خه‌باتی چه‌کداریی کورد و په‌رچه‌کرداری تێرۆریستیی
کامیار سابیر دێسه‌مبه‌ری 2009
به‌شی یه‌که‌م:
پێشه‌کییه‌کی کورت:
ستراکتۆری ئه‌م نووسینه، ده‌مویست وه‌ک توێژینه‌وه‌یه‌کی کورت دابڕێژم، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که زۆر دوانه‌که‌وێت هه‌وڵدراوه به‌شێوه‌ی وتارێکی ره‌خنه‌گرانه شرۆڤه‌ی هه‌ندێ باسی سیاسیی و کو‌لتووریی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کورد بکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که ره‌خنه‌ی جه‌رگبڕ و فه‌نده‌مێنتال و کۆنکریت له ستراکتۆری فیکریی و سیاسیی خه‌باتی چه‌کداریی کورد ده‌سره‌وێنێ! بێگومان حه‌ماس و توڕه‌یی زۆر که‌سیش ده‌ورووژێنێ. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه، حه‌زمنه‌کرد بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ته‌کلیف له هیچ رۆژنامه‌یه‌کی ئه‌هلی له کوردستان بکه‌م. لای که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیحراج نه‌بن.
له‌به‌ر هه‌ستیاریی ئه‌م باسه، ناوه‌ڕۆکی ئه‌م وتاره‌م بۆ چه‌ندین ئه‌کادیمیست و رووناکبیری کورد نارد و بیروبۆچوونی جیاوازی ئه‌وان پتر خزمه‌تی به با‌سه‌که کرد. به‌ڵام پێویسته وه‌ک مێژوو ئاماژه به ئارگیومێنته‌کانی نێوان ره‌شاد میران و فازیل که‌ریم ( مامۆستا جه‌عفه‌ر) له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا له چه‌ند ژماره‌یه‌کی گۆڤاری "یه‌کگرتن"دا له‌سه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی بکرێ. پێشتریش باسێکی پاراو له‌لایه‌ن پرۆفێسه‌ر عیسمه‌ت شه‌ریف وانلییه‌وه له‌سه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا نووسراوه. ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم له گۆڤاری " الدراسات الکردیة " و له‌ژێر سه‌ردێڕی " الخیارات العسکریة و السیاسیة للحرکة الوطنیة الکردیة" دا بڵاکراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له نێوان هه‌ندێ که‌سایه‌تی سیاسیی و ئه‌کادیمییدا له کوردستانی رۆژهه‌ڵات باسی خه‌باتی چه‌کداریی و ره‌هه‌نده پۆزه‌تیڤ و نه‌گه‌تیڤییه‌کانی دراوه‌ته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه له حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
هه‌روه‌ها د.بورهان یاسینیش وتارێکی ره‌خنه‌یی له ساڵی 1992 دا نووسی ، ئارگیومێنته‌کانی ئه‌و له‌سه‌ر بناغه‌ی بۆچوونه‌کانی سۆسیۆلۆجیستی نۆرویژیی پرۆفێسه‌ر یۆهان گاڵتونگ Johan Galtung بوو. یاسین ره‌خنه‌ی له‌خه‌باتی چه‌کداریی کورد گرتبوو که چه‌مکی (Centre and Periphery) ناوه‌ڕۆکی تیۆرییه‌که‌ی یۆهان گاڵتونگی به به‌شێک له باسه تیۆرییه‌که‌وه ئاڵاندبوو. هه‌روه‌ها یاسین ئه‌م چه‌مکه‌ی بۆ ره‌خنه‌گرتن له خه‌باتی چه‌کداریی و چه‌مکی پێشمه‌رگه‌و شۆڕشی چه‌کداریی کورد به‌کارهێنابوو. هه‌مان ئه‌و وتاره‌ی یاسین له کتێبه‌که‌یدا دووباره له‌ساڵی 2002 دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی دایه‌لۆگ دروست بکه‌ین و به ده‌مارێکی سارده‌وه له‌م بابه‌ته بڕوانین، پێویسته ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و ناسیۆنالیزمی فه‌ناتیک له خه‌یاڵی خۆمان ده‌ربکه‌ین و به‌چاو و عه‌قڵی مرۆڤێکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه سه‌یری رابردوو و داهاتووی قۆناغه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد بکه‌ین. ده‌کرێ بۆ چه‌ند ساتێک خوێنه‌ر وه‌ک ئێسنیک و وه‌ک نه‌ته‌وه، کوردبوون له‌مێشکی خۆیدا ده‌ربکات، به‌ڵكو وه‌ک لیبراڵێک، مۆدێرنێک، مرۆڤێکی ئه‌م سه‌رده‌مه، که‌سێک که مافی ژیانی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورده و له شوێنێک که پێی ده‌ڵێن کوردستان یان تاراوگه گوزه‌ران ده‌کات.
له‌ڕاستییدا ئه‌م وتاره هه‌وڵده‌دات کۆمه‌ڵێ پرسی سه‌خت بورووژێنێ که ئێمه‌ی کورد زۆر به‌که‌میی خۆمان لێیانداوه. پرسگه‌لێکی سۆسیۆسیاسیی و سۆسیۆکولتووریی له‌ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ی رابردوودا یه‌خه‌ی خه‌باتی رزگارییخوازانه‌ی گه‌لی کوردی گرتووه. ئه‌م پرسانه زۆر مه‌وداقووڵن و پێویستیان به‌شیکردنه‌وه‌ی تیۆریی قووڵ و فره ره‌هه‌ند هه‌یه‌و ده‌یان توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی تیۆریی و مه‌یدانیی به کرایتێریای ئه‌کادیمیی پێویسته‌و له‌هه‌نووکه‌دا ئه‌رکی ئه‌م وتاره سه‌رچیغه نییه، به‌ڵکو به هه‌ندێ ئارگیومێنیتی فه‌نده‌مێنتالییه‌وه ورووژاندنیان و پرسیار دروستکردن له‌سه‌ریان گرنگیی زۆری هه‌یه. وه‌ک کورد تاکه‌ی ته‌نانه‌ت نه‌وێرین ره‌خنه‌ش له‌خۆمان بگرین؟ به‌بڕوای ئه‌م نووسینه، ئێمه‌ی کورد تا پرسه سیاسیی و کولتوورییه‌کانمان له میدیای ژۆرناڵیستییدا ته‌واو خه‌په نه‌بێت و تێروپڕ نه‌کوترێن، نه‌فه‌سی ئه‌کادیمیی و توێژینه‌وه‌ی تێوریی و مه‌یدانیمان بۆیان نابزوێ. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه، منیش هاتوومه وه‌ک وتارێکی ره‌خنه‌گرانه ئه‌م پرسانه ده‌ورووژێنم.
ئه‌م نووسینه هیچ شتێ به پیرۆز سه‌یر ناکات، نه پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان و نه سه‌رکرده شه‌هید و زیندووه‌کان. پیرۆز ته‌نها مرۆڤه! یه‌کێك له‌و به‌ڵایانه‌ی که گه‌لی کورد هه‌میشه پیرۆزی کردووه، چه‌ک و خه‌باتی چه‌کداریی و میلیشیای پێشمه‌رگه و گه‌ریلایی بووه. پیرۆز مۆراڵی مرۆییه. هاوکات یه‌کێک له‌هه‌ره کاره‌ساته گه‌وره‌کانی کورد تا هه‌نووکه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ ئه‌وه‌یه ره‌خنه له چه‌مک و به‌ها پیرۆزه‌کانی ناو کولتووری زاڵی کوردیی ناگیردرێ. ئاخر پێشمه‌رگه و خه‌باتی میلیشیای چه‌کداریی بۆچیی پیرۆزیی ئه‌وه‌نده زۆر بێت که نه‌وێرین ره‌خنه‌ی لێ بگرین!
کۆی ئه‌م باسه له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له رابردوو ، هه‌نووکه و داهاتوومانه. ره‌خنه‌گرتن له شێوازه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کانی کوردستانه. لێره‌دا چه‌مکی مێژوو وه‌ک بابه‌تێکی ئه‌بستراکت سه‌یر ناکرێ. به‌ڵكو وه‌ک مه‌هدی ئه‌مبیریش پێیوایه " مێژوو رابردوو نییه، به‌ڵکو بوونی مرۆڤایه‌تییه humankind "( Imberesh 2000, p130 ). لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر تێڕوانینه‌که‌ی ئه‌مبیریشه‌وه بڵێین مێژووی کوردستان و هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کانی کوردستان و میلیشیای پێشمه‌رگه به‌ته‌نها رابردووی خوێناویی کوردستان و کاره‌ساته مێژووییه‌کان نین، هه‌ڵه‌مان نه‌گوتووه. به‌ڵکو مێژووی کوردستان، بیر‌و کردار و بوونی ئه‌و مرۆڤانه‌یه که خوڵقاندوویانه. هه‌نووکه به‌شێکی زۆر له‌و که‌سانه‌ی قه‌سابی سه‌ره‌کیی بوون له‌هه‌ردوو به‌ره‌که‌دا، واته به‌ره‌ی هێزه داگیرکاره‌کان و به‌ره‌ی میلیشیای پێشمه‌رگه‌دا ره‌پ و زیندوو ماون و بگره زۆر ده‌سه‌ڵاتداریشن. که‌واته بوونی ئه‌وان له‌پۆسته سیاسیی و کارگێرییه گرنگه‌کاندا ، بۆنی کاره‌ساتی نوێ، بۆنی خوێن به هه‌نووکه‌و داهاتوو ده‌به‌خشێته‌وه. کاره‌ساتی سه‌ره‌کییش ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌موو خوێندانه له پرۆسێسه سه‌ربازیی و میلیشیاییه‌کاندا، گه‌لی کورد ئه‌وه‌نده‌ی زیانمه‌ند بووه ئه‌وه‌نده ده‌ستکه‌وتی نه‌چنیوه‌ته‌وه.
ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمێکی زۆر عاتیفیی بووه، هه‌میشه له‌سه‌ر سۆز‌و سه‌رنجڕاکێشانی تاکی کورد بۆ رقبوونه‌وه له داگیرکاران و هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کان کاری کردووه. ئه‌و حه‌ماقه‌ته زۆره‌ی له‌ناو هه‌ندێ پانکوردیستدا هه‌یه که رقێکی بێئه‌ندازه‌یان له عه‌ره‌ب و تورک و تاڕاده‌یه‌کیش فارس هه‌یه، له‌م کانگایه‌وه ئاوی خواردووه‌ته‌وه‌و ته‌رزی هاویشتووه. بۆ نه‌وێرین بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردیی جۆرێک له شۆڤینیزمیی چاندووه له دڵ و ده‌روونی هه‌ندێک تاک و گرووپی سیاسیی کوردییدا. مه‌گه‌ر پانکوردیسته‌کان به‌تێکڕایی شۆڤینیست نین! ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم به‌گشتیی بکرێ، کاتێ به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی ئه‌فسانه‌تاشینی شۆڤینیستیی وه‌ک مۆرکێکی ناسیۆنالیزم بناسرێته‌وه (Shafer 1974 ) ، بۆ ده‌بێ ناسیۆنالیزمی پیرۆزی! کورد و پێشمه‌رگه‌ی پیرۆزی کورد! و خه‌باته چه‌کدارییه پیرۆزه‌که‌ی! له‌هه‌موو مۆرکێکی شۆڤینیزم داماڵراو بن . لێره‌وه‌یه ناسیۆنالیزمی کورد و بزوتنه‌وه سیاسییه‌که‌ی، هه‌میشه په‌یامه نیشتمانیی و ئه‌رکه کولتوورییه‌کانی ناسیۆنالیزمیی سیڤیکیان civic له‌هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆیی داماڵیوه‌و کردوویانه به‌دێوه‌زمه‌کی شۆڤینیی و نه‌یاره‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردییش کاریان له‌سه‌ر ئه‌و له‌که گه‌وره‌یه کردووه‌و به‌قازانجی خۆیان هاوکێشه‌کانیان قڵپ کردووه‌ته‌وه.
ئه‌وه راسته په‌یامی ناسیۆنالیزم، مه‌رج نییه په‌یامێکی شۆڤینیستیی بێت، مه‌رج نییه ئه‌فسانه‌ی شۆڤینیزم له خۆڕایی به‌رهه‌رم بهێنێ. هاوکات مه‌رجیش نییه توخمی شۆڤینیزم توخمێکی سه‌ره‌کیی بێت له ئایدیۆلۆژیا‌و پێکهاته‌ی ناسیۆنالیزمدا(ibid ). به‌ڵام ئایا به‌ڕاستیی خه‌باتی چه‌کداریی کورد، خه‌باتی یاخییبوون و به‌شاخداندا، خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیی و گه‌ریلایی، بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستیی کوردیی تۆوی شۆڤینیزمی دژ به‌نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی وه‌ک عه‌ره‌ب و تورک نه‌چاندووه؟ ئایا بیانوویه‌کی زۆر و به‌دۆکیومێنته‌وه نه‌دراوه به‌لایه‌نی به‌رامبه‌ر بۆ بنکۆڵکردنی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان؟ ئایا به‌ڕاستیی ئه‌وه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی و کاری تێکده‌رانه‌ی مه‌فره‌زه‌ی چه‌کداریی زیانی بۆ دۆزی سیاسیی کورد هه‌بووه ئه‌وه‌نده قازانجی هه‌بووه؟
هاوکات له‌ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له‌لادێکانه‌وه راو ده‌نران و ده‌هاتن خۆیان به‌جاش ناونووس ده‌کرد، هه‌ر له‌خۆڕایی بوو! سایکۆلۆژیاو خولیای ئه‌و خه‌ڵکه تێهه‌ڵدراوه‌ی لادێکانی کوردستان به شه‌قی شۆڕشگێڕانه‌ی پێشمه‌رگه، وا راهاتبوون که هه‌ر ده‌بێ جاشییه‌تیی بکه‌ن؟ ئایا له ویست و پلانی داگیرکاران و هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کان بگه‌ڕێین و ره‌خنه له‌خۆمان بگرین، ئایا پێشمه‌رگه له‌ئاستی لۆکاڵیزه‌کردنی کێشه‌ی کورددا له‌نێوان جاش پێشمه‌رگه‌دا ، له نێوان پێکهاته‌کانی گه‌لی کورددا ، رۆڵێکی زۆر خراپیان نه‌بینوه؟ دیاره ئه‌مه نیوه‌ی هاوکێشه‌که‌یه، نیوه‌که‌ی تر، هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کانن که هه‌میشه ویستوویانه دووبه‌ره‌کیی بته‌نێننه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌به‌ره‌ی میلیشیای پێشمه‌رگه‌دا، راسته هه‌ندێ ده‌نگی بوێر‌و ئازا‌و رۆشن هه‌بوون، ده‌یانویست خۆیان له توڕه‌کردن و تێهه‌ڵدانی خه‌ڵکی لادێکان و جوتیاری نه‌خوێنده‌واری کورد به‌دووربگرن و دڵیان بده‌نه‌وه و به بنه‌ما کو‌لتووریی و سیاسییه‌کانی شۆڕشی چه‌کداریی ئاشنایان بکه‌ن. به‌ڵام له‌راستییدا ئه‌و ده‌نگانه ئه‌وه‌نده که‌مبوون له‌ئاست هێزی عه‌سکه‌رتاریی و زه‌بروزه‌نگی گه‌ریلایی و باسکی به‌هێزی پێشمه‌گه‌رکانی کوردستاندا، توانای ئاراسته‌کردنی هیچ ئه‌جێندایه‌کی نیشتمانیی نه‌بوو.
ئێسنیک و ره‌گه‌زی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان یه‌ک نین، واتا جیاوازیی هه‌یه له‌نێوان ئێسنیک و ره‌گه‌زدا، هه‌روه‌ک سمیس باسیده‌کات، گرووپه ئێسنیکه‌کان ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ن که تاکه‌کانی به‌وه ده‌ناسرێنه‌وه له ڕووی جێنێتیک و پشتاوپشته‌وه به‌یه‌که‌وه به‌سترابنه‌وه، به‌ڵام ناکرێ نه ره‌گه‌ز و نه ئێسنیک سه‌رچاوه‌ی تێرۆریزم بن ( Smith 1986). به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌ین له‌گه‌ڵ کۆڵۆنیالیسته‌کاندا، هه‌میشه هه‌وڵدراوه له‌لایه‌ن هێزه داگیرکاره‌کانه‌وه ، شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆبوون و ئازادیی گه‌لی کورد بکرێ به‌شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان. به‌ڵام ئه‌م میکانیزمه هه‌مووی هه‌ر خه‌تای داگیرکاران نییه. به‌ڵکو بزوتنه‌وه‌ی یاخییبوونه ئێسنیکییه چه‌کدارییه‌کانی کورد بیانووی زۆری داوه به‌ده‌ست ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردستانیان داگیرکردووه. ئه‌م هه‌ڵه سیاسیی و کو‌لتووریی و مێژووییانه خه‌تای ئه‌وه نییه ، که میدیای کۆڵۆنیالیسته‌کان خه‌باتی سیاسیی وچه‌کداریی ئێسنیکی کوردیان به‌چه‌ته‌گه‌ریی و تێرۆریزم ناساندووه، به‌ڵکو له‌خودی دۆکترینی ناسیۆنالیزمی میلیتانتدایه. کاتێ په‌نا بۆ چه‌ک ده‌به‌یت، وه‌ک ده‌وڵه‌وتی کۆڵۆنیالیسته‌کان تۆش دایه‌لۆگ ده‌کوژیت و ئه‌گه‌ریش دایه‌لۆگیش بکرێت له‌سه‌ر خوێنی زۆرێک له‌ئه‌ندامانی گرووپه ئێسنیکییه‌کان ده‌بێت.
به‌ڵام خاڵێکی زۆر ره‌شی ناسیۆنالیزمی کورد ئه‌وه‌یه که په‌یامه نیشتمانییه‌که‌ی دۆڕاندووه یان وه‌ک عه‌باس وه‌لیی ده‌ڵێت "ناسیۆنالیزمی بێ ناسیۆنالیزم" Vali 2006: 54)). ناسیۆنالیزمی کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه مۆتیڤی به‌زه‌یی به‌خۆداهاتنه‌وه‌و کڕووزانه‌وه‌ی کردووه به خۆراکی راگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده‌کانی، هێشتاش هه‌ر مڕ نه‌بووه و په‌نای بۆ نار‌سیسیزمی ( نێرجسییه‌ت- Narcissism ) ناسیۆنالیستبوونی خۆی بردووه‌و خۆی زۆر خۆشویستووه‌و له‌خۆی زۆر رازیی بووه‌و پۆزی به سه‌روه‌رییه‌کانییه‌وه لێداوه. ئه‌م نارسیسیزمه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد وایلێکردووه هه‌میشه‌ش خۆی به‌ڕه‌وا بزانێ له‌هه‌موو په‌رچه‌کردارێکدا و هه‌میشه‌ش چه‌مکی شه‌ڕی ره‌وای کورد و شه‌ڕی داسه‌پێنراوی داگیرکارانی ده‌مه‌زه‌رد کردووه‌ته‌وه. نارسیسیزمێک که به ئاستێک له رۆریتانیه‌ن{ ئه‌فسانه‌ی پله‌وپایه‌یه‌کی زۆر به‌رز (Ruritanian )} گه‌یشتووه. هاوزه‌مان تووشی مێگالۆمانیا ( جنون العظمة- Megalomania) یه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر بووه به‌پێوه‌ره‌کان و کرایتێریای غه‌درلێکراویی، سته‌مکاریی داگیرکاران و راوه‌ودوونانی ئایکۆنه شۆڕشگێره‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆڵۆنیالیزمه‌وه. راسته ئه‌مانه بۆ زۆربه‌ی ناسیۆنالیزمه‌کان ده‌ستده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه به‌تایبه‌تیی له‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی کوردیی گفتوگۆ ده‌که‌ین.
با لێره‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی نموونه له‌سه‌ر کورد و بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کورد‌و هه‌ندێ له کرده‌وه تێرۆریستییه‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان وه‌ربگرین، نموونه له‌سه‌ر بزوتنه‌وی چه‌کداریی و کاری تێرۆریستیی له‌ناو بزاڤی رزگارییخوازانه‌ی فه‌ڵه‌ستیندا ده‌هێنینه‌وه. زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا و زۆرینه‌ی رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و میدیاکانیان، رێکخراوی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستین به‌ڕیکخراوێکی تێرۆریستیی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پرسیاره‌که لێره‌دایه، هۆی چییه له جیهانی عه‌ره‌بیی و جیهانیی ئیسلامییدا ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه بۆ تێرۆری گرووپێکی ئیسلامیی یان هه‌ر بوونی نییه، یاخود ئه‌وه‌نده که‌مه کاریگه‌ریی نییه؟ ئایا مۆراڵی جیهانی عه‌ره‌ب و جیهانی ئیسلام مۆراڵێکی سیاسیی پاك و بێگه‌رده، یان به پێچه‌وانه‌وه؟
هه‌موو که‌سێکی هۆشیار و به‌ئاگا ده‌زانێ، دۆکترینی تێرۆریزم پێش ئه‌وه‌ی دۆکترین و پلاتفۆرم و مانیفێستی رێکخراو و گرووپه چه‌کداره‌کان بێت، دۆکترینی ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کانه. به‌واتایه‌کی تر تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی بوونی هه‌یه و تێرۆریزمی گرووپه جیاوازه‌کانیش به‌شێکی زۆریان په‌رچه‌کرداری تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیین. به‌ڵام به‌بڕاوی ئه‌م نووسینه ئه‌م ئه‌نجامگیریه‌ی که به‌س تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی ببینین و تێرۆریزمی گرووپه میلیشیاییه چه‌کداره‌کان نه‌بینین، زیاتر له تێڕوانینی بۆڵشه‌فیزمیی و کۆمۆنیستیی و مارکسیستیی و ئیسلامییه فه‌ناتیکه‌کانه‌وه نزیکه. چونکه ناهێڵێ هه‌ردوو دیوی تێرۆره‌که ببین، ئه‌گه‌ر خۆمان له خڵته‌وخاشی ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌کێنین.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که، ئایا زۆرینه‌ی سکۆلارو ئه‌کادیمیست و رۆشنبیره‌کانی دنیا‌و زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا و رێکخراوه مرۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، نۆکه‌ری ئیمپریالیزم و سه‌رمایه‌داریی و به‌ربه‌ریزمی به‌شه‌ریین؟ یاخود رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و ئیسلامیی و هه‌ندێک له چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان سه‌رومێشکیان به سه‌دان قوفڵی ئایدیۆلۆژیی و ئه‌فسانه‌ی شۆڕشگێڕیی شه‌ته‌ک دراوه! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حه‌ماس وه‌ک مانیفێست ناکرێ به‌رێکخراوێکی تێرۆریستیی له‌باری مۆراڵییه‌وه بژمێردرێ، به‌ڵام کرده‌وه‌کانی ، رێکخراوه عه‌سکه‌ریی و گرووپه چه‌کداره‌کانی و کاره‌خۆکوژییه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع پێمان ده‌ڵێن، ئایا تێرۆریزم پێڕۆ ده‌که‌ن یان نا؟
ئێستا با ئه‌و پرسیاره ساده‌و خۆماڵییه له‌خۆمان بکه‌ین، له‌شۆڕشی کورددا هه‌ندێ ئایکۆن و سیمبۆڵ و مێژووی ئه‌فسانه‌یی و میلیی هه‌ڵبته‌کێنین. مامه‌ڕیشه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، وه‌ک ئایکۆنێکی ئازایه‌تیی و قاره‌مانیی ناوی له‌دڵ و ده‌روونی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بوو، ئایا هه‌موو کاره‌کانی ئه‌و پیاوه‌و هێزه میلیشیاییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دژ به داگیرکارانی کوردستان کاری شۆڕشگێڕانه بوون ؟ ئه‌وه جگه له‌وه‌ی چه‌مکی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی سه‌دان لێکدانه‌وه‌ی تیۆریی جیاجیای بۆ ده‌کرێ. له چه‌مکه کلاسیکییه مارکسیستییه‌که‌یه‌وه بیگره تا چه‌مکه نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیستییه‌که‌ی، یاخود ئیسلامیی و دینییه‌که‌ی، ئایا به‌ڕاستیی به‌شێکی به‌رچاو له سه‌رکرده‌و کادیره سیاسیی و عه‌سکه‌رییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی کاری تێرۆریستییان نه‌کردووه؟
با بوێرین و بپرسین، پاش پتر له بیست ساڵ، ئایا سوتاندنی ئه‌شغاڵی که‌رکوک، ته‌قاندنه‌وه‌ی وێستگه‌کانی کاره‌باو وێرانکردنی داموده‌زگا حکومیی و خزمه‌تگوزارییه‌کان و سره‌واندنی کاتیوشای ئێرانیی به ده‌ستگرتنی پاسدارانی ئێران بۆ زه‌بروه‌شاندن له کێڵگه‌نه‌وتییه‌کانی که‌رکوک و سه‌دان کاری تر که به‌زمانی ئه‌وسه‌رده‌م چالاکیی شۆڕشگێڕانه بوون، ئایا کاری تێرۆریستیی نه‌بوون؟ به‌بێ جه‌ڕاندن و شاردنه‌وه‌ی پرسیاره‌که، ئایا ده‌یان کادیری عه‌سکه‌ریی وه‌ک مامه ریشه‌و مام رۆسته‌م و جه‌وهه‌ر نامیق و قادر قادر و ده‌یانی تر و سه‌رکرده‌کانی سه‌روو خۆیانه‌وه، کادیری عه‌سکه‌ریی حیزبه‌کانی تر و سه‌رکرده‌کانیان، هه‌ندێ له چالاکییه‌کانیان نه‌ده‌چوونه خانه‌ی تێرۆره‌وه و کاری تێرۆریستانه‌یان ئه‌نجام نه‌ده‌دا. ناڵێین له 2009 دا به لۆژیکی ئێستا، ره‌خنه له لۆژیکی ئه‌وسا بگرین و به‌مامه‌ڕیشه بڵیین کاری تێرۆریستیی کردووه! به‌ڵام با بوێرین و ره‌خنه له‌خۆمان بگرین. ئایا خه‌باتی چه‌کداریی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی په‌رچه‌کرداری تێرۆریستییه یان کاری شۆڕشگێڕییه ( به‌چه‌مکه چه‌پگه‌رایی و ئیسلامیی و نیشتمانییه‌که‌یشیه‌وه).
له‌دوای ئاشبه‌تاڵی 1975 ه‌وه، ده‌ربڕینێکی زۆر سه‌یرمان له لایه‌نگرانی پارتییه‌وه ده‌بیست" مه‌لا مسته‌فا کوردی به دنیا ناساند". ئاخر به‌چییه‌وه کوردی ناساند؟ دیاره سه‌ره‌ڕای ئاشبه‌تاڵێکی که‌مه‌رشکێن، مه‌به‌ستیان له سه‌رکردایه‌تییکردنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی گه‌وره بوو که به‌ره‌نگاری رژێمه‌کانی ئه‌وسای عێراق ده‌بووه‌وه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی نیشتمانیی بوو یان نا، با ئه‌و پرسیاره بکه‌ین، ئه‌گه‌ر کورد له‌دوای ئاشبه‌تاڵه‌وه ده‌ستی بۆ شه‌ڕی چه‌کداریی نه‌بردایه‌ته‌وه، له ئێستادا زیانه‌کان و قازانجه‌کانی به‌راورد بکه‌ین، هاوکێشه‌کان چیمان پێ ده‌ڵێن؟
به‌کورتیی ئارگیومێنته‌کان به‌مشێوه‌یه ده‌بن:
ئه‌وانه‌ی لایه‌نگریی خه‌باتی چه‌کداریی بوون و یان تا هه‌نووکه‌ش به‌هه‌مان میتۆدی سیاسیی و فیکریی بیر ده‌که‌نه‌وه، لای که‌م ئه‌م خاڵانه‌یان هه‌یه.
رژێمی به‌عس هه‌موو رێگاکانی خه‌باتی لێ داخستبووین و به‌ئاگر و به‌ئاسن و زیندان وه‌ڵامی ده‌داینه‌وه. رژێم به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک ده‌یویست گه‌لی کورد له‌کوردستانی عێراقدا له‌ڕووی نه‌ژاد و ئێسنیکه‌وه بسڕێته‌وه. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش سیاسه‌تی ته‌عریبی له‌که‌رکوک به‌ئاشکرا له‌شه‌سته‌کانه‌وه ده‌ست پێ‌کرد. شه‌ڕێکی کو‌لتووریی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و تێکستی کوردییدا سه‌پاند و بۆی بکرایه زمانی کوردیی قه‌ده‌غه ده‌کرد. رژێمێکی" ره‌فتار فاشیست" و نه‌ته‌وه‌په‌رست و دیکتاتۆر.............تاد بوو. تاکه رژێمی سه‌ر رووی زه‌مینه بۆیه‌که‌مینجار چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت چه‌کی کیمیاویی دژی گه‌له‌که‌ی خۆی به‌کارهێنا.
به‌ڵام ئارگیومێنته‌کان هه‌ر له‌و خاڵانه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ن که خه‌باتی چه‌کداریی به نیشتمانپه‌روه‌ریی ده‌چوێنێ. ئه‌وه فریودان و خه‌ڵک له خۆکۆکردنه‌وه بوو که رژێم هه‌موو رێگاکانی تری خه‌باتی به‌ستبوو، راسته رژێمێکی شۆڤینیست بوو له‌ئاست که‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مافی که‌مایه‌تییه‌کاندا، به‌ڵام یه‌ک خاڵی زۆر گرنگ هه‌یه که ده‌بێ باس‌بکرێ، هه‌ر به‌هۆی بیانووی ئه‌و خه‌باته چه‌کدارییه‌وه بوو، که رژێم یه‌ک کارگه و یه‌ک بونیادی ئابووریی گرنگی له‌کوردستاندا دانه‌نا، هه‌ر به‌هۆی لووله‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌وه بوو که ژێرخانی ئابووریی کوردستان به‌فشۆڵیی مایه‌وه‌و له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی لادێیی و دواکه‌وتووی فیۆدالیزمدا درێژه‌ی به‌ژیانی خۆی ده‌دا. راسته سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزه‌کردن هه‌میشه ئه‌و ناوچانه‌ی که داگیری کردووه، خه‌ڵکه‌که‌ی له هه‌ژارییدا راگرتووه و نه‌یویستوه ژێرخانی ئابوورییه‌که‌ی ببوژێته‌وه. به‌ڵام به‌ڕاستیی ئه‌مه بوختانێکی ناسیونالیستیی و مارکسیستییه بۆ حیزبی به‌عس، که هه‌مان سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزمی له‌کوردستاندا پیاده کردبێ.
ئاماره‌کان و هه‌لومه‌رجی کوردستان له‌دوای ئاشبه‌تاڵه‌وه بۆ چه‌ند ساڵێک تا بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کوردایه‌تی گه‌شه‌ی نه‌کرده‌وه، سه‌دام و رژێمی به‌عس، ده‌رهه‌ق به گه‌لی کوردستان و ناوچه‌کانی کوردستان ئه‌و دیکتاتۆره نه‌بوون(Anderson and Stansfield 2005). به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌دام و حیزبی به‌عس بۆ په‌ره‌پێدانی مانیفێستۆی خۆیان، ده‌یانویست پرۆژه‌ی ئابووریی له‌کوردستاندا بکه‌نه‌وه. ساده‌ترین نموونه خه‌ریکی راکێشانی کاره‌با بوو بۆ گونده نزیک ده‌سته‌کان و کردنه‌وه‌ی قوتابخانه له لادێکاندا. بۆ ناسیۆنالیستێکی بێئاگای کورد، ره‌نگه یه‌کسه‌ر به‌وه تۆمه‌تبارم بکات که داکۆکیی له‌به‌عس ده‌که‌م. به‌ڵام دیفاکتۆکان و رووداوه‌کانی چه‌ندین ده‌یه‌ی خه‌باتی چه‌کداریی هه‌موو راستییه‌کانمان پێ ده‌ڵێن. پاش ئه‌زموونی دێمۆکراسیی و ئازادبوونی کوردستان له‌به‌عس، به‌کرده‌وه هێزه کوردییه‌کان و میلیشیاکانیان، سه‌لماندوویانه که له سه‌دام و حیزبی به‌عس زیاتر زیانیان به ئابووریی و ژێرخانی کوردستان گه‌یاندووه. ئه‌و هه‌موو دزیی و تاڵان و برۆیه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری کورد و پیاوه حیزبییه‌کانیان ده‌یکه‌ن، به‌ڕاستیی سه‌دام و به‌عسیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان کرد. له ئاستی ده‌ستکه‌وتی سیاسییشدا ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی و پارتیی بوونیان نه‌بووایه بۆ گه‌لی کورد له‌و ده‌سه‌ڵاته بنه‌ماڵه‌ییه‌یه‌ی هه‌یه باشتر بوو.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه نێگه‌تیڤییه‌کانی شه‌ڕی چه‌کداریی به‌هه‌ندێ نموونه‌وه باس بکه‌ین، ئه‌وسا تێده‌گه‌ین، که خه‌باتی چه‌کداریی چه‌ند ماڵوێرانیی سیاسیی و کو‌لتووریی به‌سه‌ر گه‌لی کورددا هێناوه. تورکمانه‌کانی عێراق و مه‌سیحییه‌کانی عێراق لاسارییه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌کردو ده‌ستیان نه‌دایه کاری چه‌کداریی و تێرۆریستیی، گه‌لی کوردیش ده‌ستی دایه خه‌باتێکی چه‌کداریی سه‌خت و خۆپسێن. ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌وان و کورد ، له‌هه‌نووکه‌دا جیاوازییان چییه؟ ئه‌گه‌ر که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی کورد بڵێ ئه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌ستکه‌وته‌کانی، له‌وه‌ڵامدا پێی ده‌گوترێ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کرو سه‌دام حوسێن و حیزبی به‌عس، هه‌ر حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌نووکه هه‌یه به‌کوردیان ره‌وا ده‌بینی و پێویستی به‌وێرانکردنی کوردستان و ده‌یان هه‌زار( نه‌ک سه‌دان هه‌زار) قوربانیی ئه‌نفال و کیمیاباران و سێداره‌دان و کوشت‌وکوشتاری پێشمه‌رگه و نه‌به‌رده‌کانیانی نه‌ده‌کرد.
ئازه‌رییه‌کانی ئێران و کوردی کوردستانی رۆژهه‌ڵات، کامیان قازانجیان کرد؟ ئازه‌رییه‌کان وه‌ک جووله‌که ده‌ستیان به‌سه‌ر شاده‌ماری بازاڕه‌کانی ئێران‌دا گرتووه‌و له‌باری کولتووریشه‌وه نه‌چوونه‌ته دواوه، گه‌لی کوردی کوردستانی ئێرانیش خۆکوژییه‌کی سیاسیی گه‌وره‌ی کرد‌و به‌راوردی دواکه‌وتوویی و پێشکه‌وتوویی گه‌لی ئازه‌ریی و کورد و ناوچه‌کانیان بکه‌ین، ئاسمان و رێسمان جیاوازییان هه‌یه. ئێستا با پرسیارێک له موفه‌کیره‌کانی ئه‌و دوو حیزبه بنه‌ماڵه‌ییه‌ی کوردستان بکه‌ین، ئه‌گه‌رچییش موفه‌کیریان به‌مانا ئینتێلێکچواڵییه‌که‌ی نییه، ئایا ئه‌گه‌ر له‌دوای ئاشبه‌تاڵه‌وه خه‌باتی چه‌کداریی کورد نه‌بووایه و ئه‌و دوو حیزبه سه‌ره‌کییه‌ی کوردستان وه‌ک گه‌وره‌ترین جبه‌خانه‌ی میلیشیا دروستکردن، به‌وشێوه سه‌خت و مه‌حکه‌مه ده‌ستیان به‌سه‌ر ژیان و بازاڕ و گوزه‌رانی خه‌ڵکدا ده‌گرت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌گه‌ڵ مارینزه‌کانی ئه‌مێریکادا بهاتنایه، نه‌ئه‌و قورساییه سیاسییه‌یان ده‌بوو، نه ئه‌وه‌نده‌ش رێگه ئه‌درا ده‌ست به‌سه‌ر ده‌رامه‌تی خه‌ڵکی کوردستاندا بگرن و بازرگانی به‌کوردستان و به‌خاک و مرۆڤی کورد و ده‌رامه‌تی نیشتمانییه‌وه بکه‌ن.
له‌م دیده‌ده‌وه‌یه ئه‌م وتاره وه‌ک راو بۆچوونی سه‌دانی تر پێیوایه هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌کیی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌ناوخۆدایه نه‌ک له ده‌ره‌وه بێت. گه‌نده‌ڵیی و سیستمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌کوردستاندا جومگه ئاسایییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی تێکشکاندووه‌و به‌بارێکی نۆرماڵدا ناگوزه‌رێ. چه‌ندین ساڵه شه‌ڕی بودجه‌و پاره‌و مووچه ده‌که‌ن، بۆ هه‌ردوو حیزبه‌که‌و هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وای ناو دووحیزبه‌که‌یه‌و له دوور‌و نزیکه‌وه پێوه‌ندیی به خه‌می رۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی کوردستانه‌وه نییه. ئه‌و شه‌ڕه خه‌یاڵییه‌ی ئێستاش به‌ناوی کورد‌و عه‌ره‌به ده‌یکه‌ن، به‌مجۆره ئاگره‌که‌ی خۆش ده‌که‌ن و شه‌ڕی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه. ئه‌م هه‌موو درۆ‌و ده‌له‌سه‌یه‌ی ده‌یکه‌ن به‌ناوی شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌به له‌سه‌ر که‌رکوک، به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ...............تاد، مه‌گه‌ر هه‌ندێ پانکوردیستی جاهیل و پیاوه رۆبۆته‌کانی خۆیانی پێ قایل بکه‌ن. ئه‌گینا لێدوان و فڕوفیشاڵه ئاگرینه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد له‌سه‌ر که‌رکوک، به‌ئه‌ندازه‌ی لێدوانه‌کانی ساڵح موتڵه‌گ و به‌ره‌ی تورکمانیی ...........تاد زیانیان بۆ کورد هه‌یه. ئه‌و دوو حیزبه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی بنه‌ماڵه‌کانیان بۆ گرنگه، هه‌رگیز به‌لای غه‌می نیشتمانیی و پرسه نیشتمانییه‌کاندا ناچن.
له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی عێراقدا، شیعه‌کان له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌ستیان به‌ته‌قوتۆق و کاری توندوتیژیی کرد، که زانیتیان قازانجیان نییه که‌م تازۆر لێی کشانه‌وه، جگه له پرۆکسییه‌کانی ئێران نه‌بێت که درێژه‌یان به کاری پارتییزانیی ده‌دا. ئه‌ی ده‌ستکه‌وته مه‌زهه‌بیی و تایه‌فییه‌کانی شیعه به‌راورد بکه‌ین به ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کانی کورد، چ پرسیارێکمان له لا دروست ده‌بێ؟ ئه‌مه به‌وه وه‌ڵام نادرێته‌وه که شیعه ئێرانیان هه‌یه، به‌ڵکو به‌وه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه که هه‌ر ئاخوندێکی شیعه بگری ده‌یانجار له‌سه‌رکرده‌ی میلیشیاکانی کورد وردبینتر، نیشتمانییتر، بۆ پرسه‌کانی خۆیان دڵسۆزتر بوون و ...........تاد. به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م باسانه به ده‌ستدانه چه‌ک له‌لایه‌ن کورده‌وه، شرۆڤه‌کردن و شییکردنه‌وه‌ی ئه‌رکێکی سه‌خته ، به‌ڵام لۆژیکێکی ورد و ژیرانه‌ی دوورمه‌ودای پێویسته.



del.icio.us
Digg