، چونکه خودی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌نده‌مێنتاڵی ئیسلامی بۆ میسر و هه‌ندێک وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ره‌نجامی ئه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیانه بوو که ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و ده‌سته‌ڵاتی وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بوون و ئێستاش نه‌یانتوانیوه لێی ده‌رباز بن، به‌تایبه‌تیش قه‌یرانی نێوان ئیسرائیل و عه‌ره‌به فه‌له‌ستینیه‌کان. له هه‌موو حاڵه‌ته‌کانیشدا ئه‌مه فه‌نده‌مێنتالیزمی ئاینییه و کاری به‌سه‌ر کوردبوونه‌وه نیه. به‌ڵام گومان له‌وه‌دانیه که کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیاری کوردیشه‌وه هه‌یه، چونکه بۆدواجار فه‌نده‌مێنتالیزم کار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌فتار و ئاکاره ژیاریه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌کات و نموونه‌ش له‌م ڕووه‌وه زۆرن. که‌واته لکاندنی وشه‌ی فه‌نده‌مێنتاڵ به دێهاته‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، چونکه ئێستا فه‌نده‌مێنتالیزم زیاتر دیارده‌یه‌که له شاره‌کان و له گه‌ڕه‌که په‌راوێزخراوه‌کانه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات و به‌گوڕ و تین ده‌بێت. به‌ڵام ئایا هه‌ندێک داب و نه‌ریتی دێهاتیه‌کان جیاوازه له هی شار، به‌ڵێ جیاوازه، ته‌ماشاکه‌ن ته‌نانه‌ت له‌ڕووی خانووبه‌ره‌شه‌وه جیاوازن، چونکه ئه‌مه جیاوازیه‌که له نێوان شار و لادێ. به‌ڵام له ئه‌وروپا ئه‌و جیاوازیه‌ش نه‌ماوه و مه‌گه‌ر نه‌بوونی بازاڕه داخراو و گه‌وره‌کان شار و دێهاته‌کان له‌یه‌کتر جیا بکاته‌وه ئه‌گینا خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار هه‌وڵ ده‌ده‌ن له دێهاته‌کاندا بژین، چونکه ژیانی شار پڕه له جه‌نجاڵ و قه‌په‌باڵغی و تاوان و کێشه‌ی هه‌مه‌جۆر. بۆیه ئارامی و خۆشگوزه‌رانی له دێهاته‌کاندایه نه‌ک له شاره‌کان. که‌به‌داخه‌وه ئێستا له باشووری کوردستاندا وه‌کو زۆر شت لینگاوقوچ به‌ڕێوه ده‌چێت و پێچه‌وانه‌یه، بۆیه هه‌موو خه‌ڵک هه‌ر هه‌وڵ ده‌دات بچێته شار، که ئه‌مه‌ش له پاشاگه‌ردانی و ناهۆشیاریه‌وه دێت و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر کێشه‌یه‌ک ڕابکات ژماره‌یه‌ک کێشه‌ی دیکه به‌دوای خۆیه‌وه دێنێت. ئه‌گینا هه‌م له ڕووی ته‌ندروستی و کۆمه‌لایه‌تی و ئابووری و تا دوایی بواره‌کانی دیکه گوند و دێهاته‌کان خۆش تر و ژیار تر و ساده ترن. بۆیه پێویسته سه‌روه‌ری بۆ دێهاته‌کان بگه‌رێندرێته‌وه و ڕێگاوبانه‌کان خۆشبکرێن و خوێندگا و نه‌خۆشخانه‌یان تێدا ده‌سته‌به‌ر بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاره‌کاندا جیاوازیان نه‌مێنێت، ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی که قه‌یرانی نیشته‌جێبوون که‌مده‌کاته‌وه و کشتوکاڵ ده‌بوژێته‌وه که سیمایه‌کی ژیاریه.
(1) وه‌ڵامی چه‌ند پرسیاریارێکی گۆڤاری هه‌ڵگوردی ژماره (53) یه.



del.icio.us
Digg