گۆڕانەكان كارەكتەرى سیاسی خۆى ئەوێت.....محەمەد حسێن

image

2009-02-11


  گۆڕانەكان كارەكتەرى سیاسی خۆى ئەوێت
 
 
 لەكوردستاندا سەرەتاكانی شڵەژانێكی سیاسی دەركەوتووە , بزوتنێكی سیاسی دروستبووە كە بەهەموو پێودانگێك شتێكی نوێیە بۆ فەلەكی سیاسی ئەم وڵاتە , ئەم جوڵاندنەوانە تاچەند ئەتوانێـت ڕوداوی گەورە دروستبكات ؟ تاچ ڕادەیەك ئەو گۆڕان و چاكسازیەى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە كە ساڵانێكە كۆمەڵگاى كوردی چاوەڕێی ئەكات , پرسیارى زۆربەى ئەو كەسانەیە چاوەڕوانیەكیان لەم بزوتنەوە هەیە . بەڵام هێشتا پرسیار لەسەر كارەكتەرى ئەو سەركردایەتیە نەكراوە كە ئیدارەى ئەو ڕەوتە ئەكات   , دیارنیە ئایا ئەم لێكترازان و جوڵاندنەوانە  ئەو كارەكتەرە سیاسیەیان هەیە بتوانێـت ئەم بزوتنەوەو شڵەژانە سیاسیەى ئەمڕۆی ناو puk  و دەرەوەیشی وەرچەرخێنێتـە سەر ڕەوتێكی سیاسی گۆڕانخوازی خاوەن پەیام و ئەجێندایەكی  دێموكراسیانە , یان هەر بەهەمان سەرگەردانی سیاسی ئەمڕۆوە كێشەو  لێكترازانەكان تەنها گرژى و ئاڵۆزیەكان زیاتر ئەكات  , ئەمە گەوهەرى ئەو پرسیارەیە ئەم نوسینە ئەیەوێـت وەڵامی بداتەوە ..
 لەبەر ئەو شپرزەییە سیاسیەى هێز و گروپە گۆڕانخوازەكانی  هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە ,  گۆڕان و پرۆژەى گۆڕانخوازی تاڕادەیەكی زۆر  جدیەتی خۆى لەدەستداوە , هەركەسێك هەڵئەسێـت هەر قسەلەگۆڕان ئەكات , بەوانەیشەوە كە وەك ( گەورە گەندەڵ ) و دەستى تاوانبارى پشت زۆربەى كارەساتەكان ناسراون . ئەم بێسەرو بەریە واى كردووە چەمكی گۆڕان تاڕادەیەكى زۆر لەمەغزا فكری و سیاسیەكەى خۆى دوربكەوێتـەوە  , دواتریش كە شو هەوایەكی وایان دورست كردووە كە  وردبونەوەیەكى  زۆرى ئەوێـت تابتوانرێت دەنگە جدیەكان و دەنگە ساختەكانى ناو ( گروپ و هیزە گۆڕانخوازەكان )  لەیەكتر جیابكەینەوە . بۆ خۆبەدورگرتنیش لەم تێكەڵی و پێكەڵیە پێویستە هەموو گروپ و ڕەوتێكی گۆڕان و چاكسازیخواز , هەر لەسەرەتاوە  مۆدێلێكی نوێى سەركردایەتیكردن و  میكانیزمێكی تری جیاوازی ئیشكردنى یەكلایكرابێـتەوە , ئامادەسازی كرادبێت بۆفلتەرێكی جدی كەتواناى لێكجیاكردنەوەى ڕەش و سپى ناو هێز و گروپەكانی هەبێت   , چونكە پرۆژەى گۆڕانی سیاسی و چاكسازی هەمەلایەن ( وەك ئەوەى هەموان بانگەشەى بۆئەكەن )  بەو كارەكتەرە گەندەڵانە ناكرێت كە خۆیان خالقی بەشى هەرە زۆرى گرفتە سیاسی و ئابورى و ئیداریەكانی ئەم وڵاتەن .
 دیارە ئەم تێگەیشتنە باوەى لەكایەى سیاسەتی كوردیدا بۆ چەمكی ( گۆڕان )هەیە بۆخۆى هەڵگرى بڕێك ئیشكالیەتە , هیچ گۆڕانێك بەو سادەییە ناكرێـت كە لێدوانی سیاسیەكان و ڕۆژنامەگەرى كوردی وێناى ئەكەن , قەت لەدنیادا ڕوی نەداوە گروپ و هێزێكی سیاسی هاتبێتن و ژیانی سیاسی و ئابورى هاوڵاتیان و وڵاتەكەیشیان گۆڕیبێت , هەموگۆڕانێك لەئەنجامی زنجیرەیەك گۆڕانى بچوكتر و جوڵەى وردی ڕۆژانەى ناو كایە كۆمەڵایەتی و ئابورى ڕۆشنبیریەكانەوە دروست ئەبێت   , كەواتە  ئەگەر گۆڕانێك لەكوردستاندا هاتە ئاراوە  بەوشێوەى گروپ و هێزەسیاسیەكان داواى ئەكەن  ئەوا لەئەنجامی  كۆى  پەرەسەندنە ئابورى و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەكانی كۆمەڵگا خۆیدا دروست ئەبێت , نەك بەو ئاسانیەى توڕەبونە سیاسیەكان هەڕەشەى لەسەر ئەكەن  .. ئەوەى دەكرێت لە سیاسیەكان چاوەڕێی بكەین تەنها ئاراستەكردنى گۆڕانەكەو ئیدارەكردنی قەیرانەكانی ناویەتی , ئەگەرچی مێژوی میللەتانیش پڕە لەونمونانەى كە دواتر گۆڕانەكان پێچەوانەى خواستى هێزە گۆڕانخوازەكان كەوتۆتەوە , یان گۆڕینی دیكتاتۆریەتێك بووە بەدیكتاتۆریەتێكی تر  . تەنها لەم سۆنگەیەوە ئەشێت ئێمە لەناو هێزە چالاكەكانی كۆمەڵگاى كوردیدا بۆ فریادڕەس بگەڕێین  , چونكە هەل ومەرج وكاتی گۆڕان و چاكسازی بەتەواوى گەیشتووە , بەشى هەرە زۆرى خەڵكی كوردستان تینوی ئەم گۆڕانەن , ئەوەى ماوەتەوە تەنها فۆرمیلەبونی ئەو هێزە سیاسیانەیە  كە دەبنە داینەمۆى بزوتنەوەكە  .. بەڵام لەبارى ئەم هەلومەرجە بۆگۆڕان ئەوە ناگەیەنێت دروستبونی هێزی سیاسی بزوێنەر هێندە ئاسانبێت , ئەو دۆخە گەندەڵەى ئابورى و بازاڕ و سیاسیەت و ئیدارەى هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە , چەندە بارى سەرشانی هاوڵاتیەئاساییەكانی قورس كردووە  , زیاتر لەوە هەلومەرجی دروستبونی هێزێكی واى سەختتر كردووە ,  لەم نێوەدا ئەو هەوڵانەى بۆدروستكردنی هێز ئەدرێت پێویستە هەر لەسەرەتاوە لەو میكانیزمە سواوەى (حیزبی سەركردە ) خۆیان جیاكردبێتەوە كە  كایەیەى سیاسی كوردستانی  ئفلیج كردووە , چونكە چاكسازی سیاسی بەو كادرە سیاسی و ئیداریانەى ئەزمونی حیزبۆكراتی كوردستان  نابرێتـە ڕێوە كە لەڕابردودا شكست و گەندەڵیەكانیان تاقیكراوەتەوە   . هەر هێزو گروپێكی گۆڕانخواز پێش ئەوەى دەستبكەنە پەخشكردنی پەیام و دروشمە سیاسیەكانیان , پێویستە چۆنایەتیەكی باشی  ئەو تۆڕە كادرەمان نیشاندەن كە ئەبێتە  هەڵگر و جێبەجێكارى  پرۆژەكەیان , چونكە بەڕاستی ساڵانێكە وەرزی پوچەڵبونەوەو هەڵوەرینی دروشمە سیاسیەكان هاتووە  , ئەمڕۆهەمووكەسێك پراگماتیانە داواى هەڵوێستی كردەیى و بەرنامەی سیاسی ڕۆشن ئەكات .
  پرۆژەى چاكسازی و گۆڕان لەكوردستاندا بەبێ دوو پێشمەرجی بنەڕەتی پرۆژەیەكی ساختەو پڕ گرفت ئەبێـت , نەك ئەو پرۆژەى زۆرینەى خەڵكی كوردستان چاوەڕێى ئەكات , ئەوەیش :- (1) گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی و هەیكەلی لەو مۆدێلە سواوەى حیزب كەتا ئێستا كارى پێ ئەكرێت , (2)  دروستكردنی كارەكتەرێكی سیاسی نوێ بە فۆرمی سەركردایەتیەكی دەستە جەمعی و ئەكتیڤكردنی عەقڵیەتی دامەزراوەیى و خۆبەدورگرتن لەنەریتەكانی  شوێنكەوتنی سەكردەى كاریزما و كەڵـتی پیرۆز  .
 ئەو ڕاستیە سەرەتاییانەى تابلۆى سیاسی كوردستان نیشانمان ئەدات , پێمان ئەڵێت كە دروستبونى ئەم شڵەژانە سیاسیە ئەوەندەى  دەرئەنەنجامی كۆنبون و لەكاركەوتنی تەجروبەى حیزبی كوردی و میكانیزمە دواكەوتوەكانى ئەم حیزبەیە , لەپرۆژەیەكی ئیرادەگەرى گۆڕانخوازی سیاسیەوە نەهاتوووە , یاخود ئەوەندەى ڕاكردنمان هەیە لەو ئخلاقیاتە سیاسیە نابوت و بێ فەڕەى  بەعس و حیزبە  فەرمانڕەواكانی دواى ڕاپەڕین لەناو كۆمەڵگاى كوردیدا بڵاویان كردەوە , خەمی گەڕانمان نەبینیوە بەشوێن مۆدێل و ئاراستەیەكی تازەترى كار و چالاكی سیاسیدا . بەڵام هەر ئەم جۆرە نائومێدیەیە سەرەتاى هەموو گۆڕان و چاكسازیەكمان بۆدیارى ئەكات , هەموو شۆڕش و گۆڕانە گەورەكانی دنیا لەو ساتەوەختانەدا دەست پێ ئەكات كە ئیتر واقعە باوەكە تواناى بەردەوامی نەماوە  .
 لە كوردستاندا زۆر شت كاتی گۆڕانی هاتووە , لەپێشترینیان میكانیزم و كارەكتەرەكانی ئەو كایە سیاسیەیە  حەڤدە ساڵە شكست و كارەساتەكانیمان بۆدوبارە ئەكاتەوە  , ئەم گۆڕانە پێش هەر شتێك پێشكەوتنە سیاسی و ئابورى و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەكانی كۆمەڵگاى كوردی خۆى سەپاندویەتی  , دواتریش ئەو بارودۆخە تازەى عیراق و ناوچەكەى گرتۆتەوە  , ئەو كێشانەى بازاڕو بانكەكانی سەرمایەدارى گلۆباڵى ئەمڕۆ و  هێزی ئابورى ئەمریكاى توشى شۆك كردووە . هەموو ئەمانە پێكەوە داخوازی سەركردایەتیەكی نوێ  و هێزێكی چالاك و زیندوی سیاسیمان لابەهێزتر ئەكات , كە ئەمڕۆ PDK  و PUK  بەم فۆرم و كارەكتەرەى ئێستایانەوە لەوە كەوتوون بتوانن پێكی بهێنن ..
 بێگومان لەداهاتویەكی نزیكدا  تەقینی یەكەیەكەى دومەڵەكانی ئەم حیزبە كۆنانە  ئەبینین , چونكە جیاوازی نێوان خواست و داواكانی هاووڵاتیان و هەڵوێست و ئیدارەى ئەم حیزبانە هێندە گەورە بۆتەوە لەوە دەرچووە بەهەندێك دروشمی قەومەجیانە و دروستكردنی ترس و فۆبیاى  بێ بنەما  پینەو پەڕۆ بكرێت , وەك ئەوەى بەم دواییانە بینیمان .  هەر ئەوەندە بەسە كە خەڵكى دڵنیا بێت گەر پەتی ملكەچى خۆى بۆ دەزگا كۆنترۆلًكار و سواوەكانی ئەم حیزبانە  بپچڕێنێت  نانبڕاو ناكرێت و فڕێ نادرێـتە سەر جادەكان ,  تاسەرەتاى داڕوخانی ئەو دەزگا وەهمیانە دەست پێبكات كە بە 10000 و 150000 خەڵكیان ناو نوس كردووە لەئۆرگانەكانیاندا , كەچى بۆسادەترین ڕێپێوان بەزۆرەملێ  فەرمانبەران دێننە سەرجادەكان . 
 پرسی خۆگۆڕین و چاكسازیكردن لەناو پارتە دەسڵاتدارەكاندا زۆرجار وەكو سیناریۆى ئاسان و بێ گرفت پێشنیار ئەكرێت , خۆشبەختانە لەناوPUK   دا ماوەیەكە گفتگۆى وەها دەكرێت  , بەڵام نە گفتوگۆكانی ناو PUK  هیچ ئەنجامێكی بەرجەستەى لێكەوتۆتەوەو نە PDk  لە خەوە قوڵەكەى خۆى ڕاچەنیوە , بەپێچەوانەوە لەناو PDK  دا نەك هەر گتوگۆى گۆڕان و چاكسازی لەئارادا نیە , تەنانەت هەست كردن بەترسناكی ئەو قەیرانەیش كە تیا ئەژین هەر نابینرێت .. بەڵام كە تواناى خۆگۆڕینی ئەم حیزبانە دروست نەبووە , ئەوا بەماناى ئەوە نایەت لەو هێز و گروپ و خەڵكانە نائومێد بین كە خواست و داواى گۆڕانیان هەیە , هەموو پرۆژەیەكی گۆڕان لەكوردستاندا پێویستى بەوەیە لەگەڵ خەڵكە گۆڕانخواز و چاكسازیخوازەكانی ناو دوو حیزبە فەرمانڕەواكەدا كارلێك بكات . هەمیشەدروستبونی هێزی سیاسی چاكسازیخواز لەناو ماڵى ئەم حیزبانەدا , ئەگەرێكی زیندووە و ناكرێت  لەبەر چاونەگیرێت .
 muhemedhusen@yahoo.com
 
 
 
 
 محەمەد حسێن
 
 
 
 

زیادیبکه له: Add to your del.icio.us del.icio.us | Digg this story Digg
  • email ناردنی بابه‌ت به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی بابه‌ت
  • Plain text ته‌نها به تێکست