ئیمپراتۆریه‌تی مه‌رگ
پڕۆژه‌ی كوشتنی كۆمه‌ڵگه ئاسۆ جه‌بار
ئیمپراتۆریه‌تی مه‌رگ
پڕۆژه‌ی كوشتنی كۆمه‌ڵگه
ئاسۆ جه‌بار
سه‌ركوتكردن‌و داپڵۆسینی هه‌ر چالاكی‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ژیاندۆستانه ته‌نها كرده‌گه‌لێكی نائینسانی‌و وه‌حشیگه‌ری ساده‌و ساكار نییه بۆ به‌رپاكردنی فه‌زایه‌كی گه‌وره‌و گرانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و شه‌رعیه‌تدان به توندوتیژی‌و سیستیماتیزه‌كردنی زه‌بروزه‌نگ له‌ئاستێكی باڵای فه‌رمی‌و ده‌وڵه‌تییدا، به‌ڵكه پێكڕا هه‌ر كرده‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌و نائینسانیانه ده‌رهه‌ق به هه‌ر روانینێكی نوێ‌و دنیابینییه‌كی جیاواز له‌و سیستمه دیكتاتۆریی‌و سه‌ركوتكاره راسته‌قینه ئاڵۆزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هه‌ر كرده‌یه‌كی زه‌بروزه‌نگئاسا‌و هه‌ر توندوتیژییه‌كی فه‌رمی ده‌بنه پێكهێنه‌ری ئه‌و شوناسه زه‌به‌لاحه‌ی كه خولقێنه‌ری شه‌رعیه‌ت‌و سیستم‌و دامه‌زراوه‌گه‌لێكی نائاسایی‌و نابه‌رجه‌رسته‌یه. تائێره ئیتر ئنسان ناتوانێت تاكه شوناسێكی دیاریكراو بدۆزێته‌وه بۆ لێشاوێك له‌كاری زه‌بروزه‌نگ‌و كوشتن‌و فڕاندن‌و زیندانیكردن‌و له‌سێداره‌دان‌و كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌و خامۆشكردن‌و سه‌ركوتكردنی عه‌قڵ‌و جه‌سته‌و رۆحی ئینسان.
كۆماری ئیسلامی ئیران، كۆماری مه‌رگ‌و تۆقاندن‌و سه‌ركوتكردن‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی رۆح‌و روانین‌و دنیابینییه جیاوازه‌كان، كۆماری كوشتنی شاراوه‌و سه‌رنگومكردن‌و زیندانه گه‌وره‌كان‌و كۆماری له‌سێداره‌دان‌و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندان‌و هه‌ر چالاكییه‌كی شارستانی.
فه‌نتازیای مه‌رگ
ئه‌فسانه مۆدێرنه‌كانی مه‌رگ لێره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن... كاتێك نیشتیمان ده‌بێته سه‌زه‌مینێكی گه‌وره له‌گرتوخانه‌و زیندان، كاتێك ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و زه‌برزه‌نگ ده‌گه‌نه دوا ترۆپكی شه‌هوه‌تی مه‌رگ‌و نه‌شئه‌ی خوێنڕشتن، كاتێك دیواره‌كان‌و كۆڵانه‌كان‌و ماڵ‌و مزگه‌وت ده‌بنه گوێیه‌كی سیخور‌و ترسێكی تۆقێنه‌ر، كاتێك فێرگه‌و قوتابخانه‌و زانكۆكان ده‌بنبه ده‌زگاگه‌لێكی زه‌لیل له‌به‌رده‌م جه‌به‌ڕوتی گرتن‌و داپڵۆسین‌و كوشتندا، كاتێك شه‌قامه‌كان ده‌بنبه شه‌قامه خوێناوییه‌كانی مه‌رگ‌و بێكه‌سكوژی، كاتێك سه‌رله‌به‌ری رۆژنامه‌و بڵاوكراوه سه‌ربه‌خۆكان داده‌خرێن‌و نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسه‌كانیان په‌لكێشی زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و په‌تی سێداره ده‌كرێن، كاتێك زیندانه‌كان پڕده‌كرێن له‌ڕۆحله‌به‌ری بێگوناه‌و بێ‌تاوان، كاتێك كچان‌و كوڕانی خۆپیشانده‌ر‌و ناڕه‌زا به‌به‌رچاوی رێكخراوه زه‌به‌لاحه‌كانی مافی مرۆڤ‌و لێبوردنی نێوده‌وڵتی‌و به‌رگریكاران له‌ئینسان‌و ژن‌و رۆژنامه‌نوسان خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێن‌و هیچ هێزێك ناتوانێت ببێته رێگرێكی راسته‌قینه‌و زیندوو له‌به‌رده‌م ئه‌و ماشێنی مه‌رگدا...سه‌ره‌نجام نیشتیمان ده‌بێته نیشتیمانی مه‌رگ‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش ده‌بێته ئیمپراتۆریه‌تی مه‌رگ.
جه‌لاده‌كان ته‌نها ئه‌و پیاوكوژانه نین كه په‌تی قه‌ناره ده‌كه‌نه ملی قوربانییه‌كان‌و به‌دیار دواهه‌ناسه‌ی مه‌رگه‌وه راده‌وستن، وه‌كچۆن جه‌لاده‌كان ته‌نها ئه‌وانه نیین كه به‌كردار جینۆساید‌و كۆمه‌ڵكوژی ده‌كه‌ن‌و به‌ندیخانه‌كان پڕده‌كه‌ن له‌نه‌یار‌و ئۆپۆزسیۆن‌و دوژمنه‌كانیان، هاوكات شاره‌كان پڕده‌كه‌ن له‌ترس‌و غه‌مگینی‌و ته‌عزیبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌سته‌یی‌و روحی‌و ده‌روونی ده‌خولقێنن، نه‌خێر وه‌كچۆن دیكتاتۆره‌كان دروستكار‌و به‌رهه‌مهێنه‌ری جه‌لاد‌و بكوژی راسته‌قینه‌و تایبه‌تن، به‌هه‌مانشێوه ده‌سه‌ڵاته سته‌مكار‌و تۆتالیتار‌و مه‌زهه‌بییه‌كان خاوه‌نی دنیایه‌ك جه‌لادی كولتوری‌و فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیری‌و شارستانیین.
ئاتین دۆلابۆتی ده‌ڵێت "خه‌ڵكی له‌ژێر كۆنترۆڵی سته‌مكاران به‌ساده‌یی ده‌بنه كه‌سی ترسنۆك‌و باڵاده‌ستی قبوڵ ده‌كه‌ن." پیاده‌كردنی ئه‌م فه‌رهه‌نگه وه‌حشیگه‌ری‌و دیكتاتۆرییه له‌هه‌ر سه‌رزه‌مینێكی ژیاریدا ته‌نها شه‌رعیه‌تدان نییه به سیستمێكی دیكتاتۆری یان مه‌زهه‌بی یان تۆتالیتاری، به‌ڵكه خولقاندنی ئیمراتۆرییه‌تێكی وه‌همی‌و فه‌نتازییه له‌سه‌رزه‌مێنێكی ته‌واو واقیعی‌و به‌رجه‌سته‌دا.
ترسناكترین ئاستی سته‌مكاری‌و چه‌وسانه‌وه له‌و ساته‌وه‌ختانه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه سته‌مكاری‌و توندوتیژی‌و زیندانیكردن‌و كاره ناشارستانی‌و نائینسانییه‌كان له‌سیستمێكی نوێكاری‌و مۆدێرندا ئه‌نجام ده‌درین، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كاتێك كوشتنی ئینسان له‌جه‌نگه‌كانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ له‌سێداره‌دان‌و ونكردن‌و زیندانیكردن، كاتێك بێده‌نگكردنی ئینسان له‌سیستمێكی هه‌ژاری سیاسییه‌وه باز هه‌ڵده‌داته نێو دۆخێكی ترسناكی یاسایی‌و حكومی‌و كولتوری‌و مه‌زهه‌بییه‌وه، ئه‌وكاتانه ئیتر قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن له‌ڕێی تێزگه‌لێكی هه‌ژاری كلاسیكییه‌وه بێجگه له‌ریزكردنی كۆمه‌ڵێك حیكایه‌ت هیچی دیكه نیین.
ئیمپراتۆریه‌تی مه‌رگ ته‌نها پێكهاته‌یه‌كی سیاسی‌و حكومی نییه، به‌ڵكه سیستمێكی ئه‌فسانه‌یی گه‌وره‌یه كه پێكهێنه‌ری شوناسێكی نابه‌رجه‌سته‌یه له‌دیكتاتۆریه‌تێكی ئاینی‌و میلیتاری‌و فاشیستی‌و وه‌حشیگه‌ریی مۆدێرن. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م تێزه نوێیه پێویسته قوڵ بڕوانینه ئه‌و سیستمه پراكتیكییه‌ی كه ته‌نها وه‌ك پێشێلكاری مافی مرۆڤ‌و توندوتیژی‌و نائینسانییه‌ت حسابی بۆ ده‌كرێت. بۆنمونه بێگومان پراكتیزه‌كردنی كوشتن‌و مه‌رگ ته‌نها بریتی نیین له‌كرده‌گه‌لێكی ئاسایی بۆ كوشتنی ئینسان‌و به‌ڵكه كوشتن شوناسێكی فه‌نتازی‌و ئه‌فسانه‌یی‌و په‌نهان وه‌رده‌گرێت، وه‌ك كوشتنی نهێنی‌و حه‌شارگه‌ی ونكردنی ئینسان، له‌سێداره‌دان‌و كوشتنی خۆپیشانده‌ران به‌به‌رچاوی دنیاوه، لێدان‌و داپڵوسین تا مه‌رگ، ئه‌شكه‌نجه‌دان، پڕكردنی زیندانه‌كان، كوشتنی جه‌سته‌یی‌و روحی‌و ده‌روونی‌و فه‌رهه‌نگی.
مه‌رگی ئازادییه‌كانی ئینسان
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سنوری پۆڵاڕێژ‌و دنیایه‌ك هێڵی ده‌كێشن بۆ نوسین‌و كاری رۆژنامه‌گه‌ری، ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی جاهیل‌و وێرانن له‌ڕووی مه‌عریفییه‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه چه‌ند دوور ده‌كه‌ونه‌وه له‌دیمكراسیه‌ت‌و ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش نزیكده‌بنه‌وه له‌پڕاكتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی پۆلیسی‌و دیكتاتۆری.
جه‌به‌ڕوتی یاساكان كه خولقێنه‌ری سنورگه‌لێكی مه‌ترسیدار‌و قه‌ده‌غه‌ن بۆ هه‌ر نوسه‌ر‌و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوس‌و رۆژنامه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی پێنه‌خاته نێو دنیای حه‌رامكراوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و دابونه‌ریتی گشتی‌و گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌وڵتی‌و كاره ناشارستانی‌و وه‌حشیگه‌رییه‌كان، پێكڕا هه‌وڵگه‌لێكی كوشنده‌ن بۆ داخستنی سه‌رله‌به‌ری ده‌رگاكانی زانیاری‌و ده‌ستكه‌وتنی داتا‌و راستییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌و نوسه‌ران‌و رایگشتی. له‌م سه‌روبه‌نده دژواره‌دا هه‌ر رۆژنامه‌وسان‌و رۆژنامه‌كان نابنه قوربانی یه‌كه‌م، به‌ڵكه له‌ڕێی ئه‌م جه‌به‌ڕوته ده‌وڵتی‌و نائینسانییه پڕ تراژیدییه‌وه ته‌ڕوشك ده‌كه‌ونه به‌ر ئۆپراسیۆنی كوشتن‌و له‌سێداره‌دان‌و فڕاندن‌و ناعه‌داله‌تی‌و هێزه زه‌به‌لاحه‌كانی زه‌بروزه‌نگ‌و سه‌ركوتكردن.
ئه‌ورۆكه هه‌موو جیهان ده‌زانێت كه له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا به نهێنی‌و به‌ئاشكرا‌و به‌یاسا مافی ئازادی نوسین‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و ئازادییه تاكه‌كه‌سییه‌كان‌و سه‌ره‌تاییه‌كان تائاستێكی ناشارستانی پێشێلده‌كرێن. تائێستاكه چه‌ندین رۆژنامه‌نوس‌و ره‌خنه‌گر له‌كاتی راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا كه‌وتونه‌ته به‌ر شه‌ق‌و تێهه‌ڵدان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه نهێنییه‌كان‌و زیندانیكردن‌و جه‌به‌روتی هێزه‌كانی پۆلیس‌و ئیتلاعات‌و گاردی نیشتیمانی. ئێمه به به‌ڵگه‌وه لامانه كه تائه‌وڕۆكه چه‌ندینجار به‌نهێنی‌و به ئاشكرا‌و له‌ڕێی یاسایه‌كی كوێرانه‌و نائینسانیانه‌وه مافی ئازادی نوسین‌و ئازادی كاری رۆژنامه‌گه‌ری‌و ئازادی كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌و ئازادی خۆپیشاندان‌و ناڕزایی ده‌ربڕین‌و ئازادی فه‌رهه‌نگی‌و فیكری به‌خراپترین‌و ناشارستانیترین فۆرم پێشێلكراون.
جۆن ستیوارت میل (1806-1873) له‌كتێبی (ئازادی)دا ده‌ڵێت: "ته‌واوی مرۆڤایه‌تیش مافی ئه‌وه‌ی نیه ده‌می كه‌سێكی ناڕه‌زامه‌ندو نه‌یار ببه‌ستێ‌و رێگه‌ی ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕه‌كانی لێبگرێت. چونكه ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، هه‌رگیز مرۆڤایه‌تی به‌بیروباوه‌ڕو روانینی نوێ ئاشنا نابێت‌و له‌دۆخێكی له‌وجۆره‌دا رێگای گه‌شه‌و پێشكه‌وتن ده‌به‌سترێت، واته هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی مافی بیركردنه‌وه‌و هۆشمه‌ندێتی‌و ده‌ربڕینی بیروڕاكانی هه‌یه‌و له‌پله‌وپایه‌ی عه‌قڵا‌و دانایی مرۆڤ ناوه‌شێته‌وه كه ببێته له‌مپه‌ری به‌رده‌م بڵاوبونه‌وه‌ی هزرو بیروباوه‌ڕی هاوڕه‌گه‌زانه‌ی وه‌ك خۆی".
ئه‌و حكومه‌تانه‌ی ئازادییه‌كانی راده‌ربرین‌و ئازادی نوسین كۆتوبه‌ند ده‌كه‌ن له‌رێی زنجیر‌و قفڵی ده‌سه‌ڵات‌و مه‌زهه‌ب‌و به‌حساب ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و حیزبیه‌وه، سه‌دده‌رسه‌د ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی بێئاگا‌و نابه‌رپرس‌و سه‌ركوتكار‌و سته‌مكارن. جه‌لاده‌كان به‌رله‌وه‌ی قفڵ‌و زنجیر بكه‌نه ملی هاوڵاتیانه‌وه به‌رله‌وه‌ی ده‌ست‌و پێی كۆمه‌ڵگا زنجیربه‌ند بكه‌ن، پێكرا له‌ڕیی كۆمه‌ڵێك هێزی نافه‌رهه‌نگی‌و نایاسایی‌و ناشارستانییه‌وه سه‌ره‌تا ده‌ست‌و قه‌ڵه‌می نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسان قفڵده‌كه‌ن‌و رۆژنامه‌كان دائه‌خه‌ن‌و ده‌بنه كوشنده‌یه‌كی گه‌وره‌ی بیرورای ئازاد‌و نوسه‌ری ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، دیكتاتۆره‌كان به‌رله‌وه‌ی وڵات بكه‌ن به گرتوخانه‌یه‌كی گه‌وره‌و سنوره‌كانی ژیان ته‌نگه‌به‌ر ده‌كه‌ن‌و ده‌بنه به‌رهه‌مهێنه‌ری زۆرناژه‌ن‌و به‌رماوه‌خۆری ده‌وڵه‌ت‌و ده‌یانكه‌ن به روخساره تۆقینه‌ره‌كانی كوشتنی ئازادی بیروڕا‌و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری.
ئازادی بیرورا‌و ئازادی نوسین جیاناكرێته‌وه له‌وه‌رچه‌رخانی شارستانی‌و رۆشنبیری، وه‌كچۆن گه‌شه‌پێدانی فه‌رهه‌نگ‌و زانست‌و رۆشنبیریی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ‌و دژواری هه‌یه به‌ئازایه‌تی داهێنه‌ران‌و نوسه‌رانی ئازاده‌وه.
جه‌هل و كاریزما
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی پێیانوایه حه‌قیقه‌ت له‌گه‌رووی خۆیاندایه‌و خۆیان به‌خاوه‌نی بێ قه‌یدوشه‌رتی حه‌قیقه‌ت‌و راستییه‌كان ده‌زانن‌و بێ هه‌ڵه‌و كه‌مكوڕین، سه‌دده‌رسه‌د ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی دیكتاتۆر‌و سته‌مكارن. وه‌كچۆن ئه‌و جه‌نگاوه‌ر‌و شۆڕشگێڕانه‌ی پێیانوایه ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤه‌كان له‌لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیاندایه‌و له‌ڕێی ئه‌م سته‌مه ئه‌خلاقیه‌وه خۆیان ده‌كه‌ن به میراتگری هه‌میشه‌یی سه‌رله‌به‌ری سه‌رچاوه ئابوری‌و سیاسی‌و ئاینی‌و فه‌رهه‌نگی‌و شارستانییه‌كان.
دیكتاتۆر‌و ده‌سه‌ڵاته ناعادیل‌و گه‌نده‌ڵ‌و سته‌مكاره‌كانیش سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی داگیركار‌و وێرانكارن له‌رووی ئابوری‌و فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیرییه‌وه ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی تێرۆریستیشن بۆ كوشتنی حه‌قیقه‌ت‌و ئازادی‌و رۆشنبیری‌و روانین‌و دنیابینی مۆدێرن به ناشرینترین شێوه. هاوكات هێزگه‌لێكی مه‌رگدۆستن بۆ كاولكردنی شارستانیه‌ت‌و فه‌رهه‌نگ‌و تاڵانكردنی كۆمه‌ڵگه‌و تێرۆكردنی خه‌ونی گۆڕان‌و داهێنان‌و جیاوازییه‌كان.
ئه‌وانه‌ی پێیانوایه سازكردنی بێده‌نگخانه‌یه‌كی گه‌وره كۆمه‌ڵه هه‌وڵێكی گه‌وره‌ن بۆ بنبڕكردن‌و له‌ناوبردنی ده‌نگه ناڕه‌زا‌و ئۆپۆزسیۆن‌و دنیابینییه جیاوازه‌كان، بێگومان بێ‌ئاگان له‌وه‌ی كه پراكتیزه‌كردنی كرده‌ی وه‌حشیگه‌ری‌و نائینسانیه‌ت هه‌وڵگه‌لێكی كوشنده‌و كاریگه‌رن بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كانی بێده‌نگی‌و بێئه‌ندازه شاردنه‌وه‌ی هه‌ر دیارده‌یه‌كی له‌و جۆره به شاراوه‌یی سه‌رئه‌نجام گه‌وره‌بون‌و زه‌قكردنه‌وه‌یه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهان‌و په‌یوه‌ندییه شارستانی‌و سیاسی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
هاوكات چۆن تێرۆر‌و زه‌بری كاولكاری هێزگه‌لێكن بۆ داڕوخانی ئابوری‌و فه‌رهه‌نگی‌و شارستانی‌و سیاسی به مه‌ترسیدارترین‌و وه‌حشیگه‌ریترین كرده‌و كاریگه‌ری، به‌هه‌مانشێوه دیارده‌ی سه‌ركوتكردن‌و داپڵۆسین‌و له‌سێداره‌دان‌و پڕكردنی زیندانه‌كان‌و ناعه‌داله‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و پراكتیزه‌كردنی وه‌حشیگه‌ریی‌و كوشتنی رایگشتی پێكڕا هێزگه‌لێكی كوشنده‌ترن له‌تێرۆر، ئه‌وه‌ی تێرۆر ناتوانێت له‌ناوی به‌رێت، بێگومان عه‌قڵیه‌ت‌و كرده‌ی دیكتاتۆریه‌ت‌و سته‌مكاری‌و وه‌حشیگه‌ری به‌ئاسانی ده‌توانن كاولی بكه‌ن.
سارته‌ر ده‌ڵێت: "مرۆڤ مه‌حكومه به ئازادی"، هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی رۆشنبیر به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی‌و ره‌شه‌كوژییه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌رهه‌ق به هاوڵاتیان به‌رله‌وه‌ی ئه‌ركێكی رۆشنبیری بێت ده‌یان ئه‌وه‌نده ئه‌ركێكی ئینسانییه‌و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگیش به‌رامبه‌ر ئه‌م ئاشوبه سونه‌تییه له‌دنیادا ئه‌وپه‌ڕی ناڕۆشنبیرییه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی جه‌هلێكی گه‌وره‌یه.
جه‌هل ته‌نها له‌تاریكییه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت، په‌نهان نیه‌و خۆی نه‌شاردۆته‌وه، جه‌هل زۆر به ئاشكرا‌و بێشه‌رم به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا پیاسه‌ده‌كات، بێشه‌رمانه مرۆڤ ده‌كوژێت‌و به‌سه‌ر خیابانه‌كاندا رایده‌كێشێت، جه‌هل ده‌ستڕێژی گولله ده‌كات به گیانی ئاپوره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه برینداره‌دا‌و بێشه‌رمانه ده‌یانكوژێت، جه‌هل ته‌نها عه‌مامه‌ی نه‌داوه به‌سه‌ردا‌و كه‌واوسه‌ڵته‌ی ئیمامی عه‌لی نه‌داوه به‌سه‌ر شانی‌دا، به‌ڵكه به‌پێی ئایه‌ته‌كانی قورئان ده‌مانكوژێت، فه‌توای مه‌رگ بۆ هه‌مومان ده‌رده‌كات، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی پیرۆزییه‌وه هه‌موو پیرۆزییه‌كانی تر‌و هه‌موو دنیابینییه‌كانی دیكه بكوژێت، ئه‌و به‌ناوی پارێزگاریكردن له‌ئاینی ئیسلام به‌قه‌ولی خۆی رۆژنامه‌كان‌و هه‌فته‌نامه‌كان داده‌خات‌و نوسه‌ره‌كانیان ره‌وانه‌ی دادگا‌و زیندانه تاریكه‌كان ده‌كات، هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت هه‌موو ناڕه‌زاییه‌كی هاوڵاتی غه‌رقی جه‌هله‌كانی خۆی ده‌كات‌و سیخناخمان ده‌كات له‌گومڕایی‌و له‌شه‌ڕ‌و دژایه‌تی.
جه‌هل ناتوانێت ئه‌ویدی قبوڵبكات، ئه‌و كه باوه‌ڕی به جیاوازییه‌كان نیه، هاوكات خه‌یاڵكوژ‌و مرۆڤكوژ‌و خه‌ونكوژ‌و ئاره‌زووكوژه، ئه‌و بۆیه هه‌موو خواستێكی گۆڕان‌و هه‌ر جیهانبینییه‌كی جیاواز ده‌كوژێت‌و خامۆشیان ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نها باوه‌ڕی به دنیای نوێ‌و گۆڕانكاری مۆدێرن نیه، به‌ڵًكه ئه‌و پێیوایه هه‌مو حه‌قیقه‌ته‌كان له‌لای ئه‌وه‌و حه‌قیقه‌تێكی دیكه بونی نیه له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ودای داخراوی روانین‌و دنیابینییه‌كانی خۆی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌مه‌جییه، ده‌سه‌ڵاتێكه بۆ فه‌رامۆشكردنی هه‌مو كرده‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، جه‌هل له‌و خه‌یاڵه كوشنده‌یه‌دا ده‌ژی كه ده‌ره‌وه‌ی خۆی‌و ئه‌و جیاوازیانه ناكه‌ونه غه‌بغه‌به‌ی جه‌هلی ئه‌وه‌وه كافر‌و گێره‌شێوێن‌و مه‌لعونن، به‌ڵام ته‌واو ئه‌م تێڕوانینه جاهیلانه‌یه، ئه‌وه كافره كه خه‌یاڵ‌و خه‌ون‌و خولیا‌و مرۆڤ ده‌كوژێت، ئه‌وه مه‌لعونه كه له‌ڕێی ئایه‌ته‌كانی قورئانه‌وه قه‌تلوعام ده‌كات‌و جه‌سته‌و روحی مرۆڤێك به‌و هه‌موو شكۆیه‌وه ده‌كوژێت‌و فه‌رمانی له‌سێداره‌دان‌و سه‌رنگومكردن بۆ ئینسانه‌كان ده‌رده‌كات.
جه‌هل به‌بێ ده‌سه‌ڵات ناتوانێت بژی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی جه‌هل به‌كاریده‌هێنێت‌و باوه‌ڕی پێی هه‌یه له‌تاكه‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت، به‌ڵكه ده‌یان سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی له‌پشته‌وه‌یه، ئێمه باسمان له‌وه كردووه كه چۆن له‌ڕێی سوره‌تی ئه‌نفال‌و سوره‌تی به‌قه‌ڕه‌وه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نفال ده‌كران‌و هه‌موو شه‌ڕه‌كان‌و كوشتنه‌كان‌و جینۆسایده‌كان كۆمه‌ڵه ئۆپراسییۆنێكی گه‌وره بوون، به‌ڵام ده‌یان ئایه‌ت‌و راڤه‌كاری ئاینی له‌پشته‌وه بوو، به ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌موو ئه‌و ئۆپراسیۆنانه به‌ناوی ئه‌نفال(كه سوره‌تێكی قورئانییه)و به‌ناوی سه‌عدی ئیبنی وه‌قاس‌و قه‌عقاع‌و خولافه‌كانی راشیدینه‌وه‌و ناوه‌كانی خوداوه به‌رامبه‌ر كورد كراوه، ئا ئه‌مه‌یه سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌هل كه قورئانه، تیرۆریسته‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش هه‌ر به‌ناوی قورئان‌و مزگه‌وت‌و جیهاده‌وه خه‌ڵًك سه‌رده‌بڕن‌و تیرۆر ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌هل عه‌سكه‌رتاریه‌ته، قه‌واره‌ی هێزه عه‌سكه‌رتاری‌و سه‌ربازییه‌كانی دنیای جه‌هل سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤه‌كانه، هێزی سه‌ربازی وڵاته دواكه‌وت‌و جاهیله‌كانی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌و عێراق‌و سوریا سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ی كوشتن‌و زیندانیكردنی ئینسانه‌كانه. ئه‌و هێزانه ته‌نها بۆ به‌رگریكردن نیین یان بۆ پاراستنی وڵات نیین له‌دوژمنه‌كانی، به‌ڵكه هێزی عه‌سكه‌رتاری‌و ئیتلاعاتی له‌م وڵاتانه‌دا ته‌نها بۆ جڵه‌وكردن‌و لغاوكردنی مرۆڤه، ته‌نها بۆ زیندانیكردنی عه‌قڵ‌و روانین‌و دنیابینییه جیاوازه‌كانه، هێزگه‌لێكی بێشومارن بۆ بچوككردنه‌وه‌ی مرۆڤ‌و زه‌به‌لاحكردنی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی‌و ده‌سه‌ڵاتی مه‌رجه‌عی ئاینی.
كاره‌ساتی گه‌وره لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كاتێك جه‌هل ده‌بێته كاریزمایه‌كی عه‌سكه‌ری‌و موخابه‌راتی‌و ئاینی‌و فه‌رهه‌نگی‌و داموده‌زگایی، ئه‌وكاته ئیتر هه‌ر كرده‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌و هه‌مه‌جیانه به‌رامبه‌ر ئینسان شه‌رعیه‌تێكی ئاینی‌و عه‌سكه‌ری‌و یاسایی‌و ده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وكاته ئیتر پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ‌و كرده‌ی توندوتیژی‌و زه‌بروزه‌نگ تاسه‌رئێسقان ده‌بنه كرده‌گه‌لێكی فه‌نتازی‌و كاریزمایی بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاوازی‌و دنیابینی‌و روانین‌و جه‌سته‌و رۆحی مرۆڤایه‌تی‌و به‌رپاكردنی ئیمراتۆریه‌تی مه‌رگ له‌ڕێی پیشه‌سازییه‌كی راسته‌قینه‌وه بۆ دروستكردنی پێكهاته هه‌ره وه‌حشیگه‌رییه‌كانی ئه‌و ماشێنه زه‌به‌لاحه‌ی زه‌بروزه‌نگ‌و جه‌هل‌و سه‌ركوتكردن.



del.icio.us
Digg