ده‌ته‌په‌ داخرا، ئەی ئێستا چی؟

image

ڕێبوار ڕه‌شید

بڕیاری دادگای دەستووریی دەوڵەتی تورک لەسەر داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک، د.ت.پ لە ١١/١٢/٢٠٠٩ دا لەسەر یەک هۆ داڕێژراوە کە لە زۆر بازنەی تورکییدا بە “هۆیەکی کۆنکرێت” دادەنرێت. ئەویش [گوایا] وابەستەیی ئەو پارتەیە بە بڕیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
تورکەکان وا جاوەڕووانن کە پارتێکی سیاسیی کورد بکەوێتە ئەو داوەوە کە هەر وەکو هەموو دامەزراوەگەلی تورک بێت و پ.ک.ک بە تیرۆریست بانگ بکات. ئەوان لەو داوایەیاندا باش قووڵ نەبوونەتەوە، جونکە ئەگەرچی ئیمکانی کاری وا لە رووی سیاسییەوە فرە زەحمەتە، بەڵام ئەگەر رووش بدات دەبێت هەموو شتێک دروست بە دڵی ئەوان بێت بۆ ئەوەی سوودێکی ئەوتۆیان پێ بگەیەنێت. لە مێژە پ.ک.ک لە لایەن دەوڵەتی وەکو ئەمەریکا و دەوڵەتانێکی ناو یەکێتی ئورووپا و ئێران و سووریا و ئێراقەوە بە تیرۆریست ناوزه‌دە و لەو پەڕی بێبەزەیی و نه‌سڵەمینەوەدا هەموو وەڵامێکی سەربازیی و ئابووریی و دیپلۆماسییشیان داوەتەوە. بەڵام دەتوانین پێ دابگرین کە سەرئەنجامی هەموو ئەو وەڵامانە نە هیچ کۆمەکێکی بە نەهێشتنی پ.ک.ک کردووە و نە بە چارەسەری کێشەی کورد.
هیچ کۆمەکێکی بە کەمکردنەوەی ڕەگەزپەرستیی تورکیش دژ بە کورد نەکردووە.
ئەدی تورکەکان بۆ پێدادەگرن کە حەتمەن د.ت.پ دەبێت پ.ک.ک بە تیرۆریست بناسێت؟
تورکەکان وەک داگیرکەرێک دەزانن تەنها گوللەیەکی برەودار کە بنرێت بە دۆزی ئازادیخوازانەی کوردستانەوە دروستکردنی پوازێکە لە کورد خۆی. تورکەکان دەیانەوێت کورد لە ناوخۆدا بە ناشیرینکردن و سووکایەتی بەیەککردن و بە کۆمەڵکوشتنی یەکترەوە خەریک بن و خۆیان لە دوورەوە شۆخی و گاڵتە بە دواکەوتوویی کورد بکەن.
تا ئێستا، سەرەڕای ئەزموونی تاڵیش، خۆش بەختانە دەرکەوتووە کە ئیدی کوردستانیان ناکەونە داوێکی واوە. ساڵەهایەک لە شەڕی ناوخۆ ئەو کارەی بۆ ئەو جۆرە کوردانە فرە گران کردووە کە بیر لە کارێکی وا دەکەنەوە.
وا د.ت.پ داخرا، ئەدی ئەی ئێستا چی؟
سیاسەتمەدارانی تورک هەموو دەزانن کە بە داخستنی د.ت.پ کێشەی کورد و کوردستان تەواو نابێت. هەمووشیان دەزانن، ئەگەرچی نایانەوێت بیسەلمێنن، کە بڕیاری هاشم قیلچ (Haşim Kılıç) بڕیارێکی تەواو سیاسییە. هەروەها ئەوەش دەزانن کە حەتمەن پارتێکی دیکەی لەو جۆرە دادەمەزرێت و نەک لە سەرەتاوە  به‌ڵکه‌ لەوێدا کە د.ت.پ جێیهێشتووە  خەباتی کوردان درێژە پێدەدات.
ئەو پێداگرتنە کە [گوایا] پارتێکی دیکە دادەمەزرێت کە زیاتر “سەربەخۆ” دەبێت و دوورگریی لە پ.ک.ک دەکات، پێداگرتنێکە کە حەتمەن ئاییندە دەیسەلمێنێت و ئەگەری وه‌دی هاتنی کەمه‌. ئەڵبەت تورکەکانیش دەزانن هەندێک هەنگاوی لە سەرەتاوە تاکتیکیی شتێک لە کاتیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام سەریان ناخات. تورکەکان وەک داگیرکەر باش لە سروودی “ئەی ڕەقیب” حاڵی دەبن.
هەندێک پێیان وایە کە پارتی داد و گەشە (ئا.ک.پ) لە هەراو هوریای ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی، بەتایبەتی لە پارتی سۆسیالدیموکراتی تورکیه‌ و پارتی بزووتنەوەی ناسیونالیستی ماندوو بووە و دەیەوێت بە شێوەیەک بیانهێنێتە سەر سەحنەی کۆنکرێتبوونەوە. ئا.ک.پ پێیان دەڵێت ئەگەر ئێوە ناتانەوێت لەگەڵ پ.ک.ک دابنیشن،ئەگەر بە هەبوونی د.ت.پ ڕازیی نیین، ئەدی بە تەمای چین و ئەم گرفتە چۆن چارەسەر دەکەن و بە تەمان لەگەڵ کێدا دابنیشن؟ ئۆپۆزیسیۆنی ده‌وڵه‌تی ئێستای تورکیا ناچارن بەو زووانە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە.
ناڕەزایی ئاشتیخوازانەی کوردستانیان و هەڵپەی نەوجەوانانی بە ئازادی تینووی کورد بەردەوامە و تورکیای خستووەتە ژانێکی گەورەوە. تورکەکان دەزانن کە کوردستان ئێستا ئه‌و کوردستانه‌ی جاران نییە بە زەبری ٤٥٠ هەزار سەرباز بیخنکێنن. ئێستا کورد خاوەن پارە و چەک و تەقەمەنیی، دەستگای پەخش و بڵاوکردنەوە و دۆست و یارە، خاوەنی گەریلا و سەدان هەزار چالاکوانی سیاسییە کە دەنگ و ڕەنگ و ده‌یان ناوه‌ندی مه‌ده‌نیی  و له‌ هه‌موو گرینگتر بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رینی جه‌ماوه‌رییه‌ که‌ کاریگەریی نە هەر لە تورکیا و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و لە دونیادا هەیە.
لەبەرئەوە کەم تورک هەن، تەنانەت ئەوانەیش کە لە دڵەوە حەز دەکەن، لە ڕاستییدا بیانەوێت شەڕێکی ناوخۆیی لە تورکیادا لە نێوان کورد و تورکدا بقەومێت. زەمانێک کورد قوربانیەک بوو دەکرا دەم بخرێتە خوێنیەوە. ئێستا کورد قوربانیەکە کە دەتوانێت دیفاع لە خۆی بکات و ڕەنگە هەندێک جار بتوانێت زۆر توندیش وەڵام بداتەوە. ئەوە سەراپا سیاسەتمەدارانی تورک و ژنێراڵەکانی خستووەتە قەیرانێ دەستەوەستانییەوە.
کەم شت لە سیاسەتدا وەک قەیرانی دەستەوەستانبوون کاریگەرە.
بەڵام هاوار و گازەندە و خۆبادانی تورکەکان سەبارەت بە خۆشەویستیی نیشتیمانیان و بە پیرۆزیی خوێنی تورک هێندەی دیکە ئەو قەیرانەی قووڵ کردووەتەوە. کاتێک کە ئەوان پێ دادەگرن کە ناتوانن لەگەڵ پ.ک.ک دا دابنیشن کە لە ماوەی ٣٠ (سی) ساڵدا ٧ هەزار سەربازی خۆیان بۆ له‌نێوبردنی به‌ کوشت داوه‌، ئێستا چۆن دەتوانن وەڵامی ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی بدەنەوە کە لە بەراوورد دا مەرگی ٧ هەزار کەس لە سی ساڵدا دەتوانێت زەرەرێکی بچووک بێت؟
کاتێک کە هەموو دامەزراوەگەلی تورک کردوویانە بە هەرا و هەڵا بۆ کوژرانی ٧ هه‌زار سەرباز، ئەدی بە چ شێوەیەک و بە ئەندازەی کام زەرەر ئامادەن کوردان لە قەفەس بخەن و کۆتایی بە پ.ک.ک و بە بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە و سیاسیانەی کوردستانیان لە ناو تورکیادا بهێنن؟
کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە کە هەندێک تورک بیریان لێ کردووەتەوە.
بڕیاری هاشم قلیچ (Haşim Kılıç) بڕیارێکی تەواو سیاسیی بوو. ئێستا ئەو قسەیە کەوتووەتە سەر زاری هەمووان.
بە قسەی بوراق بەکدیل (BURAK BEKDİL ) هاشم قلیچ تەنها و تاکە دادوەری باڵایە لە جیهاندا کە خوێندنی دادوەریی نەخوێندووە و بووە بە دادوەری باڵا. بە واتایەکی دیکە هاشم قلیچ “هەڵبژاردەی” ده‌سه‌ڵاته‌. هاشم قلیچ ئەو دادوەرەیە کە حیزبی حاکم بە ڕەسمیی بە باشترینی ئەو ١١ دادوەرە دادەنێت کە هەن، ئەویش لەبەرئەوەی کە پار، واتە ساڵی ٢٠٠٨، کاتێک کە ئەو دە (١٠) دادوەرەی دیکە لەگەڵ داخستنی ئا.ک.پ بوون، ئەم دژی ئەو بڕیارە وێستایەوە.
ئێستا، ئەم هەرە باشترین دادوەرە، ئەسپی بوراقی حیزبی ئا ک.پ، بڕیارێکی دیکەی بە قازانجی پارتی داد و گەشە دا، ئەویش داخستنی د.ت.پ بوو. جۆکی سیاسیی هەرگیز لەوە زیاتر قوڕمساخ نییە.
ئەوانەی لە سیاسەتدا قوول بوونەتەوە تێدەگەن کە ئەم بڕیارە لەسەر داخستنی د.ت.پ چەند سیاسییە، بەڵام هەروەها تێش دەگەن کە دەتوانێت چەندیش تاکتیکیی بێت و هەروەها چەندیش بڕیارێک بێت کە بە دڵ دراوە، نەک بە مێشک.
پرسیارەکەی سەرەوە کەمێک توندتر خۆی دەکاتەوە: ئەگەر تۆیەک بۆ کوژرانی ٧ کەس هەموو وڵات و دونیا تێبگەیەنیت و بە شێوەیەک خۆت بهێنیت و ببەیت کە کەس زاتی نییە نێزیکت بکەوێت، ئەدی ئەی چ وەڵامێک بە ئەگەری شەڕی ناوخۆیی دەدەیتەوە؟
ئێستا تورکەکان،حکومەتیش و ئۆپۆزیسیۆنیش،لە پەنالتیەکی ساختەدا تۆپی یاریەکەیان خستە بەر لاقی خۆیان، بەڵام ئایا گۆڵی بردنەوە لە کورد دەکرێت؟ حکومەت یان دەبێت هێز و تینێکی بەگوڕتر بدات بەو شتەی خۆی ناوی ناوە “کرانەوەی کورد” کە لە ڕاستییدا “کرانەوەی تورک” ـە، یان دەبێت بیخەوێنێت و هەڵیبپەسێرێت کە ئەویش لەگەڵ ناڕەزایی بیستوچوار سەعاتەی سەدان هەزار چالاکوانی سیاسیی کورد نامومکینە و ئەو کەمە ئارایشەش تێک دەدات کە تورکیا ڕوواوڕووی یەکێتی ئورووپا کردوویەتی و، ماوەیەکە وەک ئارایشگەرێکی ناشارەزا، سەراپای رووخساری خۆی لە سوور و زەرد و مۆر، ناوە.
دەبینین کە ئەو ئاڵتەرناتیڤانه‌ی له‌ به‌رده‌م  دەوڵەتی تورک‌دان  زۆر نیین. یان دەبێت داوەتێکی جیددیتری ئۆپۆزیسیۆن بکات کە ئەوان زیاتر خستنی حکومەتەکە و بێ متمانەکردنیان بەلاوە گرینگە، نەک سەرئەنجامگەلی دیکەی وەکو بۆ نموونە کرێدیت پەیداکردن بۆ حیزبی حاکم، یاخود ئۆپۆزیسیۆن ناچار دەبێت خۆی تەسلیم بە مەرجەکانی حکومەتی ئا.ک.پ بکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەگەری چارەسەری ئاشتیانە و سیاسیانەی پرسی کورد بە داخەوە ماویەتی. ئەویش نەک لەبەرئەوەی گەلی کورد، پ.ک.ک یان د.ت.پ یاخود نەوجەوانانی کورد پەلەیانە و وەک تورکەکان دەڵین “هەر ئێستا ئێستایانە”، بەڵکو لەبەرئەوەی کورد لەگەڵ داگیرکەرێکدا تەرەفە کە هەتا بنهەنگڵی ڕەگەزپەرستیی و وەحشیگەرییە. ئەوان هێشتا زۆریان ماوە بتوانن کوردان بە هاوسان و هاوسەندەلیی خۆیان  بۆ دانه‌ساندن قبوڵ بکەن.
تورکەکان باش دەزانن کە لە د.ت.پ نەرمتریان چنگ ناکەوێت لەگەڵیدا گفتوگۆ بکەن، بەڵام خۆیان نازانن چیان دەوێت. ئەوە ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی هەیە. تورکەکان لە مێژوودا تەنها بردوویانە و خواردوویانە، ئێستا بە زەحمەت دەتوانن فێر بن کە بدەن یان لەگەڵ ئەوی دیکەدا بەش بکەن. ئەڵبەت فێر هەر دەبن، بەڵام کەی، ئەوە شتێکی دیکەیە.
کەواتە تۆپەکە لە ڕاستیدا لە بەر پێی ئێمەی کوردستانیدایە.
تا ئەو دەمەی تورکەکان بڕیاری خۆیان دەدەن ئێمەی کوردستانیی دەبێت لەسەرخەباتی خۆمان بەردەوام بین، کە من پێموایە نیشانەکان هەموو ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام دەبین.
ڕێبوار ڕه‌شید
١٦/١٢/٢٠٠٩
تێبینی: ئەم وتارە لە ماڵپەڕی “هەڵوێس” دا بڵاو کراوەتەوە www.helwist.com

 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست