شیعری گه‌نج: بوونێکی سه‌رنجڕاکێشه نه‌ک خۆکردنه به سه‌رنجێکش
هه‌ندرێن به‌شی دووه‌م
"کام ئاسته‌نگ رێگه له ئێمه ده‌گرێت که به زه‌رده‌خه‌یه‌که‌وه باسی هه‌قیقه‌ت نه‌که‌ین".
هۆراتیۆس
(له به‌شی یه‌که‌می کتێبی: نیتشه "گرفت -رمانی ڤاگنه‌ر- Fallet Wagnar")
***
له‌وه‌ش بترازێێن، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک په‌رۆشخۆری ره‌هه‌ندی ئێتیکی نووسین و نووسه‌ریی بێت، ده‌بێت سه‌رنجێکی رۆشنبیریی له ئاکاری "یه‌کێتی نووسه‌ران"ی هه‌ولێر بدات، که مرۆ نازانێت "سۆسیال بیرۆ" یه یان مه‌کۆی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری هاوڕێی هاوئامانجی ماددیی و سیاسییه. دیاره یه‌کێتی نووسه‌ران" گه‌ره‌که بۆ هه‌موو نووسه‌ری په‌رۆشخۆر ئاوه‌ڵا بێت. یان سه‌کۆیه‌ک بێت بۆ ده‌سپێوه‌گرتن به کار و باری ژیان و به‌رهه‌می نووسه‌ران. وه‌لێ "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" که به "ته‌وافقی مسبق" ساڵانه، بێ نه‌ریتێکی ئه‌ده‌بیی بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت که‌س بزانێت، پاره به‌ناوی "خه‌ڵات"کردن به‌سه‌ر نووسه‌ری هاوپێڕ و ده‌سه‌ڵاتداردا دابه‌شده‌کا. پارساڵ بێ ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه بێ ناونیشانێک، نه‌ریتێکی ئه‌ده‌بیی و پێوانه‌یه‌کی "داهێنه‌ر"یی، له‌سه‌ر وه‌زنی ئه‌و قسه نه‌سته‌قه‌ی کوردیی،"شین و شایی ده‌سته‌وایی"ه‌یه‌وه، به ئاماده‌بوونی "وه‌زیری رۆشنبیریی" و "پارێزگاری هه‌ولێر" ، چه‌ند نووسه‌رێکی "خه‌ڵات"کرد. باسی ئه‌وه ناکه‌ین که هه‌ندێکیان زیاتر ده‌سه‌ڵاتداری میدیای حیزبین نه‌ک پیشه‌ی نووسین. هه‌موو ده‌زانین بودجه‌ی ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه له کوێوه دێت و ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ندیشن کێن.
به‌ڵام که‌س نایپرسی: ئاخۆ "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" له روانگه‌ی کامه خه‌می رۆشنبیرییه‌وه بوو که پارساڵ دوای هه‌فته‌یه‌ک له دابه‌شکردنی خه‌ڵاته "ته‌وافق"ه‌کاندا به‌سه‌ر نووسه‌راندا، که گه‌نجێکیان تێدا نه‌بوو، "وه‌زیری رۆشنبیریی" و پارێزگاری هه‌ولێر"ی خه‌ڵاتکرد؟ هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌و پاره دابه‌شکردنه‌ی "یه‌کێتی نووسه‌ران" خه‌ڵات نییه، به‌ڵکوو کۆمه‌کییه. چونکه "خه‌ڵات" له هه‌موو وڵاتێکی غه‌یره پاشه‌گه‌راندا مانایه‌کی کو‌لتووریی هه‌یه، کۆمه‌کییه‌کی مانه‌وه‌یی نووسه‌رانه تاکوو به‌رده‌وام بن له نووسیندا، هه‌روه‌ک به‌شێکی گرینگیشه له "سیاسه‌تی کو‌لتووریی" . لێ ئه‌و "خه‌ڵات"ه له کوردستاندا ته‌نیا له به‌های ماددییدا کورتکراوه‌ته‌وه. بۆیه پاش هه‌ر خه‌ڵات دابه‌شکردنێک، له بری سازکردنی گفتوگۆیه‌کی رۆشنبیریی کراوه له مێدیاکاندا له لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه، که‌چی ئه‌و نووسه‌ره له مه‌جلیس و چایخانه‌کانی کوردستاندا ده‌رده دڵ و منگه منگ ده‌که‌ن.
گه‌ره‌که بێژم، به‌شێک له ئه‌رکه گرینگه‌کانی ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه کۆمه‌کییکردنی ئابووریی ئه‌و شاعیره "گه‌نج" و ئاماده‌کردنی کۆڕ و داواتکردنی نووسه‌ره په‌رۆشخۆره‌کان بێت.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و شاعیره گه‌نجه که پێی وایه ته‌نیا ئه‌و بایه‌خی پێ‌نادرێت، ناچارم ئاماژه به حیکایه‌تێکی خۆم بکه‌م. من به‌هاری 2008 که به‌سه‌ردان هاتمه‌وه کوردستان به نیاز بووم له روانگه‌یه‌کی "مێژووی هزریی"ه‌وه کۆڕێک له‌سه‌ر دیارده‌ی نووسینی رۆمان و رۆمان خوێندنه‌وه پێشکه‌ش بکه‌م. بۆ ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ به که‌ریم ده‌شتی شاعیر و چه‌ند نووسه‌ری تر نزیک به‌و "یه‌کێتی نووسه‌ران"ه‌م راگه‌یاند که ئه‌گه‌ر پێیان خۆشه له "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" ئه‌نجامیده‌ده‌م، که‌چی وه‌ڵامیان نه‌بوو. له کاتێکدا وێڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌و بابه‌ته به‌هه‌ڕمێنه له کوردستاندا که که‌سێک تشتێکی ئه‌وتوی له‌سه‌ر نه‌گوتبێت که سه‌رنجکێش بیت، ده‌بوو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و"یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه که، هه‌رنا ئێواره‌یه‌ک له‌و به‌تالێیه‌ی که ئێواران له "حه‌وشه"که‌یاندا به‌سه‌ری ده‌به‌ن به‌و کۆڕه پڕیان بکردباوه.
له‌وه‌ش گه‌ڕێ، داوام له‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه کرد که ئه‌گه‌ر ده‌کرێت سه‌باره‌ت به واژووکردن و نه‌کردنی ئه‌وانه له ته‌ک ئه‌و "داخوازینامه"ی که بۆ به ستانده‌رده‌رکردنی زمانی کوردیی ئاماده‌مان کردبوو، که‌چی خۆیان بێده‌نگ کرد. دواجار ئاکامی ئه‌و بێباکییه‌ی ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌ران"ه بابه‌تی کۆڕه‌که‌م، وه‌ک بێئومێدییه‌کانی تر، له‌گه‌ڵ خۆم هێنایه‌وه سوێد.
که‌چی پارساڵ "یه‌کێتی نووسه‌رانی سوێد" وه‌ک رێزگرتنێک له چاپی دیوانه وه‌رگێڕدراوه‌که‌م بۆ زمانی سوێدیی"سکاندیناڤیا...." و به‌رهه‌مه‌کانی ترم، مه‌سره‌فی هه‌موو سه‌فه‌ره‌که و خانووی تایبه‌تی خۆیان له شاری ئه‌سینا بۆ پشوودان پێبه‌خشیم. ( لێ به هۆی دڵه‌خورپه‌ی کاته‌وه نه‌متوانی ئه‌و سه‌فه‌ره بکه‌م). تۆ بڵێی تاقمی "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" نه‌ک کوردستانیش هێنده له من "ئه‌زمووندار" و "خه‌باتگێڕ"تر بێت، یان تاکوو ئاستی ئه‌ده‌بی یه‌کێتییه‌که‌یان دانه‌به‌زێت، بۆیه بێده‌نگیان له سازکردنی ئه‌و کۆڕه کرد؟ یان تۆ بلێی مجگێزی خێڵه‌کیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی سیاسی و رۆشنبیریی وه‌ک مندا وای لێکردبن سوکتی بنوێنن؟! به‌ڵێ، ئه‌و ده‌زگا به‌ناو رۆشنبیرییانه وه‌فایان بۆ نووسه‌رگه‌لێکی وه‌ک مه‌سعود محه‌مه‌د نه‌بێت که ئاماده نییه جارێک به چاپکردنی کتێبێکی، یان کۆڕێک له‌سه‌ری یادی بکه‌نه‌وه، چۆن گرینگ به شیعری نوێ و نووسه‌رێکی دوور له ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کانیان ده‌ده‌ن!
***
له‌وه‌ش زیاتر، مرۆ کاتێک له‌و "ته‌وه‌ره"دا ئه‌و زمانه هاودژ (په‌رادۆکس)ه و خه‌مهێنه‌ره‌ی نووسه‌ران، به تایبه‌تی شاعیر و "پۆستئۆپۆزیسیۆن"ێکی وه‌ک فه‌رهاد پیرباڵ ده‌خوێنێته‌وه، ناتوانێت، بۆ ئه‌وه‌ی، خۆی له "تووڕه"یی ئه‌و نووسه‌رانه بپارزێزت، بێده‌نگ بێت. دیاره لێره‌دا له سۆنگه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتن به جۆشدانی ئه‌و بابه‌ته و رێزم بۆ فه‌رهاد و کۆی نووسه‌رانه‌وه به کراوه‌یی و کۆنکرێتی ده‌نووسم نه‌ک مه‌به‌ستێکی تر. ئاماژه به فه‌رهاد ده‌که‌م، چونکه له‌ناو نووسه‌ر و خوێنه‌رانی هه‌وڵیداوه خۆی وه‌ک شاعیر و "رۆشنبیر"ێکی دژه گه‌نده‌ڵیی و "شێت" یان "ئه‌نارشیست" بنوێنێت. فه‌رهاد له‌و "ته‌وه‌ره"دا، وێڕای هاودژیی له راکانییدا، چونکه ده‌ڵێ ئه‌و نه‌وه‌یه "هیچ ئیزافه‌ی نییه ..." و دواییش ده‌ڵێت، هه‌ندێکیان "باشن". ئێ خۆ نه‌وه‌ی رابردووش هه‌موویان داهێنه‌ر نه‌بوون؟ دوایی ئه‌و ده‌ڵێ ناوی ئه‌و شاعیره "گه‌نج"انه ناهێنم که باشن، چونکه "تووڕه" و...تاد ده‌بن و ، باشه فه‌رهاد که ساڵانێکه به دروشم و بانگه‌شه، کۆڕه شیعریی و سیاسییه‌کانیه‌وه له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵیی و رۆڵی گه‌نج و ... تاد خۆی کرد به چه‌شنه "ئیدۆل" و رابه‌رێکی"شۆڕگێڕێکی"ی بێشوڕشی گه‌نجان، که‌چی دواجار له دوا رۆژی هه‌ڵبژاردنی 2009.7، بێ گوێدانه "تووڕه‌بوون و رق"ی ئه‌و "گه‌نج"انه له خۆیه‌وه، وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: له پێناو ئازادی"رای شه‌خسی خۆیی و مافی تاکه‌که‌سی..." چوو له "زاگرۆس تێ‌ڤی" ده‌نگدانی خۆی بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم، راگه‌یاند.
لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئاماژه کردن نییه به راستی و چه‌وتی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی ویی و به‌رته‌کی گه‌نجه‌کانیش، به‌ڵکوو مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه: فه‌رهاد پیرباڵ که زیاتر حه‌زده‌کات ئه‌و گه‌نج وه‌ک شاعیرێکی "سوریالی" و "باوکی روحی گه‌نج" بیناسێت، که به هۆی سافیلکه‌یی ئه‌و گه‌نجه‌ی ئه‌مڕۆوه توانیشی زیاتر به ره‌فتاره خاکییه‌که‌یه‌وه نه‌ک "ئه‌فراندنێکی نوێ"ه‌وه توانیشی له کن به‌شێک له‌و گه‌نجه خۆی سه‌رنجڕاکێش بکات، که‌چی بۆ له پێناو ده‌ربڕینی هه‌مان ئه‌و"رای ئازاد"ییه‌ی که بێ ره‌چاوکردنی "تووڕه"بوونی ئه‌و گه‌نجانه ده‌نگی به سه‌رۆکی هه‌رێم دا، (هه‌ڵبه‌ته تووڕه‌بوون، سووتاندنی کتێبه‌کانی له لایه‌ن گه‌نجانه‌وه به هۆی کۆی ئه‌و ره‌خنه و داکۆکیکردنانه‌ی فه‌رهاد له‌و گه‌نجانه)، بۆ له‌و ته‌وه‌ره‌دا، له پێناو به‌رده‌وامبوون له‌و "مافی ده‌ربڕینی رای ئازاد"ه‌دا که له کن ئه‌و گرینگه ده‌نگی خۆی به‌و شاعیره "گه‌نج"انه نادات که له کن ئه‌و باشن؟! به‌رسڤی ئه‌و پرسیاره بۆ خودی کاکه فه‌رهاد، خاوه‌ن ته‌وه‌ر و ئه‌و نه‌وه‌یه به جێده‌هێڵم.
به‌ڵێ، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"و خوێنه‌رانێکی دژه سیاسه‌ت بڵێن نابێت بابه‌تی شیعر و سیاسه‌ته تێکه‌ڵاو بکه‌ین، پێویسته بزانین که هه‌ر هه‌موو ژیانی ئێمه و بگره کۆی په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کان له هه‌موو جیهاندا، بریتییه له سیاسه‌ت. ده‌زانم ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت له کن زۆرینه‌ی نووسه‌ر و شاعیر و خه‌ڵکی کورددا، به هۆی به هاومانه‌کردنی سیاسه‌ت به‌رانبه‌ر حیزب و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوورییه‌وه، وشه‌یه‌کی کرێته، که‌چی له کوردستاندا ئه‌وه حزبایه‌تییه نه‌ک سیاسه‌ت وه‌ک خۆی که کۆی بڕیار و کار و باره‌کانی ئێمه دیاریده‌کات، بگره ئه‌وه ئه‌وه حیزبایه‌تییه که واده‌کات ئه‌و شاعیره باڵاده‌سته، "ئه‌زموونداره" به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دان به‌و ره‌وته شیعرییه ئۆپۆزیسۆنه نه‌نێت. ئه‌گه‌ر وا نییه، ناوی کۆی ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار" و بێئه‌زموونه ریز بکه‌م که به‌رپرس و راوێژکار و مووچه‌خۆری حیزبه‌کانن؟! به‌ڵێ، سیاسه‌ته له ساده‌ترین پێناسه‌دا، بریتییه له کار و باری ژیان و ریکخستنی ئه‌رک و مه‌رجی هاووڵاتیان، تاکوو له جڤاکێکی دادپه‌روه‌ر و ئاسووده‌دا پێکڤه بژین.
وێڕای ئه‌مه‌ش فه‌رهاد پیرباڵ خاوه‌ن گۆڤاری "وێڕان"ه. به گوێره‌ی ئه‌و تاکه ژماره‌یه‌ی که من دیومه، تازه به دره‌نگییه‌وه ئه‌وه‌نده گرینگ به نووسینی به‌ختیار عه‌لی و وێنه‌کانی ده‌دا، له سه‌ره‌تای گۆڤاره‌که‌یدا دوو وتاری به‌خیتار عه‌لی به دوای یه‌که‌وه بڵاوده‌کاته‌وه، که بۆچوونه‌کانی وی له‌گه‌ڵ فه‌رهاد و پاشخانی گۆڤاره‌که‌یدا زۆر ناکۆکن. ئه‌دی بۆچی به‌وجۆره بایه‌خ به‌و "گه‌نج"ه نادات که ئه‌و پێی وایه له زانکۆ ده‌بێت "ببێته مه‌رجه‌ع"؟ ئه‌ها راوه‌ستن! ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماژه‌کردنه به به‌ختیار بۆ ئه‌و پێڕه به‌ناو شاعیر و نووسه‌ره پاشکۆ و ئه‌خلاق کۆیله‌یه روون نه‌که‌مه‌وه، یه‌کسه‌ر چه‌ک به روومدا هه‌ڵده‌گرن و له گۆڤار و رۆژنامه‌کانیاندا بایکۆتم ده‌که‌ن! نا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که نه شێوازی شیعریی و چێژی فه‌رهاد و پاشخانی گۆڤاره‌که‌ی، که گوایه بۆ "شیعری سوریالیی" و شکاندنی نه‌ریتگه‌لێکی وه‌ک "وێران تاقه گۆڤاره دژی ئیسرائیل نییه..." ، له‌گه‌ڵ شیعر و بیرکردنه‌وه‌ی به‌ختیاردا ده‌گونجێت و نه به‌ختیاریش به‌و دره‌نگییه‌وه پێویستی به بایه‌خدانی فه‌رهاده به‌و، که ده‌زانم فه‌رهاد پێویستی به‌وه، ئه‌وها دوو ده‌ق له دوای یه‌ک و وێنه‌ی بڵاوبکاته‌وه. به کورتی وه‌ک چۆن فه‌رهاد پیرباڵ بۆ خۆکردن به یه‌کێک له "رووناک‌بیر" انی ئه‌مڕۆ و به هه‌ڕمێنکردنی بازاڕی گۆڤاره‌که‌یه‌وه په‌نا بۆ به‌ختیار عه‌لیی و ئه‌وانیتر ده‌بات، به هه‌مان شێوه‌ش بۆ گه‌نجه‌کانیش سه‌رنجڕاکێشانی خوێنه‌ر، وه‌ک له‌و ته‌وه‌ره‌ی "کوردستان راپۆرت"دا دیاره، ناچارن په‌نا بۆ ئه‌و و شاعیره ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ببه‌ن.
وه‌لێ له په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی "ئیزافه"یه‌ک له شیعری گه‌نجدا، بۆ جۆشدانی یاده‌وه‌ریی گه‌نج و مشتوماڵکردنی گفتوگۆکانمان، ده‌خوازم کۆشیعره‌که‌ی ئێکزیل" به یاد فه‌رهاد پیرباڵ و خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ بهێنمه‌وه. ئه‌و کۆشیعره، که من لێره‌دا نیازم نییه هه‌وڵی ئه‌و مه‌یلی "ئیزافه"کردنه له‌و کۆشیعره‌دا بێبایه‌خ بکه‌م، وێڕای کاریگه‌ریی زه‌قی به‌شێک له‌و شاعیره سوریالیی و ناسراوانه‌ی فه‌ره‌نسی له‌و کۆشعره‌دا، که‌چی به‌شێک له شیعره‌کان کۆپیکردن و لاساییه‌کی راشکاوی فروغ فه‌روخزادن. دیاره دوای چاپکردنی ئه‌و کۆشیعره‌وه فه‌رهاد هاتبوو بۆ سوێد منیش به رێککه‌وت بۆ یه‌که‌م جارشم بوو ئه‌وم له "فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه کوردییه‌کان" له ستۆکهۆڵم بینی. له‌وێدا، که هه‌رچه‌ند من تازه هاتبوومه سوێد و تشتێکی ئه‌وتۆشم له باره‌ی ئه‌ده‌ب نه‌ده‌زانی، ئه‌و لاساییکردنه‌وه ئاشکرایه‌ی فروغ له شیعره‌کانی ئه‌وم به‌و راگه‌یاند. وه‌ڵامی دڵکراوه‌ی ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، که ئه‌وه یه‌که‌م ئه‌زموونییه‌تی بۆیه له‌مه‌ودوا خۆی له‌و کاریگه‌رییانه دوور ده‌خاته‌وه. دواجار له نه‌وه‌ده‌کاندا نووسه‌رێکی دیوی رۆژهه‌ڵات، فه‌ریدوون ئه‌رشدیی شیعره‌کانی فه‌رهادی له‌گه‌ڵ فروغ به‌راوردکردبوو، که به‌مه‌ش ئه‌و راستییه ده‌رکه‌وت. لێ له نه‌وه‌ده‌کاندا، که ئه‌وکات کێشه‌ی شارچییه‌تی و حیزبچییه‌تی گه‌رم بوو، له چه‌ند دیداری و وتاری فه‌رهاددا ده‌مخوێنده‌وه که گوایه زۆر خوێندکار له زانستگای سلێمانیی و هه‌ولێر ویستویانه نامه‌ی ماجسته‌ر (ره‌نگه دۆکتۆراش؟) له‌سه‌ر ئه‌و کۆشیعره بنووسن، که‌چی مامۆستاکان به هۆی شارچییه‌تیی و حیزبچییه‌تیه‌وه نه‌یانهێشتووه بنووسن. هه‌ر ئه‌وکات نووسه‌رێکی زۆر په‌سنی زۆری ئه‌و کۆشیعره‌یان کرد.
ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و کۆشیعره‌ی فه‌رهاد پیرباڵ بۆ ئه‌وه‌بوو بێژم، له ده‌ستپێکدا مه‌رج نییه شاعیر و نووسه‌ران "ئیزافه"یه‌کی نوێ پێشکه‌ش به زمانه‌که‌ی بکات یان نه‌توانن له ژێر کاریگه‌ریی شاعیرانی تری خۆماڵیی و بیانییه‌وه رزگار بن، لێ ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه نابێت نه‌نووسن یان نابێت به هیچیان بزانین.
به‌هه‌مه‌حاڵ، ئه‌و زمانه هه‌ڕه‌مه‌کییه له‌و ناوه‌نده‌ی نووسه‌ری کوردییدا تا حه‌ز بکه‌یت قسه هه‌ڵده‌گرێت، چونکه ئه‌و دۆخه خه‌مهێنه‌ره سیاسیی و رۆشنبیرییه که له کوردستاندا له ئارادایه، به‌رهه‌مێکه له‌و زمانه داخرا، هاودژ؛ داماڵراو له ئێتیکه. بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین پێناسه‌یه‌کی خه‌مڵیو و به‌رهه‌مدار بۆ بوون و نه‌بوونی شیعری نوێ و بگره کۆی پرس و کێشه‌کانمان بکه‌ین، ده‌بێت هه‌ر له ئاستی دیمانه و قسه‌ی رۆژنامه‌وانییه‌وه رانه‌وه‌ستین، به‌ڵکوو به شیوازی جوودا، تیۆریی فره ره‌هه‌ندو ... تاد به‌ڵگه و بیانۆکانمان کۆبکه‌ینه‌وه. هێ له‌مه ناتوانین نه بۆ خۆمان و نه بۆ خوێنه‌ریش بسه‌لمێنین که جیاوازی ئه‌زموون و سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانمان چین.
***
که‌واته مرۆ چاوه‌ڕوان ده‌کات که دوای ئه‌و ته‌وه‌ره خودی کارزان ره‌حمان یان نووسه‌رێکی تر له‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"انه له خۆی بپرسێت: ئه‌رێ ریزکردنی ناوی ئه‌و شاعیره "گه‌نج" انه به دوای یه‌کتردا، په‌یوه‌ندیی یان نزیکایه‌تیی و جیاوازییان له‌گه‌ڵ یه‌کترداچین؟
گریمان ئه‌گه‌ر زمانی کوردیی دوای نزیک نیو سه‌ده هێشتا نه‌یتوانیبێت "ئیزافه‌ی هه‌بێت" یان ره‌وتێکی نوێی شیعریی به‌رهه‌مبهێنت، لێ خودی ئه‌و دیارده‌یه مانای قه‌تسیمان و نه‌خۆشی یان رامان و پرسیار نییه؟ هه‌روه‌ک مرۆ ئومێده‌واره که له‌مه‌ودوا چیتر له کاتی خوێندنه‌وه‌ی شێوازی پرسیاره‌کان و وه‌ڵامه‌کانی "ته‌وه‌ر" و گفتۆگۆیه ئه‌ده‌بییه‌کان له‌نێوان نووسه‌رێکی "گه‌نج" و "ئه‌زمووندار"دا دیمه‌نی "ژنخواستن"ی نه‌ریتیی لای خۆمانی به یاد نێته‌وه. له‌وێدا کوڕه‌که/ کیژه‌که ناچاره باوکی یان "پیاوماقوولان"ێک بنێرێت بۆ ماڵی غه‌وری کوڕ/کیژه‌که تا دڵی رازی بکه‌ن. که‌واته بۆچی ئه‌و شاعیره "گه‌نج"ه به ناو هێنان و نه‌هێنانی ئه‌و له کن ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"ه، خه‌نی خۆش یان تووڕه و بوغزاوی ده‌بێت؟ پێی وایه که ناوی هات ئیتر ده‌بێت به شای شاعیران؟ به‌ڵێ، تاکه‌که‌سگه‌لێک له شاعیر ئه‌گه‌ر ده‌زانن نوێن پێویست ناکات له رێگای من و تۆی "ئه‌زمووندار" ناویان بهێنرێت. هه‌روه‌ک شیعری گه‌نج به رێگای خۆ نزیکردنه‌وه، وه‌ک ناز و چاوبازیی له کن شاعیره مێیه‌کان و هه‌له‌کسێ بۆ ئه‌م و ئه‌وی "ئه‌زمووندار" سه‌رنجڕاکێش نابێت، به‌ڵکوو به کرده‌یه‌ک، چڕکردنه‌وه‌ی زمانێکی نوێ سه‌رنجڕاکیش ده‌بێت. له کن من، شاعیربوون، نووسه‌ر بوون ئه‌وه‌یه، که تۆ له‌ناو ده‌قه‌که‌تدا خۆت بیت نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا نا‌توانیت سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ خۆت وه‌ک شاعیرێک رابکیشیت.
لێره‌دا ناکرێت ئاماژه به نموونه‌ی شاعیرێکی خاوه‌ن زمانێکی زایه‌ڵه‌دار؛ نیگار نادر نه‌که‌م، که له‌و ته‌وه‌ره‌ی "ک. راپۆرت"دا شاعیره "ئه‌زمووندار" و "گه‌نج"انه له ناو ریزکردنه مجگێزییه‌کانیاندا فه‌رامۆشیان کردوو. لێ ئه‌گه‌ر ئێتیکی ره‌خنه‌یی له کن ئه‌و "ئه‌زمووندار" و ره‌خنه‌گره بێ چێژه‌ی کوردییدا هه‌بێت، گه‌ره‌که بزانن که نیگار نادر، وه‌ک باوه له کن زۆر کیژ و کوڕی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی ئه‌مڕۆ، بێ ئه‌وه‌ی به خۆ هه‌ڵواسین به پێڕی نووسه‌ران و مجگێزی فیستیڤال و بڵاوکراوه حیزبییه‌کانه‌وه خۆی بکات به سه‌رنجکێش، که‌چی وه‌ک به‌هره‌ی منداڵبوون له کن ژن‌دا، به به‌رهه‌مهێنانی منداڵێکی شیعریی له هه‌ناوی زماندا، بوو به ئه‌زموونێکی سه‌رنجڕاکێش. شیعری وی، وه‌ک هۆنینه‌وه‌ی که‌زیی و چینینه‌وه‌ی خه‌ناوکه به موروو و مه‌رجان و زه‌نگیانه‌ی ره‌نگین به ده‌م ده‌نگی گۆرانییه روح چیایی و پێده‌شتییه‌کانه‌وه، ئه‌و وشه‌گه‌له لێکترازاو و لێکدابڕاوانه ده‌هۆنێته‌وه که زمان له دوای خۆیدا به جێیهێشتوون.
***
به‌ڵێ، تا مجگێزه گوندییه، کینه‌ی شه‌خسی، پێڕی به‌رژه‌وه‌ندیی و ... تاد سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بێت له کن نووسه‌ری کوردییدا، ئه‌و په‌راوێزخستن و سته‌مگه‌رییه هه‌ژه‌ندهێنه‌رانه له بواری رۆشنبیریی و سیاسییماندا زیاتر ده‌بن. بۆیه ئه‌و نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو یان ئه‌وه‌ی رابردوو خۆی که خۆی به "داهێنه‌ر"ده‌زانێت گه‌ره‌که، به واتای نیتشه‌یی، ئه‌و به‌ها نه‌ریتییه چه‌قبه‌ستووانه تووڕهه‌ڵبده‌ن.
دیاره زۆرێک له‌و شاعیره گه‌نجه له پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیه‌وه، سه‌رقاڵن به داکۆکیکردن له‌و نووسه‌ر و شاعیره "ئه‌زمووندار"انه‌وه. که ئه‌رکی ئه‌وان نییه. هه‌ندێ جاریش له نووسینێکی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌ک پسپۆڕێکی شیعر و ئه‌ده‌بییش، بڕیاری ره‌ها له‌سه‌ر بێوێنه‌یی ئه‌و ده‌قه یان تاکه پاڵه‌وانییه‌تی ئه‌و شاعیره ده‌ده‌ن. هاوکاتیش به چه‌ند قسه‌ی سه‌ر زاره‌کییه‌وه ده‌قێک یان نووسه‌رێک له بنه‌وه ده‌بڕنه‌وه! لێ له‌وه‌ش سه‌رنجکێشتر، ئه‌و ناوه‌نده رۆشنبیرییه، وه‌ک من بزانم، به‌رته‌کێکی راشکاوی له هه‌مبه‌ر ئه‌و پێوانه‌کارییه له‌و ره‌خنه جه‌ڵه‌بییه نه‌بووه، که ئه‌کامه‌که‌ی بێبه‌هابوونی نووسینه.
لێره‌وه ئاخۆ گه‌ره‌ک که خوێنه‌ر بپرسێت: بۆچی و چۆن زۆرێک له‌و نووسه‌ر و شاعیره "گه‌نج"ه له ئاستێکی که‌مزان و ده‌روونێکی ته‌نک و زمانێکی باریکدا به حه‌ماسه‌وه په‌سنی ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"انه ده‌ده‌ن، که‌چی ئه‌و شاعیره "ئه‌زموونداره" بێده‌نگی ده‌نوێنێت؟
ئه‌و شاعیره کێشه‌ی ئه‌وه‌یه ده‌خوازێت، وه‌ک گۆرانیبێژه تازه‌کانی "وه‌زاره‌تی گۆرانی-رۆشنبیری" زوو ده‌ربکه‌وێت و ببێته ئیدۆلی خه‌ڵک. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێ شاعیری کیژیش هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌ک به نووسین له‌سه‌ر شاعیره ناسراوه‌کان، به‌ڵکوو به نازی جوانییه‌وه خودی خۆیان سه‌رنجکێش بکه‌ن. دیاره ئه‌وه به‌ختی کیژانه، که کوڕان به هۆی نه‌بوونی ژنه شاعیری "ئه‌مووندار" ، ئه‌و به‌خته‌یان نییه.
ئه‌و پێکهاته ده‌روونییه‌ی من ئاماژه‌ی پێده‌که‌م، وێنه‌یه‌کی سازێنراوی من نییه، به‌ڵکوو ریشه‌ی له جڤاکی کوردییدا هه‌یه. بۆیه له خۆڕا نییه که تا ئێستاش له جڤاکی ئێمه‌دا ئه‌وه‌ی که ده‌مڕاستی سیاسیی، داب و نه‌ریت و کۆی به‌ها ئه‌خلاقییه‌کان ده‌که‌ن، بریتین له پیاوه سیاسییه کۆنخواز، مه‌لا و شێخه یاریزان و نووسه‌ره مشه‌خۆره‌کان. به‌مجۆره داننان به‌و ره‌وته شیعرییه ئۆپۆزیسیۆنه له هه‌مبه‌ر ئه‌و ئاوه‌زه گشتگیرییه‌ی نووسه‌ری کوردییدا، کارێکی ئاسان نییه. چونکه له هه‌ناوی ئه‌و نووسه‌ر و سیاسییه‌ی ئێمه‌دا مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌به‌دیی ده‌ژیت.
***
له‌وه‌ش بترازێین، هه‌رچه‌ند ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"انه له ته‌وه‌ره‌که‌ی "کوردستان راپۆرت"دا هه‌وڵده‌ده‌ن ئاماژه به چه‌ند شاعیری "گه‌نج" ده‌که‌ن، که‌چی هێشتا خۆیان به ده‌مڕاستی شیعری ئه‌مڕۆ ده‌زانن. ئه‌و پێداگرتنه له ده‌مڕاستی خۆی له کن ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"ه‌دا سه‌رچاوه‌ی خۆی هه‌یه، که لێره‌دا شتێکی زۆر سه‌یر نییه که بێڵم، چونکه لای ئێمه به هۆی باڵاده‌ستی ئاوه‌زی خێڵه‌وه عه‌شقی ده‌سه‌ڵات و شاعیری ئه‌به‌دیی دونیای له‌سه‌ر کاولده‌کرێت، بۆیه له‌و دۆخه‌دا تاقمێکی رۆشنبیریی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ گوتاری ده‌سه‌ڵاتدا، له لایه‌ن حیزبه باڵاده‌سته‌کانه‌وه ده‌مڕاستی رۆشنبیریی پێبه‌خشراوه و به‌و کۆمه‌کییه ئابووریی، بودجه، مووچه‌یه‌ی که له لایه‌ن حیزبه‌وه بۆی مه‌یسه‌رکراوه، ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کانی قۆرغکردووه.
له‌و دیده‌وه، من له وتاری "شیعرییه‌تی خود و ره‌وانبێژی هاودژیی له وێناندنی ئێستادا" که راڤه‌یه‌که له شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کردا، به‌شێکی ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"ه، وه‌ک به‌شێک له‌و پێڕه نووسه‌ره ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئه‌مڕۆ به کوێخا یان به ئه‌ریستۆکراتی تازه‌باو ناودێر کردووه. چونکه دوای نیشته‌جێبوونی دانیشتوانی دێهاته‌کان له شاره‌کان، ئۆربانیزه بوون (urbanization) و رمانی رژێمی به‌عسه‌وه خێڵ و خێڵایه‌تی وه‌ک جاران نه‌مایه‌وه. بۆیه له جڤاکی ئێمه‌دا سۆزێکی زۆر بۆ ئه‌و تاقمه کوێخا، ئاغا و وسه‌رۆک خێڵه هه‌یه. لێره‌وه حیزبه‌کان به تایبه‌تیش پارتیی و یه‌کێتی، وه‌ک نۆستالژیایه‌ک بۆ توێژه، له فۆرمێکی نوێ‌دا پێویستیان به سازکردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته ئه‌ریستۆکراتیی، خێڵه‌کیی و ئاغا و کوێخایییه هه‌یه، لێ به هۆی تێکچوونی ژیانی گونده‌کانه‌وه سازکردنه‌وه‌ی ئه‌و تویژه وه‌ک سروشتی جارانی خۆی ئاسان نه‌بوو، بۆیه دوای ئه‌و دۆخه سیاسیی-ئابوورییه‌ی که دوای رمانی رژێمی به‌عس له کوردستاندا هاته ئاراوه، پارتیی و یه‌کێتی له فۆرمێکی "شارنشین"ی‌دا، لێ به هه‌مان گه‌وهه‌ری "گوندنشین"ییه‌وه تاقمێک له‌و نووسه‌ر و شاعیرانه‌ی حه‌فتا و هه‌شتاکانیان کرد به ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ئه‌و چینه ئه‌ریسۆکراتییه‌ی رابردوو. ئه‌و تاقمه ئه‌ریستۆکراته یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌وه‌یه، که به لا لووتییه‌وه سه‌یری ئه‌و نووسه‌ر و شاعیرانه ده‌کا که له ده‌ره‌وه‌ی سنووره چینایه‌تیی و پێڕه ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆییه‌تی. بۆیه ئه‌و نووسه‌ره ئه‌ریستۆکراتییه تازه‌باوه، ئه‌گه‌رچی له به‌رانبه‌ر به‌پرسێکی ده‌سه‌ڵات زۆر به‌سته‌زمانه، که‌چی به مجگێزێکی خێڵه‌کیی، چه‌شنه لووتبه‌رزییه‌کی به‌تاڵه‌وه قسه له‌سه‌ر شاعیرێکی گه‌نج یان "نه‌ناسراو" ده‌کات.
لێره‌دا چیتر له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته ناپه‌یڤم، لێ له داهاتوودا هه‌وڵده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری.
***
به‌هه‌مه‌حاڵ، من که به ده‌ر له نیازی که‌سایه‌تی که‌سه‌کان، له کولانه‌ی په‌رۆشخۆرییم بۆ شیعر به تایبه‌تیی و به گشتیش چاندی کوردییه‌وه، ئاماژه‌یه‌کی پێویست به کێشه‌ی نووسه‌ر یان گۆڤار، پاشکۆ ئه‌ده‌بیی و ئه‌و چه‌شنه فیستیڤاله، ره‌وشه رۆشنبیرییه خاکه‌ساره ده‌که‌م، مه‌به‌ستم وروژاندنێکی رۆشنبیریی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه نه‌ک گرژاندنی هه‌سته‌کیی.
وه‌کو تر، من که، به واتای نیتشه‌یی، خوازیارم به‌هایه نه‌ریتییه‌کانی ئه‌و ناوه‌نده رۆشنبیرییه سته‌مگه‌ره تێکبشکێنم، له‌وه به ئاگام که له هه‌موو ژیانمدا پادداشتی ئه‌و ره‌خنانه‌ی من له‌و ناوه‌نده رۆشنبیریی و سیاسییه باڵاده‌سته، له‌وه زیاتر نابێت که تا ئێستا ده‌سته‌به‌رم کردوون!
دواجار ده‌بێت ده‌ست خۆشی له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی کارزان ره‌حمان و رابه‌ر فاریق و سۆران عه‌زیز - به‌شێ رۆشنبیریی"کوردستان راپۆرت" بکه‌ین که توانیان، له ئاستی گه‌نجانه‌ی خۆیاندا، ئه‌و بێده‌نگییه به ده‌نگبێنن که دواجار ره‌نگه ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"انه‌ش هانبدات که له بوار و گۆڤاره‌کانی خۆیاندا باسی بکه‌ن. لێ ده‌بوو ، به هۆی ئه‌وه‌ی که‌بانگه‌شه‌یه‌کی زۆر بۆ ئاماده‌یی ده‌نگی ژن ده‌کرێت، له‌و ته‌وه‌ره‌دا ژنه شاعیرێکی "ئه‌زمووندار" و "گه‌نج"یش ئاماده ببن، یان من نه‌مدیوه؟!
ئه‌و جۆره هه‌وڵانه، که ده‌کرێ هێور هێور باڵاده‌ستی ئه‌و رۆشنبیرییه ئاکار ئه‌رستۆکراتییه تازه‌باوه کاڵبکاته‌وه و دواجاریش، به پێچه‌وانه‌ی بواری سیاسییه‌وه، ده‌کرێ شاعیری نوێ و گه‌نج بێنه سه‌ر سه‌کۆی رۆشنبیریی کوردییه‌وه. لێ، له په‌رۆشیم به‌شی رۆشنبیریی"ک. راپۆرت"ه‌وه ده‌لێم، ئه‌گه‌ر بخوازێت به کرده‌کانی سه‌رنجڕاکێش بێت نه خۆی بکات به سه‌رنجکێش، ده‌بێت ئه‌و پاشکۆیه هه‌وڵبدات چاڵاکتر ئه‌و ویستی دابڕانه رۆشنبیرییه خه‌مڵیوه ده‌سته‌به‌ربکات، تاکوو بتوانێت له ئاراسته‌یه‌کی هاوئاهه‌نگ و رادیکالدا به‌ره‌و سازکردنی کولتوورێکی نوێ، دوور له پێڕگه‌ریی و حیزبایه‌تی بڕوات. به‌مه‌ش ده‌توانێت بوار بۆ توانا و ئه‌زموونی نوێ له ناو ئه‌و نه‌وه و نه‌وه‌کانی تردا بڕه‌خسێنێت، ئه‌و نازه شه‌رمنه‌ش که به‌و شاعیر و نووسه‌ره "ئه‌زمووندار" و خۆ به ده‌مڕاستزانه شیعرییه ده‌به‌خشێت وه‌ربگرێته‌وه. به‌مجۆره ده‌کرێت ئه‌و ده‌نگه نوێیه له هه‌موو بواره‌کانی کولتوورییدا بڕسکێت. ئه‌وکات ئه‌و ره‌وته شیعرییه نوێیه‌ش ده‌توانێت له بری ئه‌وه‌ی به واسیته یان به چاوبازیی یان به په‌سندان و شه‌ڕه‌نگێزیی دژی ئه‌م و ئه‌و نووسه‌ره باڵاده‌سته خۆی بکا به سه‌رنجێکش، ده‌کارێت به کرده‌ی شیعریی و له‌ناو زمانه‌که‌یدا سه‌رنجڕاکێش بێت.
2009.12.9
ستۆکهۆلم
handren07.kurdblogger.com/
سه‌رچاوه:
(1) Nietzsche Friedrich,”Fallet Wgner”, Bokförlag Symposion, Stockholm 1992, Översättning: Ingemar Johansson, p.24.
(2) هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه: 28.
(3) هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه: 26.
(4) بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره له‌سه‌ر "وه‌زاره‌تی رۆشنبیری"، بڕوانه: هه‌ندرێن "خامه‌یه‌کی رۆشنبیریی له پشت گوێی زماندا"، له بڵاوکراوه‌کانی هه‌نار، سلێمانی 2008.
(5) بڕوانه: ئۆکتاڤیۆ پاز،"چامه" و. هه‌ندرێن، گۆڤاری "هه‌نار"، یان: http://web.comhem.se/handren/images/tolk/chama.pdf



del.icio.us
Digg