سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌به‌رده‌م به‌خۆداچوونه‌وه‌دایه
(خۆخوێندنه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی سه‌دان كتێب باشتره) سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
ماوه‌یه‌كه پرسیاری ئه‌وه‌ی كه به كێ ده‌گوترێ رۆژنامه‌نووس ، بۆته بابه‌تێكی گه‌رموگوڕ، هه‌ركه‌سه‌و له ئاشێكدا لێیده‌كات ، له‌مه‌شدا سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رووبه‌ڕووی زۆرترین پرسیار‌و ره‌خنه بۆته‌وه ، به‌و مانایه‌ی كه سه‌ندیكا تاكه لایه‌نه كه له‌رووی یاسایه‌وه پێناسه‌ی رۆژنامه‌نووسی دابه‌شده‌كات و ئه‌و ئیعتیباره‌ته ده‌داته هه‌ر كه‌سێك كه پێناسه‌ی سه‌ندیكای له به‌ڕكدا بێت ، جابائه‌و كه‌سه رۆژنامه‌نووسیش نه‌بێ و كاری رۆژنامه‌گه‌ریش نه‌كات ، وه‌ك چۆن رۆژنامه‌نووس هه‌یه ئه‌ندامی سه‌ندیكا نییه‌و ناشییه‌وێ ببێته ئه‌ندام .
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه زیاتر له‌و كاته‌دا وروژێنرا كه هه‌ندێ رۆژنامه‌نووس په‌نایان برده به‌ر به‌كارهێنانی زمانی زبر ، له‌وه‌ش خراپتر گه‌یشته ئاستێكی ئه‌وه‌نده نزم ، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر دیواری مزگه‌وته‌كان نووسرابێت .
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له ماوه‌ی رابردوودا بۆ قسه‌كردن له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چه‌ند كۆنفڕانس و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرا ، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه قسه‌یان كردوه ، به هه‌موو لایه‌نه جیاوازه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه وێڕای قۆناغه راگوزه‌ره‌كه ، ده‌بێت رۆژنامه‌نووسان پابه‌ندی پیشه‌و ئه‌خلاقی رۆژنامه‌گه‌ریی بن ، له‌به‌رمبه‌ریشدا ناكرێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بكرێته بیانوو بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی میدیا‌و راده‌ربڕین كه ماوه‌یه‌كه له كوردستان چه‌كه‌ره‌ی كردوه .
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و به‌رپرسیارییه‌تییه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان چییه ؟
من ده‌مێكه ده‌مه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه دووقسه بكه‌م ، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانم وایان به گوێدا چرپاندووم كه له جیاتی ئه‌وه‌ی بیر‌و بۆچوون و ره‌خنه‌كانم له‌م باره‌یه‌وه بخه‌مه سه‌ر رووپه‌ری رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان باشتر وایه له كۆبوونه‌وه‌كانی نێوخۆی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووساندا بیانخه‌مه‌ڕوو ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت له نێوخۆی سه‌ندیكادا ده‌رفه‌تێك نییه بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و باسه‌و چه‌ندین باسی دیكه‌ش ، دوای ئه‌و راپۆرته‌ش كه له باره‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و مه‌سه‌له‌ی ئه‌ندامییه‌تی له رۆژنامه‌ی ئاسۆدا بڵاوكرایه‌وه ، به‌دوای ئه‌ویشدا ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاش روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌م باره‌یه‌وه له هه‌مان رۆژنامه‌دا بڵاوكرده‌وه ، ده‌رفه‌ت و ده‌رگاكردنه‌وه‌یه‌كی باش بوو به رووی بابه‌تێكی باش‌دا ، له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م زیاتر قسه‌كانم به ئاراسته‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌دا بێت كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌وه هه‌یه .
ئایا ئه‌و ژماره زۆره‌ی رۆژنامه‌نووسان یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌ی شانی میدیای كوردی گرتۆته‌وه ؟، یان به شێوه‌یه‌كی دیكه سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان چۆن و تا چه‌ند ده‌توانێ ده‌ست به هه‌ردوو پارسه‌نگه‌كه‌وه بگرێ ؟، هه‌م وه‌ك داكۆكیكار له ماف و به‌رژه‌وه‌ندی رۆژنامه‌نووسان و ئازادی میدیا ، هه‌م وه‌ك رێكخه‌ری میدیا و پاراستنی ئه‌خلاقی رۆژنامه‌گه‌ری ، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێم وایه ئه‌ركی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان جگه له‌وه‌ی ته‌نیا بریتی نییه له قسه‌كردن و ده‌ركردنی به‌یاننامه ، به‌ڵكو له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ركه‌كه‌ی زۆر له‌وه قورستره كه تێگه‌یشتووین ، ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خیرا بۆ چه‌ند شتێك بده‌ینه‌وه ، ده‌توانین له چه‌ندین رووه‌وه سه‌ندیكا بخه‌ینه ژێر پرسیاری ئه‌و به‌رپرسیارییه‌تیه گه‌وره‌یه‌ی له سه‌ر شانی ئه‌وه ، ئه‌گه‌رچی له رابردوودا شایه‌دی هه‌ندێ له‌و وه‌ڵامانه‌شین كه به ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان بڵاوكراونه‌ته‌وه ، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كان پڕ پێستی پرسیاره‌كان نه‌بوونه ، ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شیان دروست نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ی پێویست نه‌كات جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ریان .
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له باره‌ی زۆری ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانیدا كه پێناسه‌ی رۆژنامه‌نووسی پێداون وخۆیان له نزیكه‌ی چوار هه‌زار و پێنج سه‌د ئه‌ندام ده‌دات به كارا‌و به‌شداو مه‌شقكاره‌وه ، پێی وایه به به‌راوورد له گه‌ڵ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و ئه‌و هه‌موو ده‌زگاو كه‌ناڵه راگه‌یاندنانه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه ئه‌و ژماره‌یه زۆر نییه .
له كاتێكدا من پێم وایه زۆری و كه‌می ژماره‌ی رۆژنامه‌نووسانی ئه‌ندام له سه‌ندیكا ئه‌سڵی كیشه‌كه نییه ، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ده‌یان كه‌س ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به سه‌دان ، به پێناسه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان كراونه‌ته رۆژنامه‌نووسی ئه‌ندام ، كه نه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌نووس نینه ، به‌ڵكو له هیچ كه‌نالێكی راگه‌یاندنیش كار ناكه‌ن ، له كاتێكدا سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه ده‌خاته ئه‌ستۆی خودی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ، كه ئه‌وان پشتیگری هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌یان كردوه به مه‌به‌ستی بوونه ئه‌ندام له سه‌ندیكا ، گوایه ئه‌مه‌ش هیچ گوناهێكی ئه‌وانی تێدا نییه ، سه‌ندیكا به‌پشتبه‌ستن به‌و پشتگیرییه‌و ئه‌و مه‌رج و رێنمایانه‌ی له یاساكه‌یاندا هاتووه ئه‌ندام وه‌رده‌گرن ، من هیچ قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه نییه و كۆكم له گه‌َڵیاندا ، به‌یانی بمه‌وێ ده‌یان پشتگیری ده‌هێنم بۆ هه‌ر كه‌سێكی بمه‌وێ ، با ئه‌و كه‌سه سه‌ره‌ده‌ریش له كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌رنه‌كات ، به‌ڵام ئایا كێشه‌كه ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌یه ، زه‌وابته‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان چییه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندام ؟ من نمونه‌م لایه ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بێ ئاگاداری و له پشته‌وه‌ی لقه‌كانی سه‌ندیكا ده‌یان كه‌سی كردۆته ئه‌ندام كه تیایاندا هه‌یه فڕی به‌سه‌ر كاری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه نییه ، له‌وه‌ش زیاتر له كاتێكدا خه‌ڵكی كردۆته ئه‌ندام، گوایه وه‌رگرتنی ئه‌ندامییه‌تی راگیراوه ، له‌وه‌شدا مه‌به‌ستم نییه بڵێم لقه‌كانیش ئه‌وه‌یان نه‌كردوه ، ئه‌مه رێك ئه‌وه ده‌گه‌ێنێ كه وه‌ك چۆن هه‌ندێك ده‌زگا له گۆتره پشتگیریان بۆ خه‌ڵك كردوه‌و ده‌كه‌ن ، به هه‌مان شێوه سه‌ندیكاش له گۆتره خه‌ڵكی كردۆته ئه‌ندام ، لیژنه‌ی ئینزیباتیش ده‌نگ ناكات و ورته‌ی لێوه نایێت . كار گه‌یشتۆته ئاستێك خه‌ریكه سه‌ندیكا خۆی ده‌بێته مه‌ترسی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له زۆربه‌ی بۆنه‌كاندا شانازییان پێوه‌ده‌كات ، به‌وه‌ی له سه‌ره‌تای دامه‌زاندنییه‌وه توانیویه‌تی زه‌وی بۆ به‌شێكی رۆژنامه‌نووسان دابین بكات و یاساكانی سندوقی خانه‌نشینی و رێكخستنی كاری رۆژنامه‌گه‌ری و گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی خزمه‌تی رۆژنامه‌گه‌ری بۆسه‌ر كاری وه‌زیفی حكومی مسۆگه‌ر بكات .
مه‌ترسییه‌كان چین ؟ مه‌ترسییه‌كان له‌وه‌دا ده‌بینم خه‌ڵك هه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژیك كاری رۆژنامه‌گه‌ری كردبێت كراوه‌ته ئه‌ندام ته‌نیا له پێناو بردنه‌وه‌ی 10ساڵ خزمه‌تی كاری رۆژنامه‌گه‌ری ، به‌راستی گوناهێكی گه‌وره‌یه هه‌ر له‌و گۆڕه 10 ساڵ خزمه‌تت بۆ مسۆگه‌ر بكرێت ، گوناهێكی گه‌وره‌یه خه‌ڵكێك به سی ساڵ خزمه‌ت نه‌توانێ ببێته خاوه‌ن پارچه‌یه‌ك زه‌وی ، كه‌چی له رێگه‌ی سه‌ندیكاوه به كونفه‌یه‌كونێك زه‌وی وه‌ربگرێ ، ئه‌گه‌ر پێشتریش سوودمه‌ند بووبێت ، به‌ده‌ر له رێَنمایی (ئیستسنا) بكرێت له پێدانی زه‌وی ، له‌وه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستم ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه نییه كه به هه‌موو مانایه‌ك مماره‌سه‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كه‌ن و رۆژنامه‌نووسن ، ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه‌شم زێده‌ڕۆی تێدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم له دوای كردنه‌وه‌ی لقی هه‌ولێر ، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئه‌ندامییه‌تیش ، كه چه‌ند ساڵێك بوو وه‌رگرتنی ئه‌ندامی تازه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاوه راگیرابوو ، به لێشاو داواكاری بوونه ئه‌ندامی سه‌ندیكا له لقی هه‌ولێر وه‌رگیرا ، كه بێشك له لقه‌كانی دیكه‌شدا ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بووبێ كه‌متر نه‌بووه ، كه هۆكاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌و هه‌موو داواكاریانه‌ش به پله‌ی یه‌ك بۆ ئه‌و ئیمتیازاتانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ره‌نگه هه‌ركه‌سێكی ئه‌ندام بیه‌وێ بتوانێ لێی سوودمه‌ند بێت
هۆكاره‌كانی ئه‌م لێشاوه زۆره‌ی داخوازی بوونه ئه‌ندام له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ؟
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خێرا بۆ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بده‌ینه‌وه ، ده‌بینین داخوازی بوونه ئه‌ندام له ئاستی پێویستدا نه‌بووه ، بۆیه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان به ده‌وری سه‌ندیكادا ، به نووسراوی ره‌سمی داوایان له رۆژنامه‌و گۆڤار‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كردوه لیستی ناوی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌یان بۆ بنێرن كه وه‌ك رۆژنامه‌نووس له كنیان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانكه‌نه ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ، سه‌ره‌تا خراپ و ناڕێكیه‌كانی سه‌ندیكا لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات ، له ئێستادا داخوازی بوونه ئه‌ندام له سه‌ندیكا گه‌یشتۆته ئاستێك كه ده‌بێت زۆر به ووردی حیسابی لۆ بكرێ ، هه‌رچه‌نده له‌مه‌شدا زۆر به ئومێد نیم ، چونكه توندكردنی وه‌رگرتنی ئه‌ندام ، هه‌مدیسان زیاتر به‌رۆكی ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه به پێی رینمایی و یاسای سه‌ندیكا ده‌یانه‌وێ ببنه ئه‌ندام .
هه‌رچه‌نده له پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردندا سیاسه‌تی وه‌رگرتنی ئه‌ندام و خه‌ڵك كۆكردنه‌وه سه‌رچاوه‌ی بردنه‌وه و به‌ده‌ستهێنای ده‌نگی زیاتره ، به‌ڵام له قۆناغی ئێستادا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی هێنده جێگه‌ی بایه‌خ نییه ، چونكه تا ئه‌م ساته‌ش پێكهاته‌و ته‌شكیلاتی سه‌ندیكا له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافقی دیموكراسی بیناكراوه .
ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێ دووقسه‌ی جدی له‌و بارودۆخه‌ی ئێستا بكه‌ین ، بۆ ئه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ رۆژنامه‌نووسان بگه‌ڕێنینه‌وه ، ئه‌وه سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌به‌رده‌م به‌پرسیارییه‌تییه‌كی زۆر گه‌وره‌دایه بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و خۆ رێكخستنه‌وه ، به‌ده‌ر له‌مه سه‌ندیكا ناتوانێ له‌و بازنه ته‌قلیدیه و ئه‌و هه‌موو گلله‌یی و ره‌خنانه‌ی لێده‌گیرێ ده‌ربازی بێت ، چوونكه به‌خۆداچوونه‌وه له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێكه له كاره هه‌ره‌گرنگ و له پێشه‌كانی سه‌ندیكا ، هه‌رچه‌نده چه‌ندجارێكیش ئاماژه‌یان بۆ كردوه ، به‌ڵام سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان و زۆر شه‌رمن دێته به‌رچاو ، نایه‌وێ بڕیاری یه‌كڵاكه‌روه له هیچ شتێك بدات و زۆر جدیش نییه له پێداچوونه‌وه به‌و بارودۆخه و ده‌یه‌وێ هه‌موو شته‌كان به هه‌ڵپه‌سێردراوی بمێنه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كۆنگره‌ی گشتی ده‌كرێت ، هه‌رچه‌نده گومانیشم هه‌یه گۆنگره‌كه له كاتی خۆیدا ببه‌سترێ .



del.icio.us
Digg